<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بۆچوون و فه‌تواکانی
پرس و راوێژ لەسەر ئەحكامی سووڕی خوێنی مانگانەی ژنان..؟ بەشی دووەم

پرس و راوێژ لەسەر ئەحكامی سووڕی خوێنی مانگانەی ژنان..؟

وەڵامدانەوەی شێخ ئەحمەد كاكە مەحموود

بەشی دووەم و كۆتایی

ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ

21- ئەگەر ژنێك مەناسكی حەجی تەواو كردو پاشان كەوتە حەیزەوە، ئیتر نابێ‌ (طواف الوداع) بكات.

22- لە مزگەوتدا -تەنانەتی لە (مصلی) شدا- ژنی حەیزدار حەرامە بمێنێتەوە. بەڵام (داود الظاهری)و (مزنی) دەڵێن: لە مزگەوتدا دەتوانێ‌ بمێنێتەوە، وە (إبن حزم الظاهری) رێگە دەدات بە ژنانی حەیزدار كە دەوری قورئان بكەنەوە، (مالك) یەكانیش هەروا.

23- ژنی حەیزدار نابێ‌ رێ‌ بە مێردەكەی بدات (جیماع)ی لەگەڵ بكات، چونكە حەرامە.

24- مێرد دەتوانێ‌ – جگە لە جیماع- هەموو لەزەتێك لە ژنی حەیزدارو زەیسان وەرگرێ‌ و لەگەڵیا بخەوێت.

25- ژنی حەیزدار حەرامە لەو كاتەدا تەڵاق بدرێت، تەنانەتی هەندێ‌ لە زاناكان دەڵێن تەڵاقی ناكەوێ‌.

26- هەركات ژنی حەیزدار پاكبوویەوە، دەبێ‌ تەواوی جەستەی بشۆرێت.

27- زیادو كەمكردنی ماوەی حەیز: بۆ نموونە: عادەتی (7) رۆژ بووە، كەچی دوای شەش رۆژ خوێنەكەی نەما، یان بە پێچەوانەوە، قسەی راست ئەوەیە كە هەركات خوێنی دیت حەیزە، هەركاتێكیش نەما بە پاك دادەنرێ‌، واتە: زیادو كەم دەور نابینێت.

28- پاش و پێَشكردنی كاتی حەیز (جارێ‌ لە سەرەتای مانگەوە، جارێكی تر لە كۆتایی مانگەوە) قەیدی نییە، هەركات خوێن پەیدا بوو حەیزە، هەركاتێكیش نەما، حەیز تەواو بووە.

29- ژنان وا دەبێ‌ خوێنەكەیان بە زەرد رەنگ دەبینن، وایش دەبێ‌ لێڵە لە نێوان زەردو رەشدا.. ئەوە ئەگەر لەناو ماوەی حەیزەكەدا بوو، یان هێمان پاك نەبوبوویەوە، بەحەیز دادەنرێت، خۆ ئەگەر پاش پاكبوونەوە بوو، حەیز نییە.

30- بچڕبچڕی خوێن (ئەمرۆ خوێن هەیە، سبەینێ‌ خوێنی نییە) ئەمە ئەگەر هەمووكات ئاوا بوو، ئەوە بە (ئیستیحاضه) دادەنرێت، خۆ ئەگەر بەیناوبەین بوو، ئەوە ئەگەر نەمانی خوێنەكە كەمتر لە رۆژێك بوو، بەپاك دانانرێ‌، مەگەر لە ئاخرو ئۆخری عادەتی خۆیەوە بێت.

31- تەڕیی و (رطوبة)ی عەورەت: ئەگەر لەناو كاتی حەیزدا بوو و پێش پاكبوونەوە، بەحەیز دادەنرێت، خۆ ئەگەر پاش پاكبوونەوە بوو، حەیز نییە.

32- ئەگەر لە غەیری رۆژەكانی حەیزیدا چەند دڵۆپێ‌ خوێنی دیت، دەبێ‌ دەست لە نوێژو رۆژووی خۆی هەڵنەگرێ‌، چونكە ئەوە خوێنی حەیز نییە.

33- پێنج رۆژ بەر لە سووڕی مانگانەی خۆی، خوێنی دیت، ئەوە ئەگەر بەر لەوە خوێنی نەبوو، بە حەیز دانانرێت، واتە: دەبێ‌ رۆژوو نوێژ بكات و بۆ هەموو نوێژێكیش دەستنوێژ بگرێت.

تێبینی: گەلێ‌ جار ئەم شتانە عادەتی ژنان دەشێوێنن:

- بەكارهێنانی حەب بۆ رێگرتن لە حەیز (پێشی دەخەن، دوای دەخەن، زیادو كەمی دەكەن).

- بەكارهێنانی (لەولەب) بۆ رێگرتن لە منداڵبوون، چونكە بەهۆی ئەوەوە خوێنەكە بەكەمی دێتە دەر، ئەوساش لەباتی (7) رۆژ، دە رۆژ دەخایەنێت.

34- وادەبێ‌ سێ‌ رۆژ بەر لە عادەتی سوڕی مانگانەی خۆی، خوێن پەیدا دەبێ‌ ئایا چی بكرێ‌؟.. بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە دەڵێین: ئەگەر ژنەكە عادەتی خۆی بە ژمارە بزانێت، یان بە رەنگی خوێنەكە، یان بەكات و زەمان، دەبێ‌ لەوكاتەدا نوێژ نەكا، پاشان غوسڵ بكات و نوێژ بكات، ئەو خوێنەش پێش عادەت دێت، خوێنێكی (فاسد)ـەو كاری پێناكرێ‌. واتە: لەبەر ئەو، واز لە نوێژو رۆژوو ناهێڵرێت، بەڵكو دەبێ‌ خوێنەكەی بشۆرێ‌ و پاشان خۆی ببەستێ‌ و بۆ هەموو نوێژێكیش دەستنوێژ هەڵبگرێت، چونكە حسابی (مستحاضه)ی بۆ دەكرێت.

35- ژنێك لە رۆژەكانی سووڕی مانگانەیدا، دوو رۆژ خوێن دەبینێ‌، پاشان دەبڕێ‌ و نامێنێ‌، دیسان بۆ رۆژی چوارەم پەیدا دەبێتەوە، دەبێ‌ بۆ رۆژی سێیەم چی بكات.؟ ئەگەر ئەو ژنە رۆژەكانی عادەتی خۆی بزانێت، دەبێ‌ لەو رۆژانەدا دەست لە نوێژكردن هەڵگرێ‌ و رۆژو نەگرێ‌، ئەگەرچی هەندێ‌ رۆژیش خوێن نەیەت.

36- خوێنی كەم لە رۆژەكانی عادەتی خۆیدا بەحەیز دادەنرێت.

37- لەكاتی عادەتی خۆیدا خوێن دێت و دەبڕێت، دەبێ‌ چی بكات؟.. بەڵێ هەركات خوێن هات، بەحەیز دادەنرێت، ئیتر نێوان ئەم حەیزەو حەیزی پێشووی زۆر بێت یان كەم.. ئەگەر كەوتە حەیزەوەو پاكەوە بوو، پاشان دوای پێنج رۆژ، یان شەش رۆژ خوێن پەیدا بووەوە، دەبێ‌ دەست لە نوێژو رۆژو هەڵبگرێت، چونكە ئەوە حەیزە.

38- ئەگەر پاش نەمانی خوێنی حەیز، خوێنێكی زەرد، یان خوێنێكی لێڵ، یان رەشی دیت، ئەوە بەحەیز دانانرێت، بەڵكو پێویستە نوێژ بكاو رۆژوو بگرێت.

39- پاش دوو رۆژ لە رۆژەكانی عادەتی مانگانەی خۆی پاكبوویەوە، ئەنجا دوای رۆژێ‌، یان دوو رۆژ، خوێن پەیدا بوویەوە، دەبێ‌ لەو دوو رۆژەدا كە خوێن هەیە، دەست لە نوێژ و رۆژوو هەڵگرێت.. لەو رۆژانەشدا كە خوێن نییە خۆی بشۆرێ‌ و نوێژەكان بكات.

40- ژنێك لە سەرەتای هەموو مانگێكەوە بەپێی عادەتی خۆی (6) رۆژ دەكەوێتە حەیز، پاشان هەندێ‌ جار درێژە دەكێشێ‌، دەبێ‌ چی بكات؟.. بۆ ئەوە دەبێ‌ لەسەرەتای هەموو مانگێكەوە (6) رۆژ دانیشێ‌ و نوێژ نەكات، چونكە ئەوە حەیزە، بەڵام لە رۆژەكانی تردا، دەبێ‌ غوسڵ بكاو نوێژ بكات و گوێ‌ بە خوێنەكەی نەدات.

41- ژنێك لەبەر پیریی و چوونە ساڵەوە خوێنی نەما، پاشان چووە سەفەرو خوێنی پەیدا بوو و درێژەی كێشا، دەبێ‌ چی بكات..؟ دەبێ‌ گوێ‌ بەو خوێنە نەدات، چونكە زۆربەی زاناكان دەڵێن: كە ئافرەت گەیشتە (50) ساڵ حەیزی نامێنێ‌.

42- ژنێك عادەتی خۆی (9) رۆژ، یان (10) رۆژ بوو و پاك بویەوە، پاشان بە بچڕ بچڕ خوێنەكەی هاتەوە.... بەڵێ‌ پاش تەواوكردنی ماوەی خۆی، هەر خوێنێك هات، كاری پێناكرێ‌ و فاسیدە.

بۆ پرس و راوێژی زیاتر : ڤایبەر / 07702493755 

لينكي به يج/
https://www.facebook.com/ahmadkakmahmood/photos/a.304749659616541.69624.303702429721264/811170468974455/?type=1&__mref=message_bubble

   ‌ 22523 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
19/08/2015

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook