<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق)..! بەشی دووەم

جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق)..!

بەشی دووەم

بەرێز دکتۆر (مصطفی الزلمی) لە کتێبی (الطلاق) دا دەڵێ: لەبەرئەوە ئیسلام زۆری مەبەستە کە ژیانی ژن و مێرد ھەڵنەوەشێتەوەو ھەمیشە بەردەوام بێت، بۆ بەرھەڵستکردن و رێگرتن لێی ھاتووە چەند خاڵێکی داناوە، لەوانە:

یەکەم - پەندو ئامۆژگاریی ژنەکان بکەن: (فعظوھن). 

 جا لەو حاڵەتەدا کە ژنەکە دانامرکێ و مل نادات بە مێرد، قورئان داوا لە پیاوان دەکات کە بەھەر شێوەیەک کەڵک بەخش دەبێت، ئامۆژگاری ژنەکانیان بکەن، بەڵکو ئەو تووڕەیی و ھەڵچوونەیەیان دابەزێ.

دووەم - جێگەی نووستنیان لێ جیا بکەنەوە: [واھجروھن فی المضاجع].

 بەو واتایە کە ئەگەر ژنەکە - لەبەر ھەر ھۆیەک بوو - بە ئامۆژگاری دانەمرکاو لەو حاڵەتە دانەبەزی، ئەوا قورئانی پیرۆز لەوە دەگوێزێتەوە بۆ عیلاج و چارەسەرێکی (نەفسیی)، ئەویش دوورکەوتنەوەیە لێیان لەکاتی خەودا، بێگومان ئەوە حاڵەتێکە ژنی بەویژدان دەزانێ چەندە ئاسەواری ھەیە لەسەر دڵ و دەروون، بەڵام دەبێ ریعایەتی ئەم خاڵانەی لای خوارەوە بکرێ: 

أ- دەبێ دوورکەوتنەوەکە تەنھا لەکاتی نووستندا بێت. 

ب- منداڵەکانیان - ئەگەر ھەبوون - پێیان نەزانن، تا ئاسەواری خراپی لێنەکەوێتەوە بۆ ئەوانیش.

ج- لەبەردەم خەڵکانی غەریب و نەیار بەو خێزانە، ئاسەواری دەرنەکەوێت.

د- ئەگەر ئەم چارەسەرە بێ کەڵک بوو، ئینجا چارەسەرێکی تر دێتە پێش.

 سێیەم - سووکە لێدانێکی بێ زەرەروو زیان بکرێن: (فاضربوھن).

بێگومان ھەموو دەردێک دەرمانێکی ھەیە، بۆیە شەریعەتی ئیسلام سێ (خەیار)ی لەبەردەم پیاودا دانا بۆکوژانەوەی ئەو تووڕە بوون و ململانێیە، ھەرکامێکیان بگریت زۆر ئاسانتر و بچوکترە لە (تەڵاق) و جیابوونەوەکەیان. 

گەلێ کەس بۆ ئەم لێدانە تەفسیری خراپ دەکاتەوە و بە کەم و سووکایەتی دەزانێ بۆ شانی ژنان، بەڵام ھەر چۆنێک بێت لە تەڵاقدانەکە زۆر کەمترو ئاسانترە، سەرەرای ئەمەیش کە پێغەمبەر  دەفەرموێ: ((لا یجلد أحدکم امرأتە جلد العبد ثم یجامعھا فی آخر الیوم)) فتح الباری/ باب ما یکرە من ضرب النساء، ح / ٥٢٠٤. نابێ کەسێکتان لێدانی ژنەکەی بکات، وەک چۆن لە بەندە دەدات! پاشانیش بچێ سەرجێیی لەگەڵ بکات!. خۆئەگەر وەکو چارەسەرێک بۆ روونەدانی تەڵاق لێدان کرا دەبێ ھیچ شوێنێکی بریندار نەکرێ و تووشی ئازارو بێزار نەبێ. 

پێغەمبەر  بەوکەسانە لە ژنان دەدەن دەفەرموێ: ((و لا تجدون أولئک خیارکم)) (شەوکانی) نیل الأوطار ٦/٢٣٨. ئەوانەتان لە ژنان دەدەن، مرۆڤی چاک نین، واتە: ئەوانە چاکن کە لە ژنان نادەن. وە لە فەرموودەیەکی تردا ھاتووە: ((و لا یضرب إلا شرارکم)) الطبقات الکبری ٧/١٤٨. واتە: مەگەر ھەر مرۆڤە خراپەکانتان لە ژنان بدەن!.

پیاوچاکانی پێشوو باش لە ماناو مەبەستی ئەو لێدانە گەیشتن، بۆیە (قازی شورەیح) کە (عومەری کوڕی خەتتاب) کردبوویە قازیی (بەصرە) و (٦٣) ساڵ تەمەنی تەواو کردبوو، ئەگەر لە خاتوو (زەینەب)ی ژنی تووڕە بوو با، بە سیواکەکەی ئاماژەیەکی بۆ دەکرد و ئەم شیعرەی دەخوێندەوە: 

ورأیت رجالا یضربون نساءھم * فشلت یمینی حین أضرب زینبا

کەوابوو ئەو لێدانە قورئان رێگەی پێداوە، غەیری ئەو لێدانەیە خەڵکانی نەزان لێی تێگەیشتوون و تەفسیری دەکەنەوە. (سەید قوتب) دەڵێ: ئەوی کەمێ لە حیکمەتی ئەم چارەسەرە ورد بێتەوە، دەزانێ کە مەبەست ئەزیەت و ئازاری ژنان نییە، زۆر کردن نییە لێیان، تا بە ماڵ و حاڵێ رازی بن، حەزیان لێ نەبێ. (فی ظلال القرآن)، ٥/٦٤.

چوارەم - ئەگەر ئەشقیبوونەکە لە پیاوەکەوە بوو، قورئان روو لە ھەردوو ژن و پیاوەکە دەکات کە ھەوڵ بدەن نێوانیان رێک بخەنەوە و ێوڵح و سازش بکەن، واتە: بیر لە تەڵاق نەکەنەوە، بەڵکو بیر لە چارەسەر بکەنەوە، بۆیە دەفەرموێ: [و إن امرأة خافت من بعلھا نشوزاً أو إعراضاً فلا جناح علیھما أن یصلحا بینھما و الصلح خیر..] سورە النساء /١٢٨. واتە: ھەر چۆنێک رێک دەکەون و ئەو ئاڵۆزییە ریشەکەن دەکەن، بە زیادکردنی مارەیی بێ بۆ ژنەکە لەلایەن مێردەوە، یان ژنەکە واز لە ھەندێ مافی خۆی بێنێ، یان بەھەر شێوەیەکی دی، گرنگ رێکەوتنیانە، خۆ بێگومان ئەو رێکەوتنە زۆر باشترو قازانجترە لە تەڵاق و جیابوونەوەیان.

پێنجەم - ئەگەر ھەریەکەیان ھەراو کێشەکەی دەخستە سەر ئەوی دیکەیان، ئەوا (تەحکیم) بەکاربھێنرێ، وەکو قورئان دەفەرموێ: [فابعثوا حکما من أھلە وحکما من أھلھا..] پێویستە بۆ دوو حەکەمەکانی نێوانیان، ئەم خاڵانەیان تیا ڕەچاو بکرێ: 

أ- ھەر کام لە ژن و لە پیاوەکە بەحەکەمی خۆیان رازی بن.

ب- ھەردوو حەکەمەکە خاوەن عەدالەت بن و، لە کاروباری ھەراو کێشەی خێزان شارەزاو لێزان بن.

ج- تا بکرێ خزمی ژن و پیاوەکە بن، خۆئەگەر لەوان دەستی نەدا، با لە دراوسێکانیان بن، چونکە لەوانەیە ئەوان لە بەشێ لە کێشەکەیان ئاگاداربن. 

د- ھەردوو وەکو کەسێکی بێ تەرەف کار بکەن، واتە: خزمایەتی بەکارنەھێنن، بەڵکو تەنھا مەبەستیان رێکخستنەوەی نێوان ئەو ژن و پیاوە بێت.

ە- دوای لێکۆڵینەوە راپۆرتێک بنووسن، چۆن کێشەکەیان دیت و چۆن سەیری دەکەن؟ لە سوورەتی (نیساء)دا دەسەڵات و توانای ئەم دوو حەکەمە باسکراوە، دەتوانی بگەڕێیتەوە لای.

نووسینی: شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود - کتێبی/ ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا

   ‌ 4157 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/07/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook