<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
هه‌ندێك له‌ بیروباوه‌ڕی‌ ئه‌هلی‌ سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود

هه‌ندێك له‌ بیروباوه‌ڕی‌ ئه‌هلی‌ سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت

خوێنه‌ری‌ به‌ڕێز: ئه‌مه‌ی‌ به‌رده‌ستت هه‌ندێك له‌ بیروباوه‌ڕی‌ ئه‌هلی‌ سونه‌ت و جه‌ماعه‌ت كه‌ پێویسته‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ به‌ وردیی‌ و پاشان به‌ ڕاست زانینی‌ و وتنه‌وه‌ی‌ به‌ قوتابیانیش. 

گومانیشی‌ تێدا نیه‌ كه‌ بیروباوه‌ڕی‌ ئه‌هلی‌ سونه‌ت و جه‌ماعه‌ت هه‌ڵقوڵاوه‌ له‌ (كتاب و سنة‌) و پاشان له‌ وته‌ی‌ زانایانی‌ ئه‌م ئوممه‌ته‌، جا بۆیه‌ – به‌ یارمه‌تی‌ خوای‌ گه‌وره‌ – هه‌ندێك له‌ بیروباوه‌ڕی‌ ئه‌هلی‌ سونه‌ت و جه‌ماعه‌ت ده‌خه‌ینه‌ به‌رده‌ستتان، به‌و هیوایه‌ی‌ كه‌ سود به‌خش بێت و ببێته‌ هۆی‌ ڕه‌زامه‌ندی‌ خوای‌ گه‌وره‌ش – ان شا‌ء الله -. 

-------------------------------------------------- 

سه‌رچاوه‌كان: 

١- فتح الباری – ابن حجر 

٢- النهایة‌ فی الفتن و الملاحم – ابن كپیر 

٣- التذكرة‌ فی احوال الموتی‌ وأمور الاخرة‌ – للقرطبی. 

٤- قرب ظهور المهدی و علامة‌ الساعة – امین محمد جمال.

باوه‌ڕ بوون به‌ ده‌ركه‌وتنی‌ (مه‌هدی‌ چاوه‌ڕوانكراو) (المهدی‌ المنتظر)

ئه‌هلی‌ سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت باوه‌ڕیان به‌ هاتنی‌ (مه‌هدی‌) هه‌یه‌ له‌ ئاخر زه‌مانداو یه‌كێكه‌ له‌ بیروباوه‌ڕه‌كانی‌ ئه‌هلی‌ سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت، به‌م فه‌رموده‌ ڕاست و دروستانه‌ی‌ كه‌ ئێستا باسیان لێوه‌ ده‌كه‌ین، هه‌روه‌ها به‌ چه‌ندان وته‌ی‌ زانای‌ ئه‌م ئوممه‌ته‌ كه‌ گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌ندازه‌ی‌ ( تواتر)ی‌ مه‌عنه‌وی‌، له‌و زانایانه‌ش ئیمامی‌ شه‌وكانیی‌ و ئیمامی‌ به‌رزنجیی‌ و ئیمام حافظ ابو الحسن الابری الجیزی، وه‌ ئیمام سفاینی‌ و چه‌ندان زانای‌ تر. 

وه‌ فه‌رمووده‌ی‌ صحیح هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕۆشن ده‌كاته‌وه‌ كه‌: (مه‌هدی‌ چاوه‌ڕوانكراو) له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ره‌ (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) 

(١) وه‌ له‌ وه‌چه‌ی‌ (حه‌سه‌نی‌ كوڕی‌ عه‌لی‌) یه‌ – خوایان لێ ڕازی‌ بێت – وه‌ ناوی‌ "مه‌هدی‌" وه‌ك ناوی‌ پێغه‌مبه‌ره‌ (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم)، ناوی‌ باوكیشی‌ وه‌ك ناوی‌ باوكی‌ پێغه‌مبه‌ر وایه‌، واته‌: ناوی‌ "محه‌مه‌دی‌ كوڕی‌ عه‌بدوالله" یه‌، وه‌ فه‌رمووده‌كان بۆمان باس ده‌كه‌ن كه‌: نێو چاوانی‌ فراوانه‌و لووتی‌ به‌رزه‌، (واته‌: ناوه‌ڕاستی‌ لوتی‌ به‌رزه‌و سه‌ری‌ لوتیشی‌ نزمه‌)، وه‌ حه‌وت یان هه‌شت یان نۆ ساڵ له‌م زه‌وییه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌. له‌و فه‌رمودانه‌ش: 

١- پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) ده‌فه‌رموێ: ( مه‌هدی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ منه‌و نێو چاوانی‌ فراوانه‌و لوتی‌ به‌رزه‌، سه‌ر زه‌وی‌ پڕ ده‌كات له‌ دادو فه‌ڕو به‌ره‌كه‌ت، له‌ كاتێكدا كه‌ زوڵم و ناڕه‌وایی‌ له‌ زه‌ویدا فراوانه‌، وه‌ حه‌وت ساڵ له‌م زه‌وییه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌) رواه ابو داود و الحاكم عن ابی سعید الخدری و حسنه الالبانی فی صحیح الجامع. 

٢- پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) ده‌فه‌رموێ: (له‌ كاتێكدا كه‌ زه‌وی‌ پڕ ده‌بێت له‌ زوڵم و ناڕه‌وایی‌، خوای‌ گه‌وره‌ پیاوێك له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ من ده‌نێرێته‌ خوارێ‌، كه‌ ناوی‌ له‌ ناوی‌ منه‌و باوكیشی‌ له‌ ناوی‌ باوكی‌ منه‌، دواتر سه‌ر زه‌وی‌ پڕ ده‌كات له‌ دادو فه‌ڕو به‌ره‌كه‌ت كه‌ پێشتر زوڵم و ناڕه‌وایی‌ تێدا بڵاو بوبوه‌وه‌. هه‌روه‌ها بارانێكی‌ زۆرو به‌ پیت ده‌بارێ و زه‌ویش به‌روبوومێكی‌ زۆری‌ ده‌بێ، وه‌ حه‌وت یان هه‌شت یان نۆ ساڵ له‌ سه‌ر زه‌وی‌ ده‌مێنێته‌وه‌). رواه الطبرانی والبزار وأبو نعیم و رمز السیوطی لصحته فی الجامع، راجع السلسله‌ الصحیحة‌ رقم الحدیث ١٥٢٩. 

٣- پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) ده‌فه‌رموێ: (مه‌هدی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ منه‌و له‌ وه‌چه‌ی‌ فاتمه‌یه‌). حدیث حسن، رواه أبوداود وابن ماجة والحاكم عن أم سلمة‌، و له شواهد كثیرة‌، انظر السلسله‌ الضعیفة‌ ١/١٠٨. 

٤- پێغه‌مبه‌ر (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) ده‌فه‌رموێ: (مه‌هدی‌ له‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ منه‌و له‌ یه‌كێك له‌ شه‌وه‌كاندا كردوویه‌تی‌ به‌ یه‌كێك له‌ به‌نده‌ صالحه‌كانی‌ خۆی‌ ). رواه احمد و ابن ماجة عن علی‌ و صححه الشیخ احمد شاكر، انظر الصحیحة‌ رقم الحدیث ٢٣٧١. 

٥- پێغه‌مبه‌ر (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) ده‌فه‌رموێ: ( له‌ كۆتاییی‌ ئه‌م ئوممه‌ته‌دا خه‌لیفه‌یه‌ك دێت، كه‌ له‌ هاتنی‌ ئه‌ودا ڕزق و ڕۆزی‌ ئه‌وه‌نده‌ زۆر ده‌بێت هیچ كه‌سێك گوێ نادات به‌ ماڵی‌ دونیا). رواه مسلم و احمد عن جابر و ابی سعید الخدری – رضی الله عنهما -. 

به‌ڵام دیاریكردنی‌ هاتنه‌كه‌ی‌ له‌ ماوه‌یه‌كی‌ دیاری‌ كراودا، ته‌نها خوا ئاگاداره‌ پێیی‌ و له‌ كاره‌ نادیاره‌كانه‌، به‌ڵام فه‌رمووده‌ هه‌یه‌ له‌ سه‌ر نزیكی‌ هاتنی‌، هه‌رشتێكیش كه‌ چاوه‌ڕوانی‌ هاتنی‌ بین نزیكه‌ هاتنی‌، [و لتعلمن نبأه بعد حین].

باوه‌ڕبوون به‌ ده‌ركه‌وتنی‌ (مه‌سیحی‌ ده‌جال – المسیح الدجال)

پێشه‌كی‌ وشه‌ی‌ (مه‌سیح) له‌ زمانه‌وانیدا به‌ (ده‌جال) ده‌وترێ و هه‌روه‌ها به‌ عیسایش ده‌وترێ، وه‌ك "ابن حجر" ده‌فه‌رموێ، به‌ڵام كاتێ مه‌به‌ست پێی‌ ده‌جال بێت ده‌وترێ‌: المسیح الدجال، وه‌ كاتێ‌ به‌ ڕه‌هایی‌ باس كراو نه‌وترا (مه‌سیحی‌ ده‌جال) ئه‌وه‌ مه‌به‌ست پێی‌ عیسایه‌ "علیه‌ السلام". 

وه‌ به‌ ده‌جال وتراوه‌ ( مه‌سیح) واته‌: چاوی‌ ڕاستی‌ كوێره‌، یا به‌ مانای‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌: پێ ڕائه‌كێشێ به‌سه‌ر هه‌موو زه‌ویدا. 

وه‌ ئه‌هلی‌ سوننه‌ت و جه‌ماعه‌ت، باوه‌ڕیان به‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ له‌ ئاخر زه‌ماندا (مه‌سیحی‌ ده‌جال) دێت و یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌ گه‌وره‌كانی‌ ئاخر زه‌مان، وه‌ به‌ به‌ڵگه‌ی‌ ڕاست و دروست (القول الراجح) یه‌كه‌مین نیشانه‌ی‌ دونیا ئاخره‌، وه‌ گه‌وره‌ترین ناڕه‌حه‌تیی‌ و به‌ڵایه‌ له‌ سه‌ر ڕووی‌ ئه‌م سه‌ر زه‌وییه‌ كه‌ ڕووده‌دات، وه‌ هه‌ر پێغه‌مبه‌رێك كه‌ هاتووه‌ هۆشیاری‌ گه‌له‌كه‌ی‌ خۆی‌ كردووه‌ به‌ هاتنی‌ مه‌سیحی‌ ده‌جال، وه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خۆشه‌ویستمان ده‌رباره‌ی‌ (ده‌جال) ده‌فه‌رموێ: "ده‌جال" واته‌: گومڕایی‌ كردنی‌ خه‌ڵكی‌ به‌و شتانه‌ی‌ كه‌ ده‌یكات، كه‌ له‌ ڕاستیدا هیچ پایه‌و ئه‌ساسێكی‌ نیه‌، وه‌ فه‌رمووده‌ی‌ ڕاست و دروست هه‌یه‌ كه‌ گه‌یشتۆته‌ پله‌ی‌ (تواتر)و زانیاری‌ ته‌واویش ده‌گه‌یه‌نێ كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) ده‌فه‌رموێ: من ئاگادارتان ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ناڕه‌حه‌تی‌ هاتنی‌ (ده‌جال)، وه‌ ته‌واوی‌ پێغه‌مبه‌رانیش گه‌له‌كه‌ی‌ خۆیانیان ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌ له‌و به‌ڵا گه‌وره‌یه‌، وه‌ پێغه‌مبه‌ر نوحیش گه‌له‌كه‌ی‌ خۆی‌ ئاگادار كردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام من شتێكتان پێ ده‌ڵێم كه‌ هیچ پێغه‌مبه‌رێك به‌ گه‌له‌كه‌ی‌ نه‌وتووه‌، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌: ده‌جال كوێره‌و به‌ڵام به‌ ڕاستی‌ خوای‌ گه‌وره‌ كوێر نییه‌. رواه البخاری‌ ومسلم. 

وه‌ له‌ شوێنێكی‌ تردا ده‌فه‌رموێ: ده‌جال قه‌دو باڵایه‌كی‌ زۆر به‌رزی‌ هه‌یه‌، بۆیه‌ هاوه‌ڵان ده‌ڵێن: وامان ده‌زانی‌ كه‌ ده‌جال له‌ هۆزی‌ دار خورمایه‌. رواه مسلم. 

وه‌ هه‌روه‌ها ده‌فه‌رموێ: (كاتێ كه‌ ده‌جال دێت، خه‌ڵكی‌ له‌ ترسی‌ به‌ڵاو نه‌هامه‌تیه‌كانی‌ به‌ره‌و كێوه‌كان هه‌ڵدێن) رواه مسلم. 

به‌ هه‌رحاڵ له‌ فه‌رموده‌ی‌ (تمیم الداری)دا كه‌ ئیمامی‌ موسلیم ده‌یگێڕێته‌وه‌ ئه‌وه‌مان بۆ ڕوون ده‌كاته‌وه‌ كه‌: (ده‌جال بوونی‌ هه‌یه‌و له‌ جه‌زیره‌یه‌كی‌ نزیك ئاودایه‌و له‌وه‌دایه‌ كه‌ خوا ئه‌مری‌ پێ بكات و بێته‌ ده‌ره‌وه‌، وه‌ ماوه‌ی‌ مانه‌وه‌شی‌ له‌ زه‌ویدا چل ڕۆژه‌، ڕۆژی‌ یه‌كه‌می‌ به‌ یه‌ك ساڵ ده‌ڕوات و ڕۆژی‌ دووه‌می‌ به‌ مانگێك ده‌ڕوات و ڕۆژی‌ سێ یه‌می‌ به‌ هه‌فته‌یه‌ك ده‌ڕوات و ڕۆژه‌كانی‌ تری‌ ئاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌و وه‌ك ئێستا ده‌بێت، وه‌ له‌ نێوان شام و عێراقدا دێته‌ ده‌رێ، وه‌ زۆرینه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ شوێنی‌ ده‌كه‌ون یه‌هودو ژنانن، هه‌روه‌ها حه‌فتا هه‌زار یه‌هودی‌ ئه‌صفه‌هانی‌ شاری‌ ئێران شوێنی‌ ده‌كه‌ون. به‌ڵام له‌م كاته‌دا دوو شوێن پارێزراون كه‌ بریتین له‌ شاری‌ مه‌ككه‌و مه‌دینه‌، كه‌ فه‌رمووده‌ی‌ صحیح هه‌یه‌و ده‌فه‌رموێ: (هیچ شارێك نییه‌ كه‌ ده‌جال نه‌چێته‌ ناویی‌ و پێی‌ تێ نه‌خات بێجگه‌ له‌ مه‌ككه‌و مه‌دینه‌، كه‌ مه‌لائیكه‌ پارێزگاری‌ لێ ده‌كه‌ن). رواه البخاری‌ و مسلم. 

وه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) زیاتر پێناسه‌ی‌ ده‌جالمان بۆ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی‌ شاراوه‌ نه‌بێت لای‌ هیچ كه‌س و ده‌فه‌رموێت: (ده‌جال داوای‌ خوایه‌تی‌ ده‌كات و داوا ده‌كات له‌ ئاسمان باران ببارێنێت ئه‌ویش ده‌یبارێنێ، وه‌ داوا ده‌كات له‌ زه‌وی‌ به‌روبومی‌ ببێت، ئه‌ویش به‌روبوم ده‌ڕوێنێ، به‌هه‌شتی‌ هه‌یه‌و خاوه‌نی‌ ئاگره‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كوێره‌و به‌ نێو چاوانیه‌وه‌ نووسراوه‌ كافر، له‌ كۆتاییشدا عیسی‌ "علیه‌ السلام" دێته‌ خوارێ‌ و ده‌یكوژێ، وه‌ پێغه‌مبه‌رمان (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) ده‌ستی‌ دوعای‌ به‌رز كردۆته‌وه‌و فه‌رمویه‌تی‌: (اللهم إنی أعوذ بك من عذاب القبر ومن عذاب النار ومن فتنة‌ المحیا والممات ومن فتنة‌ المسیح الدجال ) متفق علیه. ئێمه‌ش ئه‌م دوعایه‌ ده‌ڵێینه‌وه‌و ده‌ڵێین ئامین.

باوه‌ڕ بوون به‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ عیسای‌ كوڕی‌ مریه‌م (علیه‌ السلام)

ئه‌میش (علیه‌ السلام) پێی‌ ده‌وترێت (مه‌سیح)، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ كه‌ نه‌خۆش و كه‌م ئه‌ندام بوایه‌ن ده‌ستی‌ به‌ سه‌ردا ده‌هێنان و به‌ یارمه‌تیی‌ و كۆمه‌كی‌ خوا چاك ده‌بوونه‌وه‌، وه‌ بیروباوه‌ڕی‌ موسڵمانان ده‌رباره‌ی‌ عیسا (علیه‌ السلام) ئه‌وه‌یه‌ كه‌: نه‌ كوژراوه‌و نه‌ له‌ دار دراوه‌، به‌ڵكو خوای‌ به‌ ده‌سه‌ڵات خۆی‌ به‌رزی‌ كردۆته‌وه‌و له‌ ئاخر زه‌مانیشدا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ كوشتنی‌ ده‌جال و به‌رازو شكاندنی‌ صه‌لیبه‌كان، وه‌ هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ هۆی‌ زیاتر ئاشكرابوونی‌ به‌رنامه‌ی‌ ئیسلام، وه‌ك خوای‌ گه‌وره‌ ده‌فه‌رموێ: وَقَوْلِهِمْ إِنَّا قَتَلْنَا الْمَسِيحَ عِيسَى ابْنَ مَرْيَمَ رَسُولَ اللَّـهِ وَمَا قَتَلُوهُ وَمَا صَلَبُوهُ وَلَـكِن شُبِّهَ لَهُمْ وَإِنَّ الَّذِينَ اخْتَلَفُوا فِيهِ لَفِي شَكٍّ مِّنْهُ مَا لَهُم بِهِ مِنْ عِلْمٍ إِلَّا اتِّبَاعَ الظَّنِّ وَمَا قَتَلُوهُ يَقِينًا (النسا‌ء:١٥٧-١٥٩). وه‌ دووباره‌ ده‌فه‌رموێ: وَإِنَّهُ لَعِلْمٌ لِّلسَّاعَةِ فَلَا تَمْتَرُنَّ بِهَا وَاتَّبِعُونِ هَـذَا صِرَاطٌ مُّسْتَقِيمٌ ( الزخرف: ٦١ )، واته‌: بێگومان ئه‌و عیسایه‌ی‌ كه‌ له‌ خاتوو مریه‌مه‌، بێ باوك په‌یدا بوو، هۆی‌ زانیاریی‌ و ئاگادارییه‌ بۆ هاتنی‌ ڕۆژی‌ قیامه‌ت، كه‌وابوو دوو دڵ مه‌بن له‌ هاتنی‌ ڕۆژی‌ دوایی‌ و په‌یڕه‌وی‌ من بكه‌ن و ئه‌مه‌یه‌ ڕێگه‌ی‌ ڕاست و دروست. 

وه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ پێشه‌وامان (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) باسی‌ چۆنیه‌تی‌ دابه‌زینی‌ عیسای‌ بۆ كردووین و فه‌رموویه‌تی‌: له‌ نێوان من و عیسادا هیچ پێغه‌مبه‌رێك نیه‌و بێگومان كه‌ ئه‌و دێته‌ خوارێ، كه‌وابوو هه‌ر كات بینیتان بیناسن و به‌شێوه‌ی‌ مرۆڤێكی‌ چوار شانه‌یه‌و ڕه‌نگی‌ سورو سپییه‌و به‌ جل و به‌رگێكی‌ مه‌یله‌و زه‌رده‌وه‌ دێت و مووی‌ سه‌ری‌ ئاوی‌ لێ ده‌چۆڕێ و ئه‌گه‌ر چی‌ ئاویشی‌ لێ نه‌كه‌وتبێ. رواه أبوداود وغیره، أنظر سلسلة‌ الاحادیث الصحیحة برقم (٣١٨٣). 

وه‌ هه‌ره‌ها ده‌فه‌رموێ: له‌ كاتێكا كه‌ ده‌جال دێت، خوای‌ گه‌وره‌ له‌ لای‌ مناره‌ سپیه‌كه‌ی‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ شاری‌ دیمه‌شقه‌وه‌ عیسای‌ كوڕی‌ مریه‌م به‌ جل و به‌رگێكی‌ مه‌یله‌و زه‌رده‌وه‌ ده‌نێرێ و هه‌ردوو ده‌ستیشی‌ له‌سه‌ر باڵی‌ دوو مه‌لائیكه‌ داناوه‌و كه‌ سه‌ر دائه‌نه‌وێنێ ئاوی‌ لێ ده‌چۆڕێ و كاتێكیش سه‌ری‌ هه‌ڵ ده‌بڕێ مووی‌ سه‌ری‌ وه‌ك مرواری‌ ده‌دره‌وشێته‌وه‌. رواه مسلم فی كتاب الفتن. 

هه‌روه‌ها له‌ فه‌رمووده‌ی‌ بوخاریی‌ و موسلیمدا هاتووه‌ كه‌ ئه‌بو هوره‌یره‌ (رضی الله عنه) ده‌یگێڕێته‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) ده‌فه‌رموێ: سوێند به‌وه‌ی‌ كه‌ گیانی‌ منی‌ به‌ ده‌سته‌ نزیكه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ مریه‌م بێته‌ خوارێ‌ و ببێته‌ دادوه‌رێكی‌ دادگه‌رو صه‌لیبه‌كان بشكێنێ و به‌راز بكوژێ و سه‌رانه‌ له‌سه‌ر نا موسڵمانان دابنێ و سه‌روه‌ت و سامان زۆر بكات، تا وای‌ لێ بێت هیچ كه‌سێ گوێ نه‌داته‌ ماڵی‌ دونیاو له‌و كاته‌دا ته‌نها سوژده‌یه‌كیش بۆ خوا له‌ دونیا له‌وه‌ی‌ تێیدایه‌ چاكتره‌، وه‌ عیساش (علیه‌ السلام) مرۆڤێكی‌ گه‌نجه‌و ته‌مه‌نی‌ (٣٣) ساڵه‌ – هه‌ر له‌و ته‌مه‌نه‌دا بوو به‌رزكرایه‌وه‌ بۆ ئاسمان – وه‌ چوار شانه‌یه‌و به‌ژن و باڵایه‌كی‌ مام ناوه‌ندی‌ هه‌یه‌، وه‌ ڕه‌نگی‌ سورو سپییه‌و مووی‌ سه‌ری‌ نه‌رمه‌و كه‌وتووه‌ به‌سه‌ر شانیداو وه‌ك ئه‌وه‌ كه‌ تازه‌ له‌ گه‌رماو هاتبێته‌ ده‌ره‌وه‌و كاتێ سه‌ری‌ داده‌نه‌وێنێ ئاوی‌ لێ ده‌تكێ و كه‌ سه‌ریشی‌ به‌رز ده‌كاته‌وه‌ وه‌ك چه‌ند ده‌نكه‌ مرواریه‌ك ده‌دره‌وشێته‌وه‌، وه‌ كاتێكیش دێته‌ خوارێ‌ به‌ جل و به‌رگێكی‌ مه‌یله‌و زه‌رده‌وه‌ دێ و هه‌ر دوو ده‌ستیشی‌ له‌ سه‌ر باڵی‌ دوو مه‌لائیكه‌ داناوه‌. بڕوانه‌ كتێبی‌ ( عمر امة‌ الاسلام و قرب ظهور المهدی ( علیه‌ السلام ) ص ١٠٦ ). 

به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جێی‌ پرسیار بێت لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بۆچی‌ ئه‌و هاتنه‌ تایبه‌ت كراوه‌ به‌ عیساوه‌ له‌ ناو پێغه‌مبه‌راندا "علیهم الصلاه‌ والسلام"؟ بۆ وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌ش (ابن حجر العسقلانی) – رحمه‌تی‌ خوای‌ لێ بێت – له‌ (فتح الباری‌)دا ده‌فه‌رموێ: زانایان ده‌ڵێن حیكمه‌ت له‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ عیسادا له‌ ناو پێغه‌مبه‌راندا -علیهم الصلاة‌ والسلام – به‌رپه‌رچ دانه‌وه‌ی‌ (یه‌هوده‌) كه‌ پێیان وایه‌ كوشتویانه‌و خوای‌ گه‌وره‌ش درۆكه‌یان ده‌رده‌خات و ئه‌وه‌یش كه‌ كوشتویانه‌ حه‌زره‌تی‌ عیسا نه‌بووه‌ (علیه‌ السلام). كتاب احادیث الانبیاء ص ٤٩٣. 

ئه‌ڵبه‌ته‌ (ابن حجر)یش – ڕه‌حمه‌تی‌ خوای‌ لێبێ – كه‌ ئه‌م حیكمه‌ته‌ی‌ باسكردووه‌ مانای‌ ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ ته‌نها ئه‌وه‌ حیكمه‌ته‌كه‌یه‌تی‌، به‌ڵكو چه‌ندان حیكمه‌تی‌ تێدایه‌، كه‌ ئێمه‌ هه‌ستی‌ پێ ناكه‌ین و نایزانین. 

* به‌ڵام بۆچیی‌ و له‌ به‌رچی‌ عیسا (علیه‌ السلام) له‌ كاتی‌ نوێژدا نابێته‌ ئیمام بۆ خه‌ڵكی‌؟ 

ئه‌ویش (ابن الجوزی‌) – ڕه‌حمه‌تی‌ خوای‌ لێبێت – له‌ وه‌ڵامی‌ ئه‌م پرسیاره‌دا ئه‌فه‌رموێ: ئه‌گه‌ر عیسا پێش بكه‌وتایه‌و ببوایه‌ به‌ ئیمام، گومانێك ده‌كه‌وته‌ دڵی‌ خه‌ڵكیه‌وه‌و ده‌یان وت: ئایا نابینن جێگری‌ پێغه‌مبه‌رێك یان پێغه‌مبه‌رێكی‌ تازه‌ نوێژمان بۆ ده‌كات، چونكه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) فه‌رموویه‌تی‌: (لا نبی بعدی) متفق علیه‌، هیچ پێغه‌مبه‌رێك دوای‌ من نایه‌ت. بۆیه‌ عیسا (علیه‌ السلام) پێش ناكه‌وێ و له‌ پشت سه‌ری‌ یه‌كێك له‌ ئوممه‌تی‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) نوێژ ده‌كات و ئه‌و گومانه‌ش ده‌سڕێته‌وه‌، وه‌ له‌ كاتی‌ نوێژی‌ به‌یانیدا دێته‌ خوارێ و ده‌بینێ ده‌جال ورده‌ ورده‌ خه‌ریكه‌ ده‌توێته‌وه‌، وه‌ك چۆن خوێ‌ له‌ ناو ئاودا ده‌توێته‌وه‌، ته‌نانه‌ت له‌ بێ ده‌سه‌ڵاتیدا وه‌ك مێشی‌ لێ دێت و عیساش (علیه‌ السلام) له‌ ده‌رگای‌ ( باب اللد)دا پێی‌ ده‌گاو ده‌یكوژێ، پاشان عیسا (علیه‌ السلام) له‌م زه‌ویه‌ ده‌مێنێته‌وه‌ – تا ئه‌و كاته‌ی‌ خوای‌ گه‌وره‌ خۆی‌ بیه‌وێ – وه‌ له‌و كاته‌دا خه‌ڵكی‌ له‌ نازو نیعمه‌تدا ده‌ژیی‌ و ڕق و قین له‌ ناو خه‌ڵكیدا نامێنێ. ته‌نانه‌ت دڕنده‌كان به‌ یه‌كه‌وه‌ ده‌ژین و هیچ نا ئارامیه‌ك نامێنێ، وه‌ پێغه‌مبه‌ر عیسا (علیه‌ السلام) نامرێ تا منداڵی‌ ده‌بێ و حه‌جیش ده‌كات، وه‌ ریوایه‌تی‌ صه‌حیح هه‌یه‌ كه‌: ٧ یان ٤٠ ساڵ له‌م زه‌ویه‌دا ده‌مێنێته‌وه‌، وه‌ خوای‌ گه‌وره‌ باشتر ده‌زانێ، وه‌ له‌ فه‌رمووده‌ی‌ ئیمامی‌ موسلیمدا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) فه‌رموویه‌تی‌: ( سوێند به‌وه‌ی‌ گیانی‌ منی‌ به‌ ده‌سته‌ كوڕی‌ مریه‌م زیكری‌ حه‌ج ده‌ڵێ له‌ ڕێگه‌ی‌ (روحا‌ء) دا جا یا حه‌ج ده‌كات یا عه‌مره‌...). 

وه‌ هه‌روه‌ها له‌ شوێنێكی‌ تردا ده‌فه‌رموێ: ده‌بێ حاڵتان چۆن بێ كاتێ كه‌ كوڕه‌كه‌ی‌ مریه‌م دێته‌ خوارێ‌ و ده‌بێته‌ پێشه‌واتان. رواه البخاری‌ و مسلم. وه‌ خوای‌ میهره‌بانیش عیسا ده‌هێڵێته‌وه‌ تا ئه‌و كاته‌ی‌ یأجوج و مأجوج له‌ ناو ده‌بات. 

باوه‌ڕ بوون به‌ ده‌ركه‌وتنی‌ (دابة‌)

ئه‌هلی‌ سونه‌ت و جه‌ماعه‌ت باوه‌ڕیان به‌ ده‌ركه‌وتنی‌ (دابه‌) هه‌یه‌و خوای‌ گه‌وره‌ش له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌فه‌رموێ: وَإِذَا وَقَعَ الْقَوْلُ عَلَيْهِمْ أَخْرَجْنَا لَهُمْ دَابَّةً مِّنَ الْأَرْضِ تُكَلِّمُهُمْ أَنَّ النَّاسَ كَانُوا بِآيَاتِنَا لَا يُوقِنُونَ ( النمل:٨٢ )، واته‌: كاتێ سزای‌ خوا هاته‌ سه‌ریان و ڕۆژی‌ قیامه‌ت نزیك بوویه‌وه‌ ده‌عبایه‌كیان (دابه‌ الارچ) له‌ زه‌وی‌ بۆ دێنێـته‌ ده‌رێ و قسه‌یان له‌ گه‌ڵ ده‌كاو ده‌ڵێ: ئه‌وانه‌ بڕوایان به‌ ئایه‌ت و نیشانه‌كانی‌ ئێمه‌ نه‌بوو. 

وه‌ ئه‌و ده‌عبا (دابة‌)یه‌ په‌ڕو پوله‌كی‌ پێوه‌یه‌و ته‌نێكی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌یه‌و زۆر ترسناكه‌، وه‌ك چۆن له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی‌ (تمیم الداری‌)دا ده‌رباره‌ی‌ بینینی‌ ده‌جال و غه‌یری‌ ده‌جالدا هاتووه‌، ئه‌م نیشانه‌ش هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵهاتنی‌ خۆر له‌ ڕۆژئاواوه‌ جا یا پێش هه‌ڵهاتنی‌ خۆره‌ یا له‌كاتی‌ هه‌ڵهاتنه‌كه‌دایه‌، وه‌ك چۆن له‌ فه‌رمووده‌كه‌ی‌ عه‌بدوڵای‌ كوڕی‌ عه‌مردا هاتووه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) فه‌رموویه‌تی‌: یه‌كه‌م نیشانه‌ی‌ دونیا ئاخر هه‌ڵهاتنی‌ خۆره‌ له‌ ڕۆژئاواوه‌و پاشان وه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌و ده‌عبایه‌یه‌ (دابة الارض) له‌ به‌ره‌به‌یاندا، به‌ هه‌رحاڵ هه‌ركامیان له‌ پێش بێت ئه‌وی‌ تریان دێ به‌ دوایا به‌ زوویی‌). رواه‌ مسلم و غیره‌. 

وه‌ هۆی‌ هاتنی‌ ئه‌م دوو نیشانه‌یه‌ش به‌ یه‌كه‌وه‌ "هه‌ڵهاتنی‌ خۆر له‌ رۆژئاواوه‌و پاشان (دابة‌ الارض) به‌ دوایدا بۆ زیاتر تاكید كردن له‌ سه‌ر كۆتایی‌ هاتنی‌ دونیایه‌، بۆیه‌ (حافظ ابن حجر) – ڕه‌حمه‌تی‌ خوای‌ لێ بێت - ده‌فه‌رموێ: حاكم ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی‌ كه‌ دیار بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵهاتنی‌ خۆر له‌ ڕۆژئاواوه‌ پێش هاتنی‌ ئه‌و ده‌عبایه‌یه‌، پاشان ئه‌و ده‌عبایه‌ وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ زۆر نزیكه‌ له‌گه‌ڵ نیشانه‌ی‌ یه‌كه‌مدا، ئه‌مه‌ وته‌ی‌ ابن حجر بوو – ڕه‌حمه‌تی‌ خوای‌ لێ بێت – هه‌روه‌ك باسكرا حیكمه‌ت له‌ هاتنی‌ ئه‌م دوو نیشانه‌یه‌ به‌ یه‌كه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌: كه‌ دوای‌ داخستنی‌ ده‌رگای‌ ته‌وبه‌و هاتنی‌ ئه‌و جۆره‌ ده‌عبایه‌ بێ باوه‌ڕو باوه‌ڕدار له‌ یه‌ك جیا ده‌كرێنه‌وه‌و وه‌ده‌رده‌كه‌ون. فتح الباری‌ ١١/ ٢٥٣. 

ئه‌م نیشانانه‌یش كه‌ باسكران هه‌موو ئیماندارێك به‌ چاوی‌ خۆی‌ ده‌یبینێ، وه‌ك چۆن له‌ فه‌رموده‌كه‌ی‌ (تمیم الداری‌) دا باسكراوه‌. 

وه‌ ڕیوایه‌تی‌ زۆر هاتووه‌ ده‌رباره‌ی‌ ئه‌م ده‌عبایه‌ كه‌ ئه‌بوو داود الگیالیسی وه‌ ئیمامی‌ ئه‌حمه‌د هێناویانه‌و خواش زاناتره‌ به‌ ڕاستی‌ ئه‌م فه‌رمودانه‌ !! به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ گرنگ بێت ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و ده‌عبایه‌ مۆر ده‌نێت به‌ نێو چاوانی‌ خه‌ڵكییه‌وه‌ وه‌ك خوای‌ گه‌وره‌ خۆی‌ باسی‌ كردووه‌ له‌ قورئاندا، ئه‌و ده‌مه‌ باوه‌ڕدارو بێ باوه‌ڕ ده‌ناسێنێ به‌ خه‌ڵكیی‌ و به‌ خه‌ڵكی‌ ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ بۆیه‌ ئێستا دوچارن چونكه‌ به‌ ئایه‌ته‌كانی‌ خوا یه‌قینیان نه‌بووه‌. 

وه‌ ده‌ستكاری‌ كردنی‌ ئه‌م نیشانانه‌و گۆڕانكاری‌ تیایاندا پێچه‌وانه‌ی‌ یاسای‌ ئه‌هلی‌ سوننه‌ته‌و ته‌نانه‌ت ده‌بێته‌ هۆی‌ ڕووشاندنی‌ ئیمان و قسه‌و وته‌یشه‌ به‌سه‌ر فه‌رمووده‌و وته‌ی‌ خواو پێغه‌مبه‌ردا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) – په‌نا به‌خوا – خوای‌ گه‌وره‌ بمانپارێزێ له‌و فیتنانه‌و عه‌قیده‌مان پاك و بێگه‌رد بكاته‌وه‌و تا كۆتا ژیانیش به‌ پاكی‌ ڕامان بگرێ.
 

باوه‌ڕ بوون به‌ ده‌ركه‌وتنی‌ (یأجوج و مأجوج) به‌ كورتی

له‌ دوای‌ كوشتنی‌ – ده‌جال- له‌ لایه‌ن عیساوه‌ (علیه السلام) ئه‌م دوو هۆزه‌ (یأجوج و مأجوج) وه‌ ده‌ركه‌ون كه‌ له‌ هۆزانی‌ (تورك)ن و له‌ نه‌وه‌ی‌ (ئاده‌م)ن (علیه‌ السلام)، وه‌ك پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) باسی‌ كردوون و ده‌فه‌رموێ: (خوای‌ گه‌وره‌ له‌ ڕۆژی‌ قیامه‌تدا ده‌فه‌رموێ: ئه‌ی‌ ئاده‌م، ئه‌ویش له‌ وه‌ڵامدا ده‌ڵێ: به‌ڵێ ئاماده‌م و له‌ خزمه‌تتدام و هه‌موو خێرو بێرێك هه‌ر له‌ ده‌ست تۆدایه‌، خوایش ده‌فه‌رموێ: بڕۆ تاقمی‌ دۆزه‌خی‌ بهێنه‌ره‌ ده‌رێ. ئاده‌م وتی‌: ژماره‌یان چه‌نده‌و كێن؟ خوایش له‌ وه‌ڵامدا فه‌رمووی‌: له‌ هه‌موو هه‌زارێك (٩٩٩ ) ی‌ دۆزه‌خین، جا له‌و كاته‌دا هه‌موو منداڵێك پیر ده‌بێ و هه‌موو ژنێكی‌ دوو گیان منداڵه‌كه‌ی‌ له‌ بار ده‌چێ و ده‌شبینی‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ بێ هۆش و سه‌رخۆشن كه‌ له‌ ڕاستیشدا بێ هۆش و سه‌رخۆش نین، به‌ڵكو سزای‌ خوا توندو سه‌خته‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ ڕوو ده‌دات، وتیان: ئه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا جا ده‌بێ ئه‌و یه‌كه‌ كاممان بێت كه‌ ناچێته‌ دۆزه‌خه‌وه‌، فه‌رمووی‌: مژده‌ بێت كه‌ بێگومان له‌ ئێوه‌ – موسڵمانان – یه‌ك ده‌بێ و له‌ یاجوج و ماجوجیش هه‌زار كه‌س ده‌بێ. رواه البخاری‌ عن ابی سعید الخدری مرفوعا. 

پاشان خوای‌ گه‌وره‌ ئه‌م دوو هۆزه‌ له‌ ناو ده‌بات له‌ یه‌ك شه‌ودا به‌ هۆی‌ دوعا كردنی‌ پێغه‌مبه‌ر عیساو هاوه‌ڵانییه‌وه‌. بۆ زیاتر تێگه‌یشتن سه‌یری‌ ئایه‌تی‌ (٩٢-٩٩) ی‌ سوره‌تی‌ كه‌هف بكه‌ن، وه‌ ده‌ركه‌وتنی‌ ئه‌م دوو هۆزه‌ یه‌كێكه‌ له‌ نیشانه‌كانی‌ دونیا ئاخر، وه‌ هه‌روه‌ها زۆری‌ ئه‌م دوو هۆزه‌ له‌ ژماره‌ نایه‌ت و وه‌ك كولله‌و مێروله‌ وان له‌ زۆریداو ته‌نها خوا ئاگاداره‌ به‌ ژماره‌یان، ته‌نانه‌ت له‌ زۆریدا وه‌ك ڕووبارێكی‌ گه‌وره‌ وان، وه‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا (صلی‌ الله علیه وآ‌له وسلم) له‌ فه‌رموده‌یه‌كدا باسی‌ فیتنه‌و شه‌ڕی‌ كردوون و ده‌رباره‌یان ده‌فه‌رموێ: (یأجوج و مأجوج) ئه‌وه‌نده‌ زۆر ده‌بن كه‌ هیچ شتێك به‌شیان ناكات، ته‌نانه‌ت نه‌ ئاو ده‌مێنێ و نه‌ به‌رو بوم ده‌مێنێ له‌ سه‌ر زه‌ویی‌ و كاتێكیش كه‌ ده‌ده‌ن به‌ ناو ڕووبارێكدا قه‌تره‌یه‌ك ئاوی‌ تێدا نامێنێ، وه‌ موسڵمانانیش له‌و كاته‌دا له‌ ترس و بێ ده‌سه‌ڵاتیاندا هه‌موو ده‌چنه‌ ماڵی‌ خۆیان و كه‌س له‌ توانایدا نیه‌ له‌ به‌رامبه‌ریانه‌وه‌ بوه‌ستێ، تا خوای‌ گه‌وره‌ به‌ ڕه‌حم و به‌زه‌یی‌ خۆی‌ كرمێ ده‌نێرێ و ده‌چێته‌ ناو گه‌ردن و ملیانه‌وه‌و بێ ئه‌وه‌ی‌ به‌ خۆیان بزانن، هه‌موویان ده‌كوژێ و له‌ ناویان ده‌بات و دوای‌ ئه‌وه‌ موسڵمانان ده‌كه‌ونه‌ مژده‌ دان به‌ یه‌كتریی‌ و به‌ یه‌ك ده‌ڵێن: موژده‌ بێت وا خوا ڕزگاری‌ كردین و له‌و دوژمنه‌ سه‌رسه‌خته‌ ڕزگارمان بوو... هتد. صحیح رواه احمد و ابن ماجة‌ و ابن حبان و الحاكم عن ابی سعید. 

به‌ هه‌ر حاڵ له‌ كۆتاییدا عیساو هاوه‌ڵانی‌ ده‌ستی‌ نزا به‌رز ده‌كه‌نه‌وه‌و داوا له‌ خوای‌ گه‌وره‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌م دوو هۆزه‌ له‌ ناو ببات، خوای‌ میهره‌بانیش جارێك به‌ كرم و جارێك به‌ باڵنده‌و جارێك به‌ باران له‌ ناویان ده‌بات و ته‌نها كه‌سێك له‌و دوو هۆزه‌ ده‌رناچێت. رواه مسلم و احمد و الترمزی عن النواس بن سمعان. 

به‌ڵام ده‌مدان و قسه‌كردن له‌وه‌ی‌ كه‌ شوێن و جێیان له‌ كوێ بێ و كه‌ی‌ ده‌رده‌كه‌ون ته‌نها خوا ئاگاداره‌ پێیی‌ و باشتر وایه‌ كه‌ كه‌س له‌و باره‌یه‌وه‌ هیچ نه‌ڵێت، ته‌نها ئه‌وه‌نده‌ نه‌بێت كه‌ له‌ ئیبن و عه‌بباسه‌وه‌ (رضي الله عنهما) ڕیوایه‌ت كراوه‌ كه‌ فه‌رموویه‌تی‌: شوێنی‌ ئه‌و سه‌دده‌ی‌ كه‌ ئه‌و هۆزه‌ی‌ لێ ده‌رده‌چێ له‌ نێوان وڵاتانی‌ تورك و وڵاتانی‌ ئه‌رمینیاو ئازه‌ربایجان دایه‌. 

بۆیه‌ زۆرێك له‌ ڕاڤه‌كه‌رانی‌ قورئانیش ئه‌م وته‌ی‌ ئیبن عه‌باسیان هێناوه‌، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌ گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو پێشكه‌وتنه‌ زانستیانه‌دا زانایان هه‌ر بێ ده‌نگ ماون له‌و نیشانه‌ قورئانیانه‌ كه‌ باسیان لێوه‌كراوه‌ له‌ قورئاندا، به‌ڵام فَإِذَا جَاءَ وَعْدُ رَبِّي جَعَلَهُ دَكَّاءَ وَكَانَ وَعْدُ رَبِّي حَقًّاا و خوایش باشتر ده‌زانێ و به‌خوای‌ گه‌وره‌تان ده‌سپێرم. 

   ‌ 1098 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
07/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook