<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
بۆچوون و فه‌تواکانی
حوكمی‌ زه‌واجی كاتیی (مؤقت = متعة).؟!!

حوكمی‌ زه‌واجی كاتیی (مؤقت = متعة).؟!!

بنه‌مای دامه‌زراندنی ژن‌و مێردیی له‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامدا، به‌ شێوه‌یه‌كی ئێجگاره‌كی‌و تۆكمه‌و مه‌حكه‌مه‌، واته‌: نابێ كاتی بۆ دیاری بكرێ‌و ماوه‌ی بۆ دابنرێت، بۆیه‌ هه‌موو ماره‌كردنێكی‌ له‌و جۆرانه‌، به‌ناڕه‌وا دانراوه‌، له‌وانه‌: 

(زه‌واج المتعة)، واته‌: ماره‌كردنی ژنان له‌سه‌ر ماره‌یه‌كی تایبه‌ت‌و بۆ كاتێكی دیاریكراو (هه‌فته‌یه‌ك، مانگێك، ساڵێك...) تاد... ئه‌م نیكاح‌و ماره‌كردنه‌ زاناكان به‌ كارێكی‌ ناڕه‌واو حه‌رامی داده‌نێن، ئه‌گه‌رچی‌ (جعفر)یه‌كان رێیان پێداوه‌و به‌ حه‌ڵاڵی‌ ده‌زانن، (طوسی) مه‌زه‌ب شیعیی‌ ده‌ڵێت: ((نكاح المتعة مباح فی شریعة الإسلام). به‌ڵام غه‌یری ئه‌وان، ره‌تی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن: ((وأما نكاح المتعهة فجمیع فقها‌ء الأمصار علی‌ تحریمها)). (عه‌لی كوڕی ئه‌بوو تالب) ده‌ڵێ: ((أن رسول الله   نهی‌ عن نكاح المتعة، وعن لحوم الحمر الإنسیة)) متفق علیه. بێگومان پێغه‌مبه‌ر  له‌ زه‌مانی (خه‌یبه‌ر)دا ڕێی‌ له‌ (نیكاح المتعه) ‌و خواردنی‌ گوشتی كه‌ری ماڵیی گرت ‌و قه‌ده‌غه‌ی كردن.

جه‌عفه‌ری یه‌كانیش چه‌ند به‌ڵگه‌یه‌كی خۆیانیان هه‌یه‌و زاناكانی (ئه‌هلی سووننه‌ت) یه‌كه‌ به‌ یه‌كیان ڕه‌تكردوَته‌وه‌، ئێستا به‌ پێویستی نازانین بچینه‌ ناو ئه‌و هه‌راو كێشه‌وه‌، به‌ڵام به‌كورته‌یه‌ك ده‌ڵێَین: به‌ كۆی ده‌نگی زانایانی ئه‌هلی سوننه‌ت (نیكاح المتعة) حه‌رامه‌و دانامه‌زرێت‌و هه‌ر كه‌سێكیش بیكات، ده‌بێ تۆێژینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بكرێت‌و بخرێته‌ ژێر (ته‌عزیر)‌و لۆمه‌وه‌.. چونكه‌ موتعه‌ نه‌ له‌ به‌رژه‌وندی پیاو دایه‌، نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ژن دایه‌، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش بۆ ماوه‌ی چه‌ند كاتژمێرێك ژنان كچێتی خۆیان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن، كه‌ هه‌میشه‌ كچێنی‌ لای عورف‌و لای شه‌رع په‌سه‌ند ترن، له‌ولایشه‌وه‌ ژنان ده‌كرێنه‌ كاڵایه‌ك ‌و پیاوان پێیان ڕاده‌بوێرن... به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندی ژنان له‌وه‌دایه‌ كه‌ به‌هه‌تا هه‌تایی ببنه‌ ژنی پیاوێكی جوامێر‌و مه‌ردكار‌و به‌ ئه‌خلاق ‌و خاوه‌ن قییه‌م‌ و هه‌موو مه‌به‌ستی له‌زه‌تێكی چه‌ند كاتی نه‌بێ له‌ جه‌سته‌ی ئه‌ودا، به‌ڵكو (نه‌سل)‌و خۆشه‌ویستی‌و دلۆڤانی ‌و به‌ هه‌تا هه‌تا پێكه‌وه‌ ژیان‌و ماڵداریی‌و داڵده‌دانی منداڵان به‌درێژایی ته‌مه‌نیان‌و به‌دایكبوونی ژنه‌كه‌یه‌.

من واده‌زانم موتعه‌ پێچه‌وانه‌ی دروستكردنی خانه‌و لانه‌یه‌، چونكه‌ ژنێك ئه‌گه‌ر ژیانی خۆی به‌وه‌ بباته‌ سه‌ر كه‌ هه‌ر چه‌ند ڕۆژێك یان چه‌ند كاتژمێرێك یان چه‌ند مانگێك له‌باوه‌ش پیاوێكدا بێ، تاته‌مه‌نی هه‌یه‌ نابێته‌ خاوه‌ن ماڵ‌و حاڵی خۆیی‌و كه‌پیریش بوو، نازانێ له‌ كوێ شه‌و به‌و رۆژ بكاته‌وه‌، نازانێ چۆن بژی، له‌وانه‌یشه‌ له‌و ئاخرو ئۆخری ته‌مه‌نه‌یه‌وه‌ موتعه‌چییه‌كان به‌دوایدا نه‌گه‌ڕێن.. ئه‌مه‌ حاڵی ژنه‌كانه‌، خۆ بێگومان حاڵی پیاوه‌ موتعه‌چی یه‌كانیش له‌ حاڵی ئه‌وان باشتر نابێ... پێغه‌مبه‌ر  كه‌ مۆڵه‌تی دا به‌ هاوه‌ڵان، له‌ حاڵه‌تێكی نائاساییدا بوو ‌و به‌شاخ‌ و كێوو ده‌شت‌و ده‌ره‌وه‌ بوون، خه‌ریكی جیهاد‌و سه‌رخستنی دینی خودا بوون، به‌ چه‌ند مانگ ده‌ستیان نه‌ده‌گه‌یشته‌ ژنه‌كانیان، پێغه‌مبه‌ریش  كه‌ رێگه‌یدان به‌ شێوه‌یه‌كی كاتیی‌و تا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆلای ماڵ‌و حاڵی‌ خۆیان. به‌ڵام بۆ دوایی كه‌ ئه‌و هۆكارانه‌ نه‌مان‌و ئیسراحه‌ت گه‌ڕایه‌وه‌و ئه‌من‌و ئاسایشی وڵات زۆر بوو و هاوه‌ڵان ئه‌وه‌ند سه‌رقاڵ‌ نه‌بوون به‌جیهاده‌وه‌، موتعه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌، وه‌كو له‌ فه‌رمووده‌كاندا به‌ ڕاشكاوی باسكراوه‌.

ئه‌وكه‌سانه‌یش كه‌ موتعه‌ به‌ چاره‌سه‌رێكی باش داده‌نێن بۆ كوڕان‌و كچانی گه‌نج‌و لاو! پێیان ده‌ڵێین: چاره‌سه‌ری ئه‌و مه‌سه‌له‌ی لاوانه‌ به‌وه‌ ناكرێت، به‌ڵكو به‌وه‌ ده‌بێ كه‌ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت سه‌رفی ده‌كات بۆ گۆرانی بێژان‌و سه‌ما كه‌ران‌و سووڕده‌ران‌و شوێنه‌ گه‌شتیاره‌كان، ده‌یه‌كی ئه‌وه‌ خه‌رج بكات بۆ ئاسانكاری بۆیه‌كگه‌یشتنی كچان‌و كوڕان‌و، هه‌وڵ بدات مه‌نهه‌جی ئیسلام له‌ كۆمه‌ڵگه‌كه‌یدا پیاده‌ بكات، تا مانای ئه‌خلاق‌و قییه‌م‌و عیففه‌ت‌و فه‌زیله‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ناو كۆمه‌ڵگه‌.


سه‌رچاوه‌ / ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا - نوسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

   ‌ 6633 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
04/03/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook