<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
وتارو بابه‌ت
سه‌روتار:

سه‌روتار:

الحمدلله، والصلاة والسلام علی‌ رسول الله و علی‌ آله و صحبه ومن والاه ...

ساڵێكی‌ نوێ‌ و یاده‌وه‌رییه‌كی‌ تری‌ بۆنه‌ی‌ وه‌فاتی‌ شكۆدارانه‌ی‌ زانای‌ موفه‌سیرو سه‌ركرده‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود زاكیره‌مان ده‌خرۆشێنێته‌وه‌و نایه‌ڵێت ئه‌و مه‌شهه‌ده‌ جوانانه‌ی‌ ژیانی‌ ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ له‌ زاكیره‌ماندا دیلێت ببێت، ئه‌وه‌ ئێمه‌ین وه‌فادارین به‌رامبه‌ر به‌وانه‌ی‌ به‌ وشه‌و به‌جه‌سته‌و به‌عه‌قڵی‌ خۆیان خزمه‌تیان به‌گه‌له‌كه‌یان و موسڵمانان كردووه‌و هه‌رگیز له‌یادیان ناكه‌ین، چونكه‌ له‌یادكردنی‌ ئه‌و جۆره‌ پیاوانه‌ ده‌بێته‌ له‌یادكردنی‌ مێژوویه‌كی‌ دره‌وشاوه‌ی‌ خۆمان و هه‌ڵسورانمان له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی‌ ژیاندا كه‌ هه‌موومان هاو خه‌بات و سه‌ربازی‌ شوێنكه‌وته‌ی‌ بیروباوه‌ره‌كه‌ی‌ ئه‌وان بووین.
له‌ یادێكی تردا رۆژه‌كان ده‌خوێنینه‌وه‌و ئه‌و ساتانه‌ی‌ تیادا به‌سه‌ر ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌گه‌ڵ خه‌مه‌كانی‌ ئه‌م گه‌له‌ موسڵمانه‌دا ئێشكی‌ ده‌گرت و پاسه‌وانی‌ سنووره‌كانی‌ عه‌قیده‌و ئه‌ندێشه‌ی‌ خاوێنی‌ ئه‌وان بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌و رۆژانه‌دا ده‌ژین كه‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د له‌خزمه‌تی‌ شێخه‌ پیره‌ نوورانییه‌كه‌یدا له‌هه‌موو جێگایه‌كی‌ ئه‌م وڵاته‌دا یاده‌ورییه‌كیان تۆمار كردووه‌و بۆ ئێمه‌یان به‌جێهێشتووه‌، له‌و كاتانه‌دا كه‌ له‌گه‌ڵ زاناو زاهیدی‌ گه‌له‌كه‌مان مامۆستا مه‌لا عوسماندا خه‌ونیان به‌كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ خاوێن و باوه‌ڕداره‌وه‌ ده‌بینی‌.
جارێكی‌ تر دێینه‌وه‌ خزمه‌تتان بۆ ئه‌وه‌ی‌ یادی‌ ئه‌و رۆژانه‌ بكه‌ینه‌وه‌ كه‌ عیلم و مه‌عریفه‌ی‌ ئایینی‌ و چه‌ك و سیواك و ریش و ته‌كبیره‌ به‌رزه‌كانمان بۆ خواو بۆ شكۆداری‌ ئیسلام و عه‌قیده‌ی‌ ئه‌م گه‌له‌بوو، له‌خزمه‌تی‌ ئه‌م زانایانه‌دا وانه‌ی‌ ئیخلاس و له‌خۆ بورده‌ییمان ده‌خوێندو هه‌میشه‌ وره‌ به‌رزو پشوو درێژ بووین، یادی‌ ئه‌و له‌حزه‌ مێژووییانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د سنگی‌ پربوو له‌ خۆشه‌ویستی‌ قورئان و له‌رێگای‌ ته‌فسیرو راڤه‌كردنی‌ ئایه‌ته‌كانیه‌وه‌ وانه‌ی‌ جیهادو خزمه‌تكردنی‌ گه‌ل و وڵاتی‌ به‌ئێمه‌ ده‌وته‌وه‌، ده‌ستێكی‌ به‌هێزی‌ قورئانی‌ به‌رزكردبوویه‌وه‌و ده‌سته‌كه‌ی‌ تریشی‌ چه‌كێك بوو بۆ پارێزگاری‌ له‌شكۆی‌ دین و كه‌رامه‌تی‌ دینداره‌كان.
ئه‌مجاره‌ش گۆڤاره‌كه‌مان هاوخه‌بات و هاوباوه‌رانی‌ مامۆستای‌ سه‌ركرده‌ ده‌دوێنێت و وشه‌و گوزارشت له‌ خه‌بات و دڵسۆزی‌ مامۆستا ده‌كات، له‌م یادو بۆنه‌ نوێیه‌ی‌ وه‌فاتی‌ ئه‌و زانا پایه‌ به‌رزه‌ی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا جگه‌ له‌په‌یامی‌ وه‌فادارانه‌ بۆ رۆحی‌ خاوێن و باوه‌رداری‌ شتێكی‌ ترمان پێ‌ نییه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ بۆ ئه‌و له‌هه‌موو شتێك گه‌وره‌تره‌ كه‌ هه‌ر چاكه‌یه‌كی‌ ئێمه‌ ئه‌گه‌ر هه‌بوو خه‌رمانی‌ چاكه‌كانی‌ ئه‌و پێشه‌نگ و پێشه‌وایه‌ی‌ پێ‌ به‌ره‌كه‌تدار ده‌بێت، چونكه‌ چاكه‌ی‌ ئێمه‌ ده‌رهاوێشته‌ی‌ په‌روه‌رده‌و رێنموونییه‌كانی‌ سه‌رده‌می‌ ژیانی‌ ئه‌وه‌و له‌وانه‌وه‌ وانه‌ی‌ چاكه‌كاری‌ فێر بووین.
به‌رێزان: ئێمه‌ له‌ستافی‌ گۆڤاری‌ (مه‌ردی‌ رێ‌) جارێكی‌ تر ساڵیادی‌ له‌ دنیا ده‌رچوونی‌ مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌دی‌ پێشه‌واو زانای‌ سه‌ركرده‌ به‌م نه‌ریته‌ ساڵانه‌یه‌ به‌رز راده‌گرین، ئه‌مه‌ش شتێكی‌ كه‌مه‌ له‌وه‌ی‌ پێمان ده‌كرێت و ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ له‌یاد نه‌كردنی‌ پیاوه‌ گه‌وره‌كانی‌ گه‌له‌كه‌مانه‌، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ رۆحی‌ ئایینداریی‌ و بزاوتی‌ په‌یامدارانه‌یان هه‌میشه‌ فاكته‌ری‌ سه‌ره‌كی‌ به‌هێزبوونی‌ ره‌وشی‌ ئیسلامیی‌ بووه‌ له‌م وڵاته‌دا، له‌م مه‌یدانه‌شدا مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د هه‌ڵسوراوێكی‌ بۆخوا سوڵحاوی‌ هه‌موو بواره‌كانی‌ خزمه‌ت و خه‌بات و جیهادی‌ نه‌براوه‌ بووه‌ تا دوا ساته‌كانی‌ ژیانی‌.

ره‌حمه‌ت و به‌زه‌یی‌ و به‌خشنده‌یی‌ په‌روه‌ردگار ئاسووده‌یی‌ ببه‌خشێته‌ گیانی‌ مامۆستای‌ سه‌ركرده‌و به‌هه‌شتی‌ به‌رینیش دوا هه‌وارگه‌ی‌ حه‌سانه‌وه‌ی‌ بێت.   

   ‌ 1541 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
22/01/2015

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook