<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
مامۆستاکەم بابەگیان
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود

مامۆستاکەم بابەگیان

دروودو سڵاوی خوات لەسەر

پڕ بەدڵ تاسەت دەکەم و زۆر زۆر تامەزرۆی ڕووی شیرین و جوانتانم..

لێرەوە لە پەیجەکەی خۆتانەوە ئەوەتان پێ ڕا دەگەیەنم کە سوپاس بۆ خوا و بە فەزڵی خوای گەورە پەیجەکەتان بووەتە مایەی رێنمایی و رێ رۆشنکەرەوەی رێگای راست بۆ ئەوانەی کە رێیان لێ ون بووەو بە دوای رێی راستدا دەگەرێن، ئێستا پەیجەکەتان چراو روناکییە بۆ ئەوانەی بە دوای رێگای رۆشندا دەگەرێن و دەیانەوێ لە مەجلیسی پیاوچاکاندا چۆک دا دەن و زیکرو یادی خودا بکەن..

بابەگیان/ مژدەت لێ بێ لە پاش وەفاتیشت ناوت زیندووە و سوێند بەخوا شەوانەو رۆژانە ھەزارەھا دوعاو نزای خێرت بۆ دێ.. ئێوە زیندوبونتان و وەفاتتان ھەمووی ھەر خێر بوو.. بێگومان نەمانی جەستەییشتان لەم سات و کاتەداو لەم زەمەنە پڕ لە فیتنەیەدا ئەویش خۆی بۆ خۆی خۆشەویستی خودایە بۆ جەنابتان..

مژدەت لێ بێ... رێ و بەرنامەت رۆشنەو کاروانەکەت جمەی دێ و ماشاءاللە لە ھەموو کوردستانەوە و تەنانەت دەرەوەی کوردستانیش خەڵکی بە تەفسیرەکەت و بە نووسین و بە پۆستی پەیجەکەتان دڵخۆشەو دوعای خێرتان بۆ دێ.. وە بەڵێنیش بێ بابەگیان ھەر چەند بێنازو بێ لێپرسینەوە بین و موسوڵمانان لا موبالات بن بەرامبەرمان بەڵام دینی خواو بەرنامەکەی جەنابتان لە پەیج و سایت و توێترو یوتیوبی خۆتانەوە رۆژ بە رۆژو مانگ بە مانگ و ساڵ بە ساڵ لەگەشەدایەو نووسین و ھەرەشەی دۆراوانیش نیشانەی پۆچیی و دۆراوییانە..

بابەگیان/ جارجارەش ناحەزان و دوژمنانی ئیسلام قسەی سووک و ھێرشی نارەوا دەکەنە سەرت بەبۆنەی پۆست و پەیجەکەتانەوە .. من داوای لێبوردنت لێ دەکەم و پڕ بەم دونیا خەجاڵەتم..

خوا لێـتان خۆش بێ و تەنھا ئارەزووم ئەوەیە لەم مانگی پڕ خێری رەمەزانەدا لە خەوندا بە خزمەتتان شاد ببم و کەمێ زیاتر دڵخۆشتان بکەم و ئاە و خەمە گەورەکانم بە دیدەنتان بڕە وێنمەوە..

بە ھەواڵی خۆشتر ئاگادارتان دەکەمەوە کە زیاتر لە ٦ کتێب و بەرھەمی جەنابتان ئامادەی چاپە و چاوەرێی بە چاپ گەیاندنیانین..

یاربی بابەگیان جێگات بەھەشت بێ و لەگەل پێغەمبەران و راستگۆیان و پیاوچاکان و شەھیدان و ساڵحاندا حەشر بکرێی..

قوتابیی و بچوکتان:

عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود

   ‌ 1037 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook