<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
ژیاننامه
باسی دوانزه‌هه‌م: خه‌مخۆری‌ مامۆستا بۆ یه‌كریزیی و یه‌كهێزی‌ موسوڵمانان

باسی دوانزه‌هه‌م

خه‌مخۆری‌ مامۆستا بۆ یه‌كریزیی و یه‌كهێزی‌ موسوڵمانان

 گه‌وره‌ترین خه‌می‌ مامۆستا ئه‌حمه‌دی‌ كاكه‌ مه‌حموود یه‌كریزیی و ته‌بایی نێوان موسوڵمانان بوو، بۆیه‌ هه‌میشه‌و هه‌رده‌م له‌ وتاره‌كانیی و له‌ كۆڕو كۆبوونه‌وه‌ تایبه‌ت و گشتیه‌كانداو له‌ نووسینه‌كانی له‌ گۆڤارو رۆژنامه‌كاندا تیشكی‌ ده‌خسته‌ سه‌ر ئه‌و ته‌وه‌ره‌یه‌و هه‌رده‌م وه‌ك رابه‌ری‌ مه‌زن شێخ عوسمان عبدالعزیز ده‌یگوت: ده‌خیل كوڕگه‌ل وه‌حده‌تی‌ صه‌ف بپارێزن.! من خۆم باش له‌ بیرمه‌ بۆ زۆربه‌ی‌ كێشه‌و گرفته‌ نێوخۆییه‌كانی‌ ناو بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌، جه‌نابیان یه‌كه‌م كه‌سی گفتوگۆكار بوون بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كان و هه‌میشه‌ له‌ نێوه‌ندكاری نێوان باڵه‌كانی‌ ناو بزووتنه‌وه‌دا بوو، وه‌ ده‌وری‌ ئیصلاحگه‌ری‌ ده‌نه‌خشاندو لایه‌ن و باڵه‌كانی‌ له‌ یه‌كتر نزیك ده‌كرده‌وه‌، پاشان له‌ لیژنه‌ی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ نێوان لایه‌ن ئیسلامییه‌كانیش جه‌نابیان سه‌رۆكی‌ وه‌فدی‌ بزووتنه‌وه‌ ده‌بوون و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵ و هیممه‌تی‌ زۆری‌ نیشانداو جێ ده‌ست و هیممه‌ته‌ به‌رزه‌كانی و وته‌كانی‌ بۆ ئه‌و بواره‌ به‌ ڕوونی‌ دیار بوو..

پاشان له‌ نزیكبوونه‌وه‌و یه‌كگرتنی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ راپه‌رین و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا له‌وێش جه‌نابیان پشكی‌ گه‌وره‌یان به‌ركه‌وت و خودا شاهیدی‌ حاڵه‌ من خۆم ئاگادارم له‌و سه‌رو به‌ندی‌ یه‌كگرتنه‌وه‌دا له‌ خۆشترین و ئاسووده‌ترین ساته‌كانی‌ ته‌مه‌نیی و ژیانیدا بوو، وه‌ ئه‌وه‌نده‌ به‌ په‌له‌ بوو بۆ ئه‌و یه‌كگرتن و یه‌كڕیزییه‌، سه‌ركردایه‌تی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیحراج كردبوو..! به‌لاَم سوپاس بۆ خودا به‌رهه‌مه‌كه‌ی‌ به‌ ئامانج گه‌شت و به‌ چاوی‌ خۆی یه‌كریزیی و ته‌بایی دوو كۆمه‌ڵه‌ی‌ ئیسلامیی بینی و ماوه‌ی‌ ساڵێك زیاتر له‌ ژێر یه‌ك چه‌تردا كاریان پێكه‌وه‌ ئه‌نجامداو تا ئه‌ندازه‌یه‌كیش كاری‌ ئه‌و ساڵه‌ به‌ به‌ره‌كه‌ت بوو.. 

پێش كاره‌ساتی‌ ته‌قینه‌وه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ و پارچه‌ پارچه‌ بوونی، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش هه‌وڵ و ته‌قه‌لای‌ زۆریدا و چه‌ندینجار كۆبوونه‌وه‌و سه‌ردان و بینینی له‌گه‌ڵ كه‌سایه‌تیه‌كانی‌ نێو باڵه‌ گرفتداره‌كاندا ئه‌نجامداو چه‌ندین به‌ڵێنی‌ له‌ هه‌ردوولا وه‌رگرت و ده‌یفه‌رموو: وره‌قه‌ی‌ سپی به‌ هه‌ردوولا ئیمزا ده‌كه‌م به‌و مه‌رجه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ له‌ت له‌ت و پرژو بلاَوه‌ی‌ پێ نه‌كرێ، هه‌ر ئه‌و شه‌وه‌ی‌ كه‌ به‌یانیه‌كه‌ی‌ ئیعلانی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامیی تێدا كرا، عه‌سره‌كه‌ی‌ وه‌فدێكی‌ گه‌وره‌ی‌ ئێستای‌ كۆمه‌ڵ له‌ ماڵی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌بن و مامۆستا ئه‌حمه‌د به‌ڵێنی‌ لێ وه‌رگرتبوون كه‌ هه‌ر چییه‌ك ئه‌وان ده‌یڵێن و ده‌یانه‌وێ بۆیان ئیمزا بكات، به‌و مه‌رجه‌ی‌ هیچ شتێكی‌ نه‌خوازراو ڕوو نه‌دات، به‌لاَم به‌داخه‌وه‌ له‌ هه‌مان رۆژوو شه‌وه‌كه‌ی‌ لافیته‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ كۆمه‌ڵ له‌ شارو شارۆچكه‌كاندا بلاَوكرایه‌وه‌، وه‌ گه‌وره‌ترین خه‌م و خه‌فه‌تی‌ بۆ مامۆستا ئه‌حمه‌د درووستكردو تا ئه‌و رۆژه‌ی‌ وه‌فاتی‌ فه‌رموو، هه‌ر به‌ ئاه و نزوله‌ی‌ جیابوونه‌وه‌و له‌تبوونی‌ بزووتنه‌وه‌وه‌ ده‌ینالاَند..! وه‌ هه‌مووجار مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌یفه‌رموو: حه‌زمده‌كرد كوڕه‌كانم بمردایه‌ن به‌س بزووتنه‌وه‌ وای‌ لێ نه‌هاتایه‌.!!. ئه‌ڵبه‌ته‌ گێرانه‌وه‌ی‌ ئه‌م رووداوانه‌ بۆ درووستكردنی‌ فیتنه‌و رك و كینه‌ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌مه‌ مێژووه‌و ده‌نووسرێته‌وه‌و نووسراویشه‌ته‌وه‌، وه‌ ئه‌مه‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌رچی‌ خه‌تاو رووداوه‌ نه‌خوازراوه‌كان هه‌یه‌ بدرێته‌ پاڵ قیاده‌ی‌ كۆمه‌ڵ و قیاده‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ش لێی بێ به‌ش بن.، نه‌خێر هه‌رگیز.!! زۆركه‌س هه‌یه‌ له‌و له‌تبوونه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌دا له‌ قیاده‌ی‌ بزووتنه‌وه‌و كۆمه‌ڵ پشكی‌ شێری‌ هه‌یه‌و خوای‌ گه‌وره‌ خۆی حه‌ق و مافی‌ ئه‌و خه‌ڵكانه‌ وه‌ربگرێته‌وه‌ كه‌ به‌هۆی ئه‌و له‌تبوونه‌وه‌ ساڵه‌های‌ ساڵ باجیان داو له‌كونجی‌ زیندان و ماڵه‌كانیاندا به‌ ئاه و نزووله‌ی‌ بی عیززه‌تی‌ و بێ وه‌فایی نێو ماڵی‌ ئیسلامیه‌كان سه‌ریان نایه‌وه‌.!

 جه‌نابی مامۆستا له‌ كۆتایی ته‌مه‌نیداو له‌ دوای‌ ماڵجییایی كۆمه‌ڵی‌ ئیسلامییش هه‌ر نه‌وه‌ستاو له‌ هه‌وڵ و ته‌قه‌لای‌ هێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌و براو گه‌نجانه‌دا بوو كه‌ به‌و هۆیه‌وه‌ چووبونه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و بێـتاقه‌ت و بێزار بوو بوون، ته‌قه‌ی‌ زۆریدا له‌ ده‌رگای‌ ماڵی‌ برایانیی و كۆبونه‌وه‌و سه‌ردانیكردنی‌ مالاَنی‌ ده‌ست پێكردبوویه‌وه‌، به‌لاَم ئه‌فسوس ئه‌ویش بێ به‌رهه‌م بوو.! جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د ده‌یفه‌رموو: ئه‌و چه‌تره‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ بپارێزن و كونی‌ تێ مه‌كه‌ن و له‌ت له‌تی‌ مه‌كه‌ن، سوێند به‌خوا ئاماده‌م به‌بێ هیچ پۆستێ له‌ ژێر ئه‌و چه‌تره‌دا دا بنیشم به‌و مه‌رجه‌ی‌ كه‌رامه‌ت و دینمان پارێزراو بێ..! وه‌ چه‌ند جارێكیش له‌لایه‌ن ئه‌میری كۆمه‌ڵ و وه‌فده‌كانی‌ كۆمه‌ڵه‌وه‌ پێشنیاری‌ رابه‌رایه‌تی‌ و ئه‌میرایه‌تی‌ ده‌درایه‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د، به‌لاَم مامۆستا ده‌یفه‌رموو: ئه‌و به‌یعه‌ت و به‌ڵێنه‌ی‌ كه‌ به‌ مامۆستا مه‌لا عوسمان داومه‌ نایشكێنم و تا مردن له‌سه‌ری‌ ده‌مێنمه‌وه‌، هه‌رچه‌ند له‌ كاری‌ سیاسیی و رێكخراوه‌یی بزووتنه‌وه‌ش بێتاقه‌ت و بێزار بوو، وه‌ خۆی سه‌رقاڵی‌ نووسین و خوێندنه‌وه‌ كردبوو تا رۆژی وه‌فاتی‌.. دواتریش بینیمان هه‌موو لایه‌ك باجی‌ ئه‌و ماڵجیاییه‌مان داو زیندانی‌ تاڵ و تاریكی‌ داگیركه‌رانمان بینیی و به‌ ده‌یان و سه‌دان گه‌نجی‌ په‌روه‌رده‌ كراوی‌ راساڵ و دامه‌زراو كه‌وتنه‌ به‌ر هێرشی دروندانه‌ی‌ ئه‌مریكا له‌ هه‌ورامان و ئه‌وه‌ی‌ سوكایه‌تی‌ بوو به‌ ئه‌هلی‌ ئیسلام كرا..! دواجاریش جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د "به‌ره‌حمه‌ت بێ" به‌و خه‌مه‌ گه‌وره‌یه‌وه‌ كه‌ خه‌می‌ یه‌كریزیی و یه‌كهێزی‌ موسوڵمانان بوو بۆ دواجار سه‌ری‌ نایه‌وه‌و به‌ دڵشكاوی‌ به‌جێی هێشتین.. خوای‌ گه‌وره‌ له‌م دونیاو له‌و دونیاش له‌سه‌ر یه‌ك سفره‌ كۆمان بكاته‌وه‌..



   ‌ 8045 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook