<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
ئاکارو ره‌وشته‌کانی
مامۆستا له‌ بواری‌ زانست و نووسیندا /


× مامۆستا له‌ بواری‌ زانست و نووسیندا /

له‌ بواری‌ خوێندن و خوێندنه‌وه‌و نووسیندا مامۆستا به‌ شاهیدی‌ ئه‌هلی‌ عیلم و ئه‌هلی‌ قه‌ڵه‌م بێ وێنه‌ بوو، وه‌ك پێشتر له‌ ماڵپه‌ره‌كه‌یدا هێمامان پێكردووه‌ مامۆستا نزیكه‌ی‌ 18 ساڵ له‌ حوجره‌دا ماوه‌ته‌وه‌و سه‌رقاڵی‌ خوێندنی‌ زانسته‌ ئیسلامییه‌كان بووه‌، وه‌ یه‌كێك بووه‌ له‌ فه‌قێ دیارو زیره‌كه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ خۆی، كاتێ‌ كه‌ له‌ خزمه‌ت مامۆستا شێخ خالیدی‌ موفتی‌ له‌مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ خوێندوویه‌تی به‌ پێی وته‌ی‌ نه‌وه‌و ئه‌وكه‌سانه‌ی‌ كه‌ ئه‌وكات مامۆستایان بینییوه‌و ناسیوه‌ شاهیدی‌ زیره‌كیی و چاكه‌ی‌ له‌سه‌ر ده‌ده‌ن، پاشانیش كه‌ هاتووه‌ته‌ خزمه‌تی‌ مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز له‌وێش هه‌ر نموونه‌ی‌ فه‌قێی زیره‌ك و چاوكراوه‌و شه‌رم و حه‌یاو به‌ دین بووه‌، مامۆستا هه‌ر له‌وكاته‌وه‌ی‌ كه‌ ئیجازه‌ی‌ عیلمی‌ وه‌رده‌گرێ و ده‌چێته‌ گوندی‌ بناوه‌سووته‌و هه‌ر له‌وێ‌ حوجره‌و مزگه‌وت ئاوه‌دان ده‌كاته‌وه‌و چه‌ند فه‌قێیه‌ك ده‌گرێ و وانه‌ ئایینیه‌كانیان پێ ده‌ڵێته‌وه‌.. مامۆستا له‌بواری‌ زانست و زانیارییدا به‌ شاهیدی‌ زۆربه‌ی‌ زانایانی‌ گه‌وره‌ی‌ كوردستان وه‌ك مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیزو مامۆستا سید نجم الدین تاهاو چه‌ندین زانای‌ تری‌ گه‌وره‌ی‌ كوردستان شاهیدی‌ زانایی مامۆستایان داوه‌ به‌تایبه‌ت له‌بواری‌ فیقهدا.. به‌تایبه‌ت جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عوسمان رابه‌رو دامه‌زرێنه‌ری‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی زۆر زۆر ئیعتیمادی‌ له‌سه‌ر بابه‌ته‌ فیقهییه‌كانی‌ مامۆستا هه‌بووه‌و زۆرجار پشتگیری فه‌تواو ده‌ستنووسه‌كانی‌ مامۆستای‌ كردووه‌!! پاشان له‌ وتار بێژیشدا كه‌ خۆی وه‌ك مامۆستای‌ مێزه‌ر به‌سه‌ر پیشه‌ی‌ ئه‌وه‌ بووه‌ ماشا‌والله وتاربێژێكی‌ سه‌ركه‌وتوو بوێرو چاونه‌ترس بوو، هه‌ر له‌ شارۆچكه‌ی‌ پێنجوێن و خورماڵ و سیروان و ئۆردوگاكانی‌ ئێران و پاشان هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیدان و هه‌روه‌ها له‌ مه‌راسیمه‌ سیاسیی و ئایینیه‌كانیشدا توانیویه‌تیی مافی‌ وتاربێژیی و چاو نه‌ترسی خۆی له‌و بواره‌دا بسه‌لمێنێ، مامۆستا سه‌رجه‌م سیفاتی‌ وتاربێژیی وه‌ك سیماو ڕیش و باڵاو هه‌یكه‌لی‌ جوان و  ده‌نگی‌ خۆش و زوڵاڵ و له‌سه‌رخۆیی و شاره‌زایی له‌ زانستی‌ ته‌جویدو خۆشخوانی‌ قورئان كه‌ ئه‌وه‌ مه‌رجێكی‌ زۆر پێویسته‌ كه‌ مامۆستای‌ وتاربێژو پێشنوێژكار ده‌بێ به‌چاكی‌ ئه‌و زانسته‌یه‌ بزانێت!! وه‌ له‌بواری‌ نووسینیشدا ماشا‌والله هه‌میشه‌و شه‌وو رۆژ نه‌ده‌وه‌ستاو له‌ نووسیندا باوه‌ڕناكه‌م كه‌س وه‌ك مامۆستای‌ ره‌حمه‌تی‌ ئه‌و تاقه‌ت و ته‌حه‌مموله‌ی‌ هه‌بوو بێت!! هه‌میشه‌و هه‌مووكات سه‌رقاڵی نووسین بوو.. بۆیه‌ زۆرجار دایكم و مناڵه‌كانیش هه‌ستمان ده‌كرد كه‌ مافمان نادات و ئاگای‌ لێمان نه‌ماوه‌و ئیتر جاجاره‌ گله‌ییمان لێده‌كرد !! وه‌ له‌كاتی‌ په‌یابوونی‌ كۆمپیوته‌ریشدا مامۆستا له‌و بواره‌شدا هه‌ر دوا نه‌كه‌وت و له‌ رێی موحه‌ممه‌دی‌ كوڕه‌ بچوكیه‌وه‌ رۆژانه‌ زانیاری‌ كۆمپیوته‌رو تایپكردنی‌ بابه‌ت و ئه‌و بوارانه‌ فێربوو، بۆیه‌ بۆخۆی ده‌ستی‌ دایه‌ تایپكردنی‌ زۆرێك له‌بابه‌ت و به‌رهه‌مه‌كانی‌.. مامۆستا له‌ ساڵی‌ 1970 ی‌ زایینیه‌وه‌ ده‌ستی‌ داوه‌ته‌ نووسین و تا ئێستا به‌رهه‌م و نووسینه‌كانی‌ مامۆستا گه‌یشتووه‌ته‌ 26 به‌رهه‌م .. ده‌توانم بڵێم مامۆستا یه‌ك كات بێ خوێندنه‌وه‌و بێ نووسین نه‌بووه‌، چ له‌ماڵه‌وه‌ چ له‌سه‌فه‌رو چ له‌ناو ئۆتۆمبیلداو چ له‌ مه‌قه‌ڕو باره‌گاكانی‌ بزووتنه‌وه‌دا، زۆر نرخی‌ كاتی‌ به‌لاوه‌ بوو، وه‌ زۆر جه‌ریئو به‌ توانا بوو له‌ بابه‌ته‌ فیقهییه‌كاندا، هه‌میشه‌ ئه‌و فه‌توایه‌ی‌ هه‌ڵ ده‌بژارد كه‌ له‌گه‌ڵ مه‌سڵه‌حه‌تی‌ ئه‌مرۆی موسڵماناندا بگونجایه‌، ده‌توانم بڵێم مامۆستا خۆی به‌ (مقلد) نه‌ده‌زانی‌ !! ئه‌و كتێبانه‌ش كه‌ مامۆستا زۆر گرنگ بوو به‌لایه‌وه‌ ئه‌مانه‌ بوون: (صحیح البخاری‌، صحیح مسلم، مجموعة‌ الفتوی‌ لإبن تیمیة‌، شرح اصول إعتقاد أهل السنة‌ و الجماعة‌، معارج القبول فی‌ شرح سلم الاصول، مغنی‌ إبن قدامة‌، المجموع للامام النووی‌، الفقه‌ الاسلامی‌ وأدلته للدكتور وهبة‌ الزحیلی‌، الجهاد والقتال فی‌ السیاسة‌ الشرعیة‌ للدكتور محمد خیر هیكل، المحلی‌ بالاثار لابن حزم، سبل السلام للصنعانی‌، نیل الاوطار للشوكانی‌، المفصل فی‌ احكام المراة‌ والبیت المسلم للدكتور عبدالكریم زیدان، زاد المعاد للامام ابن القیم الجوزیة‌، یسألونك فی‌ الدین والحیاة للدكتور احمد الشرباصی‌، الفقه علی‌ المذاهب الاربعة للشیخ عبدالرحمن الجزیری‌، فیض القدیر شرح جامع الصغیر للعلامة‌ المناوی‌، الكامل فی‌ التاریخ لابن الاثیر، شرح السنة‌ للامام البغوی‌، جامع الاصول لابن الاثیر، الترغیب والترهیب للامام المنذری‌، الاصابة‌ فی‌ تمییز الصحابة‌ للعسقلانی‌، الفتاوی‌ الكبری‌ الفقهیة‌ للعلامة‌ ابن حجر الهیتمی، تاریخ الاسلام للدكتور حسن ابراهیم حسن، التشریع الجنائی الاسلامی للشیخ عبدالقادر عودة‌، حاشیة الجمل علی‌ الجلالین للشیخ سلیمان الجمل، المختصر فی‌ أخبار البشر"تأریخ أبی‌ الفدا‌ء" للشیخ عمادالدین اسماعیل ابی‌ الفدا‌ء، الاحكام السلطانیة‌ للقاضی‌ أبی‌ یعلی‌ الفرا‌ء، حواشی تحفة‌ المحتاج للشروانی‌ وابن قاسم، (مغنی‌ المحتاج للشیخ محمد الشربینی‌، التاج، الجامع الاصول للشیخ منصور علی‌ ناصف، ئه‌م دوو كتێبه‌یان ساڵی‌ 1973 له‌ گوندی‌ بناوه‌سووته‌ موتالاَو خوێندوویه‌تیه‌وه‌، به‌ده‌ستنووسی خۆی له‌سه‌ری‌ نووسیوه‌)، وه‌ زۆربه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ گرنگه‌كانی‌ ته‌فسیری‌ قورئانیشی له‌ كتێبخانه‌كه‌یدا وه‌ده‌ست ده‌كه‌ون و زۆر سه‌رچاوه‌ی‌ ته‌فسیری‌ به‌لاوه‌ گرنگ بوو، وه‌ سه‌رچاوه‌ كوردییه‌كانی‌ بواری‌ ته‌فسیری‌ كوردی وه‌ك: ( ته‌فسیری‌ مامۆستای‌ رابه‌ری‌ مه‌زن مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیزو شێخ محمدی‌ خاڵ و مامۆستا هه‌ژار موكریانی‌ له‌ كتێبخانه‌كه‌یدا هه‌ن)، وه‌ زۆر سه‌رسام و موعجه‌بی كتێبه‌كانی‌ سید قطب و عبدالله عزام و ئیمام مه‌ودودیی بوو به‌تایبه‌ت ته‌فسیره‌كه‌ی‌ "سید" هه‌زار ره‌حمه‌تی‌ لێبێ، وه‌ زۆربه‌ی‌ كتێبه‌كانی‌ سعید حوی‌ له‌ كتێبخانه‌كه‌یدا هه‌ن به‌تایبه‌ت ته‌فسیره‌كه‌ی‌، وه‌ زۆربه‌ی‌ نووسراوه‌كانی‌ (دكتۆر یوسف قه‌رزاویی و محمد غه‌زالی‌ میسری و عبدالله ناسیح عه‌لوان و محمد احمد راشد)ی‌ له‌ كتێبخانه‌كه‌یدا هه‌ن و هه‌میشه‌ سوودو كه‌ڵكی‌ لێوه‌رده‌گرتن، وه‌ هه‌روه‌ها سه‌رجه‌م نووسراوه‌كانی‌ مامۆستای‌ پایه‌به‌رزی‌ كورد مامۆستا مه‌لا عبدالكریمی‌ موده‌ریس به‌ تایبه‌ت ته‌فسیره‌كه‌ی‌ ته‌فسیری‌ نامی‌ خوێندوه‌ته‌وه‌و له‌ كتێبخانه‌كه‌یدا هه‌ن، وه‌ هه‌روه‌ها گرنگی‌ زۆریشی‌ ده‌دایه‌ كتێب و نووسراوه‌كانی‌ دكتۆر موسته‌فا زه‌ڵمی‌ و زۆر به‌ زانایه‌كی‌ لێهاتوو به‌ جورئه‌ت له‌ قه‌ڵه‌م ده‌دا، وه‌ زۆر سه‌رسامی‌ كتێبه‌كانی‌ مامۆستا مه‌لا عبدالرحیمی مه‌وله‌وی‌ بوو "به‌ره‌حمه‌ت بێ" به‌تایبه‌ت كتێبی (عه‌قیده‌ی‌ مه‌رضیه‌) و زۆربه‌ی‌ شیعره‌كانیشی له‌به‌ربوو، وه‌ زۆربه‌ی‌ كتێبه‌ شیعرییه‌كانی‌ وه‌ك نالیی و مه‌حویی‌ و مه‌وله‌وی و مام هه‌ژارو چه‌ندانی‌ تر له‌ كتێبخانه‌كه‌یدا هه‌ن و موتالاَی‌ كردوون). ئێستاش له‌ كۆ كردنه‌وه‌و به‌چاپ گه‌یاندنی‌  فه‌تواكانی‌ مامۆستاداین انشا‌والله.. ئه‌وه‌شمان له‌بیر نه‌چێت كه‌ مامۆستا زۆر زۆر رێزو حورمه‌تی‌ زانایانی‌ لابوو، به‌تایبه‌ت زۆر رێزو خۆشه‌ویستی‌ و دڵخۆشی فه‌قێ و تالیب العیلمی‌ ده‌كرد.


   ‌ 1815 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook