<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
دیمانه‌ی تایبه‌ت به‌مامۆستا
دیداری بەرێز دکتۆر صباح بەرزنجی - ديدارى (٢)

لە ساڵیادی کۆچی دوایی مامۆستای زانا و نووسەری دانای کورد (ئەحمەد کاکە مەحموود) دا،

پەیڤێک بۆ قەدردانی لە مەلای کورد.

زۆرجار لە لاپەڕەی رۆژنامەو گۆڤارەکاندا، کە باسی زانای ئایینی دەکرێت، بەزمانێک و بە دەربڕینێکی دوور لە راستیی و دادگەری گوزارشت لەم کاراکتەرە گرنگەی ناو کۆمەڵگای مسوڵمان دەکرێت و تەنانەت لەناو حیزبە ئیسلامییەکاندا وەکو پێویست قەدرو حورمەتی لێناگیرێت، وەک بڵێیت قەدر نەگرتن لە (مامۆستا) بووبێتە خاڵی ھاوبەشی ناو (سیاسی و سیاساوییەکان)، غافل لەوەی زانای ئایینی (راستەقینە) وەک ئەوەی لە میراسی فەرھەنگیی و ئەدەبیماندا نەقشی بەستووە، ھەمیشە سەردەستەی کەسانی ژیرو زاناو ئەدیب و نووسەرو ھەڵکەوتوو بووە، بەشێک لەم بآ میھریی و کەم لوتفییەی خەڵکی (رۆشنبیر) وابەستەیە بە (کەمتەرخەمی) و (سەنگەر چۆڵکردنی) مامۆستایان خۆیان و، خۆ دوورخستنەوەیان لە کایە فەرھەنگیی و سیاسیی و ڕوناکبیرییەکان، کە دیارە (شەقی زەمان) و (پیلانی) دەسەڵاتدارانیش کاریگەریی زۆریان لەسەر ئەم وێناکردنە سەلبییە ھەبووە، ئەم نووسینە پێشکەشە بە ھەموو ئەو کەسانەی تا ئێستاش نازانن (مەلا)ی کورد کێ بووەو کیێیەو مەلای (تەواو) دەتوانێت چ رۆڵێکی ھەبێت لە بنیاتنانی کۆمەلڕ و خزمەت بە گەل و بەرگریی لە بوون و شوناس، بە تایبەتی بۆ ئەو (کۆلکە خوێندەوار) و ( فەریکە رۆشنبیرانە)ی بێباکانە بە تەوسەوە پلارو بەرد دەگرنە زانای ئایینی و بەوشەی (مەلا)!!، کە دیارە لەچەمکە بنەرەتییەکەیەوە گۆڕێنراوەو وەسفی دەکەن، بآئاگا لەوەی مەلایەتی لەکاتی خۆیدا پلەیەکی زانستیی و مەعریفی بەرز بووەو تەحەددای ھەموو رۆشنبیرانی سەرساحەی کوردستان دەکەم ھەر ھەموویان بە ئەندازەی (مەلای گەورە)ی بیارەو (حاجی مامۆستا)ی نۆدشەو (ئیبنوئادەمی باڵەکی) و (مەلا گچکەی ھەولێر) و (مەلا عەبدوڵڵای بێتووشی) و (مەولانا خالید) باری مەعریفی زانستیی و ئەدەبییان پێبێت .

ئیتر باباسی (مەلای گەورەی کۆیە) ھەر نەکەین، کە لەسەردەمی خۆیدا، ریفۆرمخواز، شاعیر، فەیلەسووف، موتەکەللیم، زمانەوان و پێشەوای میللیی گەلەکەی بووە .

لەسەردەمێکدا کە کەس ئاگای لە کاریگەریی وشەو زمان نەبووە، (مەلای کورد) خاوەنی (دیوان) و (دەوات) و (قەڵەم) بووەو (ڕشتەی مرواری) و (فەرھەنگی خال) و (ئەحمەدی) و (دووڕشتە)ی نووسیوە .

(سەیید ئەحمەد فائیز) لە ئەستەمبوولڕ ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای مەعاریف بووەو شاکاری (کنز اللسن)ی بەیادگار بۆ بەجێھێشتووین .

(مەلا خدری نالی) لە مەککە بووەتە (مەرجیعی) زمانەوانی و سەفیری (عولەمای کوردستان بووە لەناو زانایانی (حەرەمەین) دا .

(مەلا مەحموودی حەمزاوی) موفتی شام بووەو  تەفسیری بآ نوقتەی لە قورئان کردووە، لە دووبەرگی گەورەدا، کە کارێکی ئێجگار سەرسوڕھێنەرە، لە رووی ئەدەبیی و عیرفانییەوە .

شانازییە ئەدەبی و کەلتوورییەکانی ئێمە لەسەرەتای (خۆناسین)ی کوردو (دەفتەر نووسین)ـەوە، زۆرینەی زۆری لەحوجرەکانی کوردستاندا بەرھەمھاتووە، لەو حوجرانەدا ھەرکەسێک کەمێکیشی خوێندبآ، دوایی لە زمان و ئەدەبیاتدا لە (مەکتەبلییەکان) پڕترو زاناتربووە، بەڵگەشم بۆ قسەکانم ئەوەیە، ھەموو پێشەواکانی ئەدەبیات و شیعری نوێی کوردی، پەروەردەی بەردەستی زانایانی حوجرەو فەقى ھەژارو لانەوازەکانی ناو مزگەوتەکانی کوردستان بوون، (عەبدوڵڵا بەگی گۆران، فایەق بێکەس، قانیع، زێوەر، پیرەمێرد، ھەردی، شێخ نووری شێخ ساڵح) و دەیان و سەدانی تر لە نووسەرانی ھەرچوار پارچەی کوردستان، ئەگەر لاپەڕەکانی ژیانیان ھەڵدەینەوە، دەبینین سەرەتا بەکەلتوورو فەرھەنگ و ئەدەبیاتی حوجرەکان زمانیان پژاوە، ھەژاری موکریانیی و ھێمنی ھاوڕێی، ئەو ئەدەبە بەرزو زمانە پاراوەیان لە کوێوە ھێناو؟ کآ فێری کردن؟ زەبیحی و قزڵجی و موفتیزادە کى فێری فەرھەنگ نووسین و مەولەویناسیی و پێکەنینی گەدای کردن؟ ئەم قسانە تەنھا مشتێکن لە خەرواری ئەو رۆڵە بنەڕەتی و دامەزرێنەرەی زانایانی مزگەوت بەگەلی کوردیان کردووە، ئەو زانایانەی بە تەوازوع و تەساموحێکی زۆرەوە، ھەم پەیامداری ئیسلامەتی و ھەم مەشخەڵداری زانست و رووناکبیری و ھەم عەلەمداری شۆڕش و بەرخۆدان بوون، ھەر بۆیە کەمکردنەوە لەنرخ و بایەخیان، لە راستیدا بەمانای سڕینەوەی شوناسی راستەقینەی گەلی کوردە لە تۆماری مێژووی گەلانی رۆژھەڵاتدا .

لەم ڕوانگەوە پێویستە بڕوانینە میژووی رابوونی ئیسلامی کوردستان، کە بەبآ پێچ و پەنا درێژەی کاروانی سپی و سەوزی زانا گەورەکانی پێشوومانە لە ھەرسێ رەھەندی ئاینداریی و سیاسەت و کەلتووردا، رابوونی ئیسلامیی دووبارە گێڕانەوەی پێگەی زانایانی ئاینییە، بۆ کاریگەربوون لەسەر ئاکارو ئایینی خەڵک، لەسەر سیاسەتی وڵات و لەسەر رەوتی ھۆشیاری و رووناکبیریی نەوەی نوى .

لە بنەڕەتدا ئەم بزاڤە بۆ ئەوە دروستبوو کە ئەم گەلە لە ھەموو ڕوویەکەوە سەربەخۆ بێت، لە تێگەیشتنی چەمکەکانی ئیسلامدا، نەرۆین بۆ فتوای دەرەوەی کوردستان و خۆمان موفتیی و حەکیمی حاڵی خۆمان و باری دینداری خۆمان بین، لە سیاسەتدا سەربەخۆو خاوەنی ئیرادەو ئیدارەی خۆماڵی بین، لە کەلتوورو ئەدەبیشدا خودانی ئەدەب و فەرھەنگی رەسەن و سەربەخۆبین، چاولێگەرو لاساکەرەوەی تووتی ئاسا نەبین .

ئەگەر سیاسییەکان، ئەدیبەکان، دیندارەکان، بە باشی سوودیان لەم رابوونە وەرگرتبا، دەستباریان گرتباو رێزیان لە مەلای راستەقینەی کورد وەکو پێویست گرتبا، بە دڵنیایی کارمان ھەنووکە لە ھەموو ڕوویەکەوە باشتر دەبوو، ئەو دەستەبەندی و ریزبەندییە سیاسییە دەستکردو نامۆیە پێشنەدەھات و ئەو ھەموو پێشھاتە ناھەموارە نەگونجاوەش رووی نەدەدا.

من ناڵێم ھەموو (مەلایانی کوردستان) بە پێی مەرج و مواێەفاتی زانا پێشینە گەورەکانن، بەڵام خۆ ھەرھەموویان ئەو ویست و تمووحەیان ھەیە رێبوارێکی ئەو ڕێگایە بن و زۆربەشیان ئەوەندە تەوازوع و تەساموحیان ھەیە کە لەو کەسانەی زاناترو داناترن فێری ئیتیکی خوێندنەوەو نووسین و توێژینەوە بن .

لە ساڵیادی کۆچی دوایی زانای ئایینی و نووسەری خامە ڕەنگینی رابوونی ئیسلامیی (مامۆستا ئەحمەدی کاکە مەحموود) دا دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو راستییە بکەمەوە، کە ئەم پیاوە نموونەیەکی بەرجەستەی زانای سەردەمیانەی بە ھەڵوێست و بوێر بوو، ئیمتیدادی زانایانی پێشین و سەردەستەی زانا گەنجەکانی ھاوتەمەنی بوو، لە دووبارە گەڕانەوە بۆ تەدوین و توێژینەوەو خزمەت بەزمان و فەرھەنگ، تەفسیری رامانی نووسی، وەک بڕوایەکی لەبننەھاتوو بە پەیوەستبوونی پەیامی ئیسلامەتی و ئینتیمای نەتەوایەتی، لەم تەفسیرەدا تێکۆشاوە بیرو بڕوا ئاینییەکان بەلۆجیکی سەردەمیانەو زمانێکی کوردی پاراو دابڕێژێت، بەحوکمی ئەوەش لە قۆناغی کامڵبوونی تەمەنی ھزری خۆیدا ئەم بەرھەمەی نووسیوە، ھەستدەکەین پوختەی ئەزموونی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و تەنانەت کەسایەتی شەخسی خۆیی تێدا تۆمار کردووە .

ئەوەی کە گرنگە لەم وتارەدا ئاماژەی بۆ بکەم، ئەوەیە کە ئەم زانا ئاینییە لە کوى خوێندیی و چی خوێند؟ لەکام زانکۆ فێری ئەو زمانە بوو؟ لەچ کانگایەکەوە ئەم بەھرەیەی تەقییەوە؟ بۆچی زانکۆکانمان بەو ھەموو پلان و بەرنامەو مامۆستاو ئیمکاناتەوە، بەو ھەموو ئیددیعاو فەلسەفە لێدانەوە، لە بەشەکانی زمان و ئەدەب و فەلسەفەو فیقھو یاساو مێژوودا تەنانەت لە قۆناغەکانی ماستەرو دکتۆراشدا ناتوانن نووسەرو زانای وەھا بەو بارە زانستیی و مەعریفییەو بەو سەنگە سیاسی و کەسایەتییە دامەزراوەوە پەروەردە ناکەن؟

من ناڵێم : مامۆستا ئەحمەد رەخنەی لێناگیرێت و ھیچ کەم و کورتییەک لە سیرەی ژیانیدا یان لە ھەڵوێست و کارەکانیدا نەبووە، چونکە ھەرکەسێک بگریت ھەندێک خاڵی لاواز، لە تۆماری ژیانیدا دەدۆزیتەوە، بەڵام کاتێک ئەم (مەلا) حوجرە دیدەو ئیمامی مزگەوتە بەراورد دەکەم بە رۆشنبیران و دەرچووانی دەرەوەی مزگەوت و ھەموو ئەو کەسانەی لەقەبی گەورەو بڕوانامەی گەورەیان ھەیە، ھەستدەکەم مامۆستا ئەحمەد شتێکی ترە ! ئەم لە کوي و ئەوان لە کوى ؟

کاتێک بە دوای رازو سەبەبی ئەم موفارەقەو جیاوازییەدا دەڕۆم، دەبینم دەگەرێتەوە بۆ دووسەبەبی سەرەکی :

یەکەم: ئەو کاریگەرییەی مەدرەسەی قورئان و پەیامی ئایینپەروەرانەی ئیسلام، لەسەر پێکھاتەی کەسایەتی مرۆڤـ ھەیەتی، بەجۆرێکی وا کە ماھییەتی ئەو ساغ دەکاتەوەو مرۆڤێکی نەوعیی لێدروستدەکات .

دووەم : بەھێزیی ئەو مەنھەجە پەروەردەییەی کە لە حوجرەکانی کوردستان پەیڕەو کراوە، کە خوێندکار بۆ خۆی بە دوای مامۆستاو مودەرریسدا دەگەڕاو بەوردی کتێبە مەنھەجییەکانی دەخوێندو ھەوڵیدەدا لە ھەموو رشتە زیندووەکانی زمان و ئەدەب و مەنتیق و کەلام و اصول و فیقھ و تەشریع و مێژووی ئیسلامی و ئینشاو موراسەلات، شارەزا و بەھرەمەندبێت .

بە رەچاوکردنی ئەو راستییانەی سەرەوە پێویستە نەوەی نوێی کوردستان، وێنای راستەقینەی مەلای کورد لە نموونەی زیندووی کەسانی وەک مامۆستا ئەحمەدەوە بکەن، بۆ ئەوەی ھەڵە کوشندەکان دووبارە نەکەنەوە .

مەلای کورد ھەرچی بێت، دەتوانێت مەرجیعی ئایینیی و فیقھیی و ئەخلاقی گەلەکەی بێت، مەرجیعێکی باشتر لەو موفتییە عەرەب و موفەککیرە داغنەدیدانەی بەبي ئاگاداری لە واقیعی کوردستان فتوای ئامادەمان بۆ دەنێرن و ھەموو میراسیی و عیلمیی و ئایینی و فیقھیمان دەسڕنەوەو مافی پێشەوایەتی بە زانایانی خۆمان نادەن .

لە ھەمانکاتدا مەلای کورد بۆ نووسەران و ئەدیبانی کوردستان ڕێنمایەکی باشترن لەو خۆرھەڵاتناس و بەناو موفەککیرانەی لەسەر خوانی فەیلەسووفانی خۆرئاوای کەچدیدەی بەدوور لە مەعریفەی قورئانی، دەیانەوێت لە ھەموو رابردووی خۆمان لەمیراتی فەرھەنگیمان بێگانەو یاخی ببین .

 باسیاسییەکانیش بە ئیسلامیی و نائیسلامیشەوە، جارێکی تر بگەڕێینەوە بۆ بایەخدان بە عەقلڕ و ژیریی و زانستەکانی ناو حوجرەکانی کوردستان، گرەنتییان دەدەمێ کە بەھرەی زۆریان لە خزمەت زانایانی ئایینی دەستبکەوێت و بیریان بکەوێتەوە بە تەنھا دانیشتن لە گەلڕ مەلایەکی خواناس و زانای کورد بۆیان لە سەد کۆرسی وڵاتانی دیکە بەسوودترو بە ئەنجامترە!

نووسینی : پرۆفیسۆری یاریدەدەر د.ێباح بەرزنجی

ئەندامی پەرلەمانی کوردستان

   ‌ 2562 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
16/01/2015

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook