<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
ژیاننامه
باسی سیانزه‌هه‌م: شێوه‌و كاتی‌ وه‌فاتكردنی‌ مامۆستا



باسی سیانزه‌هه‌م

شێوه‌و كاتی‌ وه‌فاتكردنی‌ مامۆستا


 به‌ره‌به‌یانی‌ رۆژی پێنجشه‌م بوو، به‌رواری‌ ( 5 ی‌ محرمی‌ 1429 كۆچی به‌رامبه‌ر 25/1/2007 ) زایینی له‌ وه‌رزی‌ زستاندا بووین، كاتژمێر دوای‌ 6 شه‌شی سه‌ر له‌به‌ریانی‌ بوو، زه‌نگی‌ ته‌له‌فۆن لێیداو یه‌كێك له‌ خوشكه‌كانم پێی راگه‌یاندم و وتی‌: وا بزانم بابه‌ مردووه‌، له‌ وه‌لاَمدا وتم: وا مه‌ڵێ، یه‌عنی‌ چی؟ خۆ بابه‌ نه‌خۆش نه‌بووه‌، چۆن مردووه‌؟ دواتر دایكم هاته‌ سه‌رخه‌ت و وتی‌ عیرفان گیان باوكتان وه‌فاتی‌ كردو گه‌رایه‌وه‌ بۆلای‌ خوا !! ئیتر مه‌گه‌ر رب العالمین خۆی بزانێ‌ كه‌ له‌و كاته‌دا چ وه‌زعێكمان به‌سه‌ردا هاتوو و چ موسیبه‌تێكی‌ گه‌وره‌و گران بوو، خوای‌ گه‌وره‌و میهره‌بان ئاگاداره‌ هیچ كات ئابه‌و شێوه‌ توشی شۆك و بێتاقه‌تی‌ نه‌بووین و نابین، چونكه‌ هه‌مووجار ده‌یڵێم و دووپاتی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ گریان و شیوه‌نی‌ ئێمه‌ بۆ باوكمان دوو جۆر بووه‌: یه‌كێكیان وه‌ك سۆزی‌ كوڕو باوكایه‌تیی و ئه‌وی‌ دیكه‌شیان وه‌ك ئه‌وه‌ی‌ كه‌ نه‌وعییه‌تی‌ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود له‌ كوردستان و به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌كه‌دا دووباره‌ نابێته‌وه‌، چونكه‌ مه‌لای‌ مێزه‌ر به‌سه‌رو خاوه‌ن جبه‌، ئا به‌و جۆره‌ هزرو دیدو فیكره‌ جیهادییه‌و عه‌قیده‌ پاكییه‌وه‌ مه‌حاڵه‌ دووباره‌ ببێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ ئیسلام و موسڵمانان خه‌م و كه‌لێنێكی‌ گه‌وره‌و گرانتربوو!! المهم: مامۆستا پێش هه‌فته‌یه‌ك له‌ وه‌فاتی‌ هاواری‌ پشت و نێوشانی‌ ده‌كردو ده‌یفه‌رموو: شه‌وانه‌ نێو شانم زۆر دیشێ و ئازارم هه‌یه‌، له‌و هه‌فته‌یه‌دا قه‌ده‌ر وابوو كه‌ ئێمه‌ش له‌ سلێمانییه‌وه‌ گه‌رابووینه‌وه‌ هه‌ڵه‌بجه‌و له‌خزمه‌تیدا بووین، هه‌ر چه‌ند مامۆستا به‌رزبوونه‌وه‌ی‌ په‌ستانی‌ خوێنی‌ له‌گه‌ڵدابوو، به‌لاَم ئابه‌و شێوه‌یه‌ش نه‌بوو كه‌ ئیحراج و بێتاقه‌تی‌ كردبێت، وا دیار بوو كه‌ له‌و هه‌فته‌دا سووكه‌ جه‌ڵده‌ لێی دابێت و تووشی ئه‌و ئازاره‌ی‌ كردبێت، وه‌ زۆریش داوامان لێكرد كه‌ بابچین بۆ سلێمانی و سه‌ردانی‌ دكتۆر بكه‌ین، به‌لاَم به‌ گوێی نه‌كردین، ئیتر رۆژانه‌ سه‌ردان و ته‌عزییه‌ی‌ ناوشاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌مان ده‌كردو زۆریش خۆشحاڵ و سه‌رحاڵ بوو، تا تقریبا دوو رۆژ پێش وه‌فاتی‌ سه‌ر له‌به‌یانییه‌ك دوای‌ نوێژی به‌یانی‌ زۆر به‌خێرایی هاواری‌ كردو وتی‌ نێو شانم زۆر ئازاری‌ هه‌یه‌و فریام بكه‌ون، هه‌موو هاتین به‌ده‌میه‌وه‌و پشتمان بۆ شێلاو عاره‌قێكی‌ زۆر زۆری‌ ده‌ركردو ئیتر باشتر بوویه‌وه‌، له‌و كاتانه‌دا سه‌ری‌ ساڵی‌ كۆچیش بوو وتارێكی‌ باشی ئاماده‌ كردبوو بۆ رۆژی هه‌ینی‌ وه‌ك خۆی ده‌یفه‌رموو، به‌لاَم پێم وت بابه‌گیان نه‌وه‌ك ئه‌و ئێشه‌ لێت بداته‌وه‌و نه‌یه‌ڵێ وتاره‌كه‌ت ته‌واو بكه‌یت، قه‌یناكا وتاره‌كه‌ت هه‌ڵبگره‌ بۆ جومعه‌ی‌ داهاتوو، ئیتر قه‌ده‌ر وابوو ئه‌و جومعه‌یه‌ نه‌كات و زوو زووش ده‌یدایه‌وه‌ به‌ گوێمداو ده‌یفه‌رموو نه‌تهێشت وتاره‌كه‌ی‌ جومعه‌ بده‌م باسێكی‌ باشم ئاماده‌ كردبوو سه‌باره‌ت به‌ سه‌ری‌ ساڵی كۆچی..!! دواتر رۆژی سێشه‌م واته‌ دوو رۆژ پێش وه‌فاتی‌، ئیمه‌یلێكمان بۆ هاتبوو له‌ تارانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ هه‌ندێ‌ هه‌ڵه‌ی‌ ناو ته‌فسیره‌كه‌ی‌، ئیتر سه‌رقاڵی‌ رێكخستنی‌ ئه‌و هه‌لاَنه‌ بووین و هه‌مووی‌ راستكرده‌وه‌و فه‌رمووی‌ ئه‌مانه‌م به‌زوویی بۆ ئیمه‌یڵ بكه‌ره‌وه‌ بۆ تاران، سبحان الله وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ كه‌ ئیتر مامۆستا به‌ته‌واوی‌ ئیشی‌ ته‌فسیره‌كه‌ی‌ ته‌واو بووبێت و ئیتر شتێك نه‌مابێت كه‌ جه‌نابی بۆی زیاد بكات، ئه‌مه‌ش یه‌كێك له‌و رووداوه‌ سه‌ر سوڕهێنه‌رانه‌ی‌ كه‌ دوو رۆژ پێش وه‌فاتی‌ روویدا، هه‌ر له‌ هه‌فته‌ی‌ (مرچ الموت)ی‌ مامۆستادا بووین، شه‌وێكیان مامۆستای‌ باوكم ته‌له‌فۆنی‌ كرد بۆ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ كه‌ جه‌نابیان له‌شاری‌ سنه‌ بوون و ئه‌ویش نه‌خۆشبوو به‌نیازی‌ سه‌فه‌ری‌ سعودیه‌ بوو به‌مه‌به‌ستی‌ نه‌شته‌رگه‌ری‌، ئیتر باوكی‌ ره‌حمه‌تیمان قسه‌و گفتوگۆی زۆر له‌گه‌ڵ مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ كردو زۆر دڵخۆشی مامۆستای‌ دایه‌وه‌، چونكه‌ مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ به‌ باوكمی‌ فه‌رموو بوو: مه‌لا ئه‌حمه‌د ده‌چم بۆ سعودیه‌و بۆ مردن ده‌چم، گه‌ردنمان ئازاد بكه‌ن، ئیتر باوكی‌ ره‌حمه‌تیمان زۆر زۆر دڵگران و بێتاقه‌ت ده‌بێ به‌ قسه‌كه‌ی‌ مامۆستا مه‌لا عه‌لیی و له‌به‌رامبه‌ریشدا مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د زۆر باسی مێژوو و شه‌هامه‌ت و جوامێری خۆیی بۆ ده‌كات، دیاربوو مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دیش زۆر دڵگران بوو بوو به‌ وته‌كانی‌ مامۆستا مه‌لا عه‌لیی و دواتریش هه‌ر بۆ ئێمه‌ی‌ ده‌گێرایه‌وه‌و له‌ دڵی‌ ده‌ر نه‌ده‌چوو، ئه‌وه‌بوو قه‌ده‌ر وای‌ دانابوو كه‌ ده‌بێ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د پێش مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ وه‌فات بكات، خوای‌ گه‌وره‌ له‌ هه‌ردووكیان خۆش ببێت، هه‌ر له‌و هه‌فته‌ی‌ نه‌خۆشییه‌ی‌ مامۆستای‌ باوكماندا بووین سه‌ردانی‌ ماڵێكمان كرد له‌گه‌ره‌كی‌ گولاَن به‌ مه‌به‌ستی‌ سه‌ره‌خۆشیی و ته‌عزیه‌، سبحان الله مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د باسی نیعمه‌تی‌ مردنی‌ بۆ ئاماده‌ بووان ده‌كردو زۆر به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سه‌رنج راكێش ئه‌و باسه‌ی‌ بۆ ئاماده‌ بووان كرد، یه‌كێكی تر له‌و رووداوه‌ سه‌رنج راكێشانه‌ی‌ كه‌ له‌هه‌فته‌ی‌ وه‌فاتی‌ مامۆستادا روویدا ئه‌وه‌بوو كه‌ من له‌خزمه‌تیدا بووم به‌ره‌و گه‌ره‌كی‌ گولاَن له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیدو له‌ناو سه‌یاره‌كه‌دا كه‌وتینه‌ گفتوو گۆو باسی نه‌خۆشییه‌كه‌ی‌، كه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك مامۆستای‌ قه‌له‌ق كردبوو، رووم تێكردو وتم بابه‌گیان هیچ نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ گوێی مه‌ده‌رێ‌ له‌وه‌ ده‌چێ تۆزێ‌ ترسا بیت؟!! له‌ وه‌لاَمدا مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د فه‌رمووی: جا رۆڵه‌گیان له‌ چی بترسم الحمدلله خۆم به‌ پاك ده‌زانم و هیچ ترسێكم نیه‌ چونكه‌ نه‌ عه‌ماله‌تم بۆ پارتیی و یه‌كێتی‌ كردووه‌ نه‌ بۆ ئێران و نه‌بۆ هیچ لایه‌ن و كه‌سێكی‌ تر، ئیتر له‌به‌رچی ده‌بێ بترسم؟!! وه‌ زۆریش ئه‌م دۆعاو وته‌یه‌ی‌ دووباره‌ ده‌كرده‌وه‌و ده‌یفه‌رموو: خوای‌ گه‌وره‌ عاقیبه‌ت خێرمان بكات ئێمه‌ش وه‌ك هه‌ندێ مه‌لاو كه‌سایه‌تیی تووشی تاقیكردنه‌وه‌ نه‌بین و دوایی ده‌رنه‌چین.؟! وه‌ چه‌ند رۆژێ پێش وه‌فاتی‌ سه‌ردانی‌ گڵكۆی مامۆستا مه‌لا عوسمانی مامۆستاو خه‌مخۆری‌ كردبوو و له‌وێ‌ دۆعای‌ خێری‌ بۆ كردبوو، وه‌ چاوی‌ پڕ له‌ فرمێسك بو بوو، كات هات و كاته‌كان رۆشتن و رۆژ رۆژی پێنجشه‌م ده‌بێ و مامۆستای‌ ره‌حمه‌تی‌ كه‌ هه‌ڵده‌ستێ بۆ نوێژی به‌یانی‌ والله أعلم ئه‌و ئێشه‌ لێی ده‌داته‌وه‌و ئیتر دوای‌ نوێژ نه‌خه‌وتبوویه‌وه‌و هه‌ندێك خۆی مه‌شغوڵكردبوو به‌ نووسین و جارێ به‌ كۆمپیوته‌ره‌كه‌یه‌وه‌و هه‌ر ئاوا تا كات ده‌گاته‌ نزیكه‌ی‌ 6 شه‌شی‌ سه‌ر له‌به‌یانی‌، ئیتر ئێشه‌كه‌ ده‌داته‌وه‌ له‌ نێوشانیی و بانگ ده‌كات له‌ خێزانیی و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ فریا ده‌كه‌وێ و زۆرێك ئه‌م دۆعایه‌ به‌چه‌ند چركه‌یه‌ك پێش وه‌فاتی‌ دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌و ده‌فه‌رموێ: یا شافی‌ یا شافی‌ یاشافی‌ و له‌سه‌ر به‌رماڵه‌كه‌یی و له‌به‌رده‌م ماڵ و مناڵه‌كه‌یدا گیانی‌ به‌ په‌روه‌ردگاری‌ خۆی ده‌به‌خشێته‌وه‌و گه‌وره‌ترین و ناخۆشترین هه‌واڵی‌ وه‌فاتیمان ده‌داتێ و تا ئه‌به‌د له‌بیر ناچێته‌وه‌.. پاشان له‌ هه‌مان رۆژو له‌ مه‌راسیمێكی‌ جه‌ماوه‌ری به‌رچاودا له‌ گۆرستانی‌ گولاَن له‌ ته‌نیشت مامۆستایانی‌ رابوونی‌ ئیسلامیی و رابه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ جه‌نابی شێخ عوسمان به‌ خاك ده‌سپێردرێ.. خوایه‌گیان مامۆستای‌ باوكمان له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ران و راستگۆیان و شه‌هیدان و پیاوچاكاندا حه‌شربكه‌و هاوه‌ڵی‌ ئه‌وان بێت.. ئامین.


   ‌ 7099 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook