<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
دیمانه‌ی تایبه‌ت به‌مامۆستا
دیداری‌ به‌رێز مامۆستا سه‌یید ئه‌حمه‌د سه‌ید عبدالوهاب



دیداری‌ به‌رێز مامۆستا سه‌یید ئه‌حمه‌د سه‌ید عبدالوهاب هاورێ و دڵسۆزی‌ مامۆستای‌ ڕه‌حمه‌تی‌

و1/ بسم الله‌ الرحمن الرحیم:
دوای‌ به‌خێرهاتنتان به‌سه‌رچاو، یه‌كه‌م په‌یوه‌ندیی‌ و سه‌ره‌تا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بوَ ساڵی‌ حه‌فتاكان، ماموَستا مه‌لا ئه‌حمه‌د ئه‌و كاته‌ له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بوو، دوای‌ ماوه‌یه‌ك چووه‌ بناوه‌ سووته‌، كه‌ گوندێكه‌ له‌نێوان (بایه‌وه‌)و (پێنجوێن)دا، له‌ وێدا بوویه‌ پێشنوێژ و وتار خوێنی‌ گوندی‌ "بناوه‌سوته‌" ئه‌و كاتانه‌ سه‌ردانمان ده‌كرد، چ ئه‌وكاته‌ی‌ كه‌ له‌لای‌ ماموَستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز (به‌ڕه‌حمه‌ت بێت) ده‌رسی‌ ده‌خوێند له‌ هه‌ڵه‌بجه‌، چ ئه‌و كاته‌ش له‌ گوندی‌ "بناوه‌سوته‌" پێشه‌واو وتار خوێن بوو، ئیتر له‌ نێوان ئامۆشۆی سلێمانی‌ و هه‌ڵه‌بجه‌دا ئاشنایه‌تیمان هه‌ر هه‌بوو، مه‌رحه‌بایی‌ وتێكه‌ڵ بوونمان هه‌بوو، دوای‌ ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌كان به‌رده‌وام بوو، تا وه‌كو ماموَستا مه‌لا ئه‌حمه‌د (به‌ڕحمه‌ت بێت) بووه‌ وتاربێژ له‌ شاروَچكه‌ی‌ "خورماڵ"و، دواییش "سیروان"، كاتێك كه‌ له‌ سیروان داده‌نیشت ده‌ستی‌ به‌ نووسین كردو په‌رتوكێكی‌ نووسی‌ به‌ناوی‌ "سه‌ربه‌ستی‌ له‌ ئیسلام دا" كه‌ خوَش به‌ختانه‌ من بوَم چاپ كرد (فی‌ سبیل الله‌)، به‌بێ ئه‌وه‌ی‌ ناوی‌ خوَمی‌ له‌سه‌ربێت، دوایی‌ دوو په‌رتووكی‌ ترم به‌م شێوه‌یه‌ بوَ چاپكرد، یه‌كێكیان به‌ناوی‌ "په‌روه‌رده‌ له‌ ئیسلامدا " ئه‌وی‌ تریشیان به‌ناوی‌ "خواپه‌رستی‌ له‌ ئیسلامدا" من شه‌ره‌فی‌ ئه‌وه‌م هه‌یه‌ كه‌ به‌بێ به‌رامبه‌ر سێ په‌رتووكم بوَ مامۆستا چاپكردووه‌، نه‌ك چاپكردن و به‌س، به‌ڵكو ئوَتوَمبیل و هاتووچوَم كردووه‌ له‌سه‌ر حیسابی‌ خوَم له‌به‌غداوه‌ هێناومه‌ته‌وه‌ بوَ مزگه‌وتی‌ (سه‌لاحه‌دین) له‌ سیروان، په‌رتووكه‌كانم ته‌سلیمی‌ ده‌ستی‌ ماموَستا كردووه‌، ناوی‌ خوَشم له‌سه‌ر هیچیان نه‌نووسیوه‌، چونكه‌ خوای‌ گه‌وره‌ موه‌فه‌قی‌ كردبووم نزیكه‌ی‌ (100) په‌رتووكم له‌ كوردی‌ چاپكردووه‌ (فی‌ سبیل الله‌)، هه‌رله‌ ماموَستا محمدی‌ شاره‌زووری‌ و ماموَستا حسن پێنجوێنی‌ و ماموَستا حمه‌ كریم و ماموَستا مه‌لا عوسمان عبدالعزیز، من یه‌كێك له‌كاره‌ سه‌ره‌كییه‌كانم له‌ به‌غدا ئه‌وه‌ بوو كه‌ په‌رتووكم بوَ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ چاپ ده‌كرد، ئینجا یه‌كێك له‌و كارانه‌م ئه‌ په‌رتووكانه‌ی‌ ماموَستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمودی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ بوو، كه‌نێوانمان زوَر خوَش بوو، وه‌ یه‌كێكی‌ تر(سروه‌ی‌ بێداری‌) ماموَستا جمال حه‌بیبولاَ بوو دواتر ئه‌وسێ كتێبه‌ی‌ ماموَستا ئه‌حمه‌د وه‌كو (خوا په‌رستی‌ له‌ئیسلامدا، سه‌ربه‌ستی‌ له‌ ئیسلامدا، په‌روه‌رده‌ له‌ ئیسلامدا).

و2/ ماموَستای‌ ڕه‌حمه‌تی‌ پیاوێكی‌ به‌عیزه‌ت و به‌غیره‌ت بوو، هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ له‌سه‌ر ئیسلامه‌تی‌ دروست بوو، واته‌: سه‌نگه‌رێك و لایه‌نێكی‌ نه‌بووه‌، بیًجگه‌ له‌ئیسلام و ئیسلامیه‌ت، له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم ئه‌وفه‌رمووده‌یه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوای‌ هاتووه‌ته‌ دی‌  كه‌ ده‌فه‌رموێت: "شاب نشأ فی‌ عبادة الله....." ئومێد ده‌كه‌م له‌و حه‌وت كوَمه‌ڵه‌یه‌ بێت، كه‌ له‌ ژێر عه‌رشی‌ خوای‌ گه‌وره‌ حه‌شر بكرێت له‌ ڕوَژی‌ دوایی‌، ئیتر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی‌ ماموَستا به‌غیره‌ت بوو هه‌ر له‌و سه‌ره‌تاوه‌ وتاری‌ به‌هێزی‌ پێشكه‌ش ده‌كرد، هوَشیاری‌ ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ له‌ دڵیدا چه‌سپابوو و، وه‌ زوَر كاریگه‌ری‌ ماموَستا مه‌لا عوسمانی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ به‌سه‌ره‌وه‌ دیار بوو، وه‌ ئه‌وكاته‌ له‌ قوتابخانه‌ی‌ (ئیخوان) بوو، كه‌ هه‌ر ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ هه‌بوو، ماموَستا مه‌لا عوسمانی‌ ڕه‌حمه‌تیش خوَی‌ له‌و قوتابخانه‌یه‌ بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ قوتابیه‌كی‌ ڕوَحی‌ ماموَستا مه‌لا عوسمانی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ بوو، هه‌ر ئه‌و كاته‌ یه‌كێك بوو له‌وانه‌ كه‌ پێنووسێكی‌ به‌پڕشتی‌ هه‌بوو، ئه‌و غیره‌ت و عیزه‌ته‌ش هه‌م له‌ وتاره‌كانی‌ ڕوَژانی‌ هه‌ینیی‌ و موحازه‌ره‌كانی‌ عه‌سران هه‌یبوو، هه‌روه‌ها له‌ نووسینه‌كانی‌ ڕه‌نگی‌ ده‌دایه‌وه‌، تاسالاَنی‌ (1987) كاتێك فه‌رمانی‌ ده‌ستگیركردنی‌ ئێمه‌ ده‌رچوو كه‌ ئه‌وكاته‌ له‌به‌غدا بووین و به‌لاَم توانیمان ڕابكه‌ین و بچینه‌ ئاواییه‌كانی‌ شاره‌زوور، ماوه‌یه‌كیش كه‌ ئه‌و ئاوایییانه‌ تووشی‌ كاول و تێكچوونی‌ بوون، ناچاربووین له‌مانگی‌ ڕه‌مه‌زانی‌ 1987 له‌ (یه‌كه‌می‌ ڕمه‌زان تا پانزه‌ی‌ ڕه‌مه‌زان له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ بین) لای‌ ماموَستایانی‌ ڕه‌حمه‌تی‌، ئه‌وه‌ بوو ڕووداوه‌كه‌ی‌ "كانی‌ عاشقان" ته‌قیه‌وه‌و شوَڕشه‌كه‌ ڕوویدا له‌ئاكامی‌ ئه‌و شوَڕش و ڕاپه‌رینه‌ی‌ شاری‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ماموَستایان ناچار بوون به‌ره‌و ئێران له‌شه‌وێكی‌ تاریك و له‌سه‌ر پشتی‌ ئاوی‌ سیروان په‌ڕینه‌وه‌، یه‌كێك له‌وانه‌ش ماموَستا مه‌لا عوسمان و ماموَستا مه‌لا عه‌لیی‌ و براكانیی‌ و ماموَستا مه‌لا ئه‌حمه‌دیش یه‌كێك بوو له‌و به‌ڕێزانه‌، كه‌ چووینه‌ ئه‌وێ‌ زوَری‌ پێ نه‌چوو فیكره‌ی‌ چه‌ك هه‌ڵگرتن له‌ دژی‌ ڕژێمی‌ به‌عس دروست بوو كه‌ ماموَستا مه‌لا عوسمانی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ سه‌رپه‌رشتی‌ و سه‌روَكایه‌تی‌ ده‌كرد، ماموَستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ محمودیش له‌نێویاندابوو، كه‌سێكی‌ سه‌ربازی‌ بوو له‌ڕیزه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا، چه‌كیان هه‌ڵگرت تا وه‌فاتكردنیان، ماموَستاو هاورێیانی‌ هه‌م به‌ پێنووس و هه‌م به‌چه‌ك خه‌باتیان ده‌كرد، دژی‌ داگیركاران و سته‌مكاران، به‌لاَم له‌ هه‌مان كاتیشدا به‌رده‌وام بوو له‌ وتارو ئاموَژگاری‌ چه‌كدارانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ و له‌ وتار خوێندنه‌وه‌و كوَڕگرتن تا گه‌یشته‌ ئه‌و شاكاره‌ جوانه‌ی‌ ته‌فسیری‌ قورئانی‌ پیروَز (ته‌فسیری‌ ڕامان)، وه‌ چه‌ندین به‌رهه‌می‌ تر، ئومێد ئه‌كه‌م ئه‌وه‌ش كه‌ چاپ نه‌كراوه‌ چاپ بكرێت.
 
و3/ وه‌كو ئاماژه‌مان بوَی‌ كرد، ماموَستا پیاوێكی‌ بانگخواز بوو، به‌ ده‌م و ده‌ربڕین و به‌ نووسین، كه‌ وه‌ختێك قه‌ناعه‌تی‌ بوَدروست بوو كه‌ كاتی‌ چه‌ك هه‌ڵگرتنه‌ ناچاریان كردن به‌ره‌و ئێران به‌ڕێ بكه‌ون، ئه‌وه‌بوو چه‌كی‌ هه‌ڵگرت، دیاره‌ ماموَستا ئه‌حمه‌د له‌ هه‌رسێ بواری‌ بانگه‌وازو كوَچكردن و جیهادو تێكوَشان كاریگه‌ری‌ هه‌بووه‌و ده‌ستی‌ هه‌بووه‌ (به‌ڕه‌حمه‌ت بێت).

و4/ بێگومان له‌ كۆن و تازه‌وه‌ تا دواییش، پێویسته‌ زانایانی‌ هۆشیارو بێدارو مامۆستایانی‌ نووسه‌رو هۆشیار كه‌ره‌وه‌ ده‌بێت هه‌بن له‌ ڕیزه‌كانی‌ ڕابوونی‌ ئیسلامیدا، بۆ چه‌ند مه‌به‌ستێكی‌ سه‌ره‌كی‌ یه‌كێك له‌وانه‌ ئه‌وه‌یه‌ تاوه‌كو میزان به‌و ڕه‌وته‌ بده‌ن، چونكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕه‌وته‌ میزانێكی‌ عیلم و شه‌ریعه‌تی‌ له‌گه‌ڵدا نه‌بێت، توشی چه‌واشه‌كاری ده‌بێت، وه‌ زوو له‌ڕێ لاده‌دات و توشی سه‌رگه‌ردانی‌ و سه‌رلێشێواوی‌ ده‌بێت، وه‌كو مێژوو شاهیده‌. دووه‌میش به‌ حوكمی‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ مامۆستایان له‌ خه‌ڵكی‌ تر له‌پێش ترن و داناو زاناو هۆشیار ترن، حه‌تمه‌ن ده‌بێت ئه‌وان خه‌ڵكه‌كه‌ گه‌رمو گوڕتر بكه‌ن، وه‌ ڕابوون و ڕاپه‌ڕینه‌كان ده‌بێت له‌وانه‌وه‌ ده‌ست پێ بكات، وه‌ ئه‌وان سه‌ركاروان و چاوساغی‌ بن، ئه‌وه‌ هه‌م ئه‌ركه‌ له‌سه‌ر خۆیان، هه‌م ئه‌ركه‌ له‌به‌رخاتری‌ خه‌ڵك و گه‌نجه‌كان.. وه‌ له‌ناو ئه‌و كاروانه‌ ڕاپه‌ڕین و بێداریه‌ ده‌بێت مامۆستایان چاوساغ و پێشه‌وا بن، وه‌كو چۆن له‌میحرابی مزگه‌وتان و له‌بواره‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كۆمه‌لاَیه‌تی‌ ڕابه‌رن، ده‌بێت له‌بواری‌ سیاسی و فكری‌ و سه‌ركردایه‌تی و بواره‌كانی‌ تری‌ ڕابوونی‌ ئیسلامیدا ده‌بێت سه‌رچاوه‌بن، چاوێكی‌ ساغ و دڵكراوه‌ بن بۆ ئه‌و قه‌واره‌یه‌ كه‌ پێی ده‌وترێت ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌.

و5/ ئه‌وه‌ راسته‌ له‌هه‌ر ڕاپه‌ڕینێك بووبێت له‌كۆن و تازه‌وه‌ له‌كوردستان و له‌ عێراقداو له‌مه‌غریبی عه‌ره‌بی و له‌ میسرو له‌ ئه‌زهه‌رو له‌سه‌رتاسه‌ری‌ خاكی‌ ئیسلام و كۆمه‌ڵگه‌ی‌ موسوڵمانان مامۆستایان ته‌قێنه‌ره‌وه‌و چاودێرو ڕابه‌ری‌ بوون، ئه‌وان دروستیان كردووه‌ ئێستاش هه‌روایه‌، مه‌گه‌ر بڵێی دنیا گۆڕابێت و ڕه‌وتی‌ لائیكی‌ و عیلمانی‌ په‌ره‌ی‌ سه‌ندبێت و په‌نگی‌ به‌ڕابوونی‌ ئیسلامی هه‌ڵچنیبێت ! وه‌ دیارده‌ی‌ دزێوو بلاَو بوبێته‌وه‌و بوارێكی‌ زۆری خاكی‌ موسوڵمانانی‌ داگیركردبێت، ئێستاش مامۆستایان و زانایان هه‌ر شۆڕشگێڕو بلیمه‌تن و سه‌رقافڵه‌ن له‌گۆڕه‌پانه‌كه‌ دوورنه‌كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ و مه‌یدانی‌ (ڕابوونی‌ ئیسلامی‌)یان به‌جێنه‌هێشتووه‌ (الحمدلله‌).

و6/ بێگومان وتمان زانایان له‌ میلله‌ته‌كه‌ هۆشیار ترن، ئه‌وان میلله‌ت هۆشیار ده‌كه‌نه‌وه‌و ڕاپه‌ڕینه‌كه‌ دروست ده‌كه‌ن، له‌به‌ر ئه‌وه‌ مامۆستایان وه‌كو چاووسه‌ری‌ ڕابوونه‌كه‌و ڕۆح و جه‌سته‌ی‌ ڕابوونه‌كه‌ وان، كه‌ وه‌ختێك پیرده‌بن، یا ده‌مرن، یان له‌كارده‌كه‌ون ئه‌وه‌ زیانێكی‌ قورس و جه‌رگ بڕ تووشی كاروانه‌كه‌ ده‌بێت، به‌ وه‌فاتكردنی‌ مامۆستا مه‌لا عوسمانی‌ ڕه‌حمه‌تی‌ و مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حمودو پێشترو پاشتر حه‌تمه‌ن كاروانی‌ ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ گورزی‌ به‌ركه‌وتووه‌و توشی جۆرێك له‌ شكستو شپرزه‌یی بووه‌، وه‌ مه‌یدانه‌كه‌ش گه‌واهی ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌دات0

و7/ كاتێك كه‌ چه‌كداریی بره‌وی‌ هه‌بوو مامۆستا چه‌كدار بوو وه‌خه‌ریكی‌ ڕاست كردنه‌وه‌ی‌ ڕه‌وتی‌ ئه‌و چه‌كدارانه‌ بوو وه‌كو ڕووناك كه‌ره‌وه‌یه‌ك له‌ناو ئه‌و كاروانه‌ چه‌كدارییه‌دا ئیشی ده‌كردو خزمه‌تی‌ پێشكه‌ش به‌ چه‌كداران ده‌كرد، وه‌كاتێكیش باوی‌ چه‌ك نه‌ما، وه‌كو خاوه‌ن پێنوس و خاوه‌ن ڕۆشنبیرییه‌ك خه‌ریكی‌ بواری‌ ڕۆشنبیریی و نوسین بووه‌0

و8/ په‌یاممان بۆ خۆمان و ئه‌وانیش و بۆ هه‌موو دڵسۆزانی‌ ئه‌و ئیسلامه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو هه‌نگاوو هه‌ڵوێسته‌كانیان به‌ شه‌ریعه‌ت هه‌ڵسه‌نگێنن، وه‌ خه‌ڵكێكی‌ كراوه‌ بین و ڕۆشنبیربین و بیرته‌سك نه‌بین، بۆ یه‌كێتی‌ و یه‌كبوون و برایه‌تی‌ هه‌وڵ بده‌ین، ڕێزی‌ زانایان و ڕیش سپی و سه‌ر سپیه‌كان بگرین ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ مێژوویه‌كی‌ پاك وچاكیان له‌ناو ڕابوونی‌ ئیسلامی‌ هه‌یه‌، ڕێزیان بۆ دروست ببێ له‌دڵی‌ گه‌نج و لاوه‌كاندا له‌ واقیعی‌ ڕابوونه‌كه‌دا، ئاموَژگاریم بوَخوَم و هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه‌یه‌ كه‌گرنگی‌ به‌قوتابخانه‌ شه‌رعییه‌كان بدرێت، وه‌ بواریان پێ بدرێت و گوێیان بوَ بگیردرێت تاوه‌كو ئه‌گه‌ر خوارو خێچی‌ دروست بوو له‌ كاروانی‌ ڕابووندا، به‌میزانی‌ شه‌رعی‌ بوَمان ڕاست بكه‌نه‌وه‌.

ئاماده‌كردنی‌ ئه‌م دیداره‌/ برای‌ به‌رێزمان هێدی‌ هه‌ولێری‌ بوو كه‌ به‌ كاسێت له‌گه‌ڵ مامۆستای‌ به‌رێزدا له‌ شاری‌ هه‌ولێر ئه‌نجامی دابوو. زۆر سوپاسی ده‌كه‌ین.
   ‌ 2407 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
27/02/2014

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook