<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
دیمانه‌ی تایبه‌ت به‌مامۆستا
دیداری‌ به‌رێز مامۆستا هاورێ محمد بانگخوازی‌ ئیسلامیی

دیداری‌ به‌رێز مامۆستا هاورێ محمد بانگخوازی‌ ئیسلامیی

بسم الله الحمد لله والصلاة والسلام علی‌ رسول الله وعلی‌ آله وصحبه ومن والاه .
زۆرن ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی‌ ته‌مه‌نیاندا به‌ زاناو پیاوی‌ ئاینی‌ ناو ده‌برێن و له‌و ڕێگه‌یه‌وه‌ به‌ پله‌و پایه‌ی‌ به‌رز ده‌گه‌ن، به‌لاَم كه‌میان خوای‌ گه‌وره‌ قه‌بوڵیان له‌سه‌ر زه‌ویدا بۆ داده‌نێ و خۆشه‌ویست ده‌بن له‌ دڵی‌ خه‌ڵكدا، چه‌ندین زانامان بینی‌ كه‌ چه‌ندین كتێب و نووسراویان له‌ دوای‌ خۆیان به‌جێ هێشت كه‌ به‌ پێوانه‌ی‌ زانستی‌، ئه‌و كتێب و نووسراوانه‌ پڕ له‌ زانیاری‌ و زانستن، به‌لاَم ناچنه‌ دڵی‌ خه‌ڵكه‌وه‌و له‌سه‌ر ڕه‌فه‌ی‌ كتێبخانه‌كان تۆزی‌ مێژوویان له‌ سه‌ر نیشتووه‌ .
خه‌ڵك زیاتر نووسراوی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌خوێننه‌وه‌ كه‌ له‌ ژیانی‌ خۆیاندا كاریان به‌ وته‌و نوسینه‌كانی‌ خۆیان كردووه‌و زیاتریش به‌وانه‌ی‌ كه‌ خوێنیان له‌ پێناو ئه‌و مه‌سه‌له‌دا ڕشتووه‌ كه‌ باوه‌ڕیان پێی‌ هه‌بووه‌و له‌و پێناوه‌دا سه‌رو ماڵیان داناوه‌. ده‌بێ كه‌سێك باسی‌ بانگه‌وازو جیهاد بكات، خۆشی‌ باوه‌شی‌ به‌ دونیادا كردبێ و بوبێته‌ ئه‌ڵقه‌ له‌ گوێی‌ سته‌مكاران، كه‌سی‌ وا ده‌بێت خه‌ڵك تا چه‌ند باوه‌ڕیان به‌ قسه‌و دروشم و نوسینه‌كانی‌ هه‌بێ میلله‌تی‌ ئێمه‌ش به‌ داخه‌وه‌ قه‌دری‌ پیاوچاكانی‌ خۆی‌ نازانێ هه‌تا له‌ ده‌ستی‌ نه‌چێ، له‌ ڕۆژانێكدا كه‌ له‌زۆربه‌ی‌ مینبه‌ره‌كانی‌ كوردستانه‌وه‌ دوعا بۆ (السید الرئیس) ده‌كراو به‌ شان و باڵیدا هه‌ڵده‌درا، پیاوانێكی‌ مێزه‌ر سپیی و مێزه‌ر پاك بوونه‌ پێشه‌نگی‌ هیجره‌ت و ڕه‌مزی‌ جیهاد و مقاوه‌مه‌ت له‌ دژی‌ تاغوتی‌ سه‌رده‌م، ڕاست بوونه‌وه‌ ئه‌وان ته‌نها په‌روه‌رده‌ی‌ حوجره‌و مزگه‌وته‌كان بوون و لاوێتی‌ خۆیان به‌ فه‌قێیایه‌تی‌ به‌سه‌ر بردووه‌، به‌لاَم سه‌لماندیان كه‌ له‌ ڕۆژی‌ پێویستدا موجاهید و پێشمه‌رگه‌ی‌ سه‌نگه‌ریش ئاماده‌ن خوێنی‌ خۆیان بڕژن هه‌تا بیسه‌لمێنن كه‌ ڕاستن له‌ گه‌ڵ خواو خودی‌ خۆیان و ئه‌و جه‌ماوه‌ره‌شی‌ كه‌ وتاری‌ بۆ ده‌ده‌ن و كتێبی‌ بۆ ده‌نووسن، نمونه‌ی‌ ئه‌وانه‌ش جه‌نابی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌دی‌ كاكه‌ محموده‌ كه‌ عیلم و عه‌مه‌ل و ئیخلاسی‌ بۆ په‌روه‌ردگاری‌ خۆی‌ تێكه‌ڵ كردبوو (نحسبه و لا نزكی علی‌ الله احدا) به‌جۆرێك كه‌ سه‌دان گه‌نجی‌ موسڵمان له‌سه‌ر ده‌ستی‌ ئه‌و و له‌ ڕێی‌ كتێب و نامیلكه‌ و بلاَوكراوه‌كانیه‌وه‌ ئاشنا به‌ ڕێبازی‌ پاكی‌ ئیسلام بوون و ، فێری‌ ئیسلامێكی‌ عه‌مه‌لی‌ بوون كه‌ بتوانن له‌ ژیانی‌ واقیعدا جێ به‌ جێی‌ بكه‌ن و كاری‌ پێ بكه‌ن، فێری‌ كردن كه‌ بۆ ئیسلام بژین و كار به‌ ئیسلام بكه‌ن و بیكه‌نه‌ به‌رنامه‌ی‌ ژیانیان، ده‌بێت چ كارێك هێنده‌ پیرۆز بێت كه‌ له‌ ناو تاریكی‌ جه‌هل و نه‌فامیدا مۆمێكی‌ ئیمان و عقیده‌ پاكی‌ هه‌ڵبكه‌یت، مامۆستا ئه‌حمه‌د خۆیی‌ و مامۆستا خوا ویسته‌كانی‌ هاوڕێی‌ بوونه‌ هه‌ڵگیرسێنه‌ری‌ ئه‌و مۆمه‌ له‌ ڕۆژه‌ تاریكه‌كانی‌ پاش ئه‌نفال و كیمیاباراندا، له‌ ڕۆژانێكدا كه‌ خه‌ڵكانی‌ تر پۆل پۆل چه‌كیان داده‌ناو ته‌سلیم ده‌بوونه‌وه‌، ئه‌وان سه‌ر له‌ نوێ شۆڕشێكی‌ نوێیان هه‌ڵگیرساند، به‌لاَم ئه‌مجار شۆڕشی‌ پڕ چه‌ك به‌ باوه‌ڕی‌ یه‌كتاپه‌رستی‌ دژی‌ زوڵم و بێ باوه‌ڕی‌، شۆڕشی‌ قورئان و به‌رنامه‌ی‌ ئیسلام دژی‌ ڕێچكه‌و ڕێبازه‌ ئێكس پایه‌ره‌كان كه‌ مێشك و ده‌روونی‌ كوردیان بۆ ده‌یان ساڵ پێ ملوپ كردبوو، ئه‌وه‌نده‌ی‌ كه‌ من مامۆستا ئه‌حمه‌دی‌ كاكه‌ محمودم ده‌ناسی‌ به‌رده‌وام هۆكاری‌ یه‌كخستن و پاراستنی‌ یه‌كڕیزی‌ موسڵمانان بوو، چه‌ندین جار ئاگادار بووم كه‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ ده‌گه‌یشته‌ لێواری‌ هه‌ڵوه‌شان و لێكترازان و به‌ هه‌وڵ و ماندوبوونی‌ ئه‌و و چه‌ند مامۆستایه‌كی‌ به‌ڕێزی‌ تر، برینه‌كانی‌ ساڕێژ ده‌بوونه‌وه‌، چونكه‌ هێنده‌ هه‌یبه‌ت و ڕێزی‌ هه‌بوو كه‌ هه‌موو لایه‌ك ڕێزی‌ لێ بگرن و له‌ قسه‌ی‌ ده‌رنه‌چن، وه‌ له‌ فه‌تواكانیشیدا هه‌میشه‌ ده‌ست پێشخه‌ر و چاو نه‌ترس بوو، وه‌ ته‌عامولی‌ له‌ گه‌ڵ واقیعدا ده‌كرد، بۆیه‌ زۆر جار ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ ئه‌و كات فه‌تواكانی‌ ئه‌ویان ڕه‌ت ده‌كرده‌وه‌ و پێیان قبوڵ نه‌ده‌كرا ئه‌مڕۆ خۆیان هه‌مان فه‌توا ده‌ده‌ن و كار به‌ فه‌توا كۆنه‌كانی‌ ئه‌و ده‌كه‌ن.
من كه‌ ده‌چوومه‌ خزمه‌تی‌ له‌ ماڵه‌كه‌ی‌ خۆیدا ڕه‌شنووسی‌ ته‌فسیره‌كه‌ی‌ خۆی‌ نیشان ده‌دام و پڕۆژه‌ نووسینه‌كانی‌ خۆی‌ بۆ باس ده‌كردم، منیش پڕ به‌ دڵ ئاواتم ده‌خواست كه‌ ڕۆژێك بێت و بتوانم وه‌كو جه‌نابی‌ مامۆستا خزمه‌تێك بۆ قورئان و به‌ ئاینی‌ ئیسلام بگه‌یه‌نم له‌ ڕێگه‌ی‌ نوسینه‌كانمه‌وه‌ .
   ربنا اغفر لنا ولاخواننا الذین سبقونا بالایمان ولاتجعل فی قلوبنا غلا للذین امنوا ربنا انك رؤوف رحیم.
   ‌ 2188 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
27/02/2014

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook