<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
وتارو بابه‌ت
له‌ ڕۆژگاری‌ ونبوونی‌ ئێوه‌دا، ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ چۆن ده‌گوزه‌رێت.؟


له‌ ڕۆژگاری‌ ونبوونی‌ ئێوه‌دا، ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ چۆن ده‌گوزه‌رێت؟

ئارام بامۆكی‌

بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌  بزافێكی‌  ڕه‌سه‌نی‌ كورده‌وارییه‌، هه‌ڵقولاَوی‌ ئێش و ئازاری‌ گه‌لی‌ كورده‌، كه‌ ده‌مێكه‌ ده‌چه‌وسێنه‌وه‌ به‌ده‌ستی‌ برا موسڵمانه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ریان، له‌كاتێكدا كورد هه‌میشه‌ مه‌چه‌كی‌  قورئان و سوننه‌ت و ئیسلامیان به‌رزكردۆته‌وه‌،  كه‌چی‌ هه‌ندێ‌ له‌ هێزی‌ عه‌ره‌ب و فارس و تورك هه‌میشه‌ چه‌كی‌ ئیسلام و دینیان به‌كارهێناوه‌ بۆ سه‌رخستن و گه‌شه‌كردنی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ خۆیان به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌كانی‌ بنده‌ستیاندا، به‌لاَم بۆ گه‌لی‌ كورد هه‌میشه‌ ئایه‌تی‌ شه‌ڕو كوشتارو وێرانكردن و كۆیلایه‌تیان ویستووه‌، بزووتنه‌وه‌ بۆ  به‌ره‌نگاری‌ له‌مه‌ دروست بوو، سه‌ركرده‌كانی‌ هه‌ستیان به‌م مه‌ترسییه‌ كرد، بۆیه‌ نه‌یانهێشت ئه‌م ڕه‌ووشه‌ له‌سه‌ر كورد به‌رده‌وامبێت، چونكه‌:

یه‌كه‌م: ئه‌مه‌ ڕۆژگارێكی‌ ترسناك بوو  بۆ سه‌ر شوناسی‌ كوردو زۆر ناجۆریش بوو له‌گه‌ڵ بنه‌ماكانی‌ ئایینی‌ ئیسلامدا.

دووه‌م: بۆ ده‌سه‌لاَت و حكومه‌ت و حیزب و سه‌ركرده‌ و زانایانی‌ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ر ( عه‌ره‌ب، فارس، تورك) شوره‌یی‌ نه‌بووه‌و نییه‌ كه‌ به‌قورئان به‌رگری‌ بكه‌ن له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌ خۆیان، به‌لاَم بۆ كورد به‌ نه‌ژاد په‌رستیی‌ و جیابوونه‌وه‌و ده‌رچوون له‌ دین و لادانه‌ له‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئیسلامی‌ چاوه‌ڕوانكراو!!.

سێیه‌م: نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد له‌ هه‌موو شۆڕشه‌كانیدا هه‌رگیز دژایه‌تی‌ ئه‌م نه‌ته‌وانه‌ی‌ نه‌كردووه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌، به‌ڵكو دژی‌ ئه‌و ده‌سه‌لاَتانه‌ بووه‌ كه‌ سته‌میان له‌ به‌رامبه‌ر كورددا كردووه‌، وه‌ ئه‌وان بۆ نه‌ته‌وه‌كانی‌ ناوخۆی‌ خۆشیان، خوا هه‌ڵناگرێ‌ له‌ سته‌مێكی‌ یه‌كساندا ده‌خولێنه‌وه‌ تا ئه‌مڕۆی‌ حازری‌!.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ زاناو سه‌ركرده‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ هه‌میشه‌ له‌م ڕوانگه‌وه‌ كێشه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌ایه‌تیی‌ و هۆشیاری‌ ئیسلامییان به‌یه‌كه‌وه‌ گرێداوه‌، ئه‌مه‌ یه‌كه‌مین هه‌نگاویان بووه‌ بۆ ده‌سپێكی‌ كاری‌ فه‌ردیی‌ و ڕێكخراوه‌یی‌ و حیزبیی‌  و حكومی‌ خۆیان،  له‌به‌ر ئه‌وه‌ شۆڕش و دروستبوونی‌  بزووتنه‌وه‌ له‌ سه‌خترین كاته‌كانی‌ نسكۆی‌  كوردیدا بوو، چ به‌ جینۆسایدی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و چ به‌ ئه‌نفال و وێرانكردنی‌ گونده‌كانی‌ كوردو ڕه‌شبگیری‌ گه‌نجانی‌ كورد، بۆ كوره‌ی‌ جه‌نگی‌ ناڕه‌وای‌ عێراق  دژ به‌ شۆڕشی‌ ئیسلامیی‌ ئێران.

له‌به‌ر ئه‌مانه‌ زۆرینه‌ی‌ سه‌ركرده‌كانی‌ كورد به‌ڕاستیی‌ و قوڵیی‌ نه‌یانده‌زانی‌ هه‌نگاو بۆ كوێ‌ ده‌نێن و كام دروشم به‌رز بكه‌نه‌وه‌، له‌ كاتێكدا بزووتنه‌وه‌ له‌ زه‌مه‌نێكی‌ كورتدا توانی‌ پانتاییه‌كی‌ فراوانی‌ سیاسیی‌ و نه‌ته‌وایه‌تیی‌ و دینیی‌ و كه‌لتوری‌ بۆ خۆیی‌ و نه‌ته‌وه‌كه‌ی‌  بنیاد بنێت و كۆگای‌ بكات، هه‌رچه‌ند له‌ زه‌مه‌نی‌ ڕاگه‌یاندنی‌ ئه‌م بزووتنه‌وه‌دا پرۆژه‌ی‌ گه‌وره‌ پێشكه‌شی‌ ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ و حاڵه‌تی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ كوردی‌ كرا، كه‌ ده‌توانم بڵێم تا ناوه‌ڕاستی‌ نه‌وه‌ده‌كان به‌رده‌وام بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ هه‌میشه‌ ئه‌و هێزه‌ ناوه‌كییه‌ی‌ هه‌بووه‌ بۆ به‌رده‌وامی‌ به‌ گه‌شه‌و هه‌ستانه‌وه‌ سروشتییه‌كانی‌ خۆیی‌ و نه‌یهێشتووه‌ ده‌ستی‌ نه‌یاره‌كانی‌ بیخنكێنن، به‌لاَم مه‌خابن ئه‌م بزووتنه‌وه‌ ڕه‌سه‌نه‌ كه‌وته‌ ده‌ست هه‌ندێ‌ سه‌ركرده‌ی‌ ناوچه‌یی‌ و لۆكاڵیی‌ و كه‌م ئه‌زموون، كه‌ له‌ جیاتی‌ دۆستایه‌تی‌ و په‌یوه‌ندیكردن له‌گه‌ڵ خه‌ڵك و جه‌ماوه‌ر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی‌ جه‌ماوه‌ر و پاراستنی‌ بنه‌ماكانی‌ ئیسلام و ڕاگرتنی‌ سیاسه‌تی‌ حه‌كیمی‌ ڕابه‌رانیان بوون، ئه‌و به‌ڵێن و به‌یعه‌ته‌ی‌ كه‌ دابوویان به‌ سه‌ركرده‌و ڕابه‌رانی‌ خۆیان بێوه‌فا بوون و به‌یعه‌تیان شكاندو به‌بێ‌ ئه‌مرو بڕیار و ڕاسپارده‌و په‌یڕه‌وی‌ ناخۆی‌ بزووتنه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تێكی‌ ناهه‌مواری‌ باری‌ سیاسیی‌ و ئه‌منیی‌ و كۆمه‌لاَیه‌تی‌ كوردیدا، هاتن به‌پێچه‌وانه‌ی‌ بنه‌ماو پره‌نسیپ و  ئه‌خلاقی‌ ئه‌و حیزبه‌و ڕاوێژ و پرسی‌ حه‌كیمانه‌ی‌ ڕابه‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یان به‌ ئاڕاسته‌ی‌ نادروست و سیاسه‌تی‌ گشتی‌ بزووتنه‌وه‌ له‌ سه‌ر ته‌رزێكی‌ سوتاو (مه‌دره‌سه‌ قیتال)یان دروستكرد، به‌لاَم بۆ كێ‌؟، بۆ مه‌رام و تێنه‌گه‌یشتنی‌ نه‌فامانه‌ی‌ خۆیان له‌لایه‌ك و دنه‌ی‌ نه‌یارانی‌ بزووتنه‌وه‌ له‌لایه‌كیترو ئاڵۆزی‌ ناوچه‌كه‌ به‌گشتیی‌ و بۆ فه‌رمانبه‌رداری‌ سه‌ر پێنه‌كه‌وتووی‌ كوردیش!! كه‌ تازه‌ به‌تازه‌ خه‌ریك بوو به‌ هه‌وڵی‌ سه‌ركردایه‌تی‌ حیزبه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كان و بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیی‌ له‌سه‌ر پێ خۆی‌ ڕاده‌گرت و داده‌مه‌زرا، نه‌خۆشه‌كانی‌ ناو حیزب به‌گوێی‌ سه‌ركرده‌ قاڵبووه‌كانی‌ خۆیانیان نه‌ده‌كرد له‌ به‌ڕێكردنی‌ ئه‌رك و ڕێنماییه‌كانی حیزبدا، كه‌ هه‌میشه‌ ڕابه‌ران و زانایانی‌ باسك ده‌یانوت ئێمه‌ به‌ چه‌كی‌ قورئان، به‌ چه‌كی‌ ئیسلام، خشتێك له‌ كۆشكی‌ كورد داده‌نێین و ماڵی‌ كورد ئاوه‌دان ده‌كه‌ینه‌وه‌، نه‌ك په‌رله‌مان، یان ئیمان بكه‌ین به‌ هاودژی‌ یه‌كدی‌، یان تموحی‌ ده‌سه‌لاَت وامان لێبكات كه‌ پشت هه‌ڵبكه‌ین له‌ ڕابه‌رو سه‌ركرده‌كانی‌ كاتی‌ سه‌ختی و دژواری‌ ڕۆژگاره‌كانی‌ ڕابردوومان.

ئێستا ڕابه‌ره‌ دیاره‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ چونه‌ته‌ باره‌گای‌ حه‌قی‌ په‌روه‌ردگاری‌ خۆیان، له‌كات و زه‌مه‌نی‌ خۆیاندا و به‌ ئێستاشه‌وه‌ كه‌ ڕۆحیان هه‌میشه‌ زیندووه‌ له‌ ناوماندا، هه‌ر پاڵپشت و هه‌وێن و كاریزمای‌ ئیسلام و نه‌ته‌وه‌ بوون بۆ بزووتنه‌وه‌ و خه‌ڵكی‌ ڕه‌شو ڕوتی‌ میلله‌تی‌ كورد، به‌لاَم نه‌ده‌بوو به‌رپرسانی‌ ئێستای‌ ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ كردار و ڕه‌فتار و گوفتار و وتاری‌ ئه‌وان له‌ بیر بكه‌ن، له‌ كاتێكدا ئه‌وان هه‌ندێ‌ له‌ شاگرده‌كانی‌ خۆیانیان بینی‌ كه‌ چۆن هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌ له‌ به‌یعه‌ت و په‌یمان و له‌ ئه‌نجامی‌ ئه‌و  هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌شیان جییان به‌سه‌ر هات و كاروبار كه‌وته‌ ده‌ست كۆمه‌ڵێكی‌ نه‌خۆش و دۆڕاوو بێئه‌زموون، وایان ده‌زانی‌ كوردستانیش قاهیره‌و به‌غدایه‌!.

ئێستا كێ‌ كوڕی‌ خانه‌خوێی‌ ناو ماڵی‌ خۆیه‌تی‌؟

ئه‌مه‌وێ‌ ئه‌وه‌تان پێ بڵێم من به‌ختێكی‌ باشم نه‌بووه‌ له‌ دوای‌ ڕۆژگاری‌ ونبوونی‌ ئه‌و پیاوانه‌ی‌ كه‌(ڕابه‌رو پێشه‌واو ڕه‌مزو قودوه‌و كاریزماو سه‌ركرده‌)بوون له‌ ناو بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامیدا، له‌به‌ر كاریگه‌ری‌ خراپی‌ ئه‌و هۆكارانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ كه‌ خستمانه‌ ڕوو.

ئه‌مڕۆ له‌ یادكردنه‌وه‌یه‌كی‌ كه‌مخوێنداین بۆ جه‌نابی‌ مه‌رحوم-انشا‌والله- مامۆستا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود، كه‌ ده‌بوو بزووتنه‌وه‌ هیچ نه‌بێت له‌ ئاستی‌ سه‌ركردایه‌تیدا چ بۆ ئه‌و و چ بۆ ڕابه‌رانی‌ پێشووتری‌ بزووتنه‌وه‌كه‌یان هه‌میشه‌و هه‌میشه‌ بۆ یادكردنه‌وه‌و به‌رز ڕاگرتنی‌ ڕۆحی‌ پاكیان، خوێنیان بدایه‌ته‌وه‌ به‌خۆیان و بزووتنه‌وه‌كه‌یان، چونكه‌ هه‌موو گروپ و حیزب و نه‌ته‌وه‌یه‌ك به‌ خوێنی‌ یادكردنه‌وه‌و له‌بیر نه‌كردنی‌ كه‌سایه‌تی‌ و ڕابه‌ران و شه‌هیدانیان زیندوو ده‌مێننه‌وه‌.

قسه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێ‌: یه‌ك ڕۆژی‌ ناخۆش به‌ئه‌ندازه‌ی‌ یه‌ك ساڵ مرۆڤ پیر ده‌كات!، ئه‌مڕۆ ئه‌و ڕۆژه‌یه‌ كه‌ من و هاوڕێكانمی‌ تێكه‌وتووه‌، وه‌لێ‌ ڕۆژگارێكی‌ بڕیده‌و درێژو سه‌خت، ژیان هه‌موو گۆڕاوه‌، به‌ پێچه‌وانه‌ی‌ ئایات و فه‌رمووده‌و ئه‌زموونی‌ سه‌دان ساڵه‌ی‌ پڕ گه‌وهه‌رو نقێمی‌ ڕابردووی‌ ڕابه‌ران و كه‌سایه‌تیی‌ و شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كانمان.

لێ‌ به‌داخه‌وه‌ ئه‌مڕۆ بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ خاوه‌نی‌ ئه‌و گوتاره‌ تۆكمه‌ و كاریگه‌رانه‌ نییه‌ كه‌ له‌ سه‌رده‌می‌ ئه‌واندا هه‌یبوو، ته‌نانه‌ت ئه‌مڕۆ ته‌واوی‌ ئۆرگان و داموده‌زگاكانی‌ نێو بزووتنه‌وه‌ی‌ ئیسلامی‌ به‌ چه‌شنێك پوكاونه‌ته‌وه‌ توانای‌ ئه‌وه‌یان نییه‌ به‌ قه‌ده‌ر سه‌نته‌رێكی‌ ئه‌هلی‌ چالاكییان هه‌بێت!، ئه‌مه‌ ده‌ردی‌ كوشنده‌ی‌ نه‌خوێندنه‌وه‌ی‌ واقیعه‌، كه‌ به‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌دا هاتووه‌، چونكه‌ بزووتنه‌وه‌ ئه‌و سه‌نته‌ره‌ی‌ جارانی‌ له‌ ده‌ستداوه‌ كه‌ ته‌نها ئۆرگانێكی‌ ده‌وڵه‌تێك بوو، ته‌نها هۆیه‌كه‌شی‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌مخۆری‌ نه‌ماوه‌، ئه‌مه‌ش له‌به‌ر كه‌سی‌ نابه‌رپرس و خۆێنسارد كه‌ ته‌نانه‌ت له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ڕابردوودا سه‌ركردایه‌تی‌ وای‌ هه‌بوو كه‌ مووی‌ له‌شی‌ نه‌جولاَوه‌ بۆ دیاریكردنی‌ چاره‌نووسی‌ بزووتنه‌وه‌كه‌ی‌ له‌ ساحه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا..... ئیدی‌ ماوه‌ته‌وه‌ بڵێم له‌ ڕۆژگاری‌ ونبوونی‌ ئه‌واندا، ڕابوونی‌ ئیسلامیی‌ چۆن ده‌گوزه‌رێت؟!.

28/1/2010

هه‌ڵه‌بجه‌ی‌ شه‌هیدان

   ‌ 1484 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
22/01/2015

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook