<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
لە ساڵیادی وەفاتی زانایانی ئوممەتی ئیسلام..!!
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود

لە ساڵیادی وەفاتی زانایانی ئوممەتی ئیسلام..!!

سەلەف بەو شێوەيه رێزیان لە زانایان گرتووە..؟!

ئا/ عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود

بە درێژایی مێژوو زانایان و عەمامە سپییان پێشەنگی کاروانی رابوونی ئیسلامیی بوون لە سەرتاسەری دونیاداو تەنانەتی پێشەنگی شۆرشەکانیش بوون دژی داگیرکاران و دەسەڵاتداران.! بەڵێ ئەوە راستییەکەو دەبێ شانازیی بەو زاناو داناو پێشەنگانەی رابوونی ئیسلامییەوە بکەین و لە ھەڵەو کەم و کورتیەکانیان ببورین و زمان درێژ نەبین بەرامبەریان، چونکە زانایانی پێشومان (السلف الصالح) فەرمویانە: گۆشتی زانایان ژەھراویەو نابێ کەس بە دەم و زمان ئازاری زانایان بدات و بێ ئەدەبییان بەرامبەر بکات.. بەڵام کام زانا..؟؟ زانایەکی دانای لە خواترسی ئەھلی وەرع و حەق بێژو خۆ دوورگر لەدەرگای دەسەڵاتداران و ئەوەی خوداو پێغەمبەری خودا فەرموویانە، ھەر ئەوەش بۆ خەڵکی ڕوون و بەیان بکەنەوەو شەرم لە وتنی حەق وراستییەکان نەکەنەوەو شانازی بە عەقیدەو بیروباوەری ئەھلی سووننەت وجەماعەتەوە بکەن.!!

ئەوەی پێویستە ئێمە بەرامبەر زانایانمان ئەنجامی بدەین..::

یەکەم:

پێگەو مەکانەت و دەورو کاریگەرییان لە قیادەو ریادەی ئوومەت بپارێزین، وە بەرامبەریان بە ئەدەب بین، ئیمامی حافزی عێراقی دەڵێ: پێویست ناکات کاتێ کە فەرموودە زانێکی بەتوانا لە مەجلیسێکدا دانیشتبوو، فەرموودە زانێکی تر لەو تەمەن کەمترو بێ توانا تر، بکەوێتە گێرانەوەی فەرموودەو حساب بۆ مامۆستا بەتواناکەی تر نەکات، بۆیە ھەر کات کە (ئیبراھیم و شەعبی) لە شوێنێک کۆ دەبوونەوە ھەرگیز ئیبراھیم دەمی نەدەکردەوە..!!

- کوڕی ئیمامی شافعی دەفەرموێ: ھەرگیز نەمبیستووە باوکم دەنگ بەسەر بەرامبەرەکەیدا بەرز بکاتەوە.

- یەحیای کوڕی موعین دەڵێ: ھەرکەسێک لە شارو شوێنێکی گەورەدا وتارو فەرموودە بۆ خەڵکی ڕوون بکاتەوەو بزانێت لەو شارەدا زاناتری تێدایە ئەو کەسە ئەحمەقە.!!

- شێخ سەعلوکی دەڵێ: ھەرکەسێک لەڕووی گاڵتەو تاقیکردنەوەوە بڵێ بەمامۆستاکەی ئەوە بۆ وا..؟؟ ھەرگیز سەرکەوتوو نابێت.!

- ئیبن عەبباس یەک ساڵ لە خزمەتی ئیمامی عومەردا مایەوەو دەیویست پرسیاری بابەتێکی لێ بکات بەڵام شەرم و حەیا نەیھێشت.!!

- شێخ تاوسی کوڕی کەیسان دەڵێ: لە سووننەت و ئاکارو رەوشتی پێغەمبەرە رێز گرتن لە زانایان..!

- زوھری دەڵێ: ئەبو سەلەمە لە شەرم و حەیای بۆ ئیبن عەبباس، زانستی زۆری لە کیس چوو..!

-ئیمامی بوخاری دەفەرموێ: کەسم نەدیوە بە ویقارو بە حەیاتر لە یەحیای کوڕی موعین.!

- عەتای کوڕی ئەبی رەباح دەڵێ: زۆرجار خەڵکانێک فەرموودەیەکیان بۆ دەگێرامەوە و منیش زۆر بە جیددیی و بە رێزەوە گوێم لێ دەگرت، لە کاتێکدا پێشتریش گوێم لەو فەرموودە بوبوو..!

- ئیمامی شافیعی دەفەرموێ: مونازەرەو چەلەحانێم لەگەڵ ھەر کەسدا کردبێت ئاواتم خواستووە کە خوای گەورە لەسەر زمانی بەرامبەرەکەم حەق ور استییەکان دەر بخات..!

- جارێکیان لە خزمەت ئیمامی ئەحمەد دا باسی پیاوچاکێک کرا.. ئیمامی ئەحمەد لەبەر نەخۆشی بەلادا کەوتبوو و زۆر ھیلاک و ماندوو.. بەڵام کاتێک باسی ئەو پیاوچاکەیان بۆ کرد خێرا ھەستایەوە سەر قنیچک و فەرمووی: نابێ و نەگونجاوە کاتێ باسی پیاوچاکان دەکرێ تۆ پاڵ کەوتبی.!!

- ئیمامی جەزەری دەفەرموێ: ھەرگیز ئەھلی وەرع و تەقوا لەگەڵ زانایاندا موناقەشەو چەلەحانێ ناکات.!

دووەم:

مافێکی تری زانایان بەسەرمانەوە ئەوەیە کە دەبێ ئەوە بزانین کە ئەوانیش مرۆڤن وەک ئێمەو خاوەن ھەڵەو پەڵەی خۆیانن و مەعصوم و بێ تاوان نین.!

- سوفیانی سەوری دەڵێ: ھیچ کەسێک لە ھەڵە کردن دەرچوونی نیە.!

- ئیمامی ئەحمەد دەفەرموێ: چ زانایەک ھەیە لە ھەڵەو پەڵە دەربچێ..!

- ئیمامی تیرمزی دەفەرموێ: ھیچ زانایەکی گەورەی ئەم ئوممەتە لە ھەڵەو پەڵە دەرناچێ، لەگەڵ ئەوەی زۆر وریاو دانا بوون.!

بۆیە ئیبن حیببان دەڵێ: دوورە لە ئینساف و دادگەری موسوڵمانەوە وتارو موحازەراتی مامۆستایەکی ئایینی تەرک بکرێت و بەجێی بھێڵرێ، بەھۆی گومانەوە.!! مادامێک بزانێت ئەو مامۆستا ئایینیە دادگەرو خواناسە.! ئەگەر ئێمە ئەو رێیە بگرینە بەر، ئەوە دەبێ لەبەر ھەندێ ھەڵەو پەڵە وتەو فەرموودەکانی (زوھریی و ئیبن جورەیج و سەوریی و شوعبە) گوێ لێ نەگیردرێ.. 

بەڵام دەبێ ئەوە بزانین کە ھیچ زانایەکی ئەم ئوممەتە بێ ھەڵەو بێ تاوان نیە..!!

سێیەم:

نابێت ئێمە کات و فورسەت بدەینە دەستی دوژمنانمان، وە دەبێ زۆر چاو کراوەو وریا بین و پارێزگاری لە زاناو داناکانمان بکەین.

چوارەم: 

دەبێ ئێمە گومانی باش پێش گومانی خراپ بخەین بەرامبەر زانایانمان. وە وتەو کردارەکانیان بە باشە تەئویل بکەین..!

وە دەبێ ئەوەش بزانین کە ئێمەی ئەھلی سووننە جیاوازی بخەینە نێوان وتەو فەتوای زاناکانمان، ئێمەی ئەھلی گوێ گرتوو لە زانایانمان ھیچ مەجبوور نین کە گوێ لە فەتوای زاناکان بگرین و کاریان پێ بکەین، بۆیە نابێ کاتێ کە فەتوایەک دەبیستین بەدڵو مێشکی ئێمە ناخوات، خێرا بەقسەی نەشیاو رێزو کەسایەتی زاناکان بشکێنین.!

وەک ئیمامی عومەر دەفەرموێ: گومانی خراپ مەبە بەو رستەیەی کە لە زاری براکەتەوە دەردەچێ ، لە کاتێکدا کە ئیحتیمالی چاکەش ھەڵدەگرێ..!

پێنجەم:

دەبێ ئێمە پێش ڕوانینمان بۆ ھەڵەو عەیبی زانایانمان بڕوانینە ھەڵەو کەم و کوڕییەکانی خۆشمان، ئەوە رێگاو پیشەی پیاوانی پێشووی ئەم ئووممەتە بووە..

خوا لە گوناە و ھەڵەی ھەموولایەک خۆش ببێت و پێگەو مەکانەتی زانایانیشمان بۆ بگەرێنێتەوە؟؟ ئامين..

   ‌ 1187 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook