<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
ژیاننامه
باسی نۆیه‌م: هه‌ڵوێستی‌ مامۆستا له‌سه‌ر كوردو كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد به‌ گشتیی‌

باسی نۆیه‌م

هه‌ڵوێستی‌ مامۆستا له‌سه‌ر كوردو كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد به‌ گشتیی‌

 جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د له‌ ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كیدا سه‌باره‌ت به‌ كێشه‌ی‌ گه‌لی‌ كورد به‌م شێوه‌ نووسیویه‌تی‌:

 له‌ سۆنگه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت به‌رنامه‌و ده‌ستورو شه‌رعی خوا كاربكاو بروانێته‌ هه‌موو پێشهات و مه‌سه‌له‌كان، قه‌زیه‌ی كوردیش به‌كێشه‌یه‌كی ئیسلامیی سه‌یر ده‌كه‌ین و پێمان وایه‌ كورد: یه‌كێ له‌و سه‌دان و هه‌زاران نه‌ته‌وه‌و گه‌لانه‌ی دونیایه‌ كه‌خوا به‌رامبه‌ریان ده‌فه‌رموێ: ( وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا إن أكرمكم عندالله أتقاكم )، كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ وه‌ك گشت نه‌ته‌وه‌كانی گێتیی و ده‌بێ هه‌موو مافێكیان دیاری بكرێت، ده‌بێ زمان و كاڵاو باڵایان په‌سه‌ند بێت، نیشتمان و فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوریان ددانی پێدا بنرێت.

* ئێمه‌ به‌لامانه‌وه‌ ڕه‌وا نییه‌ هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك بچه‌وسێنرێته‌وه‌و مافی ڕه‌وای خۆی لێ زه‌وت بكرێت چونكه‌ – ئه‌گه‌ر موسوڵمانیش نه‌بن - وه‌كو مرۆڤ رێزیان هه‌یه‌و ده‌بێ قه‌دریان بگیردرێت و به‌كه‌م ته‌ماشا نه‌كرێن، بۆیه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین: یان ئه‌وه‌تا نابێت هیچ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌ك له‌ دونیای ئیسلامه‌تیدا – نیوه‌ دوورگه‌ی عه‌ره‌بیی و دراوسێكان – ناویان له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جوگرافیای سیاسیی هه‌بێ و هه‌ر وڵاته‌ی بۆخۆی ده‌وڵه‌تێك بێت، یان ده‌بێ كوردیش بۆخۆی ده‌وڵه‌تێك بێت، وه‌ یان ده‌بێ ناوی هه‌موو له‌سه‌ر نه‌خشه‌ بسرێته‌وه‌و هه‌موویان وشه‌ی (ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی) كۆیان بكاته‌وه‌، به‌ڵێ له‌بنه‌ره‌تدا مرۆڤه‌كان ده‌بێ گشت برا بن و پێكه‌وه‌ برایانه‌ ده‌وڵه‌ت به‌رن به‌رێوه‌و جیاوازی نه‌بێ له‌نێوان هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌كدا، ئیسلامیش وا سه‌یری ئه‌م دونیایه‌ ده‌كات، به‌ڵام ئیستا كه‌ له‌ت و په‌ت بووه‌و پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌و هه‌ر پارچه‌ش سیاسه‌تی وڵاتێك ده‌یبا به‌رێوه‌، یان ئه‌وه‌ته‌ ده‌بێ گشت ببنه‌وه‌ یه‌ك، یان ده‌بێ هه‌موو نه‌ته‌وه‌یه‌ك ناونیشانی خۆی له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی جیهانی هه‌بێ و له‌لایه‌ن زلهێزه‌كانی دونیاوه‌ ددان به‌ وجودیدا بنرێت. 

* خۆ ئه‌گه‌ر نه‌كرێت – له‌به‌ر سیاسه‌تی دونیای ئه‌مرۆ – سه‌ربه‌خۆیی وه‌رگرێت و ده‌وڵه‌تێكی كوردی پێك بهێنرێت، ده‌كرێ به‌شێوه‌ی ویلایات و فیدراڵیه‌ت مافی ڕه‌وای خۆی بدرێتێ و به‌یاساو قانونی فیدراڵییه‌تی گشتیی جیهان بجوڵێته‌وه‌، سنوورو زمان و به‌رهه‌م و ده‌رامه‌تی پارێزراوبێت و خه‌رج بكرێت بۆ پێویستی دانیشتوانی كوردستان و پاشانیش له‌رووی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌پرۆژه‌كان زیاده‌ی هه‌بوو وه‌لێی ده‌مایه‌وه‌، ئه‌وسا بدرێته‌وه‌ به‌حكومه‌تی مه‌ركه‌زی، ئه‌میش به‌شێوه‌یه‌كی دادگه‌رانه‌ به‌سه‌ر هاوڵاتیاندا دابه‌ش بكات و كه‌سی لێ بێ به‌ش نه‌كات، واته‌: له‌و ده‌رامه‌ته‌ به‌شی هه‌موو شاروو گونده‌كان بدرێت به‌دامه‌زراندنی هاوڵاتیان، به‌چاككردنی جاده‌و رێگاو بان و به‌كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌و قوتابخانه‌و مزگه‌وت و هتد بۆیان.. له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شدا نابێ پێوه‌ری هاوڵاتی بوون ئینتیمای حیزبیی بێت، به‌ڵكو ته‌نیاو ته‌نیا له‌داییكبووی ئه‌وێ بێ، وه‌یان به‌شێوه‌ی ره‌سمیی له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌وه‌ رێی پێدرابێت له‌و نیشتمانه‌دا بژی .

* ئێمه‌ له‌ڕووی به‌رنامه‌ی دینی ئیسلامه‌وه‌ ده‌روانینه‌ مافی هه‌موو مرۆڤێك له‌م سه‌رگۆی زه‌وییه‌دا به‌وشكانیی و ده‌ریاییه‌وه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر بنه‌ماكانی:(كان الناس أمه‌ واحده‌..) ته‌عامولی له‌گه‌ڵ بكرێت، واته‌: ئه‌گه‌ر خیلافه‌تی ئیسلامیی هه‌بوو خه‌می مرۆڤه‌كانی گشت دونیا بخوات، به‌تایبه‌تی ئه‌وانه‌یان له‌ژێر ركێفی ئه‌ودان، ئیتر زمان و فه‌رهه‌نگ و نه‌ته‌وه‌یان هه‌رچی ببێت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ له‌سنوری ئه‌ودان له‌هه‌موو پێداویستییه‌كانی سیاسیی و كۆمه‌ڵاتیی و ئابوریی ژیانییان به‌ر پرسه‌ له‌دونیاو له‌قیامه‌تدا، هه‌ر له‌و روویه‌وه‌ بوو عومه‌ری كوری خه‌تتاب – كه‌ له‌مه‌ركه‌زی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی ئه‌وكاته‌وه‌ له‌مه‌دینه‌ ده‌یگوت: كارژه‌له‌یه‌ك پێی هه‌ڵكه‌وێت له‌به‌ردێك له‌دیجله‌و فوراتدا عومه‌ر به‌رپرسه‌، چونكه‌ ئه‌و چووه‌ته‌ ژێر پاراستنی باری سیاسیی و كۆمه‌ڵایه‌تیی و خۆشگوزه‌رانیی پێكهاته‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌، ئیسلام تێی گه‌یاندبوو له‌بن یاسای (كلكم راع وكلكم مسئول عن رعیته..) هه‌ركه‌سێك له‌ناو ته‌واوی خه‌ڵكانی ده‌وڵه‌ته‌كه‌یدا برسی بێت، ئه‌و به‌ر پرسه‌، هه‌ربۆیه‌ له‌ساڵه‌ نه‌هاته‌كاندا خه‌لیفه‌ی موسوڵمانان گۆشتی چه‌وری له‌سه‌ر خۆی حه‌رام كردبوو ، هه‌ربۆیه‌ له‌كاتی وشكه‌ساڵیی و گرانیدا یاسای ده‌ستبرینی دزی راگرت .

* ئێمه‌ پێمان وایه‌ ده‌رامه‌ت و به‌رووبومیی وڵات به‌پله‌ی یه‌كه‌م حه‌قی ئه‌وانه‌یه‌ ده‌رامه‌ته‌كه‌ی تێدا په‌یدا ده‌بێت، واته‌: هه‌تا هاوڵاتیانی ئه‌و جێگایه‌ پێویستیان پێی هه‌بێت، ناره‌وایه‌ بنێردرێ بۆجێگایه‌كی تر، (عومه‌ری عبدالعزیزیش) ره‌حمه‌تی خوای لێ بێت له‌و سه‌رده‌مه‌دا كه‌ زه‌كاتیان كۆ ده‌كرده‌وه‌ له‌و ئه‌فریقایه‌دا كه‌به‌ده‌ست گرانیه‌وه‌ به‌گیرهاتووه‌، عومه‌ریان ئاگادار كرد كه‌ : ئه‌فریقیا هه‌ژارو بێ نه‌وایه‌كی ئه‌وتۆی تێدا نه‌ماوه‌ كه‌زه‌كاتی پێ بشێت، ئایا چی لێ بكرێت؟! ئه‌ویش له‌رووی فیقهی ئیسلامیه‌وه‌ فه‌رمووی: بگه‌رێن بزانن كێ قه‌رزاره‌، كێ لاوه‌و ناتوانێ ژن بهێنێت، كێ به‌كۆیله‌ ماوه‌ته‌وه‌و ناتوانێت خۆی ئازاد بكات، بیده‌ن به‌وانه‌..! له‌م سۆنگه‌یه‌وه‌ ده‌رامه‌ت و به‌رووبومی كوردستانیش به‌نه‌وته‌كه‌ی كه‌ركوكیشه‌وه‌ ده‌بێ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و سنووری ئه‌و خه‌رج بكرێت، ته‌نانه‌ت هه‌تا كوردستان پێویستی به‌پرۆژه‌یه‌ك هه‌بێت، ره‌وا نییه‌ بدرێت به‌حكومه‌تی مه‌ركه‌زیش، چ جای ده‌وڵه‌تانی نه‌یارو زلهێزو داگیركه‌ران.


   ‌ 4256 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook