<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
ژیاننامه
باسی شه‌شه‌م: عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕی مامۆستا


باسی شه‌شه‌م
عه‌قیده‌و بیروباوه‌ڕی مامۆستا

 مامۆستا زانایه‌كی‌ زۆر دامه‌زراوو عه‌قیده‌ پاكبوو، به‌ مه‌عنای‌ كه‌لیمه‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ (ئیمان و كوفردا) (سه‌له‌فییه‌كی‌ ته‌واو بوو)، دوور بوو له‌ فیكره‌ی‌ (الإرجا‌‌و والخوارج)، "واته‌: به‌ به‌زه‌یی له‌گه‌ڵ دارو ده‌سته‌ی‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ سه‌رده‌م و توندو تیژ به‌رامبه‌ر به‌ موسڵمانان" ئه‌م دوو سیفه‌ته‌ی‌ هه‌رگیز تێدا نه‌بووه‌، له‌ بواری‌ حاكمیه‌تی‌ رب العالمینه‌وه‌ له‌ دێر زه‌مانه‌وه‌ هه‌ر له‌ شارۆچكه‌ی‌ سیروانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ زه‌مه‌نی‌ هیجره‌ت و (ئۆردوگاكانی‌ دزڵیی و بارام ئاوا) له‌ وتارو ده‌رس و جموجوڵه‌كانیدا به‌كردار ره‌نگی دابوویه‌وه‌ له‌ ژیانیداو پێی وابوو كه‌ ته‌نهاو ته‌نها ده‌سه‌ڵات و ته‌شریع ده‌بێ بۆ (رب العالمین) بێت، وه‌ نابێ هیچ به‌رنامه‌یه‌كی‌ تری‌ ده‌ستكرد له‌ ژیانی‌ مرۆڤه‌كاندا كاری‌ پێ بكرێت جگه‌ له‌ به‌رنامه‌كه‌ی‌ خوای‌ تاقانه‌ كه‌ قورئانه‌. هه‌مووجار ده‌یگوت: خوای‌ گه‌وره‌ زۆر به‌ره‌حم و به‌زه‌ییه‌، ئه‌گه‌ر مرۆڤ نوێژێكی یان رۆژوویه‌كی‌ یان باقی‌ عیباده‌ته‌كانی‌ تری‌ جارجاره‌ له‌ده‌ست بچێ، خوا چاوپۆشی لێده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ خوا چاوپۆشی له‌ به‌نده‌كانی‌ ناكات ئه‌وه‌یه‌ كه‌ به‌نده‌كانی‌ شیرك و هاوه‌ڵی‌ بۆ قه‌رار بده‌ن به‌تایبه‌ت له‌ حاكمییه‌تدا !! وه‌ ده‌یفه‌رموو: هه‌موو موسڵمانان لای‌ خوا گوناهبارو تاوانبارن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئه‌م قورئانه‌ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر زۆره‌ له‌ حوكم كردن دوور خراوه‌ته‌وه‌و كاری‌ پێناكرێ !! المهم مامۆستای‌ ره‌حمه‌تی‌ له‌ حاكمییه‌تی‌ په‌روه‌ردگاردا زۆر زۆر جیددی‌ و توند بوو، له‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ده‌ستووره‌كه‌ی‌ عێراق و كوردستانیشدا له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كی بۆ مه‌كته‌بی سیاسیی پارتیی و یه‌كێتی‌ به‌ناوی‌ بزووتنه‌وه‌وه‌ زۆر به‌ ئاشكرا ئه‌و هه‌ڵانه‌ی‌ به‌ روونی‌ بۆ لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ ده‌ستووره‌كه‌ روونكردبووه‌وه‌و داوای‌ لێكردبوون كه‌ ده‌بێ ته‌نها ئیسلام سه‌رچاوه‌ی‌ سه‌ره‌كی‌ یاسادانان بێت و به‌س!! وه‌ له‌ دوو وتاری‌ هه‌ینی تایبه‌تیشدا له‌ مزگه‌وتی‌ (منیره‌ الفهد)دا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هید زۆر به‌توندی‌ هێرشی كرده‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداران و لیژنه‌ی‌ ئاماده‌كاری‌ ده‌ستووره‌كه‌..
 له‌باره‌ی‌ ئه‌سماو سیفاتیی‌ په‌روه‌ردگاریشه‌وه‌ كاتێ‌ كه‌ ته‌فسیره‌كه‌ی‌ ده‌نووسی تا ساڵی‌ 1999 بۆ 2000.. ئاگاداربووم زیاتر ره‌ئی و بۆچوونی‌ "خه‌له‌ف‌"ی‌ هێنابوو، چاوی‌ له‌ مامۆستای‌ رابه‌رو سه‌ركرده‌كه‌ی‌ خۆی كردبوو جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز (رحمه‌ الله)، چونكه‌ جه‌نابی رابه‌ری‌ مه‌زنیش هه‌ردوو ره‌ئی سه‌له‌ف و خه‌له‌فی‌ له‌وباره‌وه‌ له‌ته‌فسیره‌كه‌یدا هێنابوو.. پاشان كه‌ "من" له‌ وڵاتی‌ (یه‌مه‌ن) گه‌ڕامه‌وه‌و سه‌رچاوه‌و كتێبی نموونه‌ییم له‌و باره‌وه‌ بۆ باوكی‌ ره‌حمه‌تیم هێنا، مامۆستای‌ باوكم بێ چه‌ندوچوون ده‌ستی‌ دایه‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ ئه‌و كتێبانه‌و دواتر هه‌موو ته‌فسیره‌كه‌ی‌ له‌ بواری‌ ئه‌سماو سیفاته‌وه‌ خسته‌ سه‌ر ڕای‌ سه‌له‌ف، ئه‌وه‌ش خۆی بۆ خۆی فه‌زڵ و گه‌وره‌یی مامۆستای‌ ره‌حمه‌تی‌ ده‌رده‌خات.. جارێكیان له‌ناو ئۆتۆمبیلدا بووین و به‌ره‌و هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ تازه‌ ده‌رۆشتین و كتێبی ئه‌سماو سیفاتی‌ ئیبن ته‌یمییه‌ به‌شه‌رحی‌ شێخ عوسه‌یمینی‌ ده‌خوێنده‌وه‌، دواتر فه‌رمووی‌: به‌داخه‌وه‌ له‌ زه‌مانه‌ی‌ ئێمه‌دا له‌ حوجره‌كاندا ئه‌م هه‌موو كتێبه‌ چاكانه‌ ده‌ست نه‌ ده‌كه‌وتن.، وه‌ ته‌نانه‌ت له‌و سه‌رده‌مانه‌دا كه‌ئێمه‌ ده‌مانخوێند كتێبی سه‌حیحی‌ بوخاریی‌ و موسلیمیش هه‌ر نه‌بوو..!! بۆیه‌ ئێستا گه‌نجه‌كانمان گله‌یی له‌ مامۆستا مێزه‌ر به‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ن.


پێڕه‌وی مامۆستا له‌ مه‌زهه‌بی شافیعی:

جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمود وه‌ك هه‌ر مه‌لاو مامۆستایه‌كی‌ ئایینی‌ تری‌ كوردستان و دانیشتوانه‌كه‌ی‌ پێڕه‌وییان له‌ مه‌زهه‌بی شافیعی‌ كردوه‌و له‌ فیقهی شافیعیشدا قاڵ بوونه‌ته‌وه‌، به‌لاَم له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا له‌ كێشه‌و گرفته‌كاندا هه‌رگیز ده‌مارگیری نه‌بووه‌ بۆ مه‌زهه‌بی شافیعیی و به‌ ده‌یان بۆچوون و فه‌توای‌ تری‌ مه‌زهه‌به‌كانی‌ تریشی‌ وه‌رگرتووه‌، وه‌ك له‌ كتێبی‌ فه‌تواكانی‌ جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د دا وه‌ ده‌رده‌كه‌وێ‌. 


   ‌ 3715 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook