<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بۆچوون و فه‌تواکانی
پرس و راوێژ له‌سه‌ر ده‌ستنوێژی‌ ئافره‌تان..؟

پرس و راوێژ له‌سه‌ر ده‌ستنوێژی‌ ئافره‌تان..؟

نووسین و وه‌لاَمدانه‌وه‌ی‌ شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

وه‌لاَم/

1- هه‌ر شتێك نه‌هێڵێت ئه‌ندامێك، یان به‌شێك له‌ ئه‌ندامه‌كانی‌ جه‌سته‌ی‌ مرۆڤ، له‌ كاتی‌ ده‌ستنوێژو خۆ شۆریندا ته‌ڕ ببێ‌ (وه‌ك: بۆیه‌، خه‌نه‌ - ئه‌گه‌ر جورمی‌ هه‌بوو- یان هه‌ر شتێكی‌ تر)، پێویسته‌ به‌ر له‌وه‌ لاببرێ‌، چونكه‌ ژێره‌كه‌ی‌ ته‌ڕ نابێت، كه‌ ته‌ڕیش نه‌بوو، نه‌ ده‌ستنوێژی‌ داده‌مه‌زرێ‌، نه‌ خۆ شۆرینی‌.

2- ژنانی‌ حه‌یزدار، یان زه‌یسان، ده‌توانن له‌و مایه‌دا هه‌م خه‌نه‌ به‌كار بێنن، هه‌م نینۆكیان بۆیه‌ بكه‌ن، چونكه‌ نه‌نوێژیان له‌ سه‌ره‌ نه‌ خۆ شۆرین.

3- بۆ ده‌ستنوێژ سه‌ری‌ خه‌ناوی‌ (مه‌سح) ده‌كرێ‌، به‌لاَم بۆ خۆشۆرین ده‌بێ‌ لا ببرێت، چونكه‌ ژێری‌ ته‌ڕ نابێت.

4- كاتی‌ سه‌رما، یان كاتێ‌ سه‌رپۆشه‌كه‌ -ئه‌گه‌ر لاببرێ‌- به‌ سه‌خڵه‌ت بدرێته‌وه‌ به‌ سه‌ردا، ده‌توانرێ‌ مه‌سح به‌سه‌ریا بكرێ‌ و لا نه‌برێ‌.

5- ئه‌گه‌ر بۆیه‌ی‌ سه‌ر، ژێره‌كه‌ی‌ ته‌ڕ نه‌بێ‌، ده‌بێ‌ بۆ مه‌سحی‌ سه‌رو خۆ شۆرین لاببرێن، هه‌روه‌ها (زه‌یت)یش ئه‌گه‌ر به‌ستیی‌ و ژێره‌كه‌ی‌ ته‌ڕ نه‌ده‌بوو پێویسته‌ لاببرێت.

6- ئه‌گه‌ر له‌ نوێژدا شتێكی‌ پیسی‌ به‌جل و به‌رگه‌كه‌یه‌وه‌ دیت، پێویسته‌ خێرا له‌ نوێژه‌كه‌ی‌ بچێته‌ ده‌رو بیشۆرێ‌، ئینجا ده‌ست بكاته‌وه‌ به‌ نوێژه‌كه‌ی‌.

7- ئه‌گه‌ر له‌ نوێژه‌كه‌دا، دوودڵ بوو كه‌ شتێكی‌ پیس وا به‌جل و به‌رگه‌كه‌یه‌وه‌، ده‌بێ‌ تا یه‌قین په‌یدا نه‌كات، درێژه‌ به‌ نوێژه‌كه‌ی‌ بدات.

8- ئه‌گه‌ر شتێكی‌ پیس بكه‌وێته‌ سه‌ر رایه‌خێك، ده‌بێ‌ بۆ پاكبوونه‌وه‌ی‌ ئاوی‌ به‌ سه‌را بكرێ‌، ئه‌گینه‌ به‌ سڕین پاك نابێته‌وه‌.

9- ئه‌گه‌ر شتێكی‌ وشكی‌ پیس بكه‌وێته‌ سه‌ر جه‌سته‌، یان بكه‌وێته‌ سه‌ر جل و به‌رگ، قه‌یدی‌ نییه‌، به‌لاَم ده‌بێ‌ لاببرێت.

10- شۆرینی‌ جل و به‌رگی‌ پاك و پیس پێكه‌وه‌، قه‌یدی‌ نییه‌، ئه‌گه‌رچی‌ به‌ جودا بشۆردرێن باشتره‌.

11- ژنان ده‌توانن مه‌سحی‌ سه‌ریان بكه‌ن، ئه‌گه‌رچی‌ قژیان لوولكرابێ‌َ، ئیتر شۆڕ بووبێته‌وه‌ بۆ خواره‌وه‌، یان له‌ عاستی‌ خۆیدا بێت.

12- ده‌ستدان به‌ پاش، یان به‌ پێشه‌وه‌ (هی‌ خۆی‌، یان هی‌ كه‌سێكی‌ تر، بچووك بێ‌، یان گه‌وره‌) ده‌ستنوێژ هه‌ڵده‌وه‌شێنێته‌وه‌.

13- ئه‌و هه‌وایه‌ كه‌ له‌ (فه‌رج)ی‌ ژنانه‌وه‌ دێته‌ ده‌ر، ده‌ستنوێژ هه‌ڵناوه‌شێنێته‌وه‌.

14- قسه‌ی‌ راست ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ژنان ده‌ستنوێژ ناشكێنن، ئیتر خێزانی‌ خۆی‌ بێت، یان بێگانه‌و حه‌رامی‌ بێت، به‌ ئاره‌زوو ده‌ست ئه‌نقه‌ست بێ‌ یانا، مه‌گه‌ر له‌وه‌وه‌ (مه‌نیی‌، یان (مذی‌) و (ودی‌) په‌یدا ببێت.

15- ئه‌گه‌ر ژنێك غوسڵی‌ سه‌رجێیی‌ له‌ سه‌ربوو، تا خۆی‌ نه‌شۆرێ‌، بۆی‌ نییه‌ قورئان بخوێنێت، چ له‌ به‌ر، چ له‌ ناو قورئاندا.

16- ئه‌و كه‌سه‌ میز راناگرێ‌، یان هه‌میشه‌ (با)ی‌ لێده‌بێته‌وه‌، ده‌بێ‌ له‌ كاتی‌ بانگدا ده‌ستنوێژ بگرێ‌ و، خێرا ده‌ست بكات به‌ نوێژه‌كه‌، پاشان ئه‌گه‌ر هه‌ركامێكیان په‌یدا بوون، نوێژه‌كه‌ی‌ دروسته‌و قه‌یدێكی‌ نییه‌.

17- ده‌ستنوێژ گرتن، یان خۆشۆرین به‌ ئاوی‌ (كلۆر)اوی‌، دروسته‌و قه‌یدی‌ نییه‌.

18- ته‌نها بۆ میزو ئه‌وی‌ تریان خۆ پاككردنه‌وه‌ پێویسته‌... ئیتر نووستن و ده‌ستدان به‌پاش و پێشه‌وه‌و، ده‌رچوونی‌ (با به‌ هه‌ردوو جۆره‌كه‌یه‌وه‌) ته‌هاره‌تی‌ ناوێت، به‌ڵكو ته‌نها ده‌ستنوێژگرتنه‌وه‌ی‌ ده‌وێ‌.

19- نییه‌ت هێنان بۆنوێژو ده‌ستنوێژ، ته‌نها به‌دڵه‌، واته‌: پیویست نییه‌ به‌ زمان بگوترێ‌.

20- خه‌وه‌نووچكه‌و وه‌نه‌وز، ده‌ستنویژ ناشكێنن.

21- راخستنی‌ به‌رماڵ له‌سه‌ر جێگایه‌كی‌ پیس و، ئنجا نوێژ له‌سه‌ر كردنی‌ دروسته‌.

22- مردوو شۆرین ده‌ستنوێژ هه‌ڵَناوه‌شێنێته‌وه‌، مه‌گه‌ر ده‌ستی‌ له‌ (عه‌وره‌ت)ی‌ مردووه‌كه‌ بكه‌وێت، ئه‌گه‌ر چی‌ ناشبێت ده‌ست بدات به‌ عه‌وره‌تیه‌یه‌وه‌و سه‌یری‌ بكات، به‌ڵكو ده‌بێ‌ له‌ كاتی‌ شۆریینیدا ده‌ستكێش له‌ده‌ست بكات.

23- مانه‌وه‌ی‌ خۆراك له‌ نێوان دداندا بۆ ده‌ستنوێژ زیانی‌ نییه‌، ئه‌گه‌ر چی‌ هه‌قه‌ دوای‌ نانخواردن چاك و پاك ده‌م و ددانی‌ بشۆرێت، تا خۆیی‌ و ددانه‌كانی‌ له‌ نه‌خۆشیی‌ بپارێزرێن.

بۆ پرس و راوێژی‌ زیاتر / 07702493755

   ‌ 47735 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
21/08/2015

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook