<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
هزری مامۆستا
ئازادی مرۆڤ لە نەیاریی و ڕەخنە گرتندا

ئازادی مرۆڤ  لە نەیاریی و ڕەخنە گرتندا

ئەحمەد كاكە مەحموود

مەسەلەی نەیاریی و ڕەخنەگرتن لەهەر موسوڵمانێك، هەتا دەگاتە (خەلیفە)ش لە هەر بابەتێكدا، بە مەبەستی دەركەوتنی باری ڕاستی لەو مەسەلەیەدا، لە ئیسلامدا دەرگا واڵایە بۆ گەورەو بچوك، ژن و پیاو، خوێندەوارو نەخوێندەوار، بەڵكو گەلێ‌ جار پێغەمبەری خوا  دەیفەرموو: (أشیروا علیّ أیها الناس) چیتان پێباش نییە، فەرموون بەیانی بكەن و ڕەخنە بگرن، هاوەڵانیش هەر شتێكیان بە خزمەتی دین و لە بەرژەوەندی كۆمەڵگەدا زانیبا، بە ڕاشكاوی دەیان دركان، ئەویش  گوێی بۆ دەگرتن و بیرو ڕاكەی لێوەردەگرتن و كاری پێدەكرد، لە (بەدر) و لە چەند جێگایەكی تردا كە (حەباب)ی پسپۆڕ لە كاروباری سەربازیدا بە پێغەمبەری دەگوت : مەگەر بە وەحیە ئەم لەشكرە لەم جێگایەدا بێ‌ ..؟ ئەگەر وابێ‌، ئەوا قسەیەكمان نیە، ئەگەر نا ئەم جێگایە بە باش نازانم...!

جا بۆ دواییش هاوەڵانی پێغەمبەر  هەر لەسەر بنەمای رەخنەو ئازادیی لە بیرو بۆچووندا كاریان دەكرد.. خۆ دنیا دەزانێ‌ كە (سەقیفە) و (بەنی ساعیدە) چ میمبەرێكی ئازاد بوون، بۆ ڕەخنەو ڕاگۆڕینەوەی (ئەنصار) و (موهاجیر) –بەتایبەتی- لە دانانی خەلیفەدا.

(ئەبووبەكر)یش  هەر كە پۆستی خەلافەتی وەرگرت، فەرموی: هەتا لەسەر هەقبم، هاوكاریم بكەن، خۆ ئەر دیتان هەقڕەو نیم و رێگەم هەڵە كردووە، بمخەنەوە سەر ڕێی راست.

ئەی (عومەر) هەر كە پۆستی خەلافەتی وەرگرت، نەیفەرموو: دەخیلتانم، هەر كامێكتان هەڵەیەكی لێ‌ دیتم، بۆ خوا ڕاستی بكاتەوە ؟ ئەوساش یەكێ‌ لە گوێگران گوتی: سوێندبێ‌ بە خوا ! هەر هەڵەیەكمان لێ‌ بینیت بە شیر راستی دەكەینەوە!، ئەی ئەمە كە رۆژێ‌ (عومەر) چوویە سەر میمبەرو، ویستی سنورێك دیاری بكات بۆ مارەیی ژنان، چونكە لەو سەردەمەدا زێدە ڕۆیەكی زۆر لە مارەیی ژناندا دەكراو، كچان و كوڕان نەیان دەتوانی بە ئاسانی هاوسەری بكەن، ئەمیش – لە رووی ئەوەوە كە خەلیفەیەو، دەبێ‌ هەمیشە بەرژەوەندیەكانی گەل لە بیر نەكات – لە سەر میمبەری نوێژی هەینی ئەو مەسەلەیە خستە پێش چاوو ورووژاندی، كەچی ژنە قورەیشییەكی لێهەڵپەڕیی و گوتی: مەگەر ئەو ئایەتی: وَآتيتمْ إِحدَاهنَّ قنطَارًا (النسا‌ء: ٢٠) واتە: ئەر كلوورێ‌ ماڵتان كردبوویە مارەیی ژنەكانتان نابێ‌ هیچیان لێ‌ بسێننەوە، بەڵگەی ئازادیە بۆ ژنان لە دانانی مارەیی خۆیاندا؟ ئەوسا پێشەوا(عومەر) تەسلیم بووو گوتی: (أصابت امرأة وأخطأ عمر..) واتە: ژنێك هەقی پێكاو، عومەر هەڵەی كردو نەی پێكا.

یان ئەو ڕۆژە كە لەسەر میمبەری نوێژی هەینیدا گوتی: خەڵكینە! ببیسن و فەرمانبەربن، كەچی (سەلمانی فارسی) هەڵدەسێتەوەو دەڵێ‌: نابیسین و فەرمانبەریش نابین، چونكە جلكەكانی تۆ تێروتەسەل و رەسایە لە بەرتا، لە كاتێكدا ئەمانەی ئێمە، كورت و ناتەواوو ناڕەسایە لە بەرماندا، دەبێ‌ ئەمەمان بۆ ڕوون بكەیتەوە، ئەوجا گوێ‌ دەگرین، ئەویش شایەتی راستەوە كرد كە: ئەو برایە بەشە قوماشەكەی خۆی بەخشیوە بە خەلیفە، واتە: جلكەكانی لە بە شەكەی خۆیی و ئەو برایە دروووە.. ئینجا كە خەڵكە قەناعەتی كرد، گوتیان: دەسا فەرموو درێژە بە قسەكانت بدەو وتارەكەت تەواو بكە.. باشە! ئەی ئەمانە مانای ئازادی نەیاریی و ڕەخنە گرتن نین لە ئیسلامدا؟!

ئەی زانای پایەبەرز (مەودوودی – خ) لەو ڕەشنووسەدا بۆ دەستوری (پاكستان)ی ئامادە كردبوو، تێیدا نەینووسیبوو كە بۆ غەیرە دینیەكان – ئەوانەی لە ژێر چاودێری دەوڵەتدان – رەوایە هەر شك و گومانێكیان هەبێ‌، لەبارەی ئایدۆلۆژیای ئیسلام و دروشمەكانیەوە، دەری ببڕن، واتە: دەتوانن وەكو رەخنەو ئیشكال پێشنیاری بكەن. (مقترحات الدستور الاسلامی – للباكستان).. سەرباری ئەمانە هەموو، پێغەمبەرمان (محمد ) دەفەرموێ‌: ((الدین النصیحة)) واتە: پایەی گرنگی ئەم دینی ئیسلامە، رەخنەو ئامۆژگارییە، بە پێغەمبەریان گوت  ئامۆژگاریی و رونكردنەوە دەربارەی كێ‌..؟ فەرمووی: ((لله ولرسوله ولكتابه ولأئمة المسلمین و عامتهم)). لەمەڕ خواو پێغەمبەرەكەیەوە، باسی بوون و وجودی خواو، تاك و تەنهایی خواو، راست و دروستی بەرنامەكەی خوا، ئەوجا گەورەیی مەزنی پێغەمبەرو، دركاندنی هەر كاروبارێك لات روون نەبێ‌، هەروەها ئامۆژگاریی و رەخنەو فەرمانبەری پێشەوایانی موسڵمانان، دواتر ئامۆژگاریی و رونكردنەوە بۆ سەرجەم موسڵمانان . خۆ ئەگەر چاوێكیش بە قورئاندا بخشێنین، دەبینین لە بارەی رەخنە گرتنەوە – لە هەموو بوارێكدا – ئایەت گەلێكی تێدایە، بۆ نمونە:

* أفلاَ يتدَبرُونَ القرْآنَ أَمْ على قلوبٍ أَقفالها (محمد: ٢٤). واتە : ئاخۆ لە قورئان رانامێنن، یان دڵیان داخراوە؟.

* أَفلاَ يتدَبرُونَ القرْآنَ وَلوْ كانَ منْ عندِ غيرِ اللهِ لوَجدُوا فيهِ اختلاَفا كثيرًا (النسا‌ء: ٨٢) واتە: مەگەر ئەوانە لە قورئان ورد نابنەوەو، بەوردی سەرنجی نادەن، وا ئێستا بە شك و گومانن لێی و، رەخنە دەگرن؟! بێ‌ شك ئەگەر كارو بەرنامەی كەسێكی تر بوایە – بێجگە لە خوا – بێگومان دژایەتی و ناكۆكیەكی زۆریان تێدا دەدیت.

* ما لكمْ كيفَ تحكمونَ (الصافات: ١٥٤). بۆچی وا بڕیار دەدەن و بیردەكەنەوە ؟

سه‌رچاوه‌/ بۆچوون و فه‌تواكانی‌ مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه مه‌حموود

   ‌ 4243 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
31/03/2014

123
هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook