<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
ژیاننامه
باسی چواره‌م: هاوسه‌رگیریی و پێكه‌وه‌نانی‌ خێزانی‌ مامۆستا

باسی چواره‌م

هاوسه‌رگیریی و پێكه‌وه‌نانی‌ خێزانی‌ مامۆستا

 كاتێك كه‌ ته‌مه‌نی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود ده‌گاته‌ (22) ساڵ، بڕیاری‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ مامۆستا هاوسه‌رگیری بكات و خێزان پیكه‌وه‌ بنێ و، پاشان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش جه‌نابی مامۆستا له‌گه‌ڵ (مه‌حبوبه‌) خانی‌ كچی "حاجی‌ سدیق فه‌ره‌ج" له‌ ساڵی‌ (1972) زایینی‌ هاوسه‌رگیری ده‌كات، شایانی‌ باسیشه‌ "حاج سدیق فه‌ره‌ج" دانیشتووی‌ شارۆچكه‌ی‌ خورماڵ ده‌بێ و پیاوێكی‌ دیندارو خۆشه‌ویستی‌ ناو خه‌ڵك بووه‌و هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ زانایان و پیاوچاكاندا دۆست و هاوڕێ بووه‌. خوا له‌ هه‌موویان خۆش ببێ.

 به‌ڵێ (مه‌حبووبه‌) خانیش له‌ ژیان و تێكۆشانی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود دا جێ ده‌ستی‌ گه‌وره‌و دیاری‌ هه‌بووه‌و به‌هۆی سه‌رقاڵی مامۆستا به‌ ده‌عوه‌و هیجره‌ت و جیهاده‌وه‌ ده‌توانین بڵێین زۆرترینی‌ قورسایی ژیان و به‌خێوكردنی‌ منداڵه‌كانی‌ له‌سه‌ر شان بووه‌.. وه‌ ئێمه‌ وه‌ك مندالاَنی‌ مامۆستا شایه‌تی‌ ئه‌وه‌ ده‌ده‌ین كه‌ دایكمان گه‌وره‌ترین پاڵپشتی‌ ژیان و جموجوڵه‌كانی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د بووه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ ژیانی‌ ئاواره‌یی ئێران.، زۆرجار جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د به‌ (2) مانگ نه‌ ده‌گه‌رایه‌وه‌ ماڵه‌وه‌و دوور بوو له‌ خێزان و ماڵ و منداڵی‌ خۆی، ئیتر ده‌بێ (9) منداڵ چۆن گه‌وره‌ كرابن و په‌روه‌رده‌ كرابن، بۆیه‌ حه‌قی‌ خۆیه‌تی‌ ماندووبوون و ئه‌زیه‌ت و ناسۆرییه‌كانی‌ (مه‌حبووبه‌خان)یش له‌به‌ر چاو بگیردرێ و له‌ پشت مامۆستا ئه‌حمه‌ده‌وه‌ گه‌وره‌ترین ئافره‌ت هه‌بووه‌ كه‌ (مه‌حبووبه‌خان) بووه‌.. خوا له‌ مامۆستا خۆش ببێ و پاداشتی‌ مه‌حبووبه‌خانیش بداته‌وه‌.

جێی باسه‌ (نه‌نه‌ ماجه‌مین) كه‌ ده‌كاته‌ دایكی‌ مه‌حبووبه‌ خان، له‌ ژیان و خزمه‌تكردنی‌ ده‌عوه‌و هیجره‌تی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د دا جێ ده‌ستی‌ هه‌بووه‌و له‌ ڕاستیدا گوند به‌ گوندو شار به‌ شار به‌ دوای‌ ماڵی مامۆستادا گه‌ڕاوه‌و هه‌میشه‌ له‌ خزمه‌تكردنی‌ میوان و منداڵه‌كانی‌ مامۆستادا بووه‌.. هه‌ر بۆیه‌ جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌دیش رێزێكی‌ فراوانی‌ له‌ (نه‌نه‌ماجه‌) ده‌گرت و زۆرجار له‌به‌ر نه‌نه‌ماجه‌ هه‌ڵده‌ستایه‌ سه‌رپێ.



   ‌ 15141 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook