<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
لە ساڵوەگەری شەھیدکردنی "سەیید قوطب" دا.. سەیید لە داییکبوو..!
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود

لە ساڵوەگەری شەھیدکردنی "سەیید قوطب" دا.. سەیید لە داییکبوو..!

وانەیەکی کورت و مانایەکی گەورە لەو بارەوە...

جارێ پێش ھەموو شتێک سوپاس و منەت بەری خوای دلۆڤانم بۆ ئەو نیعمەتگەلەی بە منی بەخشیوە و خۆم بە قەرزدارو خەجالەتی دیوانی خودا دەزانم.. خۆ ئەگەر بێت و دەست بکەم بە ژماردنی نیعمەتەکانی خودا بەسەر ئەم بەندە گوناھبارەی خۆیەوە، ئەوەخۆ گێل کردن و خۆ ماندوو کردنی بێ مانایە (وان تعدوا نعمة اللە لاتحصوھا..) سورەی ئیبراھیم/ ٣٤ .. پاشان دووبارەو ھەزاربارە سوپاسگوزاری خودای تاقانەم بۆ ئەو نیعمەتە گەورەی کە لە (٣١ / ٨ / ٢٠١٣) پێی بەخشیم و چاوەکانم و دڵمی رۆشن کردەوە بە پێدانی خۆشەویسترین نیعمەت کە منداڵ و نەوەی ساڵحە (ان شاءاللە کە ساڵح بێت)..

خۆشەویستانم/ حیکمت گەلی زۆر ھەن لە پێدانی نەوەو منداڵ بە مرۆڤەکان، گەورەترین دانایی بۆ پێدانی منداڵ بە مرۆڤ ، بەردەوامبوونی کاروانی مرۆڤایەتییە لە سەر ڕووی زەويی و پاشان کوێر نەبوونەوەی وەچەی مرۆڤەکە خۆیەتیی و لە ھەموو گرنگتر نەوەی ساڵحی دوای مرۆڤە کە ببێتە خێرو پاداشتی ھەمیشەیی بۆ مرۆڤەکان..! ئەمە بێجگە لەوەی کە قورئان خۆی وەسف و سەنای ئەو نیعمەتە دەکات و دەفەرموێ: ماڵ و منداڵ جوانیی و زینەتی ئەم گەردوونەن بۆ مرۆڤەکان و جێی دڵخۆشی مرۆڤەکانن.! ئای چ نیعمەتێکی گەورەو گرانە خودا لوتف بکات و ئەو دەرگایە بە ڕووی بەندەکەی دا نەخات و منداڵی پێ ببەخشێت.! مرۆڤ تا منداڵی نەبێت تام و لەززەت و چێژی ئەو نیعمەتە دەرک ناکات و پەی پێ نابات.!! ئەگەر مرۆڤ ٢٤ سەعات لەسەر کاربێت و رەنج و ئەزیەت بکێشێ، کە ھاتەوە دەرگای ماڵ و زیقەیەکی منداڵەکەی گوێ لێ بوو، یان منداڵەکە کەمێک شنە شنە بۆ بابی ماندووی بکات و کەمێک بەو رۆحە پاکەیەوە بەدەم بابییەوە پێ بکەنێت، سوێند بەخودای گەورە ئەوەی ماندووبوونی ئەو رۆژە بێت لە لەشی ئەو بابەدا نامێنێت و دەحەسێتەوە.! 

بەڵام ئازیزانم بیرمان نەچێت کە خودای دلۆڤان ھەر لە ھەمان ئایەت و ھەمان سوورەتی کەھف ئایەی ٤٦ دەفەرموێ: حەق نیە کەس بەمانە بخڵەتێ و لە رێ لابدا.، چونکە کارو کردەوە چاکە ھەر ماوەکان وەک : خزمەتی ئایین و خەڵکانی باش و تێگەیاندن و پێگەیاندنی خەڵک لەسەر بیروباوەری ئیسلامیی و ئاوەدانکردنەوەی گۆی زەویی و بەخشینی خزمەتگوزاری بە مرۆڤەکان، لای خودای تاقانە زۆر باشترو پاداشتی زۆر ترە.. ئیمامی ئیبن کەسیر دەڵێت: زۆربەی ریوایەتەکان دەڵێن: (الباقیات الصالحات) زیکری (سبحان اللە، والحمدللە، ولا إلە إلا اللە، واللە أکبر، ولا حول ولا قوة إلا باللە)یە. (تەفسیری ڕامان).. لە سورەی مونافیقون ئایەی (٩) خودا دەفەرموێ: ئەی ئیمانداران ماڵ و منداڵتان بێ خەبەرتان نەکەن لە یادی خوداو سەرقاڵی دونیاتان نەکەن و بەھۆی پاشەرۆژی منداڵەکانتانەوە خوداتان لەبیر بچێ و ئەوەی خودا داوای لێکردوون لێی غافڵ بن..! کەوابوو راستە منداڵ و نەوەی مرۆڤ چەند نیعمەتێکی ئاسوودە بەخش و جێی دڵخۆشیی باب و دایکییەتی، بەڵام نابێ وا لە مرۆڤەکان بکات ئیتر شەوو رۆژیان بۆ بخەنە سەرو بەھۆی ئەوانەوە خوداتان لەبیر بچێت.!!

وەک منەت بەریی و پێزانینی خۆم و خانەوادەم بۆ ئەو نیعمەتە نازدارەی پێ بەخشین پێم جوان و باشبوو کە ئەم شوکرانە بژێرییە دەر ببڕم و (تحدث) بە نیعمەتی خوداوە بکەم، چونکە خودای تاقانە پێی خۆشە (تحدث) بە نیعمەتییەوە بکرێ..! جا لە رۆژی ٣١ / ٨ / 2014 کە دوو رۆژ دواى لە سێدارەدانی سەیید قوطبی گەورەیە، کاکە سەییدی کوڕم پێی نایە تەمەنی دووساڵان و ساڵێک لەتەمەنی رۆشت و لەتەمەنی بابەو دایەی کەم بوویەوە.. بەڵام ئەوەی ئارەزوو ویستی بابیەتی دوای داوای ویستی خودا لەسەری.. ئەوەیە کە سەییدی چکۆلە جێ پێی پیاوانی گەورەی ئەم ئیسلامە ھەڵبگرێت و نەوەیەکی ساڵح و بەرھەمداری دوای بابی بێت لە دوعاو کردەوەی چاکە.. وەک لە ناونانەکەیدا باسمان کرد کە ھۆکاری سەرەکی ناونانی بەو ناوەوە (سەیید) تەنھاو تەنھا لەبەر خۆشەویستیمان بۆ سەییدی گەورە بوو، کە سەییدی گەورە ھۆکاری سەرەکی تێگەیشتن و پێگەیشتنی باپیری بوو (مامۆستا مەلا ئەحمەد کاکە مەحموود) بەرەحمەت بێت.، لە راستیی و پاکی ئەم دینەو پاشان بابی سەییدیش خۆی بەقەرزداری سەییدی گەورە دەزانێ کە تا (معالم فی الطریق)م لە خزمەتی مامۆستا ئیبراھیم مەردوخی نەخوێند، تەقەی مێشکم دەھات و ئەوکات بۆم دەرکەوت کە ئەم پیاوە چەندە مەزنە چەندە خواویست و بەجەرگ و پاڵەوانە..! ھەزار رەحمەت لە گۆری سەییدی گەورە بێت و سەییدە چكۆلەش جێ پێی ئەو کەڵە زانایە ھەڵبگرێ و سەرى باب و باپیریی و خانەوادەی بەرز بکاتەوە لە ھەردوو دونیا..

خودایا دونیاو ئاخیرەتمان رۆشن بکەو خۆم و ماڵ و منداڵ و خانەوادەم لە شەیاتينی مرۆڤ و جن بپارێزە.. ئامین..

عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود

باوکی سەیید

٧ی زولقەعەدەی ١٤٣٥ کۆچیی

٢ / ٩ / ٢٠١٤ زایینی

   ‌ 1224 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook