<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق)..! بەشی یەکەم


جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق)..!

بەشی یەکەم

تەڵاق و جیابوونەوەی ژن و پیاو بەلای دینی ئیسلامەوە خاڵێکی زۆر گەورەو گرنگە، چونکە تێکچوونی ماڵ و حاڵی بەدوادا دێت، گەلێ جار منداڵان سەرلێشێواو دەبن و دەفەوتێن، گەلێ جار کەس و کاری ھەر دوولا لەیەک ھەڵدەسن و دەبێتە ئاژاوەی نێوانیان و، دووریش نییە خەڵکێکیان لێبکوژرێ، ھەر لەم روانگەوەیە بە (أبغض الحلال) دادەنرێت!، ھەر لەبەرئەمەیە کە خودای میھرەبان بەر لەوە ئاراستەی موسڵمانان بکات، ئاراستەی پێغەمبەر  دەکاو دەفەرموێ: [یاأیھا النبی إذا طلقتم النساء فطلقوھن لعدتھن..]. ھەر لەبەر گرنگی و سامناکی تەڵاقە کە خودا لە نێوان ئەحکامەکانی تەڵاقدا - جار لەدوای جار - وشەی (تەقوا) و (حدوداللە) دێنێتە نێوان و دەفەرموێ: [واتقوا اللە ربکم].. [وتلک حدوداللە ومن یتعد حدود اللە فقد ظلم نفسە..].. [لاتدری لعل اللە یحدث بعدذلک أمرا..].. [وأشھدوا ذوی عدل منکم وأقیموا الشھادة للە..] ھەر بەو جۆرە بەیناو بەین بێژەی (تەقوا) دێنێت، تا کۆتایی سوورەتی (تەڵاق) دێت. جا بۆ ئەوە خەڵکان ھەروا بە ئاسانی نزیکی کاری وانەبنەوە، ئەو ھەموو ترسەیان وە بەردەنێت..

- تەڵاق بۆ ھێور کردنەوەی باری نائاسایی نێوان ژن و پیاوە، بۆ کوژانەوەی ئەو توڕەیی و حاڵەتە سەخت و ناھەموارەیە لە نێوان دوو مرۆڤدا پەیدا بووە، ھەوڵێکە بۆ کوژانەوەی ئەو ئاگرو جەحەننەمەیە بۆیان کڵدراوە، پاش پێچانەوەی ئەو ھەموو خۆشەویستیی و سۆزو دلۆڤانییە، کە خودا لە بارەیەوە دەفەرموێ: [و من آیاتە أن خلق لکم من أنفسکم أزواجا لتسکنوا إلیھا و جعل بینکم مودة ورحمة..]..

- تەڵاق بۆ چارەسەری کێشەی ئەو دوو ئینسانەیە کە تا دوێنێ جل وبەرگ و کاڵا یەکبوون و، لە ھەموو نەنگ و لەنگێک یەکتریان دادەپۆشی: [ھن لباس لکم وأنتم لباس لھن..]..

- تەڵاق بۆ کۆتایی ھێنانە بە ناکۆکی ئەو دوو مرۆڤەیە کەچاوەروانی وەبەرھێنانی وەچەو نەوەی ئاییندەیان لێدەکرێ: [نساؤکم حرث لکم..]..

- تەڵاق کۆتا ھەوڵە لە ھەوڵەکانی ئیسلام، بۆ کۆژاندنەوەی بڵێسەی غەزەبی دوو ئینسانی ماندوو بە دەست یەکترەوە، بەو ھیوایە نێوانیان لەو حاڵەتە خراپتر نەبێ، بەشکو دواتر بتوانرێ یەک بخرێنەوە، واتە: دەبێ ھەموو چارەسەرەکان بگیردرێنە بەر، ئەوجا بیر لە جیابوونەوە بکرێ، بۆ نموونە: یەکەم جار، یەک تەڵاقی بدات.. جا ئەگەر لەو ماوەیەدا ھەردوولا لە ئەنجامی وێران کردنی خانەو لانەکەیان عیبرەتیان وەرگرت و ھەستیان کردکە ئێستا لە دەرگای ئەم و ئەودان و منداڵان سەرلێشێواون و بۆ خۆیشیان پەشیمانن، ئەوا دووبارە رێیان پێدەدرێتەوە یەک بگرنەوە، ئەنجا ئەگەر پاش ئەو یکگرتنەوەیە، دیسان تێکچوونەوە و بە تەڵاق نەبێ، کێشەکەیان چارەسەر نابَی، با تەڵاقێکی تری بدات و دیسان ماوەیەک ھەردوولا دوور لە ماڵ و حاڵی جارانیان بژین، بەڵکو بیر بکەنەوەو ئیتر ژیر ببن و، کۆتایی بە کێشەکانیان بێنن، جا ئەگەر ھەردوو گەڕانەوە سەر مێزی دانووستن و دەرەنجام ھاتنە سەر ئەوە یەک بگرنەوە، ئەمجارەش شەریعەتی ئیسلام بۆ جاری دووەم رێی پێداون چارەسەری کێشەکەیان بکەن و دەست بکەنەوە بە ژیان.. ئینجا ئەگەر پاش ئەم دووجار چاکسازیی و یەکگرتنەوە، دیسان ناکۆکبوونەوە، دەبێ ئەمجارەیان دوو حەکەم - یەکێ خزمی پیاوەکەو یەکێ خزمی ژنەکە - بچنە نێوانیانەوەو بە وردیی لە کێشەکەیان بکۆڵنەوە، جا ئەگەر توانیان کێشەکە بدۆزنەوەو بۆیان روون بوویە لەلای کامیانەوە سەری ھەڵداوە، ئەوا ھەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ چاککردنی نێوانیان، جا ئەگەر لە ھەوڵەکانیاندا سەرکەوتوو بوون ئەوە کارێکی پەسەندو باشیان کردووە، خۆئەگەر گەیشتبوونە ئەو قەناعەتە کە ژیانیان پێکەوە ناگونجێ، ئەوجا دەبێ لەیەک جیا بکرێنەوە و، نابێ ھیچ کامێکیان ستەم لەوی دیکە بکات (وەک لە سوورەتی بەقەرەو سوورەتی نیساء دا ئەم مەسەلە باسکرا). بەڵێ ئەمە مەسەلەی شێوەی ئەو تەڵاقە بوو لە ئیسلامدا رێی پێدراوە، ئیتر تەڵاق ئەوە نییە بابایەک بە ئارەزووی خۆی نان و ئاوی بکات بە تەڵاق و ! ھەرچی بە دڵی نەبوو تەڵاقێکی پیا بکێشێ.

سەرەرای ئەمانەیش، لەکاتی تەڵاق دانەکەدا، دەبێ رەچاوی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکرێ، وەکو لە سوورەتی (تەڵاق) دا دەفەرموێ: [یا أیھا النبی إذا طلقتم النساء فطلقوھن لعدتھن و أحصوا العدة واتقوااللە ربکم لا تخرجوھن من بیوتھن ولایخرجن إلا أن یأتین بفاحشة مبینة وتلک حدوداللە ومن یتعد حدوداللە فقد ظلم نفسە لاتدری لعل اللە یحدث بعد ذلک أمرا] ٦٥ /١، واتە: ئەی پێغەمبەر! ھەرکات ویستان ژنەکانتان تەڵاق بدەن، لەکاتی عیدە ژماردنیاندا تەڵاقیان بدەن و ماوەکە بەوردیی ئامار بکەن، لە خودای پەروەردگارتان شەرم بکەن و لەماڵ خۆیان دەریان مەکەن و بۆ خۆشیان دەرنەچن لەو ماوەی عیددەدا، مەگەر بە ئاشکرا کارێکی دزێوو شوورەیی بکەن، ئەمە سنووری خودایە و لە سنووری خودا بەولاوە چی تر، ستەمی لەخۆی کردووە، تۆ چووزانی لەوانەیە دوای ئەوە خودا کارێ تر وەدی بێنێ.

ئیسلام خێرا ھەر لەگەڵ سەرھەڵدانی کێشەیەک پەلە ناکات بۆ بچراندنی زنجیرەی خێزان، بەڵکو زۆر بە توند ئەو مەسەلە دەگرێت وە ھەتا قابیلی چارەسەر بێت چارەسەری بۆ دادەنێت، بۆ نموونە: خودا دەفەرموێ: [و عاشروھن بالمعروف فإن کرھتموھن فعسی أن تکرھوا شیئا و یجعل اللە فیە خیرا کثیرا]. واتە: ئێوە ئەی مێردان! بە جوامێرانەو پەسەند مامەڵە لە گەڵ ژنەکانتاندا بکەن، خۆئەگەر رکیشتان لێیان بوویەوە بەھۆی کارێکەوە حەزتان نەبوو لێی، ھەرددان بە خۆتاندا بگرن و تەڵاقیان مەدەن، چونکە دەکرێ ئێوە رکتان لە شتێک بێتەوەو حەزی پێ نەکەن، کەچی خودا قازانجی فرەی تێدانابێت بۆتان.

نووسینی: شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود -  کتێبی/ ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا

   ‌ 7528 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/07/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook