<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
مرۆڤ کاتێک لە خوا غافڵ دەبێت خودا بە موسیبەتێک بەخەبەری دێنێتەوە..!!
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود

مرۆڤ کاتێک لە خوا غافڵ دەبێت خودا بە موسیبەتێک بەخەبەری دێنێتەوە..!!

گومانمان لەوەدا نیە کە ھەموو مرۆڤێک خوای گەورە بە بەرنامەو بۆ کارێکی دیاریکراوی خۆی درووستی کردوەو ھەموو مەخلوقاتێک بە مرۆڤ و غەیرە مرۆڤەوە سەربازو جوندی خوای گەورەن و کاری خودا ئەنجام دەدەن، ئەمە راستییەکەو ھەموولایەکمان دەیزانین.! زۆرجار مرۆڤ کە مەخلوقی رێز لێگیراوی خوای گەورەیەو ھەڵبژێردراوی خوایە بۆ وەرگرتنی ئەمانەتە گەورەکە (تەوحیدو یەکتاپەرستی).!! لە شارێگە لا دەداو زرق و برقی دونیاو خۆشیی و لەزەتەکانی دونیا زۆر شتی لەبیر دەباتەوە، بەندایەتی و پەرستشەکان، بانگەوازو رێنمایی خەڵکی، بە ئاگاھێنانەوەی ژن و منداڵ و خزمان و دۆستان.! سەردان و سیلەی رەحم و چاکەو خزمەتی باوک و دایکی بەتەمەن و لێ پرسینەوە لە برا دینیەکەت لەکاتی خۆشیی و ناخۆشیی.! بەبەزەیی و بە لوتف لەگەڵ دراوسێ..!! سەدان و ھەزاران سیفەتگەلی جوان و پڕ لە دادو سیمای راستی ئیسلامەتی..!! کاتێک مرۆڤ لەم سیفەتگەلانە دوور دەکەوێتەوەو بە جۆرێک لە جۆرەکان خوای میھرەبانی لە بیر نامێنێ و تەنھاو تەنھا خەم و ھەممی دونیای وەک کابرای (لادینی) کۆکردنەوەی پارەو پول و خانوو بینای جوان و سەیارەو ژن و منداڵ و ھتد.. بێت.. ئەوکاتەش خودا ھەر بەلوتف و بەبەزەیی دەبێت لە تەکیی و لێی تێک نادات، بەڵام وردە وردە ھەرجارەو بە شتێکی بچووک بەخەبەری دێنێتەوەو پێی دەفەرموێ/ ئەی بەندەکەم تۆ بۆ ئەوە درووست نەکراوی کە ئێستە خۆتی بۆ ماندوو دەکەیی و شەوو رۆژت لەسەر ناوە بۆ گەیشتن بە ئامانجێک کەلای من ئامانجی سەرەکی نیە.!! جارێک بە نەخۆشیی بچوکی خۆیی و ماڵ و منداڵی.. جارێک بە شەڕی خانەوادەیی نێوان خۆیی و خێزانەکەی..! جارێک بە قەرزداریی و نەتوانینیی دانەوەی قەرزەکەی.! جارێک بە کار نەکردنی سەیارەکەیی و دواتریش بە دەعم و لێدانی بچووکی سەیارەو بەکورتی ھەر جارەو زللەیەکی لێدەدا بۆ ئەوەی بەخۆیدا بێتەوەو بیرێک لەخۆی بکاتەوە کە ئەم مرۆ موسوڵمانە بۆچی خەلق کراوەو ئێستاش خەریکی چییە.؟؟! ئەم وردە تاقیکردنەوانە مانگان و ساڵان دەخایەنێت و بەڵام مرۆڤ سەرکەشەو بە ئاگانایەت و رۆژ بەرۆژ دونیاو زرق و برقەکانی رێی قیامەتی لێ ھەڵدەچنێ و وردە وردە خەریکە بیخنکێنێ، بەڵام خاوەنی ھەموو خاوەنەکان وەک بەزەییەک بۆ بەندەکەی بۆ کۆتا جار بەشتێک لە بۆچوون و بیری مرۆڤە خەوتووەکەدا نیە تاقی دەکاتەوەو ئەمجارەش بەخەبەری دێنێتەوەو دەیخاتەوە سەر شا رێگەکەو بە ئاگای دێنێتەوە.!! نمونە: خوای کارزان لە خۆشەویستی بۆ بەندەکەیی و وەک دڵسۆزییەک بۆی دوای ئەو ھەموو ساڵانەی کە تەرحی پێداوەو لێی وەستاوە، ئەمجارەیان لە دەرگایەک لە دەرگانی بەندەکەی دەدا کە دەیتاسێنێ و بەخەبەری دێنێتەوە، وەک بردنەوەی باوک و دایکێکی بەرەحم و بە سۆز کە تا نەمرن و لە دەستیان نەدات، قەدریان نازانێ.! وەک بردنەوەی باشترین دۆست و رەفیقی مەحرەم و حەڵاڵی خۆی خێزانەکەی.. ئەو خێزانەی کە ماوەیەکی زۆرە پێکەوە دەژین و ھاو بەشیی خۆشیی و ناخۆشییەکانی بووەو چەندین ساڵە منداڵی بۆ گەورە دەکاو بەسەدان و ھەزاران جار خزمەتکاری میوانەکانی کردووەو لە پێناویدا تووشی ھەزاران ناخۆشیی بووەتەوە.!! وەک بردنەوەى مندالە جوان و چاوگەشەکەی کە بووەتە خۆشیی ژیان و ئاواتە گەوەرەی داھاتووی، ئەوەندە دەزانی خوای کارزان ئەو منداڵ و زارۆڵانەی کە تۆ لە فیکرو مێشکی خۆتدا بەرنامەت بۆ کێشاون کە لەداھاتوو ببنە چیی و کلیلی ئاسوودەترین ژیانت بۆ ھەڵگرتوون، بەڵام خودا دەیانباتەوە و ھەموو ئارەزووەکانت دەباتە ژێر گڵ و دەت تاسێنێ.! زۆرجار بە کچێکی تاقانە یان بە کورێکی تاقانە تاقیت دەکاتەوەو بەخەبەرت دێنێـتەوەو پێت دەفەرموێ: ئەی بەندەکەم من لە خۆشەویستی تۆدا ئەم تاقیکردنەوانەت بەسەر دێنم، دەی بەخەبەر بەو بگەرێوە سەر شارێگەی ژیانت و ئەوەندە ھەڵپە ھەڵپی دونیا مەکە.! 

ئای لەتاقیکردنەوەی مردن و لەدەستدانی خۆشەویستان و ئازیزان..!! بێگومانیشبە خودا ئەگەر بەندەیەکی خۆش نەوێ ھەرگیز تاقی ناکاتەوەو بەبێ ئاگا لە دونیا دەیھێڵێتەوەو وازی لێ دێنێ ولێي دەتۆرێ.. ئای چ نەگبەتیی و داماوییەکە ئەگەر خودا واز لە بەندەکەی بێنێ و پەیوەندیی نێوانیان بقرتێنێ.!!

عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود

   ‌ 1056 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook