<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
به‌ خۆداچوونه‌وه‌.. واجبێكی‌ شه‌رعیی‌ ئیسلامییه‌.!
م.ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود


به‌ خۆداچوونه‌وه‌... واجبێكی‌ شه‌رعیی‌ ئیسلامییه‌.!

بسم الله الرحمن الرحیم

[یا أیها الذین آمنوا لا تخونوا الله والرسول وتخونوا اماناتكم وانتم تعلمون] الأنفال/27.

قال رسول الله (صلی‌ الله علیه وسلم) : من استعمل رجلا علی‌ عصابة من المسلمین و فیهم من هو أرضی‌ لله منه، فقد خان الله ورسوله والمؤمنین] رواه الحاكم.

به‌ڵێ.... ئه‌وه‌ته‌ تا دونیا دونیا بێت، خوای‌ گه‌وره‌ چاككردنی‌ كارووباره‌ ئاڵۆزه‌كانی‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌ی‌ خستۆته‌ سه‌ر ئه‌ستۆی‌ به‌نده‌ ساڵحه‌كانی‌ خۆی‌، له‌ هه‌مانكاتیشدا تێیگه‌یاندوون كه‌ به‌ تایبه‌ت ئه‌و كارانه‌ی‌ له‌ گرێژنه‌ ترازێنرابن، هه‌موویش ده‌زانین كه‌ هه‌رگیز بۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ ته‌كلیفی‌ له‌ فریشته‌كان نه‌كردووه‌، به‌ڵكو هه‌ر ده‌بێت ئاده‌میزاد خۆی‌ بۆ خۆی‌ هه‌ستێ به‌ دۆزینه‌وه‌ی‌ چاره‌سه‌ر، بۆیه‌ له‌ كاتی‌ هه‌ر پشێویی‌ و ڕوو له‌ گێره‌ شێوێنییه‌ك بووبێت، ئا له‌و كاته‌دا خوای‌ گه‌وره‌و میهره‌بان پێغه‌مبه‌رێكی‌ ناردووه‌  به‌ یاساو پرۆگرامێكه‌وه‌و خاڵی‌ له‌سه‌ر پیت بۆ داناوه‌و جۆرو شێوه‌ی‌ گۆڕینه‌كه‌ی‌ بۆ ده‌ست نیشانكردووه‌ (واته‌: پێی‌ فه‌رمووه‌ له‌ چ خاڵێكه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات)، خوا هه‌ڵناگرێ ئه‌وانیش وه‌ك سه‌ربازێكی‌ گۆڕه‌پانی‌ مه‌شقخانه‌ گوێیان ده‌گرت، بۆ ڕێنمایی‌ و ئامۆژگارییه‌كانی‌، هه‌ڕه‌شه‌یشی‌ لێ ده‌كردن كه‌: ئه‌گه‌ر تۆسقاڵه‌یه‌ك لێی‌ لا بده‌ن، ده‌ماری‌ زینده‌گیان ده‌ردێنێ و به‌ توند قاریان لێ ده‌گرێ (ولو تقول علینا بعض الاقاویل لاخذنا منه بالیمین، ثم لقطعنا منه الوتین) الحاقه‌/ 44.

بۆیه‌ ئه‌وانیش توانیان به‌ سه‌ركه‌وتووانه‌ كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و گه‌له‌كه‌یان ئیصلاح بكه‌ن و له‌ هه‌ڵدێرو هه‌زار به‌ هه‌زار ڕزگاریان بكه‌ن و ڕوویان ته‌نها له‌ خوا بكه‌ن. جا بۆ هه‌ر گۆڕانكارییه‌ك پێویسته‌ ئه‌م چه‌ند خاڵه‌ گرنگه‌ پێش چاو بگیردرێ:

1-ئیخلاص و دڵسۆزیی‌ و یه‌كلابوونه‌وه‌ بۆ خوای‌ گه‌وره‌ له‌ هه‌موو جموجوڵێكدا، وه‌ خۆی‌ داماڵێ له‌ هه‌واو ئاره‌زووی‌ ده‌روونی‌، هه‌موو كات باوی‌ به‌رژه‌وه‌ندیی‌ كاره‌ ئیسلامییه‌كان بدات به‌سه‌ر هه‌ر شتێكی‌ تردا، وه‌ ئه‌و ئیسلامه‌ له‌ كوێدا ده‌بینێته‌وه‌ به‌ره‌و ئه‌وێ بڕوات و هه‌نگاو هه‌ڵگرێ، ئه‌گه‌ر چی‌ خۆیشی‌ تووشی‌ زیانی‌ دوونیایی‌ ببێت [ قل إنی امرت ان اعبد الله مخلصا له الدین] 39/11.

2-وه‌حده‌ت و برایه‌تیی‌ و ته‌بایی‌ بپارێزرێ، ڕێز بۆ ته‌واوی‌ بڕواداران دابنرێت و هه‌رگیز به‌ چاوی‌ سووكه‌وه‌ سه‌یری‌ كه‌س نه‌كرێت، ئه‌گه‌رچی‌ كه‌م و كوڕییه‌كیش بێت، چونكه‌ ئه‌و بڕواداره‌ ئه‌ندامێكی‌ جیهانیی‌ ئیسلامه‌تییه‌و یه‌كێكه‌ له‌وانه‌ی‌ كه‌ دوژمنانی‌ خوا حیسابی‌ بۆ ده‌كه‌ن [وان هذه أمتكم أمة واحدة وانا ربكم فاتقون] 23/52.

3-ده‌بێ یاسای‌ گۆڕانكاریی‌ پێش چاو بگیررێ، واته‌ نابێت به‌ هه‌ڵه‌شه‌یی‌ ده‌ستكاری‌ كاره‌ ناپه‌سه‌نده‌كان بكرێ، وه‌ ده‌بێ به‌و شێوه‌یه‌ بێت خوای‌ گه‌وره‌و پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی‌ دیاریان كردووه‌، (به‌ده‌ست، به‌زمان، به‌دڵ)، بۆیه‌ زانا به‌ڕێزه‌كانمان ده‌ڵێن: چونكه‌ موسڵمانان یه‌ك ده‌نگن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ زیانی‌ بچوك قبوڵ بكرێ تا زیانی‌ گه‌وره‌تر په‌یدا نه‌بێت (إرتكاب أخف الضررین).

وه‌ هه‌روه‌ها ده‌ڵێن ده‌بێ وابێ كه‌ ئه‌و گۆڕانكاریه‌ی‌ تۆ، سود به‌خش بێت، ئه‌گینه‌ پێویست نیه‌و نابێت ده‌ستكاری‌ (منكر)ـه‌كه‌ بكرێ.

4- ده‌بێت خه‌مخۆرانی‌ ئیسلام هه‌رچه‌نده‌ ده‌گونجێ كۆببنه‌وه‌و مه‌شۆره‌ت بكه‌ن و بیرو ژیری‌ خۆیان بخه‌نه‌ گه‌ڕ، داخۆ چۆن ئه‌و (منكر)ـه‌ بگۆڕدرێ‌ و تووشی‌ زیانی‌ گه‌وره‌تر نه‌بین، واته‌: ئه‌وانه‌ی‌ پێیان ده‌ڵێن: (أهل الحل والعقد) به‌دڵێكی‌ پڕ له‌ ته‌قواوه‌و زۆر به‌ وردی‌ بیر له‌و گۆڕانكارییه‌ بكه‌نه‌وه‌و بزانن به‌ چ شێوه‌و شێوازێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بن، وه‌ پیاوی‌ گونجاوو شیاو دابنێن بۆ هه‌ر كارێكی‌ شیاو و گونجاو له‌ گه‌ڵیا، لێهاتوویی‌ و دیبلۆماسیی و سیاسه‌ت و لێ زانین پێش چاو بگرن، (الرجل المناسب للمكان المناسب).

5- ناوچه‌یی‌ و هاولاَتییه‌تی‌ فڕێ بدرێته‌ ئه‌و لاوه‌و نه‌كرێته‌ پێوه‌ر بۆ دیاریكردنی‌ كاری‌ شیاوو گونجاو، به‌ڵكو لێهاتوویی‌ و ڕاساڵیی‌ و ڕاستیی‌ و (إستقامة) پێوه‌ر بێت، ئه‌گه‌ر چی‌ سه‌ریشی‌ وه‌ك (مێووژ) وابێت، (من دعی‌ الی‌ العصبیة فلیس منا).

6-ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌م خالاَنه‌ پشتگوێ خران، ئه‌وه‌ بێگومان گزیی‌ و خیانه‌ت له‌ خواو له‌ پێغه‌مبه‌رو له‌ ته‌واوی‌ موسڵمانان كراوه‌، وه‌ك له‌ فه‌رمووده‌كه‌دا هاتووه‌: (ئه‌گه‌ر كه‌سێكت ده‌ست نیشان كرد بۆ كارێك، وه‌ بزانیت شیاوتر هه‌یه‌ بۆ ئه‌و كاره‌یه‌، ئه‌وه‌ بێگومان خیانه‌ت و گزیت له‌ خواو له‌ پێغه‌مبه‌رو له‌ موسڵمانان كردووه‌).

كه‌وابوو ده‌بێ هه‌ڵبژێراو خاوه‌نی‌ ئه‌م سیفه‌تانه‌ بێت:

یه‌كه‌م: دادگه‌ربێت، واته‌: ئاماده‌ بێت فه‌رمانه‌كانی‌ خوای‌ گه‌وره‌ جێبه‌جێ بكات و له‌ هه‌ر كارێكی‌ ناشیرین و نا په‌سه‌ندو ئابڕووبه‌ر دوور بێت، وه‌ گزیی‌ و خیانه‌ت نه‌كات له‌ فه‌رمانه‌كانی‌ خوادا.

دووه‌م: خاوه‌نی‌ زانست و زانیاری‌ بێت. واته‌: ئه‌وه‌نده‌ بزانێت – له‌و بواره‌دا – كه‌ هه‌ر شتێك هاته‌ پێشه‌وه‌ له‌ ده‌رگای‌ خۆیی‌ و به‌ كلیلی‌ خۆی‌ بیكاته‌وه‌، وه‌ ئاگاداری‌ (سیاسه‌تی‌ شه‌رعیی‌ و فیقهیی‌ و واقیع) بێت، وه‌ ده‌سته‌وسان دانه‌نیشێ.

سێیه‌م: خاوه‌نی‌ ڕاوبۆچوون بێت، واته‌: هه‌ر گیروگرفتێك هاته‌ پێشه‌وه‌ بزانێت چۆن چاره‌ی‌ بۆ بدۆزێته‌وه‌و موسڵمانانی‌ لێ ده‌رباز بكات.

به‌ كورتی‌:

 خوای‌ گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: [ان الله لایغیر ما بقوم حتی‌ یغیروا ما بأنفسهم] الرعد/11، واته‌: هه‌ر خوو ڕه‌وشتێك له‌هه‌ر گه‌لێكدا ببێته‌ مایه‌ی‌ دواكه‌وتنی‌ ئه‌و گه‌له‌، ده‌بێ خۆی‌ بۆ خۆی‌ هه‌وڵ بدات ئه‌و خووه‌ ناشیرینه‌ بگۆڕێ و بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هێڵی‌ ڕاسته‌قینه‌ی‌ خوا، تا خوایش یارو یاوه‌ری‌ بێ و هاوكاری‌ بكاو، كاره‌كه‌ی‌ بۆ پیرۆز بكات.. ئومێده‌وارم پێش هه‌موو شتێك له‌ ده‌رونمانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكه‌ین...

(وصلی‌ الله وسلم وبارك علی‌ قائدنا محمد وعلی‌ آله وصحبه).

   ‌ 1317 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
15/03/2014
Facebook Twitter Print Addthis

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook