<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
ژیاننامه
باسی پانزه‌هه‌م: سۆزی‌ ئازیزان بۆ مامۆستا

باسی پانزه‌هه‌م

سۆزی‌ ئازیزان بۆ مامۆستا


سۆزێك بۆ زانای كۆچكردوو مامۆستا ئه‌حمه‌دی كاكه‌ مه‌حموود

باوكی ئه‌سما  ْ

له‌ته‌مه‌نێكدا پێت گه‌شتم
كه‌سه‌ره‌تای لاوێتیم بوو
ئه‌وكاته‌ی كه‌ لێت نزیك بووم
نه‌م ده‌ناسیت وه‌كوو ئێستام
جارێك بینیمیت له‌خورماڵ
پرسیارم كرد ئه‌مه‌ كێیه‌؟
له‌وه‌ڵامدا پێیان ووتم
بۆ نایناسیت؟
چۆن نایناسیت!
ئه‌وه‌ مامۆستا ئه‌حمه‌ده‌و
خه‌ڵكی گوندی یاڵانپێ یه‌
مامۆستایه‌كی ڕاستگۆیه‌و
خۆشه‌ویستی  شارو دێ یه‌
به‌ڵام ئه‌وكات من منداڵ بووم
سه‌ره‌تای لاوێتیم بوو
 نه‌م ده‌فامی و
نه‌م ده‌ناسین وه‌كو ئێستام!
 كه‌چه‌ند جێگاتان دیاره‌
له‌م زه‌مه‌نی غوربه‌ته‌دا!
تاخوا كردی ڕۆژێك هاتی
بۆ لای ئێمه‌ به‌ میوانی
ئه‌و ڕۆژه‌ ڕۆژی هه‌ینی بوو
وتاریشت خۆشه‌ویستی و
یه‌كڕیزی بوو
تا كۆتایی ته‌ مه‌نیشت
به‌ بێ ووچان خزمه‌تت كرد
ڕامانت بۆ به‌ جێ هێڵاین!
له‌ دوای وه‌فاتی به‌ڕێزتان
چاومان گه‌ش بوو
به‌ته‌فسیری به‌ڕێزتان
خۆشحاڵت كردین به‌ڕامان!!
سه‌فه‌ری تۆ
 غه‌م و په‌ژاره‌ی زیاد كردین
چونكه‌ ئێستا منی ده‌م ڕووت
له‌ جیاتی تۆ قسه‌ ده‌كه‌م
ده‌زانی بۆ؟
موسوڵمانان هه‌تیو كه‌وتوون
كه‌س غه‌م ناخوا بۆ ئاینی
هه‌موو هه‌وڵه‌ دا بۆ ژینی
نه‌ك بۆ دینی!!
ده‌گمه‌ن بووه‌ زانای ڕاستگۆ
به‌ڕاستی بكات گفتو گۆ
له‌م زه‌مانی عه‌وله‌مه‌یه‌
ئه‌زمه‌ی پاكی عه‌مامه‌یه‌
مامۆستا گیان وا سێ ساڵه‌ ته‌فسیره‌كه‌ت 
بۆته‌ چرای ڕۆشنایی ڕێم
له‌گه‌ڵ نوسینی بابه‌تم
ڕامانیش وا له‌به‌رده‌ستم!!
سه‌فه‌رتان خێر 
هاتنتان خێر بوو بۆ ئێمه‌و
تاریكیتان ڕۆشن ده‌كرد
سه‌فه‌ریشتان بووه‌ مایه‌ی
دڵته‌نگی و ناڕه‌حه‌تیمان!!
خواتان له‌گه‌ڵ مامۆستا گییان
چاوه‌ڕێ بن 
ئێمه‌ش وا دێین
بۆنێو ماڵی كۆتاییمان
 گه‌ر خوا حه‌زكات 
به‌یه‌ك ده‌گه‌ین له‌خزمه‌تی 
پێغه‌مبه‌ران و پیاو چاكان و
ڕاستگۆیان و شه‌هیداندا


مه‌رگی‌ نمازی‌..

سه‌ردار حه‌مه‌لاو باكی

شوورای عاشوورا دیسان به‌زمش به‌ست
موحه‌ڕه‌م ئاما (ئه‌حمه‌د) شی وه‌ده‌ســت
فه‌ڵه‌ك په‌ی به‌ختم عاشوورای ئــیمساڵ
 ئینا هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان – خــورمــــاڵ
 هه‌ڵه‌بجه‌ سیاپۆش ، هه‌ورامان مـاتــه‌م 
په‌ی كۆچی نـاوه‌خت شافعـی ســــه‌رده‌م
مباره‌كـت بۆ مه‌رگـــــــــــــــی نمــــــــازی
 یه‌قین خوداوه‌ند لــــــــــــــێت مه‌بۆ رازی
عه‌لامه‌ی عیلم زانای شـــــــــــــه‌رعپـه‌روه‌ر
نوسه‌ری ئـــــــازای نیشتمـــــــــــــانپـه‌روه‌ر
مامۆسای مزگی و ته‌وه‌ن نماو به‌رمـــاڵ
دۆسی قه‌ڵه‌م و كتێبخانـه‌ی خـــــــــــــــاڵ
یاوای وه‌ دیدار یــــــــــــــارانی گـــــــــوڵان
چه‌مه‌ڕای راتـه‌ن مامۆسا عوسمــــــــــان
بیه‌ی به‌ هامــسای جه‌معی عارفـــــــــان
سه‌ی نجم الــــــــدین و زانای پـــــاڕه‌زان
(ســــــه‌ربه‌ستی ئیسلام) گــــلاراوشـــــه‌ن
(خواپه‌رستی) نۆبه‌ی ئـــــــــــــــــــــاو شه‌ن
جه‌ ڕای دینداری ڕیشت چه‌رمه‌ كـــــــــه‌رد
په‌ی سه‌حوه‌و حوجره‌و فه‌قـێ‌و پـه‌ڕه‌ی زه‌رد
 سڵام و ئێمه‌ گــــــــه‌نجــــــــــی رۆشنبیـر 
بیاونه‌ حزور مامۆسای تـــــــــــه‌فـــــسیر
 سه‌فه‌رت به‌ خه‌یر مامۆسا كــــــــــاكه‌
غه‌م له‌ كۆڵه‌كه‌ی ئه‌م دینه‌ پــــــــــــاكه‌ 
بار گه‌ت پێته‌وه‌ جه‌ دنیای فــــــــــــــانی
ڕووت نیــــــــا وه‌ ڕووی ڕه‌حمی ڕه‌حـمانی


له‌ یادی‌ شاباڵه‌كه‌ی‌ صه‌حوه‌دا..

هیوا زه‌ڵمی

له‌ مه‌كته‌به‌ی ماڵی
هه‌ر موسڵمانێ بپرسی
بپرسی بۆ
بۆ به‌رهه‌می پڕ حیكمه‌تی
خامه‌كه‌ی تۆ
به‌ په‌نجه‌ی ده‌ستی شایه‌تی
هێما ده‌كات ده‌ڵێ فه‌رمو
ئه‌وه‌ ئاشتی له‌ ئیسلامدا
ئه‌وه‌ كوردی كراوه‌ی قورئان
له‌ چیای به‌رزی نیشتمان
بۆ بێگه‌ردی سپیه‌تی به‌فر بپرسی
زوو پێتده‌ڵێ
ماندوو ده‌بی نایبێ وجود
سپی و بێ گه‌رد
وه‌ك مێزه‌ره‌كه‌م وێنه‌كه‌ی
مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی كاكه‌ مه‌حمود
وه‌رن لاوه‌كانی ئیسلام
له‌ناو ئه‌لبومی سه‌ده‌ی نوێ و 
له‌ كاروانی شۆڕشی نوێ و
له‌ مه‌یدانی به‌ره‌نگاری و
له‌ هه‌گبه‌ی مێژوونوساندا
له‌ ساواتانی سه‌رداری
وورد بگه‌ڕێن
چاوێ له‌ چاوی باز ده‌چو
بۆ دوور بینی
زمان شیرین لێو به‌ بزه‌ و خه‌نده‌ نه‌رمێ
گه‌رده ت بینی
نه‌رم ڕه‌وو ماندوو نه‌ناس
پشودرێژ
ڕیشێكی پڕ له‌ ئامۆژگاری و
دائیم ته‌ڕ به‌ ئاو ده‌ست نوێژ
باڵایه‌كی به‌رز و جوان
عومه‌ر ئاسا
وه‌ك مامۆستا مه‌لا عوسمان 
به‌ بێ عاسا ......به‌ عیزه‌ت و خۆڕاگر بوو
له‌سه‌ر دڵی ناحه‌زانی
دینه‌كه‌ی خوا ... كڵۆیه‌ك پشكۆی ئاگر بوو
له‌ مه‌جلیسی یارانیدا
چرای ویقارو شه‌رم بوو ...له‌ مه‌یداندا
هه‌رگیز چۆكی دانه‌داوه‌
له‌ هه‌ڵمه‌تا دلێرانه‌
ئه‌توت سه‌عدی ئه‌بی وه‌قاس بێ دوو دڵی
ئه‌وه‌ شاباڵه‌كه‌ی سه‌حوه‌ ... مامۆستا 
مه‌لا ئه‌حمه‌دی كاكه‌ مه‌حموده‌ بیناسه‌.


چاوساغی نیشتمانه‌كه‌م

سه‌ربه‌ست گه‌رمیانی

ئه‌ی مامۆستا                                                   
بۆ ڕێنموونیمان وه‌ستا
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی
كه‌ په‌روه‌رده‌ی
لاو و كۆرپه‌ی
موسڵمان وا له‌سه‌ر ده‌ستا
ئه‌ی ئه‌و كه‌سه‌ی
به‌ته‌گه‌ره‌ی
زۆر داره‌كان ڕانه‌وه‌ستا
ئه‌ی مامۆستا
چاو ساغی نیشتیمانه‌كه‌م
كاتێ شاڵاوی بیری گه‌ن
ویستی به‌ ته‌رزی وشكی خۆی
ده‌وری چرۆكانمان بده‌ن
به‌ ئاگابووی
كاتێ بێباره‌كانی گه‌ل
كوچه‌و بازاڕ،
تا مزگه‌وتیش گه‌ڕان بۆ هه‌ل
په‌ناگا بووی
ئه‌ی مامۆستا
ئه‌ی تیشكی ڕۆژ
كێ بتوانێ به‌فوی ده‌می
دایمركێنێ كڵپه‌ی به‌ جۆش
چ هه‌ورێكی ته‌واو تاریك
ڕووناكی تۆ بكا خامۆش
چ ئاسمانێ، جگه‌ له‌ ئاسمانی قورئان
بتوانێ تۆ بگرێته‌ كۆش.



سه‌فه‌ری قه‌ڵه‌مێك

 مامۆستا ته‌ها تاهیر زه‌ڵمی

سوننه‌تی ژیان وه‌هایه‌ ئه‌وه‌ی هات ده‌بێت بروات و دنیا كاروان سه‌رایه‌و ته‌نها لادانێكی كه‌م و كاتیمان پێده‌بڕێت.. ته‌مه‌ن كورت و ژیان كه‌م و چه‌شنی سێبه‌ر زوو تێپه‌ڕه‌.. له‌گه‌ڵ به‌یاندا چاومان ده‌برینه‌ ئاسۆو، له‌گه‌ڵ زه‌رده‌په‌ری ئێواره‌دا ئاودیوی ناوخانه‌ولانه‌كانمان ده‌بینه‌وه‌.. به‌ره‌ به‌یانی مناڵ هات..! چێشتنگاوی هه‌رزه‌كاریمان بینیی و له‌ نیوه‌ڕۆی لاوی راماین..! له‌م چیرۆكه‌ هه‌ر نه‌گه‌یشتین..! عه‌سری ته‌مه‌ن هاته‌ پێش، مه‌غریبی پیری بوویه‌ میوان.. ئێواره‌ی ژین چادری یه‌كجاری هه‌ڵدا چ سحرێكه‌ ئه‌م داستانه‌..؟ كوێڕا به‌هاری مناڵی بوویه‌ هاوینی جه‌وانیی و ، بۆچ  واخێرا پاییزی پیری یه‌خه‌ی گرتین.. ئه‌م به‌فره‌ ناوه‌خته‌ی زستان چیبوو به‌ خێرایی له‌ سه‌رو ریشمان باری ..؟
دوێنێ له‌م بناری هه‌وارامانه‌ قه‌ڵه‌مێك له‌ دایكبوو! هه‌ر به‌مناڵی هاته‌ گۆ! له‌ جوانیدا كه‌وته‌ نوسین.. پیریی و هه‌ژاریی و بێ نازی  نه‌ده‌ناسی.. شه‌وو رۆژ لای ئه‌و یه‌كسان بوو هه‌رده‌م ئاماده‌ی ناو كۆڕی عیلم و ئه‌ده‌ب و عیرفان بوو.. سه‌حه‌ر خێزبوو .. له‌ گه‌ڵ سه‌بای ساڵحان و، له‌گه‌ڵ گزنگه‌ به‌یانا له‌ ژوان و وتووێژبوو..له‌ خزمه‌ت ته‌فسیركردنی قورئاندا، ماندوونه‌ناس تابڵێی نه‌فه‌س درێژبوو.. به‌ڵام ئه‌فسوس! ئه‌مڕۆ ماڵئاوایی له‌ قه‌لًه‌م و له‌ كتێب و له‌ ته‌فسیرو له‌ نوسین كرد، به‌ یه‌كجاریش خواحافیزی له‌ هه‌مووان كرد به‌ زمانی حاڵ پێی وتین:
ره‌فیقان من ئه‌وا رۆۆییم له‌ لاتان 
له‌ مه‌زڵومان به‌ڵا چۆن بێ ولاَتان
سه‌فه‌رمان چونكه‌ رێی هاتو نه‌هاته‌
دۆعامان بۆبكه‌ن، ئێوه‌و خوداتان
مامۆستاگیان: 
ئاسوده‌به‌ شوكر وه‌جاغت رۆشنه‌.. به‌ڵێن ده‌ده‌م هه‌روه‌كو خۆت خه‌مخۆری حوجره‌و مزگه‌وت بین، وه‌فاداری قه‌ڵه‌م و نوسینه‌كه‌ت بین، نازی مێزه‌رو كتێب و میحرابه‌كه‌ت به‌ دیده‌و دڵ بپارێزین..
مامۆساگیان كه‌س نه‌واچۆ ته‌شریفت به‌رد، ئیتر چراوێ كوشیاوه‌
ئا نه‌مامه‌ تو نیابێ! چرۆش كه‌رده‌ن ئینا ڕاوه‌
ته‌فسیره‌كه‌ت نوروچه‌مان! صه‌ده‌قێوه‌ن هه‌رده‌م جارین
په‌روه‌رده‌و خواپه‌ره‌ست، په‌یما مایه‌و به‌ختیارین
ئۆغرت خێر موباره‌ك بۆ كۆچ و سه‌فه‌ری نورینت
فیرده‌وسی ئه‌علا مه‌نزڵ و، پێغه‌مبه‌ران هه‌منشینت.



پیاوێك له‌ جوانیدا به‌جێی هێلاَین

ئه‌حسه‌ن حه‌سه‌ن

ئه‌م شاره‌م جێ هێڵاوه‌ له‌خۆم و
به‌ڕه‌نگی پیاوێكدا ده‌یناسمه‌وه‌
ئه‌م شاره‌ی كه‌ژوانی ناڵینم بوو
رێگای ئازاره‌كانی قیامه‌تم بوو
باغ و شه‌قامه‌كانی
به‌ده‌ستنوێژی
نه‌وره‌سه‌كانی حوجره‌ ئاو ئه‌دران..
شارێكم جێهێڵاوه‌ كه‌ ڕه‌نگه‌ به‌بۆنی مێزه‌ره‌..
شارێك كه‌ هه‌رجارێ‌ دێمه‌وه‌
ده‌چمه‌وه‌ بۆلای..
بۆلای ڕۆحی زیندووی
سنه‌وبه‌ره‌كانی گوڵان
دوای ئه‌وه‌ی سه‌رله‌
جێ پێی هه‌نگاوه‌كانی نوێژی باوكم و
ره‌نگی سه‌رپۆشه‌ سپیه‌كه‌ی دایكم ئه‌ده‌م..
ئه‌چم بۆلای گوڵاو پرژێنی
ده‌نگی ئایه‌ته‌كان
ده‌رگای ماڵی ئه‌وان ئێستا
ده‌رگایه‌كی ئاسنی
نیو مه‌تر به‌مه‌ترونیوێكه‌
ره‌نگی ده‌رگای رۆحی ئه‌وان
له‌ئیحساسی منا سه‌وزه‌
كه‌ ئه‌چم بیكه‌مه‌وه‌
كێلۆنی ده‌رگاكه‌
به‌پارچه‌یه‌ك په‌ڕۆی
قه‌یفه‌ی ڕه‌ش به‌ستراوه‌
له‌م كۆچه‌دا
به‌ده‌ستی موسافیرێكی گوڵ..
كه‌ له‌باخچه‌وه‌ هاتوه‌ته‌وه‌..
له‌نێوان ماڵ و گوڵان هه‌ر هامۆشۆیه‌تی و
ئه‌م په‌ڕۆ ڕه‌شه‌ی لێ‌ گوم ئه‌بێ‌ و..
ئه‌یبه‌ستێ‌ و ئه‌یكاته‌وه‌..
كه‌من دێم هه‌رخۆمم..
به‌ڵام په‌ڕۆ ڕه‌شه‌كه‌ی هیجرانم ئه‌بینم
به‌ده‌ستی مانگه‌وه‌ ئه‌گری و
من ئه‌یبه‌ستم له‌ڕۆحم و
ئاشتی ئه‌كه‌مه‌وه‌
تاخۆم گریان خامۆشم ئه‌كا..
تا خۆم له‌بێ‌ كه‌سیدا
ئاخێك بۆ چه‌مانی ئه‌وان هه‌ڵئه‌كێشم و
پرسه‌ی شین دائه‌بستم..
له‌نێوان ئه‌م دووشاره‌دا
من له‌ماڵێكی زۆر دوورم
ده‌نگم ناگاته‌ ئه‌وێ‌
رۆحم له‌ئینتیزاری لیقادا
هه‌ر له‌سه‌فادایه‌..
من تازه‌ له‌ئه‌ولای ژیانه‌وه‌م
تابلۆی پیاوێك ڕه‌نگ ئه‌كه‌م
كه‌ له‌سه‌ر به‌رماڵ 
حیكایه‌ت بۆ مانگ ئه‌كات و 
شه‌ونوێژ بۆخوا..
من شارێكم به‌پیاوێكه‌وه‌
جێهێڵاوه‌ كه‌ بۆنی خۆر ئه‌دا
ئه‌و له‌جوانیدا كۆچی كردوو
له‌غه‌مدا جێی هێڵاین..
پیاوێك له‌سه‌ر هه‌ور
قنوتی فێری باران ئه‌كردو
له‌خوا ئه‌پاڕایه‌وه‌
كه‌ جوان ببارێ‌ .. تا تاریكی هه‌ڵنه‌یه‌و
غه‌م ماڵه‌كانی عیباده‌ت دانه‌خا..
پیاوێك هه‌میشه‌ له‌وه‌رزی بارانی
ئه‌هاته‌وه‌ لای ژیان و
شاری ئه‌كرده‌وه‌ باخچه‌..
ئێستا ئه‌و!!
من و دنیای جێهێڵاوه‌.


كاتێك ناوو نیشان بووی بۆ ونبووان

كاتێك ناوو نیشان بووی بۆ ونبووان
 مه‌شخه‌ڵی شه‌وی تاریك بووی بۆ نیشتمان
 هۆ مامۆستا به‌گوڕه‌كه‌ی ده‌عوه‌و ئیرشاد                                                   
 هێشتا گه‌رمن وشه‌و ئامۆژگارییه‌كانت
 گه‌رم بوون تا كاروانێكی خواویستیان پێكهێنا
 گه‌رم بوون تا به‌ره‌نگاری ملهوڕان بووی
 تا كۆشكیان هه‌ره‌سی هێنا
 هۆ مامۆستا قه‌ڵه‌م به‌ده‌سته‌كه‌ی بنار
 چه‌ند نه‌مامی تازه‌ت بۆ چاندین وه‌ك چنار
 بالاَ زرابی نێو نه‌ته‌وه‌
 هۆداره‌ به‌رداره‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌
 له‌ وێَنه‌كه‌تدا دیاره‌ سه‌روسیمات
 ماندوویه‌كی زۆر به‌كاره‌
 دیاره‌ تۆزی رێگه‌ی جیهاد به‌ ریشته‌وه‌
 دیاره‌ سه‌برو نه‌رمی و حیكمه‌ت به‌ ئیشته‌وه‌
 هۆ مامۆستا ماندووه‌كه‌ی كاروانی ئیسلامه‌تی                                
 به‌یانییه‌ك دوا قسه‌ت له‌گه‌ڵ خوای خۆت كردو
 خه‌مت بۆ ئێمه‌ جێهێلاَ
 كتێبه‌كانت كرده‌ كێڵگه‌و
 ئیسلامه‌تیت تیادا كێلاَ
 كۆچت كردو دنیایه‌ك یادگاری له‌ ده‌رسه‌كانت دیارن
 یادگارییه‌كانی هه‌ورامان هه‌موو بۆ ئێمه‌ دۆست و یارن
 دڵنیابه‌ نیشتمانیش هه‌رگیز ئه‌مه‌ی له‌بیر ناچێ
 له‌سه‌ر دڵی خۆی ده‌ینووسێ كاتێك دارگوێز ده‌ستی ماندوو بوونت ده‌گرێ
 به‌ردێك ده‌بێته‌ سه‌نگه‌رت هه‌ورێك له‌ هه‌ورامانه‌وه‌ ده‌بێته‌ سایه‌و سێبه‌رت
 خۆنه‌ویستی وای لێكردی خاك بكه‌یته‌ سه‌رینت
 نیشتمانم هه‌رگیز هه‌رگیز ئه‌مه‌ی له‌بیر ناچێ
 تۆ ئه‌باته‌وه‌ بۆ گولاَن، رێزی خه‌ڵكیی و هه‌موو بۆ ئه‌كا ته‌عزێ.


ته‌فسیره‌كه‌ت كوردستانی له‌ خۆیدا شین كردووه‌

ئاری عبداللطیف

وه‌ره‌ ببینه‌ به‌ قوربان دیمه‌نی دوای كۆچی خۆت 
 ولاَت بێ سه‌رو سه‌ركرده‌ ژیان گریا كه‌ چووی تۆ
 به‌فرو هه‌تاو بووی وشه‌ بووی نیشتمانت تاو ئه‌دا
 ئێستا چه‌ن خاڵییه‌ ئێره‌ بێ ئه‌وین و ماچی تۆ
 ره‌نگ و روخسارت به‌ته‌نیا كه‌ڤاڵی سه‌حابه‌ بوو
 دڵه‌ سپییه‌كه‌ت ئه‌زیزم ره‌مزی ئه‌و حیجابه‌ بوو
 به‌لاَم هێشتا شه‌وقی رۆحته‌ نووساوه‌ پێمانه‌وه‌
 ئاخر كارو قسه‌ت سوَزی سه‌ركرده‌و هه‌م بابه‌ بوو
 ته‌فسیره‌كه‌ت كوردستانی له‌ خۆیدا شین كردووه‌
 ته‌مه‌نیشت بۆ هه‌میشه‌ شینی بۆ دین كردووه‌ 
دیاره‌ ئه‌و جیهاده‌ی دوێنێ خوێنی خۆتت بۆ سووتاند
 ئه‌مرۆ وا ئیسلام ئه‌ڕوێنێ و ته‌قوای شیرین كردووه‌.


له‌ پاڵ ماڵی‌ دڵتا نزیكتر له‌ خۆت.!

ئه‌حسه‌ن حه‌سه‌ن

بۆ هه‌ر كوێ چویت
من ببه‌ له‌گه‌ڵ خۆت
با ببمه‌ چه‌تری حه‌زه‌كانت و 
نه‌هێڵم ئه‌م بارانی پایزه‌ ته‌ڕت كا!
بم به‌ له‌گه‌ڵ خۆت
ئه‌م جه‌هه‌ننه‌مه‌ كوێ بو بۆی چویت؟
شه‌وێ تۆ ئه‌گریت و 
فرمێسك بێ خه‌به‌ره‌ له‌ گریان و 
ده‌رگای چاوی شه‌وێك ئه‌كاته‌وه‌
نازانێ ئه‌و و.....
من  خه‌یاڵم لای تۆ جێی هێڵاوم،
چی ئه‌كه‌ی ئه‌م هه‌موو شه‌وه‌
به‌ دیار وێنه‌ یه‌كی منه‌وه‌
ئه‌گریت و ئاشت نابیته‌وه‌؟
خۆ من له‌ پاڵ بۆنی هه‌ناسه‌كانتا
هه‌موو له‌حزه‌یه‌ ژووانم هه‌یه‌
ئه‌وه‌ تام ده‌رگای
ماڵی دڵت ئه‌كه‌مه‌وه‌ و
بۆ لای تۆ دێم...
ئه‌وه‌تام باوه‌شێ ڕه‌نگی ڕۆژگاره‌كانی
ئه‌وسای خۆمم بۆ هێناوی
سه‌یرم كه‌ به‌ژنم له‌ ئاسمانا
به‌ دیار پرسیارێكی دڵته‌وه‌
له‌ قه‌راغ ئه‌وینی تۆدا وه‌ستاوه‌
من  ئه‌وه‌تام له‌ پاڵ ماڵی دڵتا
نزیكتر له‌ خۆت
كه‌ خۆتت لێ‌ ون ده‌بێ
هه‌موو جارێ من ئه‌تبه‌مه‌وه‌ بۆ لای ژیان، 
گریان دادی ڕۆژه‌ له‌ده‌ست چۆكانی
من نادات... بۆت!!
خۆم ئه‌وه‌تام له‌به‌ر پێی حه‌زه‌كانتا
بم بیسته‌ چه‌ند نزیكم
بم بینه‌ له‌به‌ر هه‌تاوی باڵاتام
گوێ له‌ كام یاداشتی
به‌سه‌رچوی عومرم ده‌گری؟
خۆ من خۆمم لێ ون نه‌بووه‌
هه‌رچی ماڵی ئه‌ستێره‌ هه‌یه‌ گه‌ڕاوم
تا تۆزێ‌ تۆ په‌یدا كه‌م...
ئه‌و خه‌یاڵه‌ ته‌زیوانه‌ ببه‌وه‌ ئه‌و دیو ژیان
من خۆم ئه‌وه‌تام
بم بینه‌ هه‌ر خه‌تایه‌كم هه‌یه‌
ئه‌وه‌ جه‌هه‌نه‌می فیراق و
ئه‌وه‌ په‌روانه‌ و شه‌معی سوتان
بم سوتێنه‌ به‌ گڕی مه‌حه‌به‌تی خۆت
ئه‌وه‌ به‌جێهێشتنی من له‌ دنیا..
سه‌یر كه‌ كه‌سه‌كه‌م
دڵم وێنه‌كانی تۆی 
له‌ باغی ئه‌كاكیادا هه‌ڵواسیوه‌
تۆ ئیدی نه‌سیمی سوبحێكی و 
له‌ پاڵ ساباتی ئه‌م ژیانه‌دا
من ئارایشت ئه‌كه‌ی .. خه‌نده‌ ئه‌گری و
من له‌ بێشكه‌ی ئارامی دڵتا
ئاشت ئه‌كه‌یته‌وه‌
تۆ سوڵتانی عیشقی شه‌وه‌كانی عومرمی
ئاهه‌كانم هه‌ڵكێشه‌ بۆ لای خۆت
تا شیعرت بۆ بڵێم
سه‌رینێك له‌ شه‌به‌یخۆنم بۆ ڕاخه‌
چیته‌ له‌م قسه‌ بێ ئه‌رزشانه‌ی ژیان
كه‌ منی تیا ئه‌كوژرێم و
شعوری تۆی تیا بریندار ئه‌كرێ‌
خه‌ڵك هه‌ر وایه‌
جوانترین قسه‌ یان شه‌ڕ و 
ناسكترین ووشه‌یان جه‌ده‌له‌
نازانن دڵی دوو گه‌ڵا ئاشت كه‌نه‌وه‌
هه‌ر پایزن ئه‌وان
هه‌ر شه‌ڕیان پێ بووه‌!
لێگه‌ڕێ كه‌سه‌كه‌م
با ئیحساس باڵی خۆی بادا
شیعر بڵێ....  ئاوێنه‌ی ته‌مه‌ن هه‌موو جوانیه‌كانی
منت پیشان ئه‌دا
ژیان منت پێ ئه‌ناسێنێ .. ڕاوه‌سته‌ به‌ دیار
ئه‌شكی شه‌وه‌كانی شیعرمه‌وه‌
هه‌ر ئه‌و وێنه‌م
كه‌ عه‌سرێ‌ له‌سه‌ر كورسی یه‌كی سپی
منت ناسی. 



   ‌ 4120 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook