<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
دیمانه‌ی تایبه‌ت به‌مامۆستا
دیداری‌ به‌رێز د.كه‌ریم ئه‌حمه‌د محمد

دیداری‌ به‌رێز د.كه‌ریم ئه‌حمه‌د محمد هاورێ و دۆستی‌ مامۆستای‌ ڕه‌حمه‌تی‌

بسم الله الرحمن الرحیم
الحمد لله رب العالمین ، والصلاة والسلام علی‌ سید المرسلین محمد وعلی‌ آله وصحبه ومن تبعهم بإحسان الی‌ یوم الدین. أما بعد:

به‌ نیسبه‌ت مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمووده‌وه‌ ڕه‌حمه‌تی خوای لێ بێت من پێش كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ نه‌مبینیبوو به‌ڵام له‌ ڕێگه‌ی كتێبه‌كانیه‌وه‌ ناسیبووم  و خۆشم ویستبوو چونكه‌ ئه‌و كاته‌ی‌ ئه‌و كتێبه‌كانی ده‌نووسی هه‌م نووسه‌ری ئیسلامی كوردیمان كه‌م بوو –له‌ چاو ئه‌مڕۆدا- وه‌هه‌م مه‌لای غه‌مخۆری ئایینمان كه‌م بوو، بگره‌ ئه‌میان زۆر له‌وی یه‌كه‌م كه‌متر بوو، هه‌ر وه‌كو مامۆستایه‌ك هه‌میشه‌ ده‌یگوت پشكی ئیسلامی له‌ مه‌لا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌كانی تر كه‌متره‌، بۆیه‌ شتێكی ئاسایی بوو گه‌نجانی پابه‌ند به‌ ئایینه‌وه‌ ئه‌و جۆره‌ كه‌سایه‌تییانه‌ بناسن و خۆشیان بوێن و به‌ په‌رۆشه‌وه‌ كتێبه‌كانیان بخوێننه‌وه‌ .
ئێستا به‌ته‌واوی بیرم نایه‌ ئایا مامۆستا دوای ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ی‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كۆچی كرد بۆ ئێران یان دوای كاره‌ساتی كیمیا بارانه‌كه‌، به‌هه‌ر حاڵ ماوه‌ی‌ نێوانیان كه‌م بوو و شتێك له‌مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێت ، ئیتر دوای ئه‌وه‌ من له‌ نزیكه‌وه‌ مامۆستام ناسی، ڕاسته‌ من نه‌چوومه‌ ناو بزوتنه‌وه‌وه‌و زۆر له‌ نزیكه‌وه‌ تێكه‌ڵی مامۆستام نه‌كرد له‌ كۆبوونه‌وه‌كان و له‌كاتی‌ كێشه‌كانی نێوان بزوتنه‌وه‌ خۆیی و نێوان بزوتنه‌وه‌و لایه‌نه‌كانی‌ تر تا وه‌كو له‌ نزیكه‌وه‌ بزانم مامۆستا چۆن بیرده‌كاته‌وه‌و چۆن هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرێت له‌ مه‌سه‌له‌ جۆراو جۆره‌كاندا، به‌ڵام به‌ حوكمی نزیكیم له‌ مامۆستای به‌ڕێزو پایه‌ به‌رزو قه‌در نه‌زانراو جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عوسمان ره‌حمه‌تی‌ خوای لێ بێت، زیاتر ئاشنای مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د بووم و له‌به‌ر تێكه‌ڵی ئه‌ویش له‌ جه‌نابی مامۆستاو له‌ مامۆستا صدیق زوو زوو به‌یه‌ك ده‌گه‌یشتین، له‌ سه‌رجه‌م ئه‌و به‌یه‌ك گه‌یشتنانه‌و ئه‌وانه‌شی كه‌ له‌ خه‌ڵكانی نزیكیه‌وه‌ ده‌مبیست بۆم ده‌ركه‌وت كه‌ به‌ڕاستی ئه‌و كه‌سێكی غه‌مخۆر و دڵسۆزه‌ بۆ ئیسلام و حه‌ز به‌سه‌ركه‌وتنی‌ ده‌كات و كاری بۆ ده‌كات و هه‌ڵوێسته‌كانی ڕه‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و كتێبانه‌ی بوو كه‌ پێشتر خوێندبوومه‌وه‌ .
گرنگترین خاڵ كه‌ له‌ مامۆستادا به‌دیم ده‌كرد بێ‌ نه‌فسی و بێ‌ فیزیی و دڵ و ده‌روون پاكییه‌كه‌ی‌ بوو كه‌ به‌ڕاستی له‌وانه‌دا شاگردی مامۆستا مه‌لا عوسمان بوو، ئه‌و زۆرجار گه‌وره‌ی‌ ده‌كردم و سه‌ردانی ده‌كردم له‌ ماڵی خۆماندا بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ بێت یا ئه‌وه‌ لێكبداته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌موو جاره‌ دێته‌ ماڵی من بێ ئه‌وه‌ی‌ من به‌ گوێره‌ی‌ پێویست ره‌ددی‌ زیاره‌ته‌كانی‌ بۆ بده‌مه‌وه‌ .
یه‌كێكی تر له‌و خاڵانه‌ی‌ له‌ جه‌نابی مامۆستادا به‌دیم ده‌كرد شه‌رم و حه‌یاو ئه‌ده‌ب و زمان پاراویی و ڕێز له‌ به‌رامبه‌ر گرتنی بوو كه‌ ئه‌ویشی تا ڕاده‌یه‌كی زۆر له‌ جه‌نابی مامۆستا مه‌لا عوسمان ده‌چوو و ئه‌وی‌ به‌ بیردا ده‌هێنایته‌وه‌، گومان نابه‌م له‌و هه‌موو كێشه‌و گرفتانه‌ی‌ له‌ناو بزوتنه‌وه‌دا یا له‌نێوان بزوتنه‌وه‌و لایه‌نه‌كانی‌ تردا ڕوویدا ئه‌و قسه‌یه‌كی‌ به‌ده‌ر له‌ سنووری به‌رامبه‌ر هیچ كه‌سێك كردبێت كه‌ مرۆڤ له‌و كاتانه‌دا زیاتر مه‌عده‌نه‌كه‌ی‌ ده‌رده‌كه‌وێت و له‌سه‌ر حه‌قیقه‌تی‌ خۆی ده‌بینرێت .
خاڵێكی تر له‌ تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی مامۆستا سهبات و دامه‌زراوییه‌كه‌ی‌ بوو له‌ سه‌ر ڕێبازه‌كه‌ی‌ كه‌ ئه‌ویش نیشانه‌یه‌كی‌ گه‌وره‌یه‌ له‌سه‌ر دڵسۆزیی و لێبڕاویی و یه‌كلایی بوونه‌وه‌ی‌ بۆ مه‌به‌سته‌ پیرۆزه‌كه‌ی‌ .
ئه‌مانه‌ به‌كورتی هه‌ندێك سه‌رنجی من بوون ده‌رباره‌ی‌ خوالێ خۆشبوو"به‌ویستی‌ خودا" مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود هیوام وایه‌ خوا له‌ ڕۆژی قیامه‌تدا به‌ شایه‌تی‌ بۆی وه‌رگرێت و پله‌و پایه‌ی‌ پێ‌ له‌ به‌هه‌شتدا به‌رزكاته‌وه‌و داوای لێبوردنی لێ ده‌كه‌م له‌وه‌ی‌ ئه‌گه‌ر نه‌متوانیبێت مافی خۆی بده‌مێ‌ و هه‌موو لایه‌نه‌ ئیجابییه‌كانی‌ بخه‌مه‌ ڕوو به‌ڵكو كه‌سانی‌ تر توانیبێتیان ئه‌و كاره‌ بكه‌ن و باشتر مامۆستا به‌خه‌ڵكی بناسێنن و تیشكی زیاتر بخه‌نه‌ سه‌ر جیهادی مامۆستا له‌ سه‌رده‌می به‌عس و ڕۆڵی ئه‌و له‌ پێگه‌یاندنی گه‌نجانداو بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ بانگه‌وازی ئیسلامی‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ من زۆر ئاگام له‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ ژیانی‌ نییه‌ ته‌نها له‌ ڕێی ئه‌و كتێبانه‌ی‌ كه‌ له‌و كاته‌دا نووسیبوونی‌ ناسیبووم . داواكارم له‌خوای‌ گه‌وره‌و میهره‌بان له‌ گوناهه‌كانی مامۆستا خۆش بێت و پله‌وپایه‌ی‌ له‌ به‌هه‌شتدا به‌رز بكاته‌وه‌ و ئه‌و جیهاده‌ی‌ به‌ زمان و به‌ قه‌ڵه‌م و به‌چه‌ك كردوویه‌تی هه‌مووی لێ وه‌رگرێت و له‌ ڕیزی پیاوچاكاندا دایبنێت انه سمیع مجیب .
 
                                                                                               والسلام علیكم ورحمة الله
                                                                                                    براتان د. كه‌ریم
   ‌ 1673 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
27/02/2014

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook