<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
هزری مامۆستا
كامیان هه‌ڵده‌بژێری‌: گۆشه‌گیریی‌، یان جموجووڵ.؟!

كامیان هه‌ڵده‌بژێری‌: (گۆشه‌گیریی‌، یان جموجووڵ)

ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

هه‌ركه‌سێك تۆزقاله‌یه‌ك شاره‌زای‌ ئایینی‌ ئیسلامیی‌ پیرۆز بێت ده‌زانێت كه‌ ئایینی‌ جم و جووڵ و جوولاَنه‌وه‌و بزووتن بووه‌، هه‌ر به‌ سرووشت خوای‌ گه‌وره‌ وه‌های‌ ناردووه‌.
پێغه‌مبه‌رێكی‌ بێ‌ ئۆقره‌ی‌ بۆ ناردووه‌، چ له‌ (مه‌ككه‌)دا، چ له‌ (مه‌دینه‌)دا، ئه‌گه‌ر ژیانی‌ هه‌ڵسه‌نگێنرێ‌ ده‌زانرێ‌ ئه‌م ڕاستییه‌ وه‌هایه‌، ڕۆڵی‌ مه‌ككه‌ی‌ پڕ له‌ خه‌بات و جیهادی‌ پڕ له‌ جوامێریی‌ و له‌ خۆ بووردن و،  بایه‌خ دانه‌نان بۆ نه‌فس و ده‌روونی‌ خۆی‌ بوو له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ئه‌ركه‌ی‌ پێی‌ سپێردرابوو، هه‌ر بۆیه‌ بێ‌ وچان په‌یوه‌ندی‌ ده‌كرد به‌م و به‌وه‌وه‌: هه‌ژارو، ده‌وڵه‌مه‌ندو، خوێنه‌وارو نه‌خوێنده‌وارو، كرێكارو كاسبكارو بازرگان و، ئافره‌ت و پیاوو، مناڵ و لاوو، پیر، وه‌ك یه‌ك په‌یوه‌ندی‌ پێوه‌ ده‌كردن، هه‌رچه‌ند له‌ژێر فشاردا خۆی‌ ده‌بینییه‌وه‌، به‌لاَم له‌ به‌رامبه‌ر ته‌كلیفه‌كه‌ی‌ خواوه‌ ئه‌وانه‌ لای‌ ئاسان و سووك ده‌بوون، هه‌ر كه‌سێك كه‌مێك ژیاننامه‌ی‌ خوێندبێته‌وه‌ قێزی‌ له‌ خۆی‌ ده‌بێته‌وه‌، خۆی‌ زۆر به‌ بچووك و گوناهبارو كه‌مته‌رخه‌م ده‌زانێ‌، ده‌زانێت چه‌نده‌ هه‌وڵی‌ داوه‌.؟ ده‌زانێ‌ كه‌ ئه‌ركی‌ سه‌رشانی‌ خۆی‌ ئه‌نجام نه‌داوه‌.! له‌وانه‌شه‌ هه‌ندێ‌ بڕو بیانووی‌ بۆ خۆی‌ هه‌ڵبه‌ستێت، وه‌ یان هه‌ندێ‌ ده‌قی‌ – چ لێره‌و چ له‌وێ‌ - به‌ده‌سته‌وه‌ گرتبێ‌، پێی‌ وایه‌ خوا ئه‌وانه‌ی‌ لێ‌ وه‌رده‌گرێ‌... نازانێ‌ ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سه‌ی‌ خۆی‌ توند بكات له‌ بن ده‌ستی‌ (ئیبن دوغه‌ننه‌)! ئیتر (عومه‌رو، خالدو، ئه‌بوو عوبه‌یده‌...) چی‌ ده‌كه‌ن.؟!
گه‌لێك بڕو بیانوو دێننه‌وه‌ بۆ پاساودانه‌وه‌ی‌ كاره‌كانیان، جارێك ده‌ڵێن – له‌سه‌ر زاری‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ صلی‌ الله علیه‌ وسلم -: (یوشك ان یكون خیر مال المسلم غنما یتبع بها شعف الجبال ومواقع الخطر یفر بدینه من الفتن) بوخاری‌.
ده‌یانه‌وێ‌ ڕێگه‌ بۆ خۆیان خۆش بكه‌ن بۆ پاڵدانه‌وه‌و وازهێنان له‌ جموجووڵ و چوار وانه‌و ئامۆژگاری‌ به‌ هه‌موو شتێك دابنێن، وه‌ یان هه‌ندێ‌ جار (مستقل) بێت. واته‌ ئیسلامێكی‌ سیاسیی‌ نه‌بێت..! بۆ ئه‌وه‌ی‌ لێی‌ تێك نه‌چێت و ماڵ و منداڵی‌ ناچاری‌ هیجره‌ت نه‌بێت، وه‌ ئاماده‌ نابن هیچ كات دڵی‌ (تاغوت) زویر بكه‌ن، چونكه‌ (فیتنه‌)یه‌و هاتووه‌ ده‌بێ‌ خۆی‌ بپارێزێ‌ و، چاكتریش ئه‌وه‌یه‌ دڵی‌ (تاغوت) لێی‌ نه‌یه‌شێ‌..!
پێمان چاكه‌ پێیان بڵێین: كه‌ مامۆستای‌ ئێمه‌ هه‌موو كات له‌ جووڵه‌دا بووه‌، وه‌ هیچ كات له‌گه‌ڵ (تاغووتان)دا خۆی‌ نه‌گونجاندووه‌و سازشی‌ نه‌كردووه‌و موسڵمانێكی‌ سیاسیش بووه‌، ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ش بۆ ئه‌و موسڵمانه‌یه‌ له‌ جێگایه‌كدا تاكێك – هیچ ده‌سه‌لاَتی‌ نه‌بێت خۆی‌ قوتار بكات – جه‌ختی‌ له‌سه‌ر بكه‌ن بۆ پاشگه‌ز بوونه‌وه‌ له‌ ئیسلام و هیچ كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌یه‌ك له‌ موسڵمانان شك نه‌بات په‌یوه‌ندیان پێوه‌ بكات، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكی‌ ئاوادا ڕه‌وایه‌ ئه‌و موسڵمانه‌ – له‌ باتی‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ ده‌رگای‌ تاغووتان بداو له‌ناو ئه‌واندا خۆی‌ ببینێته‌وه‌ – هه‌ڵبێت و ڕێگای‌ شاخ و كێو و چیاكان – بگره‌ له‌ شاخان خۆی‌ به‌رداته‌وه‌ – بگرێته‌ به‌ر، نه‌بادا سته‌مكاره‌كان زاڵ بن به‌سه‌ریاو بیكه‌ن به‌ ئه‌ندامێكی‌ خۆیان و، ئه‌میش به‌ شانازییه‌وه‌ ئالاَی‌ (مستقل)ــی‌ هه‌ڵبكات و هه‌ڵبێت له‌ ئیسلامیی‌ سیاسیی‌..!
ڕه‌وایه‌ هه‌ڵبێت وه‌ك لاوه‌كانی‌ ئه‌شكه‌وته‌كه‌ (اصحاب الكهف)... (انهم فتیة امنوا بربهم وزدناهم هدى...).
ئه‌مڕۆ چونكه‌ كۆمه‌ڵی‌ موسڵمانان هه‌یه‌، ڕه‌وا نییه‌ كه‌سێك خۆی‌ بسازێنێ‌ له‌گه‌ڵ (مفسدین)ــدا، به‌ڵكو ده‌بێت له‌گه‌ڵ چاكترین و نزیكترین ده‌سته‌یان به‌ ڕه‌وشتی‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندی‌ بكات و كاریان له‌گه‌ڵ بكات و هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌ یه‌ك. ئه‌گه‌ر گۆشه‌گیریی‌ و خۆ خستنه‌ ژێر باڵی‌ سته‌مكارو تاغووتانه‌وه‌ ڕه‌وا بووایه‌ پێشه‌وا ئه‌بووبه‌كر له‌ژێر باڵی‌ (ئیبن دوغه‌ننه‌)دا ده‌مایه‌وه‌، وه‌ هیچ كه‌سێك كۆچی‌ نه‌ده‌كرد بۆ هیچ جێگایه‌ك و، تووشی‌ هیچ جۆره‌ ئه‌شكه‌نجه‌و ئازارێكیش نه‌ده‌بوون.!
ئیمامی‌ ترمزیی‌ و حاكم له‌ ئه‌بوو هوره‌یره‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ كه‌ جارێك پیاوێك له‌ هاوه‌لاَن تێده‌په‌ڕی‌ به‌لای‌ كانیاوێكدا ئاوه‌كه‌ی‌ زۆر شیرین و خۆش ده‌بێ‌ و پێی‌ سه‌رسام ده‌بێ‌ و بۆیه‌ ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر له‌م شیوه‌دا له‌سه‌ر ئه‌م كانیاوه‌دا بۆ خۆم بژیم و  دووری‌ بگرم له‌ مه‌ردووم (بۆ خۆم كارێكی‌ چاكه‌).. به‌لاَم ئه‌مه‌یش ناكه‌م تا پرس به‌ پێغه‌مبه‌ر نه‌كه‌م (صلی‌ الله علیه‌ وسلم)... به‌ڵێ‌ ڕۆیشت ئه‌وه‌ی‌ بۆ پێغه‌مبه‌ر گێڕایه‌وه‌و داوای‌ مۆڵه‌تی‌ لێ‌ كرد.! ئه‌ویش فه‌رمووی‌: (لاتفعل فان مقام احدكم فی سبیل الله افضل من صلاته فی بیته سبعین عاما...). نه‌خێر شتی‌ وا نه‌كه‌یت، چونكه‌ وه‌ستانی‌ یه‌كێكتان له‌ ڕیزی‌ موجاهیداندا له‌ڕێگه‌ی‌ خوادا (ئه‌گه‌ر بۆ ماوه‌یه‌كی‌ كه‌میش بێت) گه‌وره‌تره‌ له‌وه‌ی‌ كه‌ (70) ساڵ له‌ ماڵه‌وه‌ خه‌ریكی‌ نوێژ بیت، ئه‌گه‌ر پێتان خۆشه‌ خوا لێتان خۆش بێت و بتانخاته‌ به‌هه‌شته‌وه‌..! فه‌رموون بجه‌نگێن له‌ڕێگای‌ خوادا، ئه‌گه‌ر به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ دووجار دۆشینی‌ وشترێكیش بێت.!
وه‌ پێشه‌وا ئه‌حمه‌دو تیرمزی ئه‌م فه‌رمووده‌یه‌یان هێناوه‌: (المسلم اذا كان مخالطا للناس ويصبر علی‌ اذاهم... خیر من المسلم الذی لایخالط الناس ولا یصبر علی‌ اذاهم..!!)
كه‌ڵه‌ پیاوان هه‌رگیز ماندوو نه‌بوون، ئه‌وه‌ی‌ سه‌رنجی‌ سه‌رده‌می‌ خه‌لیفه‌ی‌ به‌ڕێزو كۆڵنه‌ده‌ری‌ (ئه‌بووبه‌كری‌ صدیقی‌) دابێت، ده‌بینێت و ده‌زانێت چه‌نده‌ پڕ بووه‌ له‌ به‌لاَو گرفت و نه‌هامه‌تی‌، له‌ولایشه‌وه‌ پیاوێكی‌ وه‌كو ئه‌بووبه‌كر به‌ بڕوا بڵندو به‌رزه‌كه‌یه‌وه‌ – وه‌ك شاخه‌كانی‌ كوردستان كه‌ هه‌رگیز سه‌ر دانانه‌وێنن له‌ به‌رده‌م تاغووتاندا – دێته‌ گۆڕه‌پانه‌وه‌ بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ ته‌رازووی‌ عه‌داله‌ت.!
كاتێك ئه‌بووبه‌كر بوو به‌ خه‌لیفه‌، دونیاش پڕ بوو له‌ گێره‌ شێوێن و خۆفرۆش... زۆربه‌ی‌ عه‌ره‌به‌كان پاشگه‌ز بوونه‌وه‌..! خه‌ڵكێك هه‌ڵسایه‌وه‌و داوای‌ په‌یامبه‌رێتییان ده‌كرد..!!
له‌ولایشه‌وه‌ هه‌ندێك په‌شیمان بوونه‌وه‌و فه‌رزی‌ زه‌كاتیان ماتڵ كردو نه‌یان ئه‌دا... فیتنه‌و به‌لاَ وا دونیای‌ گرته‌وه‌ ته‌نها له‌ (مه‌ككه‌)و له‌ (مه‌دینه‌)دا نوێژی‌ هه‌ینی‌ ده‌كرا، له‌ شوێنه‌كانی‌ تردا ده‌رگای‌ جومعه‌كان به‌ستران.! موسڵمانه‌كان وه‌ك (عروة) ده‌ڵێت: وه‌كو مێگه‌لی‌ شه‌وه‌زه‌نگی‌ به‌ لێزمه‌ی‌ زستانی‌ لێهات به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ڕێیان ده‌رنه‌ده‌كرد.!
نه‌ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌، موسڵمانی‌ وا هه‌بوو ئه‌هاته‌ لای‌ خه‌لیفه‌ ئه‌یوت: له‌و باروودۆخه‌دا چاك وایه‌ بڕۆیته‌ ماڵه‌وه‌و ده‌رگا له‌ خۆت قایم بكه‌يی‌ و، خواپه‌رستی‌ خۆت بكه‌ی تا ده‌مریت.! (ئه‌ڵبه‌ت له‌ هه‌موو كاتێكدا ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ هه‌ن كه‌ "وره‌" به‌م و به‌و به‌ر بده‌ن و دنیایان لێ‌ بكه‌نه‌ شه‌وه‌ زه‌نگ).! به‌لاَم هیچ كات جوامێران و قاره‌مانان وره‌ له‌ خۆیان به‌ر ناده‌ن و متمانه‌ی‌ ته‌واویان به‌ خۆیان هه‌یه‌و، هه‌رگیز بێ‌ هیوا نابن و،  دڵنیان كه‌ ته‌نها حه‌ق و ڕاستی‌ سه‌ر ده‌كه‌وێ‌، ئه‌گه‌ر چی‌ ئه‌مڕۆیش خڵته‌و پڵته‌یه‌كی‌ زۆر به‌ری‌ ڕووناكی‌ ڕۆژی‌ گرتبێ‌.! بۆیه‌ ئه‌بووبه‌كر فه‌رمووی‌: (أینقص الدین وانا حي) واته‌: نابێت ئیسلام كه‌م و كورتی‌ به‌سه‌ردا بێت، منیش زیندوو بم، واته‌ ده‌ك نه‌ژیم ئه‌گه‌ر بهێڵم ئیسلام كه‌م و كورتی‌ به‌سه‌ردا بێت.!
هه‌ر بۆیه‌ به‌ ئیمامی‌ عومه‌ریشی‌ وت كاتێ‌ به‌رامبه‌ری‌ وه‌ستا سه‌باره‌ت به‌ جه‌نگاندن له‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌دا كه‌ زه‌كاتیان نه‌ئه‌دا: وازبێنه‌ عومه‌ر له‌و قسانه‌ خۆمن به‌ ته‌ما بووم یارمه‌تیم بده‌یت.! كه‌چی‌ ئێستا هاتووی‌ په‌شیمانم بكه‌یته‌وه‌، له‌ سه‌رده‌می‌ نه‌فامیتدا پاڵه‌وان بوویت، كه‌چی‌ ئێستا لاوازو بێهێز..؟! ئینجا زۆر به‌ دڵنیاییه‌وه‌ فه‌رمووی‌: (فو الله لأجاهدنهم مااستمسك السیف فی یدی، فو الله لأقاتلنهم من فرق بین الصلاة والزكاة، فو الله لو منعونی‌ عقال بعیر كانوا یؤدونه الی‌ رسول الله لقاتلتهم علیه).!
یه‌كه‌م: سوێند به‌خوا هه‌تا ده‌ستم شیر بگرێ‌ له‌گه‌ڵیاندا ده‌جه‌نگم..!
دووه‌م: هه‌ر كه‌سێك نوێژو زه‌كات له‌ یه‌ك جیا بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵیدا به‌شه‌ڕ دێم..!
سێیه‌م: سوێندم به‌خوا ئه‌و گوریسه‌ی‌ كاتی‌ خۆی‌ وشتری‌ زه‌كاتیان پێ‌ به‌ستووه‌ته‌وه‌و به‌ پێغه‌مبه‌ریان (صلی‌ الله علیه‌ وسلم) دابێت و، ئێستا نه‌مده‌نێ‌ له‌سه‌ری‌ دێمه‌ جه‌نگ له‌گه‌ڵیان..!
به‌ڵێ‌... هه‌وڵ و تێكۆشان و، صه‌برو خۆگرتن له‌ به‌رامبه‌ر چاك سازیدا هه‌روا ده‌بێت... هه‌زاران هه‌زار سۆزو میهره‌بانی‌ خوا بۆ سه‌ر گیانی‌ ئه‌بووبه‌كری‌ صدیق..!
هه‌رچه‌نده‌ قه‌لاَی‌ سته‌م و سته‌مكاران بگاته‌ ئاسۆ به‌ نه‌به‌ردیی‌ و قاره‌مانییه‌تی‌ قاره‌مانان و پاڵه‌وانانی‌ ئیسلام له‌ بن دێنرێت و، سه‌ر له‌ نوێ‌ هیوای‌ ئیسلامه‌تی‌ له‌ ڕیشه‌وه‌ سه‌وز ده‌بێته‌وه‌و ده‌گاته‌وه‌ ئاسۆ به‌ پشتیوانی‌ خوای‌ گه‌وره‌..! إن شا‌ءالله..
به‌ڵێ‌ گه‌وره‌ پیاوانی‌ ئیسلام ئاوا جوولاَونه‌ته‌وه‌و كاریان كردووه‌ بۆ ئیسلام.! پاش ئه‌وه‌ی‌ (ته‌تار)و (مه‌غۆل) قه‌لاَی‌ موسڵمانانیان ڕووخاند، هه‌موو شارستانییه‌تێكی‌ جیهانی‌ ئیسلامییان له‌ بن هێنا، ڕه‌وشت و (قیه‌م)یان كرد به‌ ژێر پۆستاڵه‌وه‌، ولاَتیان وێران كرد، ده‌ست درێژیان كرده‌ سه‌ر نامووس، ژن و منداڵ و پیرو په‌ككه‌وته‌یان سه‌ربڕيی‌ و له‌ گۆڕیان نا، ته‌نانه‌ت ده‌ڵێن قوولله‌یه‌كی‌ به‌رزیان درووست كرد له‌ كه‌لله‌ سه‌ری‌ موسڵمانان، پاش ئه‌وه‌ كێ‌ به‌ مێشكیا ئه‌هات كه‌ جارێكی‌ تر جیهانی‌ ئیسلامیی‌ ئازاد  ببێ‌ له‌ ژێر ده‌ستی‌ قاره‌مان و له‌ خۆبردووی‌ ئیسلام له‌ جه‌نگی‌ (عین جالووت)دا..؟! كه‌ هه‌تا دونیا دونیا بێت شانازی‌ پێوه‌ ده‌كرێت.!
كێ‌ پێی‌ وابوو جیهانی‌ ئیسلامه‌تی‌ ڕزگاری‌ ببێته‌وه‌.؟! پاش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ خاچپه‌رسته‌كان زۆربه‌ی‌ ولاَته‌ ئیسلامییه‌كانیان داگیر كرد به‌ (قدس)ــی‌ پیرۆزیشه‌وه‌.؟! مێژوو نووسه‌كان ده‌ڵێن: له‌ شاری‌ (قدس)ــدا له‌ یه‌ك ڕۆژدا (70) هه‌زار ژن و پیاو سه‌ر بڕرا..!! كێ‌ بیری‌ ئه‌كرده‌وه‌ – ڕۆژێك له‌ ڕۆژان – بۆ ئازاد بوونی‌ قودس.؟!
كێ‌ ئه‌زانێ‌ كه‌ ڕۆژێك له‌ جه‌نگی‌ (حطین)دا پاڵه‌وانی‌ كوردی‌ خواناس (صلاح الدین) دێت و بۆ جارێكی‌ تر سه‌ری‌ موسڵمانان به‌رز ده‌كاته‌وه‌و وانه‌یه‌كی‌ جوامێرانه‌ تۆمار ده‌كات.؟! به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ هه‌تا هه‌تایه‌ له‌بیریان نه‌چێته‌وه‌..!
خوای‌ گه‌وره‌ هێزو پێز بكاته‌وه‌ به‌ به‌ر موسڵماناندا له‌ هه‌ر جێگایه‌كدابن، تا بتوانن (كیان)و بوونی‌ خۆیان درووست بكه‌نه‌وه‌و  ببنه‌وه‌ به‌ هێزێكی‌ وا كه‌ شه‌رمیان لێ‌ بكرێ‌، وه‌ ئارام و صه‌برمان پێ‌ ببه‌خشێ‌ له‌ پێناوی‌ خزمه‌تی‌ ئایینی‌ پیرۆزی‌ ئیسلامدا.. ئیتر هه‌ر شادو سه‌ركه‌وتوو بن.!

مانگی‌ شوباتی‌ 1998
هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیدان
   ‌ 2926 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
09/03/2014

123
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook