<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
حوكمی‌ (ظیهار): كه‌سێك به‌ ژنی‌ خۆی‌ بڵێ‌ تۆ دایكمی.! (2)

حوكمی‌ (ظیهار): كه‌سێك به‌ ژنی‌ خۆی‌ بڵێ‌ تۆ دایكمی..!

به‌شی كۆتایی

به‌ڵێ‌ خوا فه‌رمووی‌: [قد سمع الله قول التی‌ تجادلك فی‌ زوجها وتشتكی إلی‌ الله والله یسمع تحاوركما إن الله سمیع بصیر * الذین یظاهرون منكم من نسائهم ما هن أمهاتهم إن أمهاتهم إلا الئي ولدنهم وإنهم لیقولون منكرا من القول وزورا وإن الله لعفو غفور * والذین یظاهرون من نسائهم ثم یعودون لما قالوا فتحریر رقبة من قبل أن یتماسا ذلكم توعظون به و الله بما تعملون خبیر * فمن لم یجد فصیام شهرین متتابعین من قبل أن یتماسا فمن لم یستطع فإطعام ستین مسكینا ذلك لتؤمنوا بالله و رسوله و تلك حدودالله و للكافرین عذاب ألیم] 58 / 1 - 4. واته‌:خوا قسه‌ی‌ ئه‌و ژنه‌ی‌ بیست كه‌ ده‌رباره‌ی‌ مێرده‌كه‌ی‌ له‌ گه‌ڵ تۆ – ئه‌ی‌ پێغه‌مبه‌ر!- گله‌یی‌ وگازنده‌ی‌ لای‌ خوا ده‌كرد، خوا ده‌یبیست كه‌ ئێوه‌ وتوو وێژتان بوو، خواش بیسه‌رو بینایه‌. ئه‌و كه‌سانه‌شتان به‌ ژنی‌ خۆیان ده‌ڵێن: ((تۆ دایكمی‌))، به‌و قسه‌یه‌ ژنه‌كانیان نابنه‌ دایكیان، دایكیان هه‌ر ئه‌وانه‌ن دیویانن، ئه‌وان قسه‌ی‌ خراپ ده‌كه‌ن وبوختان هه‌ڵده‌به‌سن، خوا له‌ گوناح ده‌بوورێ‌ وخه‌تا پۆشه‌.جا ئه‌وانه‌ی‌ به‌ هاوجووتی‌ خۆیان ده‌ڵێن: ((تۆدایكمی‌)) پاشان په‌شیمان ده‌بنه‌وه‌، ده‌بێ‌ به‌ر له‌وه‌ پێكه‌وه‌ بنوون،كۆیله‌یه‌ك ئازاد بكه‌ن، خوا ئاوا ئامۆژگاریتان ده‌كات، هه‌ر كارێكیش ده‌كه‌ن خوا لێی‌ به‌ ئاگایه‌. هه‌ر كه‌س نه‌یبوو كۆیله‌یه‌ك ئازاد بكات، با دوو مانگی‌ یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك، به‌رۆژوو بێ‌، پێش ئه‌وه‌ به‌ یه‌ك بگه‌ن، كه‌سێك ئه‌وه‌شی‌ نه‌توانی‌، خۆراك به‌ شه‌صت هه‌ژار بدات، هه‌تا باوه‌ڕتان به‌ خواو به‌ پێغه‌مبه‌ری‌ هه‌بێ‌ و ئه‌مه‌ سنووری‌ خوایه‌، بۆ كافرانیش ئازارێكی‌ به‌ ئێش و به‌ ژان هه‌یه‌. (له‌ ((فی‌ ظلال القرآن)) و((ابن كثیر)) سوودم وه‌رگرتووه‌).

چه‌ند تێبینیه‌ك:

یه‌كه‌م- (ئه‌بوو زه‌ید) ده‌ڵێ‌:جارێ‌ عومه‌ر له‌ گه‌ڵ خه‌ڵكێك بۆ كارێك ده‌چوو، له‌و ده‌مه‌دا به‌ژنێك -خاتوو (خه‌وله‌) – گه‌ییشت و عومه‌ر له‌ به‌ر رێز لێنانی‌ وه‌ستا!پاشان لێی‌ نزیكبوویه‌وه‌و سه‌ری‌ بۆ برده‌ پێش و گوێی‌ بۆ قسه‌كانی‌ گرت و بۆدوایی‌ رۆیشت، ئینجا پێاوێك به‌ عومه‌ری‌ گوت: ئه‌دی‌ (أمیر المؤمنین)! چۆن له‌ به‌ر پیره‌ ژنێك پیاوانی‌ قوره‌یشت ماتڵكرد؟! وتی‌: ئه‌ی‌ هاوار بۆتۆ !مه‌گه‌ر نازانی‌ ئه‌و ژنه‌ كێبوو ؟ ئه‌مه‌ ئه‌و ژنه‌یه‌ كه‌ له‌ سه‌رووی‌ حه‌وت ئاسمانه‌كه‌وه‌ خوا گله‌یی‌ و گازنده‌كه‌ی‌ بیست و وه‌لاَمی‌ دایه‌وه‌، ئه‌وه‌ خاتوو خه‌وله‌یه‌! به‌ خوا سوێند ئه‌گه‌ر تاشه‌ویش وه‌ستابا، منیش ده‌وه‌ستام له‌ گه‌ڵی‌،مه‌گه‌ر بۆ نوێژ چووبام، پاشانیش هه‌ر ده‌هاتمه‌وه‌ به‌لایه‌وه‌. (له‌ ابن كثیر)وه‌ (روائع البیان) ی‌ صابوونی‌) كه‌ڵك وه‌رگیراوه‌.

دووه‌م- رسته‌ی‌ ((تۆ دایكمی‌)) - وه‌ك (ابن القیم) ده‌ڵێ‌ - به‌ر له‌ هاتنی‌ ئیسلام ته‌لاَق بوو، بگره‌ حیسابی‌ گرنگتریشی‌ بۆ ده‌كرا، پاشان ئیسلام هات ئه‌و باوو نه‌ریت و یاساو رێسایه‌ی‌ هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌و به‌ كارو ره‌فتارێكی‌ حه‌رام و یاساغی‌ داناو، برَیاریشیدا تاكه‌فاره‌تی‌ نه‌درێت،نابێ‌ ئه‌و مێرده‌ ئه‌وه‌ی‌ وتووه‌ نزیكی‌ ئه‌و ژنه‌ی‌ ببێته‌وه‌. كه‌وابوو ئه‌گه‌ر پیاوێك به‌ژنه‌كه‌ی‌ وت ((تۆ دایكمی‌))و مه‌به‌ستیشی‌ پێی‌ ته‌لاَق بوو، به‌ (ظیهار) داده‌نرێ، وه‌ ئه‌گه‌ر ته‌لاَقی‌ داو، مه‌به‌ستی‌ (ظیهار) بوو، هه‌ر به‌ ته‌لاَق داده‌نرێت. 

سێیه‌م- هه‌ر كه‌سێك به‌ ژنه‌كه‌ی‌ گوت ((تۆ دایكمی‌)) دوو شت دێته‌ پێش:

 أ - تا كه‌فاره‌ت ده‌دات، نابێ‌ سه‌ر جێیی‌ له‌ گه‌ڵ بكات.

ب– كه‌فاره‌ت به‌ یه‌كێ‌ له‌م سێ‌ شته‌ ئه‌نجام ده‌درێ‌:

 - كۆیله‌یه‌ك ئازاد بكات.

 - ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی‌ پێنه‌كرا، ده‌بێ‌ دوو مانگ - یه‌ك له‌ دوای‌ یه‌ك - به‌ رۆژوو بێت. 

 - ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌شی‌ بۆ هه‌ڵ نه‌سووڕا، ده‌بێ‌ خۆراك به‌ (60) كه‌سی‌ هه‌ژار بدات. 

 خوێنه‌ری‌ هێژا ! ئه‌مه‌ی‌ باسكرا، یه‌كێك بوو له‌ سه‌دان گروفتی‌ ژنانی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌، ئیسلامی‌ پیرۆز هات و رزگاری‌ كردن لێی‌. دڵنیاشبن بێ‌ هیچ جیاوازییه‌ك له‌ نێوان ره‌گه‌زی‌ نێرو مێدا، سته‌م و ناهه‌قیی‌ به‌رامبه‌ر هیچ لایه‌كیان قبووڵ ناكات.


نوسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود - له‌ كتێبی ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا ..


   ‌ 1944 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
22/03/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook