<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
حوكمی‌ (ظیهار): كه‌سێك به‌ ژنی‌ خۆی‌ بڵێ‌ تۆ دایكمی. (1)


حوكمی‌ (ظیهار): كه‌سێك به‌ ژنی‌ خۆی‌ بڵێ‌ تۆ دایكمی:


ژنان له‌سه‌رده‌می‌ جاهیلییه‌تدا، هه‌میشه‌ گیرۆده‌ی‌ ده‌ستی‌ پیاوان بوون، ئه‌وه‌بوو له‌ باسه‌كانی‌ پێشوودا هه‌ندێ‌ له‌و ده‌ردو گیرو گرفتانه‌مان باسكردن، له‌م بابه‌ته‌شدا خوو كردارێكی‌ ناله‌باری‌ تری جاهیلییه‌ت باس ده‌كه‌ین، دیسان كه‌ چۆن ژنان ئه‌سیری‌ ببوون وپێوه‌ی‌ ده‌تلانه‌وه‌و پیاوان یارییان به‌ چاره‌نووسیان ده‌كرد،ئیسلامی‌ پیرۆز دێت خووه‌ پیسه‌كه‌یان ده‌خاته‌ روو و شه‌رمه‌زاریان ده‌كاو به‌ كارێكی‌ ناڕه‌واو درۆو ده‌له‌سه‌ی‌ داده‌نێ‌. 

 له‌ سه‌ر ده‌می‌ جاهیلیه‌تدا هه‌ر كه‌ پیاو له‌ ژنه‌كه‌ی‌ تووڕه‌ ده‌بوو پێیده‌گوت: تۆ دایكمی‌! واته‌: هه‌ر چۆن دایكم حه‌رامه‌ لێم، تۆیش هه‌روا، ئیتر به‌و رسته‌یه‌ لێی‌ حه‌رام ده‌بوو و ته‌لاَقیشی‌ نه‌ده‌كه‌وت تا بچێت بۆ خۆی‌ رزگار ببێ‌ و، به‌ئازادانه‌ چی‌ ده‌كات بیكات! ئه‌مه‌ش به‌شێكی‌ تر بوو له‌ نه‌هامه‌تیه‌كانی‌ ژنان به‌ر له‌ ئیسلام.. ئینجا كه‌ ئیسلام هات و ئه‌و حاڵه‌ته‌ له‌ خاتوو (خه‌وله‌) روویدا، بۆ وه‌ لاَمی‌ چاره‌سه‌ری‌ ئه‌و كێشه‌یه‌ سه‌ره‌تای‌ سووره‌تی‌ (موجادیله‌) هات. ئیمامی‌(ئه‌حمه‌د) له‌ خاتوو (خه‌وله‌) خۆیه‌وه‌ ده‌گێڕێته‌وه‌و ده‌ڵێت: سوێندبێ‌ به‌ خوا سه‌ره‌تای‌ سووره‌تی‌ (موجادیله‌) له‌ به‌ر چاره‌ سه‌ری‌ كێشه‌كه‌ی‌ من و (ئه‌وس) ی‌ مێردم هات. من ژنی‌ ئه‌وس بووم، ئه‌وسیش پیاوێكی‌ پیری‌ به‌دكار بوو! رۆژێك - وه‌كو باوی‌ ژن وپیاو له‌ یه‌ك تووڕه‌ ده‌بن - لێم تووڕه‌ بوو و گوتی‌: تۆ دایكمی‌! پاشان هه‌ڵساو به‌جێیهێشتم، جا كاتێ‌ گه‌ڕایه‌وه‌ داوای‌ تێكه‌ڵی‌ لێكردم، منیش وتم سوێندم به‌وه‌ی‌ گیانی‌ (خه‌وله‌)ی‌ به‌ده‌سته‌، ده‌ستت لێم ناكه‌وێ‌ هه‌تا خواو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی‌ بڕیار نه‌ده‌ن له‌م كێشه‌دا، پاشان (ئه‌وس) ویستی‌ ئازارم بدات، به‌لاَم له‌ به‌ر پیری‌ ده‌ره‌قه‌تم نه‌هات، ئیتر هه‌ڵسام چوم بۆ لای‌ پێغه‌مبه‌ر  به‌ سه‌ر هاته‌كه‌مم بۆ گێڕایه‌وه‌و فه‌رمووی‌: خوه‌یله‌! ئامۆزاكه‌ت پیاوێكی‌ پیری‌ به‌ سالاَچووه‌، له‌ به‌رامبه‌ریا له‌ خوا بترسه‌! خه‌وله‌ ده‌ڵێ‌ سوێند به‌خوا له‌وێ‌ هه‌ڵسام و خوا وه‌حی بۆ پێغه‌مبه‌ر  كردو ناردی‌ به‌دوومداو فه‌رمووی‌: خوه‌یله‌! بێگومان خوا ده‌رباره‌ی‌ تۆو مێرده‌كه‌ت قورئانی‌ دابه‌زانده‌ خوارێ‌ ! ئیترئه‌وه‌بوو سه‌ره‌تای‌ سووره‌تی‌ (قد سمع الله) هه‌تا (وللكافرین عذاب ألیم) بۆ خوێنده‌مه‌و دوایی‌ فه‌رمووی‌: به‌ مێرده‌كه‌ت بڵێ‌: له‌ كه‌فاره‌ت وبارته‌قای‌ ئه‌و بێژه‌ی‌(تۆ دایكمی‌) كۆیله‌یه‌ك ئازاد بكات، منیش گوتم: ئه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ری‌ خوا! توانای‌ نییه‌ كۆیله‌یه‌ك بكڕێ‌ و ئازادی‌ بكات ! فه‌رمووی‌: ده‌ پێی‌ بڵێ‌ دوو مانگ به‌دوای‌ یه‌كدا به‌ ڕۆژوو بێت، گوتم: به‌خوا پیرێكی‌ به‌سالاَ چووه‌ ناتوانێ‌ ڕۆژوویش بگرێت ! فه‌رمووی‌: ده‌با (وه‌سق)ێ‌ خورما - كه‌ ده‌كاته‌ شه‌ست مه‌ن - به‌ شه‌ست كه‌سی‌ بێ‌ نه‌واو مسكین بدات، گوتم به‌ خوا سوێند بێ‌ ئه‌وه‌شی‌ نییه‌ ! فه‌رمووی‌: ده‌سا ئێمه‌ خۆمان شه‌ست مه‌ن خورمای‌ ده‌ده‌ینێ‌ بیدا به‌ كه‌فاره‌ته‌كه‌دا، (خویله‌) ده‌ڵێ‌: گوتم: منیش مه‌نێكی‌ ده‌ده‌مێ‌، فه‌رمووی‌: كارێكی‌ باشت ئه‌نجامدا، ده‌بچۆ له‌باتی‌ ئه‌و بیده‌ به‌ هه‌ژاران و بۆ دواییش له‌گه‌ڵ ئامۆزاكه‌تدا چاك به‌، منیش چووم وه‌سیه‌ته‌كه‌ی‌ پێغه‌مبه‌رم  جێبه‌جێ‌ كرد.

ئه‌دی‌ ئایا ئه‌مه‌ گرنگیدان به‌ ژنان و كاروباری‌ ژنان نییه‌ ؟ كه‌ له‌به‌ر ژنێكی‌ گیرخواردوو به‌ ده‌ست باوو نه‌ریتی‌ جاهیلیه‌ته‌وه‌ خودا وه‌حیی‌ بنێرێت بۆ پێغه‌مبه‌ره‌كه‌ی‌ و بفه‌رموێ‌: [قد سمع الله قول التي تجادلك فی‌ زوجها..] مه‌گه‌ر له‌مه‌ زیاتر به‌رزكردنه‌وه‌ی‌ پله‌ی‌ ژنان ؟ كه‌ خوا بۆ خۆی‌ وه‌حیی‌ بكاو پێغه‌مبه‌ره‌كه‌شی‌ به‌ده‌م كاروباری‌ ئه‌و ژنه‌وه‌ خۆ خه‌ریك بكات ؟.

(بوخاریی‌) له‌ خاتوو عائیشه‌وه‌ خوای‌ لێ‌ رازی‌ بێ‌، ده‌ڵێ‌: (الحمدلله الذی‌ وسع سمعه الأصوات لقد جا‌ءت المجادلة (خولة) إلی‌ رسول الله فی‌ جانب البیت ما أسمع ما تقول. فأنزل الله عزوجل: [قد سمع الله قول التي تجادلك في زوجها وتشتكی‌ إلی‌ الله] واته‌: سوپاس هه‌ر بۆ ئه‌و خوایه‌ كه‌ ده‌نگی‌ سكالاَی‌ خه‌وله‌ی‌ بیست، له‌كاتێكدا من له‌لایه‌كی‌ ماڵه‌كه‌دا بووم سكالاَكه‌ییم نه‌بیست !. به‌راستیی‌ هه‌قه‌ ژنان زۆر گوێرایه‌ڵ و فه‌رمانبه‌ردار بن، شوكرانه‌ بژێر بن، له‌به‌رامبه‌ر وه‌لاَمه‌كه‌ی‌ خوای‌ كارجوانه‌وه‌ كه‌ له‌سه‌رووی‌ ئاسمانه‌وه‌ ده‌نگیان ده‌بیسێ‌ و بۆ چاره‌سه‌ری‌ كێشه‌كانیان قورئان ده‌نێرێ‌، هه‌رچۆنێ‌ بۆ نوێژو رۆژوو حه‌ج و زه‌كات و باقی‌ بابه‌ته‌كانی‌ تر قورئان ده‌نێرێ‌. هه‌قه‌ ئێمه‌یش وه‌كو موسڵمان بۆ چاره‌سه‌ری‌ گشت كێشه‌كانمان ته‌نها له‌په‌یامه‌كه‌ی‌ خوا چاوه‌روان بكه‌ین و، هه‌ربۆ لای‌ ئه‌و بگه‌رێینه‌وه‌، هه‌روه‌كو خاتوو (خه‌وله‌) كێشه‌كه‌ی‌ خۆی‌ برده‌ لای‌ پێغه‌مبه‌ر  تا ده‌ره‌نجام خوا به‌ هانایه‌وه‌ هات و وه‌لاَمی‌ دایه‌وه‌. هیوادارم خوشكانمان به‌ فات و فیتی‌ ئه‌ملاو ئه‌ولا فریو نه‌خۆن و ته‌نها به‌ خوا خۆ ته‌سلیم بكه‌ن، به‌شكو ئه‌وه‌ند به‌ ناوی‌ پیاوسالارییه‌وه‌ له‌ خشته‌ نه‌برێن !.


چاوه‌رێی به‌شی دووه‌م بن..

نوسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود - له‌ كتێبی ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا ..


   ‌ 3275 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
22/03/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook