<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
هزری مامۆستا
گه‌لێك جیهاد نه‌كات نه‌ فه‌رهه‌نگی‌ هه‌یه‌ نه‌ نیشتمان.!!



گه‌لێك جیهاد نه‌كات نه‌ فه‌رهه‌نگی‌ هه‌یه‌ نه‌ نیشتمان.!!

بسم الله الرحمن الرحیم
* [ألم تر إلی‌ الذین خرجوا من دیارهم وهم ألوف حذر الموت، فقال لهم الله موتوا ثم أحیاهم، إن الله لذو فضل علی‌ الناس ولكن أكثر الناس لا یشكرون] 243 البقرة.
به‌ڵێ گێڕانه‌وه‌ی داستان و چیرۆكی‌ پێشینان – سه‌ركه‌وتن و ژێركه‌وتنیان - بۆ گه‌لانی‌ دوای‌ خۆیان گه‌لێك سوود به‌خشه‌، چونكه‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ هێزو پێزی‌ پێشینان باس ده‌كات كه‌ چۆن سه‌ركه‌وتن و چۆن ژێركه‌وتن.؟ بۆیه‌ قورئانی‌ پیرۆز به‌یناو به‌ین و جۆراوجۆرو به‌ چه‌نده‌ها شێواز داستان باس ده‌كات، به‌تایبه‌ت به‌سه‌رهاتی‌ به‌نی‌ ئیسرائیل زۆر زۆر هاتووه‌، چونكه‌ خوای‌ گه‌وره‌ ده‌زانێ ئه‌م گه‌لی‌ ئیسلامه‌ هه‌ندێكیان تووشی‌ ئه‌و بارودۆخه‌ ده‌بن كه‌ ئه‌وانی‌ پیا ڕۆیشتوون، وه‌ له‌ بیرو ئاییندا تووشی‌ هه‌ندێ هه‌ڵوێست ده‌بن وه‌ك هه‌ڵوێستی‌ ئه‌وان وایه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌ر شوێنێك تووشی‌ هه‌ڵه‌ بووبن و هه‌ڵخلیسكابن، بۆ ئه‌م میلله‌تی‌ ئیسلامه‌ی باس ده‌كا، تا په‌ندو ئامۆژگاری‌ لێ وه‌ربگیرێت.
به‌ڵێ ئه‌م قورئانه‌ جێگای‌ شانازی ئێمه‌یه‌، چونكه‌ ته‌نها په‌ڕاوێك نییه‌ بخوێندرێت له‌ مزگه‌وته‌كاندا، له‌ ماته‌مینییه‌كاندا، به‌ڵكو ده‌ستوورو یاسایه‌كی‌ گشتییه‌، یاسایه‌كی‌ په‌روه‌رده‌ییه‌، هه‌ر وه‌ك یاسای‌ ژیانیشه‌، بۆیه‌ هه‌روه‌ك وتمان ته‌جاروب و تاقیكردنه‌وه‌ی‌ گه‌ل و قه‌ومی‌ ڕابوردوو ده‌خاته‌ ڕوو، تا ئه‌و هه‌ڵه‌ی‌ تووشی‌ ئه‌وان بووه‌ تووشی‌ ئه‌مانیش نه‌بێت و له‌ چ خاڵێك به‌هره‌مه‌ند بوون، ئه‌وانیش له‌و خاڵه‌ كه‌ڵك وه‌ربگرن.! كه‌وا بوو ده‌بێ په‌ڕاوێك بێت كه‌ قورئانه‌، هه‌ر له‌ ئاده‌م پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ تا كۆتا پێغه‌مبه‌ر (علیهم السلام) جۆری‌ ژیان و هۆی‌ پێشكه‌وتن و هۆی‌ دوا كه‌وتنیان باس بكات.
ئه‌م قورئانه‌ پێویسته‌ زۆر به‌ ووردی‌ و ئاگادارییه‌وه‌ له‌لایه‌ن ڕۆڵه‌كانی‌ ئیسلامه‌وه‌ بخوێندرێته‌وه‌و، ده‌بێ به‌ چاوی‌ ته‌وجیهات و ئامۆژگارییه‌وه‌ ته‌ماشا بكرێت، وه‌ گوێی‌ بۆ بكرێته‌وه‌ تا بتوانن چاره‌سه‌ری‌ گیروگرفتی‌ ئه‌مڕۆی‌ پێ بكه‌ن و، بۆ ئه‌وه‌ی‌ به‌ ڕۆشنی‌ هه‌نگاو هه‌ڵگرن به‌ره‌و داهاتوویان، به‌ڵێ‌ پێویسته‌ قورئان ئا به‌و شێوه‌یه‌ ده‌ور بكرێته‌وه‌و بخوێندرێته‌وه‌، نه‌ك ته‌نها بۆ ته‌به‌ڕوك و شیفای‌ نه‌خۆش و چاوه‌زاری‌ دێـبه‌رو دوورخستنه‌وه‌ی‌ دێو و درنج و شتی‌ وا، وه‌ به‌ تاقیكردنه‌وه‌ی‌ چه‌ندین ساڵه‌ی‌ ئه‌م نزیكانه‌مان ڕوون بووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ هیچ كه‌ڵك له‌م قورئانه‌ وه‌رناگرین تا له‌ ڕۆژانی‌ ژیانماندا جێبه‌جێی‌ بكه‌ین، بۆیه‌ جیهانی‌ ئیسلامه‌تی‌ ئا به‌م شێوه‌یه‌ كه‌ ده‌یبینیت دوا كه‌وتووه‌، وه‌ك دكتۆر محمود شه‌له‌بی‌ ده‌ڵێت: ڕۆژئاواو ڕۆژهه‌لاَت گه‌یشتنه‌ پشكنینی‌ ئاسمانه‌كان، تازه‌ ئێمه‌ ده‌ڵێین: (ئاخۆ به‌سه‌ری‌ ڕووته‌وه‌ نوێژ درووسته‌ یان نه‌.؟)
به‌ڵێ جیهانی‌ ئیسلامه‌تیمان زۆر دواكه‌وتووه‌، چونكه‌ قورئانه‌كه‌مان بۆ غه‌یری‌ مه‌به‌ست به‌كارهێنراوه‌، ئه‌وه‌تا یا بۆ ته‌به‌ڕوك یا بۆ پارێز له‌ ده‌ستی‌ جنۆكه‌و په‌ری‌، یا بۆ گولله‌ به‌ندو چاوه‌زار به‌كارهێنراوه‌، سه‌ره‌نجام ڕێگامان هه‌ڵه‌كرد، ئه‌وه‌تا ئێستا نه‌موسڵمانی‌ ته‌واوین نه‌ كافری‌ ته‌واویش، نه‌ دۆستی‌ قورئان و نه‌ دوژمنی‌ ته‌واوی‌ قورئانین..! هه‌رچه‌نده‌ قورئان ڕێنمایی ده‌ركرد: ئه‌وه‌ بكه‌ ئه‌وه‌ مه‌كه‌، ئه‌وه‌ دۆسته‌ ئه‌وه‌ دوژمنه‌، به‌و شێوه‌یه‌ ڕێگای‌ ئازادی‌ بگره‌ به‌ر، ئاوا هۆ جه‌نگییه‌كان ئاماده‌ بكه‌.. هتد.!
 [یا أیها الذین آمنوا إستجیبوا لله  وللرسول إذا دعاكم لما یحییكم.. ] جا با بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ سه‌ر ئایه‌ته‌كه‌، ڕاڤه‌كارانی‌ قورئان گه‌لێكیان هه‌ندێ ڕیوایه‌ت دێنن سه‌باره‌ت به‌م ئایه‌ته‌ پیرۆزه‌، ده‌ڵێن كاتی‌ خۆی‌ گوندێك هه‌بووه‌ له‌به‌ر نه‌خۆشی‌ چاوه‌قوڵه‌ (تاعون) هه‌ڵهاتن و ڕایان كرد، به‌لاَم كه‌مێكیان مانه‌وه‌ له‌ ناو گونده‌كه‌دا، سه‌ره‌نجام زۆربه‌یان مردن، كه‌چی‌ ئه‌وانه‌ی هه‌ڵهاتن و ڕایان كردبوو به‌ بێوه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌، ئه‌مانیش واته‌ نه‌خۆشه‌كان وتیان ئه‌گه‌ر جارێكی‌ تر شتی‌ وا ڕوویدا ئێمه‌ش ڕا ده‌كه‌ین، به‌ڵێ تاعون هاته‌وه‌و ئه‌وانیش نزیكه‌ی‌ (33 - 39) هه‌زار كه‌س بوون و هه‌ڵهاتن، ئه‌م ڕیوایه‌ته‌و گه‌لێ ڕیوایه‌تی‌ تر هه‌یه‌ سه‌باره‌ت به‌ هاتنه‌ خواره‌وه‌ی‌ ئه‌م ئایه‌ته‌.، به‌لاَم وه‌ك به‌ڕێز (محمد عبده‌) (1) ده‌فه‌رموێت: هه‌موویان هه‌ڵبه‌ستراوی‌ ده‌ستی‌ جوله‌كه‌ (ئیسرائیلیات)ن، چونكه‌ ئه‌وه‌ی‌ له‌ داڕشتنی‌ ئایه‌ته‌كانه‌وه‌ وه‌ربگیرێ‌ ئه‌مه‌یه‌: ئه‌و كه‌سانه‌ ئایه‌ته‌كه‌ باسیان ده‌كات كه‌سانێكن كاتێ بیستیان كه‌ دوژمن شالاَویان بۆ دێنێ له‌ ترسان هه‌لاَتن و ڕایان كردو ولاَته‌كه‌یان بۆ به‌جێ هێشتن..؟ بۆیه‌ قورئان زۆر به‌ توندو تیژییه‌وه‌ داده‌به‌زێته‌ سه‌ریان و سه‌رزه‌نشتیان ده‌كات و بۆ موسڵمانانیشی‌ ده‌گێڕێته‌وه‌، تا ئه‌مانیش وه‌ك ئه‌و جوله‌كانه‌ ڕا نه‌كه‌ن له‌ ده‌ست دوژمن و ولاَتیان بۆ چۆڵ نه‌كه‌ن، ئه‌گینا وه‌ك ئه‌وانیان به‌سه‌ر دێت و، زه‌لیل و سه‌رشۆڕ ده‌بن، چونكه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ ده‌ست مردن ڕابكات سه‌ره‌نجامی‌ سه‌رشۆڕیی‌ و ئاواره‌ییه‌، هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌و شاعیره‌ی كه‌ ده‌ڵێت:
یری‌ الجبنا‌ء أن الجبن حزم                     و تلك خدیعة الطبع اللئیم
بۆیه‌ ئایه‌ته‌كه‌یش ده‌فه‌رمووێت: (ألم تری‌ إلی‌ الذین خرجوا من دیارهم و هم ألوف حذر الموت..)  واته‌: ئایا زانست و زانیاریت نییه‌ به‌ كه‌سانێك كه‌ له‌ ولاَت و ناوچه‌ی‌ خۆیان ده‌رچوون له‌ كاتێكدا هه‌زاره‌ها كه‌س بوون له‌ ترسی‌ مردن و له‌به‌ر خۆشه‌ویستی‌ گێتی‌.. به‌لاَم له‌ تۆڵه‌ی‌ ئه‌وه‌دا خوا فه‌رمووی‌ (موتوا..) ئاده‌ی‌ بمرن.! واته‌ ڕاكردن له‌ ده‌ست دوژمن و هه‌ڵهاتن و به‌جێ هێشتنی‌ ولاَت و نیشتمان مردنه‌.! هیچ كات مرۆڤ له‌ مردن ڕزگاری‌ نابێ، چونكه‌ مردن به‌ ده‌ست خوایه‌.(2)
(ثم أحیاهم ..) ئینجا زیندووی‌ كردنه‌وه‌، چۆن.؟! ئایا دوای‌ مردن زیندووی‌ كردنه‌وه‌.؟ ئایا دوای‌ ئه‌وان تاقمێكی‌ تر هاتنه‌ جێگایان و ئه‌وان وه‌ك ئه‌مان ترسنۆك نه‌بوون و له‌ ده‌ست دوژمن ڕایان نه‌كرد خوایش ژیانی‌ پێ به‌خشین.؟ ئه‌مانه‌ هیچیان ڕۆشن نه‌كراونه‌ته‌وه‌، كه‌وابوو بۆ ئێمه‌ش پێویست نییه‌ بڕۆین به‌ دوای‌ بۆچوون و چه‌ندین جۆره‌ وته‌یه‌كی‌ تردا.. (إن الله لذو فضل علی‌ الناس) بێگومان خوای‌ گه‌وره‌ به‌خشنده‌یه‌ به‌رامبه‌ر به‌ مه‌ردووم، به‌لاَم (ولكن أكثر الناس لایشكرون..) زۆربه‌یان سپڵه‌ن و سوپاسگوزاری‌ ناكه‌ن.!
له‌م چه‌ند وتووێژه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ به‌شێك له‌و ڕوداوه‌مان بۆ ڕۆشن ده‌بێته‌وه‌، بۆمان ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ بۆچی‌ خوای‌ گه‌وره‌ ده‌یگێڕێته‌وه‌ بۆ چینی‌ یه‌كه‌می‌ موسڵمانان، بۆمان ڕوون بووه‌وه‌  كه‌ پێویسته‌ خۆشه‌ویستی‌ گێتیی‌ و ترس له‌ مردن كارمان تێ نه‌كات و له‌ جیهاد دوامان نه‌خات و وه‌ك ئه‌و گه‌له‌ ترسنۆكه‌ نه‌بین، چونكه‌ مردن و ژیان به‌ ده‌ست خوایه‌، بۆیه‌ ده‌فه‌رمووێت: [وقاتلوا فی سبیل الله واعلموا ان الله سمیع علیم..] بجه‌نگێن له‌ ڕێی‌ خوادا نه‌ له‌ به‌ر خاتری‌ شتی‌ تر، له‌ ژێر ئالاَی‌ خوادا نه‌ له‌ ژێر ئالاَیه‌كی‌ تر، بجه‌نگێن چونكه‌ ژیانی‌ مه‌ردانه‌و سه‌ربه‌رزیتان به‌ جیهاده‌وه‌یه‌، بجه‌نگێن تا زه‌ویی‌ و زارتان و باغ و بێستانتان و خۆتان و خاو خێزانتان له‌ ژێر چه‌پۆكی‌ سته‌مكاران وه‌ دوور بگرن، بجه‌نگێن و هۆ جه‌نگییه‌كان ئاماده‌ بكه‌ن، بجه‌نگێن عیززه‌ت و سه‌رفرازیتان به‌ جیهاده‌وه‌یه‌(3). بجه‌نگێن هه‌ر گه‌لێك له‌ جیهاد ڕابكات وه‌ك كۆمه‌ڵی‌ به‌نی‌ ئیسرائیلییه‌كانی‌ لێ‌ ده‌قه‌ومێ: [ألم تر إلی‌ الذین خرجوا من دیارهم..] بێگومان خوای‌ گه‌وره‌ ژنه‌واو زانایه‌، ده‌زانێ چه‌نده‌ هێزو پێزتان هه‌یه‌، ده‌زانێ‌ چه‌نده‌ ئاماده‌ییتان هه‌یه‌، چه‌نده‌ ده‌سه‌لاَتتان هه‌یه‌، به‌ وته‌ی‌ ترسنۆكه‌كان هه‌ڵنه‌خڵه‌تێی، نه‌ڵێیت ئێمه‌ چی بكه‌ین، ئێمه‌ چیمان له‌ ده‌ست دێ.؟ مه‌گه‌ر خوا خۆی‌ چاری‌ ئه‌و دوژمنه‌ بكات، ئه‌گه‌ر شتێكمان پێ بكرابایه‌ دا نه‌ده‌نیشتین.!

* [ألم تر إلی‌ الملأ من بنی اسرائيل من بعد موسی‌ اذ قالوا لنبي لهم ابعث لنا ملكا نقاتل فی سبیل الله].!
خوێنه‌ری‌ ئازیز... ئه‌وه‌ بوو له‌ داستانی‌ پێشوودا تاقی‌ كردنه‌وه‌یه‌كمان كه‌وته‌ به‌ر ده‌ست، ئه‌ویش ئه‌وه‌بوو كه‌ هه‌ر كه‌سێك له‌ مردن ڕابكات و له‌ جیهاد ده‌ست هه‌ڵبگرێ، ئه‌وه‌ له‌ مردن ڕزگاری نابێت، بێجگه‌ له‌وه‌یش خوای‌ گه‌وره‌ یه‌خسیرو سه‌ر شۆڕی‌ ده‌ستی‌ دوژمنانی‌ ده‌كات.، له‌م داستانه‌شدا وانه‌یه‌كی‌ چاكمان ده‌ست ده‌كه‌وێ، ئه‌وه‌ بوو كاتێك به‌نی‌ ئیسرائیلیه‌كان موڵك و سامان و ولاَتیان له‌ ده‌ستدا به‌ هۆی‌ ترسی زاڵمیی‌ و ڕاكردن له‌ دوژمن، شوێنه‌ پیرۆزه‌كانیان لێ زه‌وت كراو دیلی‌ ده‌ستی‌ دوژمن بوون، دوای‌ ئه‌و كه‌وتنه‌یان بیریان كرده‌وه‌و دڵیان به‌ خه‌به‌ر هاته‌وه‌و سۆزی‌ جیهادیان كه‌وته‌وه‌ مێشك، بۆیه‌ داوا ده‌كه‌ن و ده‌ڵێن: (إبعث لنا ملكا..)، به‌لاَم هه‌رچه‌نده‌ ڕاپه‌ڕینی‌ عه‌قیده‌یی‌ و باوه‌ڕه‌، كه‌چی‌ هێشتا پێویستیان به‌ تاقیكردنه‌وه‌یه‌ك هه‌یه‌، چونكه‌ (كۆمه‌ڵ و ده‌سته‌) هه‌یه‌ چه‌ند زوو دڵیان گه‌رم ده‌بێت زووش سارد ده‌بێته‌وه‌، بۆیه‌ كاتی‌ تاقیكردنه‌وه‌ زۆربه‌یان ده‌رنه‌چوون و به‌پێی‌ به‌رنامه‌ی‌ فه‌رمانده‌كه‌یان نه‌جوولاَنه‌وه‌، سه‌ره‌نجام خۆیان كێشایه‌ كه‌ناره‌وه‌، كه‌مێكیان نه‌بێت، به‌لاَم چونكه‌ ڕاپه‌ڕینی‌ ناخ و باوه‌ڕ بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و ناته‌واویی‌ و لاوازییه‌ش كه‌ هاته‌ به‌رده‌میان، له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆ كێشانه‌وه‌یه‌ی كه‌ پۆل پۆل له‌ ڕێگه‌دا تووشیان هات، سه‌ره‌نجام ده‌سته‌یه‌كی‌ كه‌می‌ خاوه‌ن بڕوایان سه‌ركه‌وتن به‌ هۆی‌ ئارامیی‌ و خۆڕاگرتنیان له‌ مه‌یدانی‌ جیهاددا.
 شتێكی‌ تری‌ به‌ كه‌ڵمان ده‌ست ده‌كه‌وێ ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كه‌  دڵگه‌رمی‌ كۆمه‌ڵ – زۆرجاران –فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌كان فریو ده‌دات، (ئه‌گه‌ر به‌ خێرایی‌ به‌ گوێیان بكرێ و تاقی‌ نه‌كرێنه‌وه‌)، كه‌وا بوو پێویسته‌ زۆر به‌ ووردی‌ هه‌ڵسه‌نگێرێن و تاقی‌ بكرێنه‌وه‌ پێش ئه‌وه‌ی بانگی جیهاد بدرێ و مه‌ردووم ببرێته‌ گۆڕه‌پانی‌ جه‌نگه‌وه‌.. هه‌ر وه‌ك ئه‌م پێغه‌مبه‌ره‌ خۆشه‌ویسته‌ دڵگه‌رمی‌ میلله‌ت تینی‌ تێ نه‌كردو فه‌رمانده‌یه‌كی‌ بۆ دانان و تاقیشی‌ كردنه‌وه‌.، به‌ڵێ‌ پیاو ماقوڵه‌كانیان چوونه‌ لای‌ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌یان داوایان كرد: فه‌رمانده‌یه‌كیان بۆ دیاری‌ بكات و بڕۆنه‌ جه‌نگه‌وه‌.. ئه‌میش فه‌رمووی‌ [هل عسیتم إن كتب علیكم القتال ألا تقاتلوا..] واته‌: ئایا نزیك نین به‌وه‌وه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر جه‌نگتان فه‌رزكرایه‌ سه‌ر، جه‌نگ نه‌كه‌ن.؟! ئه‌وانیش قسه‌كه‌یان پێ ناخۆش بوو، به‌ ته‌واوی‌ گه‌رم بوون و وتیان: [وما لنا ألا نقاتل فی سبیل الله وقد أخرجنا من دیارنا وأبنا‌ءنا...] ئێمه‌ چۆن جه‌نگ ناكه‌ین له‌ ڕێگه‌ی‌ خوادا، له‌ كاتێكدا له‌ ولاَت و ماڵ و منداڵ ده‌ركرابین .؟! به‌ڵێ‌، ئه‌و قسه‌ پڕ له‌ سۆزو به‌تینه‌یان كرد، به‌لاَم ئه‌وان ئه‌وه‌نده‌ی پێ نه‌چوو ئه‌و هه‌موو دڵ گه‌رمییه‌یان كوژایه‌وه‌و زۆربه‌یان تووشی‌ شلكه‌ بوون و پاشه‌كشێیان كرد.؟! وه‌ك ئایه‌ته‌كه‌ ده‌فه‌رمووێت: [فلما كتب علیهم القتال تولوا إلا قلیلا منهم..] كاتێ جیهادو جه‌نگ درا به‌ سه‌ریاندا – ته‌ماشات كرد – هه‌ڵهاتن و ڕایان كرد كه‌مێكیان نه‌بێت.
 ئه‌مه‌ هه‌رچه‌نده‌ باوو نه‌ریتی‌ جوله‌كه‌كان بووه‌، بێ په‌یمانیی و، بێ وه‌فایی‌ پیشه‌یان بووه‌، ده‌بێ فه‌رمانده‌و سه‌ركرده‌كان بزانن كه‌ ئه‌مه‌ شتێكی‌ سرووشتییه‌و له‌ هه‌موو ده‌مێكدا دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌، به‌ تایبه‌ت له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا كه‌ تاكه‌كانی‌ په‌روه‌رده‌یان ته‌واو نه‌بووبێت.
كه‌وا بوو پێویسته‌ فه‌رمانده‌كان وریاو زیره‌ك بن و له‌م داستانه‌ كه‌ڵگ وه‌ربگرن، شوێنی‌ دڵگه‌رمی‌ مه‌ردم نه‌كه‌ون، تا چاك تاقی‌ نه‌كرێنه‌وه‌و نه‌برێنه‌ گۆڕه‌پانی‌ جیهاده‌وه‌، هه‌روه‌ها پێویسته‌ به‌ یه‌ك تاقیكردنه‌وه‌ قه‌ناعه‌ت نه‌كرێ، چونكه‌ زۆربه‌ی‌ (به‌نی‌ ئیسرائیل)ییه‌كان – دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ وتیان ئێمه‌ چۆن ئاماده‌ی‌ جه‌نگ نابین – هه‌ڵهاتن و درۆیان كرد، ته‌نها كه‌مێكیان نه‌بێت ئه‌مانیش ئه‌وانه‌بوون له‌ گه‌ڵ (تالوت) ڕۆیشتن، به‌لاَم دوای‌ هێنانه‌وه‌ی‌ به‌ڵگه‌یه‌كی‌ زۆر بۆ شیاوی‌ تالوت بۆ پێشه‌وایی‌.، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ر له‌ یه‌كه‌م جاره‌وه‌ به‌زین و پسان، تا تاقیكردنه‌وه‌ بۆ جاری‌ دووه‌م، بۆیه‌ ده‌فه‌رمووێت: [فلما فصل طالوت بالجنود قال: إن الله مبتلیكم بنهر فمن شرب منه فلیس مني ومن لم یطعمه فانه مني إلا من اغترف غرفة بیده، فشربوا منه الا قلیلا منهم] واته‌: كاتێ (تالوت) خۆیی و سوپاكه‌ی‌ جیابوونه‌وه‌و ئاماده‌ی‌ ڕۆیشتن بوون، فه‌رمووی‌: بێگومان خوا تاقیمان ده‌كاته‌وه‌ به‌ (ڕووبارێك) (4) جا هه‌ر كه‌سێك لێی‌ بخواته‌وه‌ ئه‌وه‌ سه‌رپێچی‌ كردووه‌و ئیتر له‌ من نییه‌، چونكه‌ فه‌رمانه‌كه‌ی‌ شكاندووه‌و به‌ كه‌ڵكی‌ سه‌ربازی‌ نایه‌ت، ئه‌و كه‌سه‌یش لێی‌ نه‌خواته‌وه‌ – مه‌گه‌ر لویچێك نه‌بێ – ئه‌وه‌ له‌ منه‌و سه‌ربازێكی‌ گوێڕایه‌ڵه‌، به‌ڵێ‌ هه‌ر هه‌موویان له‌ ڕووباره‌كه‌یان خوارده‌وه‌ ته‌نها كه‌مێكیان نه‌بێت.(5)
كه‌وابوو تاقیكردنه‌وه‌ی‌ سه‌ربازو سوپا چه‌ند جارێك پێویسته‌: ئه‌وه‌تا نموونه‌ی‌ زیندوومان له‌ ئایه‌ته‌كه‌وه‌ له‌به‌ر ده‌سته‌، له‌ پێشه‌وه‌ ئاماده‌یی‌ خۆیانیان ده‌ربڕیی‌ و داوای‌ جیهادیان كرد، كاتێ  فه‌رمانده‌یان بۆ دیاری‌ كرا به‌ چه‌ند بیانوو و مینگه‌ مینگ كردن جا قبوڵیان كرد.. به‌لاَم ئه‌م فه‌رمانده‌یه‌ زۆر وورده‌، ده‌یه‌وێ – به‌ فه‌رمانی‌ خوا – درۆو ڕاستیی و ڕاده‌ی‌ دڵسۆزیان ده‌ربخا، بۆیه‌ فه‌رمووی‌: [إن الله مبتلیكم بنهر..] ئه‌وانیش له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا سه‌رنه‌كه‌وتن و له‌ به‌رده‌م هێزی‌ دوژمندا تێكشكان: [فلما جاوزه هو والذین آمنوا معه قالوا لا طاقة لنا الیوم بجالوت و جنوده]، كه‌مێكیان نه‌بێت په‌نایان برد به‌خوای‌ خۆیان و وتیان: [كم من فئة قلیلة غلبت فئة كثیرة بإذن الله والله مع الصابرین]، زۆر ده‌سته‌ی‌ كه‌م هه‌یه‌ سه‌ركه‌وتوو و زاڵ بووه‌ به‌ سه‌ر دوژمندا به‌ یارمه‌تی‌ خوای‌ گه‌وره‌، وه‌ خوای‌ گه‌وره‌ – جل جلاله‌ – له‌ گه‌ڵ ئارامگراندایه‌.
سه‌ره‌ڕای‌ هه‌موو ئه‌مانه‌، ئه‌م خالاَنه‌شیان ده‌ست ده‌كه‌وێ:
1. ناسینی‌ هه‌موو كه‌سێك له‌ جێگه‌ی‌ خۆیدا.
2. فریو نه‌خواردنی‌ فه‌رمانده‌ به‌ دڵگه‌رمی‌ ڕواڵه‌تییانه‌ی‌ گه‌ل و جه‌ماوه‌ر.
3. قه‌ناعه‌ت نه‌كات  به‌ یه‌كجار تاقیكردنه‌وه‌.
4. پێش ئه‌وه‌ی‌ سه‌ربازه‌كان بڕۆنه‌ گۆڕه‌پانه‌وه‌، تاقییان بكاته‌وه‌.
5. گێڕانه‌وه‌ی‌ ئه‌وانه‌ی‌ ده‌روون به‌زیوون له‌ناو سوپاكه‌دا.
6. ئه‌و دڵه‌ی‌ به‌سراوه‌ به‌خواوه‌، به‌ ئارامه‌، هه‌موو شتێك به‌ لاواز دێته‌ پێش چاوی‌، بۆیه‌ ده‌ڵێن: [كم من فئة قلیلة غلبت فئة كثیرة بإذن الله والله مع الصابرین].
   
(ربنا أفرغ علینا صبرا وثبت أقدامنا وانصرنا علی‌ القوم الكافرین.. وماالنصر الا من عند الله العزیز الحكیم.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

(1) (سید قطب) ده‌فه‌رمووێت: ئێمه‌ش خۆمان ناده‌ینه‌ ئه‌و به‌ره‌و ژووركێیه‌: ئایا ئه‌وانه‌ كێ بوون . ؟ وه‌ له‌ چ جێگایه‌كا بوون.؟ وه‌ له‌سه‌رده‌می‌ كێدا بوون.؟ چونكه‌ ئه‌گه‌ر پێویست بووایه‌ خوای‌ په‌روه‌ردگار بۆمانی‌ دیاری‌ ده‌كرد.
(2) چۆن مردن.؟ چۆن پێی‌ وتن.؟ ئایا به‌ هۆی‌ ئه‌و ترس و بیمه‌وه‌ بوو.؟ یا به‌ هۆیه‌كی‌ تره‌وه‌ بوو.؟ ئه‌مانه‌ هیچیان ڕۆشن نه‌كراونه‌ته‌وه‌، دیاره‌ پێویست نییه‌ ئه‌گینه‌ بێگومانم ڕۆشن ده‌كرایه‌وه‌، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌وه‌ی‌ گرنگ بێت ئه‌مه‌یه‌ كه‌: ولاَت چۆڵ كردن و ڕاكردن له‌ مردن هیچ كات له‌ مه‌سه‌له‌كه‌ ناگۆڕێ و مردنیان دوا ناخات/ فی ظلال القرآن.
(3) وقد اتفق الفقها‌ء علی‌ ان العدو اذا دخل دار الاسلام یكون قتاله فرض عین. واته‌ زاناكان هه‌موویان هاو ده‌نگن له‌وه‌دا كه‌ هه‌ر كات دوژمن هاته‌ ناو خاكی‌ موسڵمانان جیهاده‌كه‌ ده‌بێته‌ فه‌رزی‌ (عین).
(4) ئه‌م ڕووباره‌ پێی‌ ده‌ڵێن: (ڕووباری‌ شه‌ریعه‌) له‌ نێوان ئه‌رده‌ن و فه‌له‌ستیندایه‌.
(5) صفوة التفاسیر ده‌ڵێت: (سه‌ددی‌) ده‌ڵێت (80) هه‌زار كه‌س بوون، (76) یان لێیان خوارده‌وه‌، (4) هه‌زاریان مانه‌وه‌. وه‌هه‌ندێكیشیان ده‌ڵێن: ئه‌مانه‌یان له‌ تاقیكردنه‌وه‌ ده‌رچوون (313) كه‌س بوون به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ پێشمه‌رگه‌و هاوه‌لاَنی‌ ڕۆژ ی به‌در .


   ‌ 3623 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/03/2014

123
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook