<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
به‌شوودانی كچ و بێوه‌ژنی‌ باڵغ ‌و ژیر..

به‌شوودانی كچ و بێوه‌ژنی‌ باڵغ ‌و ژیر:

حه‌نه‌فییه‌كان ده‌ڵێن: سه‌رپه‌رستیاری ئافره‌ت – باوك بێت یان نا – بۆی نییه‌ زۆر له‌ هیچ كچێكی باڵغی ئاقڵ بكات بۆ شووكردن، چونكه‌ تا منداڵ‌‌و نه‌فامبوو ده‌یتوانی ده‌خاله‌ت بكات له‌ به‌شوودانیا، به‌ڵام كه‌ گه‌وره‌ بوو فامیكردۆته‌وه‌و، بۆ خۆی سه‌رپه‌رستیاری كاری خۆی ده‌كا‌و كه‌سێك بۆی نییه‌ به‌ زۆر به‌شووی بدات. كه‌وابوو له‌ حاڵه‌تی ئاوایشدا ده‌توانێ سه‌رووكاری خۆی بكا‌و، بچێت بۆ خۆی مێرد بكات بێ ئیزن‌و مۆڵه‌تی (وه‌لی)، ئیتر مێرد هاوكووف بێت یان هاوكووف نه‌بێ، به‌ (مهر المثل) بێت یانا، چونكه‌ ده‌سه‌ڵاتی ته‌واوی هه‌یه‌ كه‌ بۆ خۆی بڕیاری ئاینده‌ی خۆی بدات.. به‌ڵام ئه‌وه‌ند هه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مێرده‌كه‌ی هاوكووف نه‌بوو، یان ماره‌یه‌كه‌ی شایه‌نی خۆی نه‌بوو، (وه‌لی)یه‌كه‌ی ده‌توانێ ڕه‌خنه‌ بگرێ‌و سكاڵا نامه‌ بداته‌ دادوه‌ر‌و داوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی نیكاحه‌كه‌ی بكات.

جابۆ ده‌سه‌ڵاتدارێتی‌ كچی باڵغ‌و ئاقڵ‌، حه‌نه‌فیه‌كان به‌ڵگه‌ گه‌لێك دێننه‌وه‌، له‌وانه‌:

یه‌كه‌م – ئایه‌تی: [فإن طلقها فلا تحل له من بعد حتی‌ تنكح زوجا غیره..].(سووره‌تی: البقره‌: 230).

دووه‌م – ئیبن عه‌باس / خ ده‌ڵێت: كچێك هاته‌ لای پێغه‌مبه‌ر – صلی‌ الله علیه وآله وسلم – گوتی‌: باوكم به‌زۆر به‌ مێردی داوم! پێغه‌مبه‌ریش  سه‌رپشكی كرد: كه‌ده‌توانێ‌ لای مێرده‌كه‌ی بمێنێته‌وه‌، یان نیكاحه‌كه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌؟.

كچی باڵغی ئاقڵ‌، ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی خۆ ماره‌كردنی هه‌بێ، به‌ڵام وا په‌سه‌ند‌و (مستحب)ـه‌ كه‌ نیكاحه‌كه‌ی بداته‌ ده‌ستی (وه‌لی)ـه‌كه‌ی‌و ئه‌و ماره‌ی بكات له‌ مێرده‌كه‌ی.

ئه‌گه‌ر كه‌سێكیش هات داوای ئه‌و كچه‌ی كرد له‌ (وه‌لی)یه‌كه‌ی، ده‌بێ (وه‌لی)یه‌كه‌ی مۆڵه‌ت وه‌رگرێت‌و بزانێ ئاخۆ ئه‌و كچه‌ ڕازیه‌ به‌و كه‌سه‌ داوای ده‌كات؟. جا ئه‌گه‌ر وه‌لی بێ ئیزن وه‌رگرتن، ماره‌یكرد له‌ كابرایه‌ك، پاشان به‌ كچه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند، كچه‌كه‌ ده‌توانێ هه‌ڵیوه‌شێنێته‌وه‌، ده‌شتوانێ قبوڵی بكات.

شافیعیه‌كان ده‌ڵێن: ژنان به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ناتوانن سه‌رپه‌رستی نیكاح بكه‌ن، واته‌: نه‌ ده‌توانن خۆیان ماره‌ بكه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ده‌یانه‌وێت، نه‌ ده‌شتوانن گرێبه‌ست بۆ ژنێكی دی بكه‌ن، ته‌نانه‌تی به‌ شێوازی بریكاریش هه‌ر ناكرێت. بۆ ئه‌مه‌یش چه‌ندین به‌ڵگه‌ دێننه‌وه‌، له‌وانه‌: ئه‌م ئایه‌ته‌ كه‌ ده‌فه‌رمووێ: [فلا تعضلوهن أن ینكحن أزواجهن..] واته‌: ئه‌ی (ئه‌ولیا)ی ژنان! ئه‌و ژنانه‌ ته‌ڵاق ده‌درێن‌و پاشان ده‌یانه‌‌وێ له‌گه‌ڵ‌ مێرده‌كانیان ڕێك ببنه‌وه‌، ئێوه‌ ڕێیان لێمه‌گرن.. كه‌وابوو به‌ پێی‌ ئه‌م ئایه‌ته‌ (وه‌لی) بۆ نیكاحی ژنان پێویسته‌، ئه‌گینه‌ ڕێگرتنه‌كه‌ یان چ ده‌ورێك ده‌بینێ..؟. پێغه‌مبه‌ریش  ده‌فه‌رمووێ: ((لا نكاح إلا بولی)).. یان ده‌فه‌رمووێ: ((أیما امرأة أنكحت نفسها بغیر إذن ولّیها فنكاحها باطل، فنكاحها باطل)). سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌یش عورف وایكردووه‌ – له‌به‌ر ئه‌ده‌ب‌و شه‌رمی ژنان – ده‌خاله‌ت له‌ گرێبه‌ستدا نه‌كه‌ن.. مه‌گه‌ر زۆر ناچار‌و پێویست بێت، بۆ نموونه‌: ژنێك حه‌زی له‌ مێرده‌، نه‌باب‌و كه‌س‌و كاری هه‌یه‌، نه‌دادوه‌ریش هه‌یه‌ گرێبه‌سته‌كه‌ی بۆ بكات. له‌و حاڵه‌ته‌دا ده‌توانێ زانایه‌كی (موجته‌هید) یان پیاوێكی عادل بكاته‌ (حه‌كه‌م) ماره‌ی بكات له‌و پیاوه‌ حه‌زی لێ ده‌كات: ((لو عدم الولی والحاكم فولت مع خاطبها أمرها رجلا مجتهدا لیزوجها منه صح، لأنه محكم والمحكم كالحاكم وكذا لو ولت خاطبهاعدلا لیزوجها منه صح علی‌ المختار، وإن لم یكن مجتهدا لشدة الحاجة إلی‌ ذلك)) نهایة المحتاج/ج 6 ص 219-220، مغنی‌ المحتاج – ج3 /147.

بۆ ده‌سه‌ڵاتی (ولی) به‌سه‌ر ژنانه‌وه‌، شافیعیی – خ ئه‌م چه‌ند مه‌رجه‌ی داناوه‌، ئه‌گینه‌ نیكاحه‌كه‌ دانامه‌زرێ:

1- أن لا یكون بینه وبنیها عداوة ظاهرة / نابێ‌ كچه‌كه‌‌و وه‌لیه‌كه‌ی دژ‌و نه‌یاربن به‌یه‌ك.

2- أن یزوجها من كفو‌ء /ده‌بێ له‌ هاوكووف‌و هاوشانی خۆی ماره‌ی بكات.

3- أن یزوجها بمهر مثلها وبنقد البلد / ده‌بێ وه‌ك ژنێكی هاوشانی خۆی ماره‌یی بۆدابنرێت وبه‌ پاره‌ی‌ ئه‌و وڵاته‌ش بێت.

4-أن لایكن الزوج معسرا بالمهر/ ده‌بێ مێرد به‌ ماره‌ییی نه‌دارا نه‌بێت.

5- أن لا یزوجها بمن تتچرر بمعاشرته../ ده‌بێ له‌ كه‌سێكی ماره‌ نه‌كات،به‌ ژیان له‌گه‌ڵیا زه‌ره‌ر مه‌ند ببێت.. بۆ نموونه‌: ماره‌ی‌ بكات له‌ پیاوێكی‌ پیرو به‌ته‌مه‌ن، یان له‌ نه‌خۆشێكی‌ وا، ژنان ناتوانن له‌گه‌ڵیا بژین، یان هێزی سێكسیی لاوازبێ‌‌ونه‌توانێ‌ ژنه‌كه‌ ڕازی بكات، یان ڕووتاڵ‌و ئه‌شقیی‌و ئازار‌و بێزاری ژنان زۆر بدات.. یان..یان..

تێبینی:

جگه‌ له‌ باوك‌و باپیره‌ هیچ كه‌سێكی دی بۆی نییه‌ كچی باڵغی ئاقڵ بێ ڕه‌زامه‌ندی كچه‌كه‌ به‌مێرد بدات خۆ ئه‌گه‌ر كردی ئه‌و كچه‌ ده‌توانێ ڕایگرێ‌و كاری پێ نه‌كات، (عبد الله بن عمر) كچه‌ خاڵێكی خۆی (عثمان بن مظعون) ماره‌ كرد، پاشان دایكه‌كه‌ی چووه‌لای پێغه‌مبه‌ر – صلی‌ الله علیه وآله وسلم – گوتی: كچه‌كه‌م حه‌زی لێناكات! پێغه‌مبه‌ریش  فه‌رمانی به‌ (عبدالله) دا ده‌ستی لێهه‌ڵگرێت.

رای‌ (حه‌نبه‌لی) و (مالكی)یه‌كانیش له‌ ڕاوبۆچوونی (شافیعیه‌كان)ه‌وه‌ نزیكه‌ ‌و ده‌ڵێن: ((لاتزوج المرأة نفسها..)) به‌به‌ڵگه‌‌و ده‌لیلی فه‌رمووده‌ی‌: ((لا نكاح إلا بولی)).

(ئیبن حه‌زم) ده‌ڵێ: ((وإذا بلغت البكر والثیب لم یجز للأب ولا لغیره أن یزوجها إلا بإذنها، فإن وقع فهو مفسوخ أبدا..)). جه‌عفه‌ریه‌كانیش وه‌ك ئه‌مان ده‌ڵێن ته‌نانه‌تی له‌ كتێبی (الأحكام الجعفریة فی الأحوال الشخصیة))دا هاتووه‌: ((وللحرة المكلفة – أی البالغة العاقلة – أیضا أن تزوج نفسها بلا ولي بكرا كانت أو ثیبا ویصح وینفذ زواجها إذا باشرت عقده بنفسها وبدون ولیها، وسوا‌ء رضي أو كره، وسوا‌ء كان بمهر المثل أو غیره، وسوا‌و كان الزوج كفؤاً أو غیر كفؤ)).

سه‌رچاوه‌/ ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا - - نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

   ‌ 2538 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
10/03/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook