<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
ژیاننامه
باسی سێیه‌م: چوونه‌ حوجره‌ و بڕینی‌ قۆناغه‌كانی‌ مه‌لایه‌تی‌

باسی سێیه‌م

چوونه‌ حوجره‌ و بڕینی‌ قۆناغه‌كانی‌ مه‌لایه‌تی‌

 وه‌ك پێشتر باسمان كرد جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود له‌ كه‌ش و هه‌وایه‌كی‌ زۆر گونجاوو ئارام و پڕ خۆشه‌ویستی‌ بۆ خواویستی‌ و دینداریی ژیاوه‌، باوك و دایكیشی پاڵپشتی‌ سه‌ره‌كی‌ بوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ بنێردرێته‌ به‌ر خوێندنی‌ ئیسلامیی و یه‌كه‌م حوجره‌ی‌ گوندی‌ یالاَنپێ كه‌ جه‌نابی مامۆستا "سه‌ید حوسه‌ین" له‌وێ پێشنوێژو وانه‌بێژی قورئان و ئادابی ئیسلامیی بووه‌.. بۆیه‌ جه‌نابی مامۆستا له‌ ته‌مه‌نی‌ (6 بۆ 7) ساڵی‌ ده‌نێردرێته‌ به‌ر حوجره‌ی‌ مزگه‌وتی‌ گوندو له‌وێ له‌ خزمه‌ت یه‌كه‌م مامۆستای‌ (م. سه‌یید حسێن) ده‌ست ده‌كات به‌ خوێندنی‌ قورئان و ئه‌لف و بێی عه‌ره‌بی و ئادابه‌ ئیسلامییه‌كان و ته‌جویدی‌ قورئان.. پاش ماوه‌یه‌ك هه‌ر له‌ خزمه‌ت مامۆستا سه‌یید حوسه‌ین كتێبه‌كانی‌: (ئه‌حمه‌دیی و گوڵستانی‌ سه‌عدیی و عه‌وامیلی جورجانی و بوركه‌وی‌) ده‌خوێنێ و زۆر سوود وه‌رده‌گرێ له‌ خزمه‌ت مامۆستا سه‌ید حسێن و هه‌میشه‌ باسی چاكه‌و لوتفی‌ مامۆستا سه‌ید حسێنی‌ ده‌كرد.. شایانی‌ باسه‌ تا نووسینی‌ ئه‌م ژیاننامه‌یش مامۆستا سه‌ید حوسه‌ین له‌ ژیاندا ماوه‌و دانیشتووی‌ شاری‌ مه‌ریوانی‌ كوردستانی‌ ئێرانه‌.. وه‌ به‌سه‌ردان هاته‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیدو له‌ نزیكه‌وه‌ سه‌ردانی‌ ماڵی‌ مامۆستاو مه‌زاری‌ مامۆستا ئه‌حمه‌دی كرد..

- پاشان مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود بۆ درێژه‌دان به‌ خوێندن ده‌چێته‌ گوندی‌ (هانه‌ی‌ دن) و له‌وێش له‌ خزمه‌تی‌ جه‌نابی "مامۆستا مه‌لا موسته‌فا" چه‌ندین كتێب له‌ زانسته‌كانی‌ نه‌حوو و صه‌رف ده‌خوێنێ..

- پاش ئه‌وه‌ ده‌چێـته‌ گوندی‌ (ته‌پی سه‌فا)و له‌ خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستا "سه‌یید نه‌جم الدین" ده‌مێنێته‌وه‌و له‌خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستادا زۆر سوودمه‌ند ده‌بێ به‌تایبه‌ت له‌ زانسته‌كانی‌ مه‌نتیق و فیقه‌ و میرات.. 

- دوای‌ ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌ گوندی‌ ته‌پی سه‌فا ده‌گه‌رێـته‌وه‌ گوندی‌ (هانه‌ی‌ دن) و بۆ جارێكی‌ تر سوود مه‌ند ده‌بێ له‌ زانست و زانیاریه‌كانی‌ جه‌نابی "مامۆستا مه‌لا موسته‌فا".. خودا له‌ هه‌موویان خۆش بێ..

- پاشان وه‌ك داب و نه‌ریتی‌ فه‌قێ و زانستخوازانی‌ كۆن، جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود له‌گه‌ڵ هه‌ردوو هاورێ و خزمانی‌ به‌ناوی‌ (دكتۆر ئه‌حمه‌د نیعمه‌تی‌ و مامۆستا مه‌لا عیزه‌ت دزاوه‌ری) به‌ره‌و كوردستانی‌ ئێران كۆچ ده‌كه‌ن و گوند به‌ گوند ده‌گه‌رێن به‌دوای‌ زانستدا، تا له‌ گوندی‌ (بالك) ده‌گیرسێنه‌وه‌و له‌وێ له‌ خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستا مه‌لا باقری‌ بالك و قوتابیه‌كانی‌ وه‌ك (سه‌ید مه‌سعود) ده‌ست ده‌كه‌ن به‌ خوێندن، مامۆستا ئه‌حمه‌دو هاورێكانی‌ له‌ خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا باقر به‌ شێوه‌ی‌ (سه‌ماع) واته‌: گوێگرتن له‌ وانه‌كانی‌ مامۆستا سوود مه‌ند ده‌بێ و به‌لاَم به‌ فه‌رمی‌ له‌ خزمه‌ت مامۆستا سه‌یید مه‌سعوود كه‌ قوتابی مامۆستا مه‌لا باقر بووه‌ وانه‌ ئایینیه‌كان ده‌خوێنێ.

- ماوه‌یه‌ك له‌ گوندی‌ (بالك) ده‌مێننه‌وه‌و پاش ماوه‌یه‌ك مانه‌وه‌ له‌ كوردستانی‌ ئێران، بڕیار ده‌ده‌ن خۆیی و هاورێیانی‌ بگه‌رێنه‌وه‌ شارۆچكه‌ی‌ خورماڵ و له‌ مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ی‌ خورماڵ و له‌ خزمه‌ت جه‌نابی "مامۆستا مه‌لا محمد به‌هائه‌دین" ده‌ست ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌ خوێندن و ماوه‌یه‌كی‌ زۆریش له‌ خزمه‌ت مامۆستادا ده‌مێننه‌وه‌و سوودمه‌ند ده‌بن. 

- پاشان هه‌ر بۆ گه‌ڕان به‌ دوای‌ زانستدا له‌ ساڵی‌ 1966 ز. ده‌گاته‌ گوندی‌ نه‌وێ و له‌وێش له‌ خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌دی‌ "ملچه‌ور" ده‌مێنێته‌وه‌ و سوودی‌ زۆر له‌ جه‌نابی مامۆستاش وه‌رده‌گرێ. 

- پاشان بۆ كۆتاجار ڕوو له‌ شاری‌ زانست و رۆشنبیری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات و ده‌چێته‌ حوجره‌ی‌ مزگه‌وتی‌ (دار السلام) و له‌ خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستا "شێخ نورالدین موفتی‌" ده‌مێنێته‌وه‌و سوودی‌ زۆر له‌ جه‌نابی مامۆستا وه‌رده‌گرێ.

- پاشان هه‌ر له‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌چێته‌ مزگه‌وتی‌ گه‌وره‌ (الجامع الكبیر)و له‌ خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستا "شێخ خالدی‌ موفتیی" و له‌ خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستاشدا ماوه‌یه‌كی‌ زۆر ده‌مێنێته‌وه‌ و سوودی‌ زۆری‌ لێ ده‌بینێ..

- پاشان هه‌ر له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ماوه‌یه‌كیش ده‌چێته‌ خزمه‌تی‌ مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌دی‌ عه‌بابه‌یلێ له‌ مزگه‌وتی‌ (دار الاحسان) و له‌ خزمه‌ت مامۆستاشدا سوودمه‌ند ده‌بێ..

- وه‌ كۆتا گه‌ڕان و مانه‌وه‌ی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود "به‌ڕه‌حمه‌ت بێ" مزگه‌وتی‌ پاشا بوو له‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیدان و له‌وێ له‌ خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز ئۆقره‌ ده‌گرێ و تا وه‌رگرتنی‌ (ئیجازه‌ی‌ عیلمی‌) له‌ ساڵی 1971 ز، له‌ خزمه‌ت جه‌نابی شێخ عوسمان عبد العزیز ده‌مێنێته‌وه‌.. هه‌ر ئه‌م مانه‌وه‌و گه‌یشتنی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود به‌ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز له‌ مزگه‌وتی‌ پاشاو مزگه‌وتی‌ شافیعی‌، بو به‌ گه‌وره‌ترین گۆرانكاری فیكریی، عه‌قیده‌یی، ته‌نانه‌ت ڕه‌وڕه‌وه‌ی‌ ژیانی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموودی‌ ده‌گۆڕێ..

پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عوسمان "به‌ره‌حمه‌ت بێ" بۆی ده‌ر ده‌كه‌وێت كه‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود قوتابیه‌كی‌ زیره‌ك و وریاو چاو كراوه‌یه‌، جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عوسمان گرنگییه‌كی‌ زۆر ده‌دات به‌ مامۆستا ئه‌حمه‌دو وه‌ك كوڕی خۆی حسابی بۆ ده‌كات و چه‌ندین وانه‌ی‌ تایبه‌تی‌ بۆ دا ده‌نێت..

دواتر هه‌ر له‌ خزمه‌ت مامۆستا مه‌لا عوسماندا له‌ مزگه‌وتی‌ پاشا ده‌مێنێته‌وه‌و له‌ به‌رواری‌ (24 / 1 / 1967 ز) ده‌چێته‌ (په‌یمانگای‌ ئیسلامیی هه‌ڵه‌بجه‌) كه‌ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عه‌لی‌ عبدالعزیز "به‌ڕه‌حمه‌ت بێ" به‌رێوبه‌ری‌ ده‌بێ.. دواتر په‌یمانگای‌ ئیسلامیی هه‌ڵه‌بجه‌یش ته‌واو ده‌كات.

پاشان هه‌ر له‌ خزمه‌ت جه‌نابی مامۆستا ملا عوسماندا (ئیجازه‌ی‌ عیلمی‌) وه‌رده‌گرێ و له‌ ئاهه‌نگی‌ وه‌رگرتنی‌ بڕوانامه‌ زانستیه‌كه‌یدا هه‌ر یه‌ك له‌ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عومه‌ر عبدالعزیز و مامۆستا مه‌لا صاڵح عبدالكریم و مامۆستا مه‌لا محه‌ممه‌دی‌ عه‌بابه‌یلێیی و مامۆستا سه‌ید نجم الدین و جه‌ماوه‌رێكی‌ زۆر له‌ خه‌ڵك ئاماده‌ ده‌بن.

 به‌كورتی‌ جه‌نابی مامۆستا ئه‌حمه‌د ماوه‌ی‌ (18) ساڵ به‌دوای‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌بێ و ئه‌و ماوه‌ زۆره‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ بۆ وه‌رگرتنی‌ زانست و زانیاری ئیسلامیی ته‌رخان ده‌كات.. خوای‌ گه‌وره‌ لێی وه‌ربگرێ..



   ‌ 2781 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook