<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
سۆزێك بۆ شه‌هیدبوونی‌ حاجی‌ ته‌حسینی‌ برامان
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود


سۆزێك بۆ شه‌هیدبوونی‌ حاجی‌ ته‌حسینی‌ برامان

ساڵی‌ ١٩٩٩ی‌ زایینی‌ بوو... باوكی‌ ڕه‌حمه‌تیمان له‌ ژووره‌كه‌ی‌ خۆیدا كۆی كردینه‌وه‌ و فه‌رمووی‌: "ئه‌مه‌وێ وه‌ڵامی‌ مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ عەبدولعەزیز بده‌مه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ داخوازییان بۆ (سومه‌ییه‌) خانی‌ كچم." پاشان باوكم وتی‌: "سه‌ره‌تا من كاتی‌ خۆی مامۆستا مه‌لا عوسمان عەبدولعەزیزی‌ مامۆستا و تاجی‌ سه‌رم داوای‌ لێكردووم بۆ ئه‌م كاره ‌و هه‌رگیز ناتوانم قسه‌ی‌ مامۆستا له‌و باره‌وه‌ بشكێنم!!" دواتر ئه‌و كاره‌ به‌ فه‌رمانی‌ خوای‌ په‌روه‌ردگار ڕێككه‌وت و هه‌موو كه‌ڵه‌پیاوانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ زێرینه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ش به‌شدار بوون له‌ شیرینیخواردنه‌وه‌یدا، وه‌ك جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عەلی‌ عەبدولعەزیز و بنه‌ماڵه‌ی‌ ئالی‌ عه‌زیز به‌تێكڕا و جه‌نابی مامۆستا كرێكار و زۆرینه‌ی‌ مه‌كته‌بی سیاسی و شوورای‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ به‌شداربوون. 

حاجی‌ لای‌ باوكی‌ ڕه‌حمه‌تیم پێناسێكی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بوو وه‌ زۆر شانازی‌ پێوه‌ ده‌كرد و زۆریشی خۆش ده‌ویست و جێگایه‌كی‌ تایبه‌تی‌ هه‌بوو لای!! هه‌رچه‌نده‌ جارجاره‌ش به‌گوێی نه‌ده‌كردن و فیكر و دیدی‌ جیاواز بوو،‌ به‌ڵام هه‌رگیز گوێمان لێنه‌بووه‌ پێناسێكی‌ خراپ بۆ حاجی‌ بكات، ئه‌گه‌ر چی گله‌ییشی لێبووبێت! ته‌نانه‌ت گله‌یی و گازنده‌ی‌ له‌ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ باوكی‌ ده‌کرد كه‌ ئه‌وه‌نده‌ ڕێگری‌ له‌ حاجی‌ مه‌كه‌ و كه‌م دڵی‌ بشكێنه! كاته‌كان هاتن و چوون به‌ شیرین و تاڵییه‌وه‌. یه‌كه‌م ڕۆژی ڕه‌مه‌زانی‌ ساڵی‌ ١٤٣٢ی‌ كۆچی بوو كاتژمێر ١٠ی‌ شه‌وی‌ دووه‌م شه‌وی‌ ڕه‌مه‌زان بوو، زه‌نگی‌ موبایله‌كه‌م لێیدا و دوای‌ هه‌ڵگرتنی و فه‌رموولێكردن بیستم ده‌نگی‌ خوشكمه‌ و بێ پێشه‌كی و به‌ گریانێكی‌ زۆره‌وه‌ هاواری‌ كرد عیرفان گیان حاجی‌ شه‌هید بووه‌!! به‌ڕاستی‌ له‌و كاته‌دا زمانم لاڵ بوو و نه‌مده‌زانی‌ چۆن وه‌ڵامی‌ خوشكم بده‌مه‌وه‌. هه‌رچه‌ند وتم "سومه‌ییه‌" ئاخر كێ وتی و چۆن شتی‌ وا بووه‌، خۆ تۆ وتت بڕیاره‌ ئه‌م ڕه‌مه‌زانه‌ له‌گه‌ڵ حاجی‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ڕۆژووی‌ ئه‌م مانگه‌ بگرین و بڕیارتان دابوو كه‌ ته‌راویح و پارشه‌وانان له‌گه‌ڵ مناڵه‌ چاوگه‌شه‌كانتاندا بگرن و ئه‌م مانگه‌ به‌ سۆزی‌ پڕسۆزی‌ حاجی باوكیان بێت؟! ئاخر خۆ حه‌وت مانگه‌ حاجی‌ له‌ ماڵه‌وه‌ نه‌بووه‌، چۆن ئاوا بێ گه‌ڕانه‌وه ‌و بێ خواحافیزی‌ له‌ (ماریا و عبدالباري)ی‌ ٦-ساڵان بۆ هه‌میشه‌ بڕوات؟!! ئاخر خۆ تۆ ٩ ساڵه‌ غه‌ریبی و ئێش و ئازار ده‌چێژی ته‌نها و ته‌نها له‌به‌ر خاتری‌ ڕه‌زامه‌ندیی خواو پاشان بۆ ڕه‌زامه‌ندی‌ی دڵی حاجی!! به‌ نیازی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ داهاتوودا هه‌ر هیچ نه‌بێ بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌میش بێت پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م مناڵه‌ بێنازانه‌دا بحه‌سێنه‌وه‌!! به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ قه‌ده‌ری‌ خوا شتێكی‌ تر بوو.!! یا رب العالمین، به‌ ناوه‌ جوانه‌كانت داوات لێده‌كه‌ین كه‌ حاجی و هاوسه‌ره‌ جه‌رگسووتاو و مناڵه‌ بێنازه‌كانی‌ له‌ به‌هه‌شت كۆ بكه‌ره‌وه ‌و ئێمه‌یش له‌و دیداره‌ بێبه‌ش نه‌كه‌یت!! 

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین زۆر سه‌ربه‌رزییه‌ بۆ هه‌ردوو بنه‌ماڵه‌ی‌ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عه‌لی و مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود كه‌ گه‌نجێكی‌ ئا به‌و شێوه‌یان هه‌بووه ‌و به‌و شێوه‌یه‌ش گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ لای‌ په‌روه‌ردگاری. ده‌ركه‌وت كه‌ حاجیی برامان ده‌ستی‌ له‌ خۆشی و خۆشگوزه‌رانیی‌ دونیا هه‌ڵگرتبوو...‌ ئه‌ویش ده‌یتوانی‌ وه‌ك ئه‌و خه‌ڵكانه‌ی‌ تر بڕوات له‌ ئه‌ورووپا ئه‌و ژیانه‌ هه‌ڵبژێرێ و به‌ جۆرێك له‌ ژیان سه‌رقاڵ بێت، به‌ڵام سوپاس بۆ خوای‌ باڵاده‌ست كه‌ ئه‌و گومانه‌ی‌ لای‌ هه‌ندێ كه‌س دروست بوبوو كه‌ حاجی‌ له‌ خۆشترین ژیانی‌ خه‌لیج و ئێران و وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ ژیان به‌سه‌ر ده‌بات، ‌ئه‌و گومانه‌ش ڕه‌وییه‌وه‌ و ڕاست ده‌رنه‌چوو.‌ ته‌نانه‌ت حاجی‌ ٦ مانگ جارێك یان كه‌متر یان زیاتر ده‌یتوانی‌ سه‌ردانی‌ ماڵه‌وه‌ش بكات!! 

وه‌ك شاهیدییه‌ك، به‌ڕاستی‌ حاجی‌ پیاوی‌ خوا بوو و‌ بۆ خواش ژیا و له‌به‌ر خواش ئه‌و ته‌مه‌نه‌ گه‌نجییه‌ی‌ به‌خشی. زۆر شاره‌زای‌ زانسته‌ شه‌رعییه‌كان بوو... ڕۆژبه‌ڕۆژ له‌و بواره‌دا ڕۆ ده‌چوو و‌ ورده‌كاری‌ له‌ زۆر بواردا ده‌كرد و داهاتووویه‌كی‌ زۆر گه‌وره‌ی‌ پێوه‌ دیار بوو... وه‌ زۆر حه‌زی‌ به‌ كاری‌ سه‌ربازی و بواره‌كانی‌ تری‌ ده‌كرد... هه‌میشه‌ ئه‌سپسواری و تیربازی و مه‌له‌وانی‌ زیندوو ڕاده‌گرت و دۆست و نزیكه‌كانی‌ ئاگاداری‌ ئه‌م هه‌ڵوێستانه‌ی‌ ئه‌ون. 

له‌كۆتاییدا ده‌توانم بڵێم خانه‌واده‌ی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود له‌ هه‌مووان زیاتر به‌ده‌م ئێش و ئازار و میحنه‌ته‌كانی‌ حاجی و مناڵه‌كانییه‌وه‌ بوون. به‌هیوای‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌م میحنه‌ت و ماندووبوونه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر ڕه‌زامه‌ندیی‌ خوای‌ په‌روه‌ردگار و وه‌فایه‌كیش بێت بۆ كاكه‌ حاجی‌ تەحسینی‌ برامان! 

عیرفان ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود 
له‌بری‌ خانه‌واده‌ی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمووی‌ ڕه‌حمه‌تی 
٧ی‌ ڕه‌مه‌زانی‌ ١٤٣٢ی‌ كۆچی


   ‌ 993 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
06/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook