<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
ئه‌مرۆ 8ی‌ مارسه‌..!!
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود

ئه‌مرۆ 8ی‌ مارسه‌..!!

بۆ ئه‌م رۆژه‌ نوسینێكی‌ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود ده‌خه‌ینه‌ به‌ردیدی ئێوه‌ی‌ خۆشه‌ویست و خاوه‌ن شكۆو به‌ حورمه‌ت، نووسینه‌كه‌ی‌ مامۆستا كتێبێكه‌ سه‌باره‌ت به‌ ( ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا)، به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌م وه‌زعه‌ی‌ ئه‌مرۆی موسڵمانان و به‌تایبه‌تی‌ تریش كێشه‌ی‌ ئافره‌تان و خوشكان، كه‌ له‌ دونیای‌ ئه‌مرۆی‌ عه‌وله‌مه‌دا زۆرێك به‌ناوی‌ جیاجیاوه‌ خۆیان كردووه‌ به‌ پارێزه‌رو ده‌مراستی‌ ئافره‌تان و به‌سه‌دان و هه‌زاران رێكخراوی‌ جۆراوجۆر بۆ كێشه‌و كاروباری‌ ژنان درووستكراوه‌و فرمێسكی‌ تیمساحاوییان بۆ ده‌رێژن!، وه‌ هه‌ر یه‌كه‌یان ده‌هۆڵی شوێنێك لێده‌دات و جاڕنامه‌ی‌ مافی‌ ئافره‌تان ده‌خوێنێته‌وه‌و بلاَو ده‌كاته‌وه‌، جا له‌م كات و ساته‌ ناسكه‌دا مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود هه‌ستا به‌ نووسینی ئه‌م كتێبه‌و وه‌ك خۆی له‌ پێشه‌كییه‌كه‌یدا هێمای‌ پێكردووه‌ ته‌واوی‌ سه‌رجه‌م كێشه‌كانی‌ ئافره‌تانی‌ له‌ سۆنگه‌ی‌ قورئان و فه‌رمووده‌و پاشان بیروو بۆچوون و ڕاو پێشنیاری‌ زانایانی ئیسلامیی و غه‌یره‌ ئیسلامیی باسكردووه‌و هیچ كێشه‌یه‌ك نه‌ماوه‌ مامۆستا له‌م كتێبه‌یدا سه‌باره‌ت به‌ ئافره‌تان باسی نه‌كردبێت و وه‌لاَمی ته‌واوی‌ ئه‌و كه‌سانه‌یشی داوه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌ناوی‌ ئازادیی و ڕا ده‌ربڕینه‌وه‌و له‌سایه‌ی‌ عه‌لمانییه‌تدا هێرشی ناڕه‌وا له‌و ده‌رگایه‌وه‌ -ئافره‌تان- ده‌كه‌نه‌ سه‌ر ئیسلام و مێژووی‌ ئیسلامیی. وه‌ هه‌روه‌ها مامۆستا به‌ره‌حمه‌ت بێت وه‌ك كارێكی‌ نموونه‌یی له‌م كتێبه‌دا هه‌ستاوه‌ به‌ بلاَوكردنه‌وه‌ زیاتر له‌ 300 فه‌توای‌ تایبه‌تیی به‌ ئافره‌تان، كه‌ ئه‌مه‌ش شتێكی‌ نوێیه‌ بۆ ئافره‌تان و سه‌رجه‌م وه‌لاَمی‌ پرسیاره‌ هه‌ستیاره‌كانی‌ ئافره‌تانی‌ داوه‌ته‌وه‌، به‌هیوای‌ سوودو كه‌ڵك لێوه‌رگرتنی به‌تایبه‌ت خوشكان و ئافره‌تان. وه‌ داوای‌ دۆعای‌ خێرتان لێده‌كه‌ین. (عیرفان ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود)

له‌م لینكه‌وه‌ ده‌یان بابه‌تی‌ گرنگ و به‌ سوود بخوێننه‌وه‌:

http://ahmadkaka.org/jinan

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

فه‌رموون پێشه‌كی‌ كتێبی‌ ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا له‌ نوسینی‌ شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود:

بێگومان مه‌زنترین كێشه‌، له‌ نێو كێشه‌ كۆمه‌لاَیه‌تیه‌كاندا -به‌ كۆن و نوێوه‌- كاروباری ژنانه‌، بۆیه‌ ده‌بینی‌ زۆرێكی زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵناس و فه‌یله‌سووف و، یاساناس و، ته‌نانه‌ت سیاسیی و سیاسه‌تمه‌داریش، خۆیان به‌ ئافره‌ته‌وه‌ سه‌رقاڵكردووه‌، ده‌توانم بڵێم: به‌و كاره‌یان هه‌م ئافره‌تیان چه‌واشه‌ كردووه‌، هه‌م كۆمه‌ڵگه‌، واته‌: زێده‌رۆییه‌كی‌ زۆر كراوه‌ له‌ باره‌یانه‌وه‌، خۆ خودای گه‌وره‌ش زێده‌ڕۆیی له‌هیچ شتێكدا قبوڵ ناكاو، رێیش نادا زێده‌ ڕۆیی‌ تێدا بكرێ‌، وه‌ بۆهه‌ر كه‌سێكیش به‌ڕێژه‌ی خۆی - بێ‌ سته‌م و ناهه‌قیی‌- ماف و ئه‌ركی بۆ دیارییكردووه‌، مه‌گین بۆ دوایی بۆ خۆیان مافی یه‌كتر پێشێل بكه‌ن و هه‌قی‌ یه‌كدی‌ بخۆن. ئه‌م ئاده‌میزاده‌، له‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌ركی سه‌رشانیی و، وه‌رگرتنی مافی خۆیدا گشت یه‌كسانه‌.

جا له‌به‌رئه‌وه‌ كه‌ باسی ژنان، بۆته‌ باسێكی گشتگیرو، فره‌ لق، وه‌ به‌هه‌ق و ناهه‌ق فرمێسكی بۆ ده‌ڕێژرێ و كراوه‌ته‌ كێشه‌ له‌جیهانی‌ ئیسلامدا، دیاره‌ ئه‌مه‌یش -به‌پله‌ی یه‌كه‌م- له‌ خۆرئاوای فاسید و گه‌نده‌ڵه‌وه‌ سه‌ری هه‌ڵداو خۆی خزانده‌ ولاَته‌ ئیسلامییه‌كانه‌وه‌، بگره‌ خۆی كوتایه‌ هه‌موو ماڵه‌ موسڵمانێك و، ئاگری به‌ردایه‌ نێو ماڵی هه‌موو ئوسره‌و خێزانێكی بچووك و گه‌وره‌وه‌، (به‌نده‌)ش "ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود" له‌ مێژه‌ ده‌مه‌وێت به‌ تێروته‌سه‌ل له‌و باسه‌ بنووسم و، به‌پێی توانای‌ خۆم و به‌ پێی‌ ده‌سكه‌وتنی سه‌رچاوه‌ی ئیسلامیی و، نائیسلامیی، هه‌ق و ناهه‌ق لێكجودا بكه‌مه‌وه‌، روونی بكه‌مه‌وه‌ ئاخۆ ئافره‌ت له‌ ئیسلامدا مافی زه‌وتكراوه‌، یان لای ئه‌وانه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ ده‌یكه‌نه‌ هه‌راو بۆ ژنان ده‌گرین...؟

له‌م نووسینه‌شدا تا بۆم بكرێت له‌ (قورئان) و له‌ (فه‌رمووده‌) ده‌گه‌ڕێم، ئه‌وسا بۆچوونی زاناكانی ئیسلام – به‌كۆن و نوێوه‌ – دێنین و هه‌ڵیده‌سه‌نگێنین، ئینجا كتێب و نامیلكه‌ی‌ ئه‌ملاو ئه‌ولا، دیاره‌ كه‌ ئه‌م باسه‌ زۆر گرنگه‌و، زۆریش ده‌وڵه‌مه‌نده‌و، ئافره‌تیش هه‌قیه‌تی له‌ هه‌موو بوارێكی ژیاندا به‌شی هه‌بێ و، لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بكرێت: له‌ دروست بوونی، ئینجا شیوه‌و ڕه‌نگ و ڕوخساریی، قه‌دو به‌ژن و بالاَو نه‌رم و ناسكیی جه‌سته‌ی‌، هێندێ‌ له‌ تایبه‌تمه‌ندی خۆی، له‌ رووی فه‌سیۆلۆژیاو (ته‌ناسول)ییه‌وه‌، ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانی، به‌شداربوونی له‌ گشت بڕیار و فه‌رمانه‌كانی خودادا (ئه‌مر) و (نه‌هی)، خواپه‌رستیی: (نوێژ، ڕۆژو، حه‌ج، زه‌كات، جیهاد، ئیمان و باوه‌ڕو ئه‌ركان و پایه‌كانی‌) له‌ماڵه‌وه‌ بوونیی و، هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی له‌ماڵ، خستنه‌ ژێر ئیش و كاری ڕۆژانه‌ و، بژێوی دان به‌سه‌ریا، چوونه‌ ناو دام و ده‌زگاده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌، بوونی به‌ سه‌رۆك ده‌وڵه‌ت، وه‌زیر، قازیی و حاكم و دادوه‌رو خۆكاندیدكردن و، مافی هه‌ڵبژاردن...، جل و به‌رگ و كالاَی شیاوو تایبه‌ت بۆی، مافه‌ گشتییه‌كانی: خاوه‌ندارێتی، مافی هه‌ڵبژاردنی مێردو هاوسه‌ر، جیابوونه‌وه‌و ته‌لاَق – هه‌ركه‌ تووشی زیان و سته‌م بوو له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌یه‌وه‌ – فێربوونی زانست و زانیاریی (ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ فیتره‌ت و سروشتیدا ده‌ست بدات)، خێرو خێراتكردن و به‌خشین – به‌ئاره‌زووی خۆی – له‌ ماڵ ودارایی خۆیدا، كێی ویست ده‌توانێ خۆشی بوێ و زیاره‌ت و سه‌ردانی بكا، ده‌توانێ - وه‌كو پیاو – به‌ ⅓ ی سامانه‌كه‌ی وه‌سیه‌ت بكا، هه‌قیه‌تی به‌ ئاره‌زووی خۆی جل وبه‌رگ و كالاَی (حه‌ریر و ئاوریشم و زێڕ) به‌كاربهێنێت، هه‌قیه‌تی به‌هه‌ر هۆو وه‌سیله‌یه‌كی خۆجوانكردن، ئارایش بكا بۆ هاوسه‌رو شووه‌كه‌ی، ده‌توانێ كوڵم و لێوو روخساری سوور بكا، مافه‌كانی به‌سه‌ر مێرده‌كه‌یه‌وه‌، یان مافی مێرده‌كه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وه‌وه‌، ماره‌یی و میرات، شایه‌تیی و گه‌واهیی، ئه‌مانه‌و هه‌رشتێكی تر په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه‌ هه‌بێت –پشت به‌خوا– به‌ده‌وڵه‌مه‌ندانه‌ ده‌ینووسین و لێی ده‌كۆڵینه‌وه‌، ئومێده‌وارم (خانمه‌كان) سوودو كه‌ڵكی لێوه‌رگرن و، بیكه‌نه‌ ڕۆشناییه‌ك بۆ دۆزینه‌وه‌ی هه‌ق و ڕاستییه‌كان.

ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود - مانگی‌ 5 / 1427 كۆچیی‌ -- هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیدان

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

لینکی کتێبی ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا

http://ahmadkaka.org/MagazineDetail_8

http://ahmadkaka.org/jinan

بۆ زانیاری زیاترو دەستکەوتنی کتێبەکە پەیوەندی بکەن بەم ژمارەوە:

07504129703

   ‌ 3327 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook