<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
پەیامێک بۆ کەناڵە ئیسلامییەکان
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود

پەیامێک بۆ کەناڵە ئیسلامییەکان

سەرەتا پیرۆزبایی ھاتنی مانگی پڕ خێرو بەرەکەتی رەمەزان لە ھەموو موسوڵمانان دەکەم بەتایبەت لەگەلی کوردی موسوڵمانم..

وەک تاکێکی موسوڵمانی ئەم کوردستانە داوا لە راگەیاندنە ئیسلامییەکان دەکەم بە بینراوو و بیسراوو خوێنراوەوە کە لە ئاست گەورەیی ئەم مانگەدا بن و ئەم کۆمەڵگە کوردە موسوڵمانە لەو ھێرشە زۆر توندەی عەولەمەیە کە لە کوردستان لەژێر درووشمی ئازادیدا بە دەیان کەناڵی ئاسمانی کراوەتەوەو بێ ھیچ گوێدانە ئەخلاق و قیەمی رەسەنی ئیسلامەتی کوردایەتی، وە بەبێ ھیچ خوێندنەوەیەک بۆ ئەو ھەموو بەرنامەو زنجیرە فیلمانەی کە بەبێ ھیچ سانسۆرێک پەخش دەکرێن و دواتر باجەکەشی دەبێ کچ و کوڕی ئەم میللەتە موسوڵمانەی کورد بیدات..!! وە دەبێ مرۆی موسوڵمان خاوەن ویژان و حەق بین بێ، لێرەوە دەستخۆشیی و رێزو تەقدیرم بۆ رادیۆ ئیسلامییەکان بەگشتی ھەیە بەتایبەت رادیۆی پەیامی قورئان و رادیۆی سوننەت و رادیۆی میحراب و زۆرێکی تر لە رادیۆ ئیسلامییەکانی تر کە بەراستی رەسەنایەتی ئیسلامییان پێوە دیارە و خوای گەورە جەزای خێریان بداتەوە..

بەرێزان/ ئێوەش وەک راگەیاندنی لایەنە ئیسلامییەکان حەقە و پێویستە لە ئاست گەورەیی ئەو ھەجمە گەورەیەی دونیای عەولەمەیەدا بن و فریای ئەخلاق و قیەمی رەسەنایەتی ئەم میللەتە موسوڵمانە بکەون..

1- لە مانگەدا کە مانگی پڕ خێرو بەرەکەتە بۆ ئەھلی ئیمان و شەیاتینیەکانی (جن و مرۆڤ) کەلەپچە دەکرێن، بە فورسەتی بزانن و دەیان بەرنامەی ئیسلامیی سەرنج راکێش پەخش بکەن.

2- تکایە زنجیرەی تورکیی و ئێرانی با بەس بێ و ھەوڵ بدرێ فیلتەرێکی بەھێز لە ژێرچاودێری مامۆستایان و بانگخوازاندا دا بنرێ و ئیتر راگەیاندنی ئیسلامیی راگەیاندێکی جیاوازترو بەھێز تربێ..

3- پێتان قورس و عەیب نەبێ لە یوتیوب و لە ئەرشیفی خۆتان دەیان و سەدان بەرنامەو وتاری مامۆستایان و بانگخوازان ھەیە بۆ پڕ کردنەوەی بەرنامەکان.

4- فریای ئەم نەوە نوێیە بکەون..! سوێند بەخوا بە کچ و کورٍی خۆتان و ئێمەشەوە وردە وردە لە خشتە دەبرێن.. لە بەھێزی ئەوان و لاوازی ئێوەدا..!

5- گرنگی بدەنە بابەت و بەرنامەی بیروباوەری ئیسلامیی رەسەن کە دەبێ پێش فێربونی ئەلف و بێی قورئان مرۆڤ لە ئایدیاو عەقیدەی ئیسلامیی خۆی شارەزا بێت.!!

6- گرنگیدان بە وەڵامدانەوەی مولحیدان و بێباوەران کە لە یوتیوب سەدان و ھەزاران ڤیدیۆو بابەت لەو بارەوە ھەیە..!

7- گرنگیدان بە سووننەت و زیندوکردنەوەی سوننەتی پێغەمبەری پێشەوامان و رەتکردنەوەی تۆمەتی ناحەزان لە لاوازکردنی پێگەو مەکانەتی سووننەت.!

8- گرنگیدان بە پێگەو مەکانەتی ھاوەڵانی پێغەمبەری مەزن و ناساندنیان بە نەوەی نوێی ئەم گەلە موسوڵمانەو رەتکردنەوەی تۆمەتی ناحەزان و بە گەورە سەیرکردنیان، کە بەداخەوە ئێستا بەرنامەیەک ھەیە بۆ کەمکردنەوەو لێدانی کەسایەتیی و مەقامی ھاوەڵان.!

9- بۆچی بە شەففافانە و بە ئاشکرایانە باس لە رەواندنەوەی ئەو ھەموو لە خشتە بردنی ئەخلاقی کوردی موسڵمان ناکەن..؟! بۆ ئەو بوارەش بەرنامە رێژیتان ھەبێ..؟!

10- پڕ کردنەوەی بەرنامەتان لا گرنگ نەبێ ... با لە (24) سەعاتدا (15) سەعات کەناڵەکان کار بکەن و بەڵام زۆر کاراو رەسەنایەتی ئیسلامیی پێوە دیار بێ..

برایانی ئازیزم / من خۆم کەسێکی راگەیاندکارم، وا نەزانن لە ھەوڵ و ماندووبونتان کەم دەکەمەوە، یان بە ماندووبونتان نازانم.. نەخێر.. بەڵام ئەوەی ئەمرۆ لە کوردستان دەکرێ و دەیبینین، بەو خێراییەی کە لە چاو تروسکاندن دەچێ و زۆریش لەوە زیاتر پەلەیانە..! ئەگەر ئەوەی کە لەسەرەوە باسمان کرد کەناڵی ئاسمانی ئیسلامیی ئەوە کارو پیشەی نەبێ..؟! ئیتر چ ناوێکی لێ بنێین..؟!

خوای گەورە موفق و سەر بڵندتان بکات بۆ خزمەت بە دین و عەقیدەو رەوشتی بەرزی ئیسلامەتیی..

دڵسۆزتان/

عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود

سەرپەرشتیاری پەیجی مامۆستا ئەحمەد کاکە مەحموود

30 شعبان 1436 

17 / 6 / 2015

   ‌ 1072 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook