<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بیروڕا‌
ئەوان رۆشتن و ئێمە ماینەوە....!
عیرفان ئەحمەد کاکە مەحمود

ئەوان رۆشتن و ئێمە ماینەوە.......!

لە ساڵوەگەری وەفاتی مامۆستای رەمزی یەکریزی موسوڵمانانی کوردستان

جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز

مامۆستا نورانیەکەم ، مامۆستا بە لوتفەکەم ، منیش وەک قوتابیەکی بچوکی بەر دەرگای رۆحیانەتیی بەرزو پاکی ئیمانیت حەز دەکەم ئەم چەند دێرەم لێ وەربگریی و ھەر ھیچ نەبێ بەڵکو بتوانم بەم چەند وشە رۆحم ئاسوودە بکەم بەرامبەر بەو ماوە کورتەی کە لە خزمەتا بووم و زانستەکانی (بەلاغە و أصول الفقە)م لە خزمەتا خوێندو تا ھەتا ھەتایەو ھەرگیزاو ھەرگیز لوتف و خۆشەویستیت لە یاد ناکەم و وشەکانیشت وەک تابلۆی ئاڵتوونی بە دڵمدا ھەڵواسیوەو ئەوەی بتوانم تا ئەو رۆژەی لە ژیاندا بم وەفادار دەبم بۆتان و بەپێی توانا ھاتووم و دێمە سەردانتان لەگەڵ بابی خۆشەویست و ھەرگیز لە یاد نەچووم لە گۆرستانی گوڵان..

ئەوەی پێوستە لێرەدا بوترێ با ئێمەی نەوەی نوێی رابونی بێ رابەری ئیسلامیی کوردستان پەندو ئامۆژگاری لەو بێ وەفایی و لا موبالاتییەی کە ھەمان بوو بەرامبەر بە زانایان و مەلایانی بێ نموونەی کوردستان کە مەلاو مامۆستای گشتگیری بوون لە تێگەیشتن و فەھمیان بۆ دین و کارو بانگەوازی ئیسلامیی لە کوردستان..

ئەوەی حەق بوو بکرابا نەکرا، وە ئەوەی پێویست بوو لە ژیاندا بۆیان بکرێ لە خزمەتگوزاریی و ئاسوودەیی ژیان بۆیان نەکرا.. ئەوەی حەق بوو لە رێزگرتن و گرنگی دان بە فەتواو نووسینەکانیان نەکرا... 

بۆیە ئێستا پێویستە سەر لەنوێ ژیان و مێژووی ئەو کەڵە پیاوانەی کوردستان بە نەوەی نوێ لە بەرنامەی تایبەتدا بە گەلی کوردو نەوەی نوێی ئیسلامییەکان بناسرێنەوەو ئەو مێژووە پڕ لە زانست و خەبات و ھەڵوێستی مەردانەو جیھادو نەسرەوتنەیان بۆ خەڵكی بکرێتە دۆکیۆمێنت..

مەلاو زانا عەمامە سەربەرزو پاکەکانی کوردستان ئەوەی لە توانایاندا بوو درێغیان نەکردو کردیان.. بە پەروەردەکردنی فەقێ و بە نووسین و بە وتارو وتاربێژیی و بە خەباتی عەمەلی و ھیجرەت و گیان و خوێن بەخشین بە رابوونی ئیسلامیی و رزگارکردنی خاکی کوردستان لە بەعسی عەفلەقی..

ئێستا سەر لە نوێ پێویستە ئەو غەدرو ئیھمالیی و لا موبالاتییەی بە رامبەر بەو زانا گەورانەی کوردستان کە کردمان.!! بە شێوەیەکی ترو بە رێگایەکی تری ناساندنیان بە نەوەی نوێ بە بەرنامەو بە دۆکیۆمینتی ژیان و بەسەرھاتیان بکرێتە بەرھەم و لە کەناڵەکاندا پەخش بکرێت.. یان بە سیمینارو کۆنفرانس یادو ماندوو بونیان بەرز رابگیردرێ..

جارێکیان لە خزمەت مامۆستا صلاح الدین محمد بھاءالدین باسی گرنگی بە بەرنامەو دۆکیۆمنت کردنی ژیانی ئەو کەڵە عولەمایانەمان دەکرد و جەنابیشیان زۆر تەئکیدی لەسەر ناساندنەوەی ئەو زانایانە کردەوە و بە زەروورەتی ئەمرۆی دەزانی کە دەبێ رۆڵی ئەو زانا گەورانە ون نەکرێ..!!

خۆ بەداخەوە تەوژمی عەلمانیەت لە کوردستان کە سەرجەم راگەیاندنە بینراوو بیسراوو نووسراوی لەبەر دەستە بە بڤەی دەزانی لە سالێادی کەڵە پیاوێکی وەک مامۆستا مەلا عوسمان عبدالعزیز کە بەفەتوای جەنابیان یەکەم ھێزی چەکداری ئیسلامیی گەیشتە کەرکوک و لەوێش خوێن لە پێناو دین و وڵاتدا رژێنرا.. عەلمانیەت حەقی خۆیەتی باسی رۆڵی ئەو پیاوانە ناکات..!! ئەدی ئێمەی ئیسلامیی بۆ رۆڵیان باس ناکەین و بەرنامەو کۆنفرانسیان لەسەر ساز ناکەین...

خوای گەورە ئەو نەخۆشیە لا موبالاتییەی کەوتووەتە نێو موسوڵمانان لەناو ببات و چاوو دڵ و رۆحمان بکاتەوەو جارێکی ھەر ھیچ نەبێ تا لە ژیان ماوین وەفایەک بۆ ئەو زانا عەمامە بەرزو پاکانە را بگرین..

لێرەوە رێزو حورمەتی تەواوم بۆ سەرجەم مامۆستایانی پایە بەرزو خاوەن قەدرم ئەوەی لە ژیاندا ماوە و ئەوەی گەراوەتە لای خاوەنەکەی خۆی رب العالمین.. ھەر لە جەنابی مامۆستا مەلا عوسمان و جەنابی مامۆستا ئەحمەدی باوکم و مامۆستا سەیید نجم الدین و سەرجەم مامۆستایانی ترم و دەستی زیندوانیان ماچ دەکەم و وەفاو خۆشەویستی خۆمیان بۆ دووپات دەکەمەوە..

نوسینی/ قوتابی مامۆستا

عیرفان ئەحمەد کاکە مەحموود

13/5/2015

   ‌ 7090 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/03/2016
Facebook Twitter Print Addthis

12
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook