<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق)..! بەشی سێیەم

جیابوونەوەی ژن و پیاو (تەڵاق)..!

بەشی سێیەم

پاشان ئەگەر پیاوەکە ھاتە سەر بڕیاری تەڵاقدان، دەبێ ئەم خاڵانەی لای خوارەوە پێش چاو بگرێت:

١) ژنەکە لەحەیزو بێنوێژیدا نەبێت.

٢) لەپاکییەکدا نەبێ، تێیدا سەرجێیی لەگەڵ کرابێت، ئەم تەڵاقە لە شەریعەتی ئیسلامدا پێی دەڵێن: (الطلاق السنی) واتە: تەڵاقی وا تەڵاقی شەرع پەسەندەو ئیسلام ددانی پیا دەنێت.

بێگومان رەچاوکردنی ئەم خاڵانە بۆ ھێورکردنەوەی گڕوکڵپەی رک و کینەی ژن و پیاوەکەیە، تا بەشکو پاش ئەوە کە پیاوەکە زانی ژنەکە لە بێنوێژیدایە، یان لە حەیز پاکەوە بووە، بەڵام لەو پاکییەدا سەرجێیی لەگەڵکردووە، ئەوسا بەپێی شەریعەتی ئیسلام دەزانێ لەکاتی ئاوادا دەرفەتی تەڵاقدانی نییە - کەھەقە موسوڵمان لەھەموو کارێکدا شەرعڕەوو سوونەتیی بێت، بێ گومان لە کاتی ئاوادا دوور نییە بیرۆکەی تەڵاقەکەش لە مێشکیا نەمێنێ. 

لەولایشەوە ئەگەر لە بێ نوێژیدا بێ، بۆ دوایی ژنەکە عیددەکەی ماتڵ دەبێء درەنگ تر دەتوانێ - ئەگەر بیەوێ- مێرد بکاتەوە، پاشانیش ئەگەر تەڵاق بەدەمیا ھاتء کەوت، دەبێ ژنەکە سێ (قرؤء – واتە: سێ پاکیی ببینێ (ئەگەر خاوەن سک وزا بێ) یان سێ مانگ دانیشێ وبمێنێتەوە (ئەگەر بچووک و نەزۆک بوو)، یان ئەگەر (حامل)ـە بوو، سکەکەی دابنێت.. لەم ماوەشدا ھێمان ژنءپیاوەکە دەتوانن یەک بگرنەوەء بچنەوە سەر خانەو لانەی خۆیان.

بەڵێ ئەم ھەموو ئاگربەسە بەدەور تەڵاقدا، ھەر لە بەر ئەوەیە کە ھەتا ترووسکاییەک بەدی بکرێ لە نێوانیاند تەڵاق نەکەوێت.. بێگومان ھەر کەسێک لەم شتانە ورد ببێتەوە دەزانێ کە ھەموو دەگەڕێتەوە بۆ ڕزگارکردنی ژنان لە عاداتء باوی سەردەمی جاھیلیەت، چونکە ژنان لەو سەردەمەدا ھەمیشە وەکو کۆیلەء کووتالڕ سەیر دەکران، مێرد چۆن تەڵاقی دەدا؟ کەیدەیویست تەڵاقی بدا، بێ سنوور بوو،بەڵام ئیسلام ھات ئەو ھەموو بێ سەروبەریییەی لە ڕیشە ھێناو ژنانی بەرز ڕاگرتء ھەقء مافی بۆ دیاری کردن وپێیگوتن: ھەر لەدایک بوو نابێ زیندە بەچالڕ بکرێء سووکایەتی پێ بکرێت... بەشوو دەدرێ – کچ بێ یان بێوەژن – دەبێ ئیزنی لێ وەربگیردرێ، ژنی خاوەن مێردە دەبێ گشت مافەکانی ڕەچاو بکرێن،کاتێ تەڵاق دەدرێت ستەمی لێ نەکرێت، تەڵاقدان لە ئیسلامدا ڕێساو یاسای خۆی ھەیە، وەکو لەم سوورەتەو لە سوورەتی (بەقەرە)دا گەلێکیان باس کران.

بێ سۆ دانانی ئەم ھەموو ئەحکامء یاسایانە بۆ ژنان.. لەبەر ئەوە نەبووە کە ژنان داوایان کرد بێت، یان پیاوان ویژدانێکیان بوو بێت بەرامبەریان، یان یەکێتی ژنانی جیھانیی، یان ژنانی ناوچەکە بەوکارە ھەڵسابێ، یان ژنان خۆیان چووبنە ئەنجوومەنی پەرلەمان و داوایان تۆمار کرد بێت ؟! نەخێر، نا، تەنھا تەلەفۆنێکیش لە ھیچ لایەکەوە نەکرا بۆ دابین کردنی ھەریەک لەو مافانە، بەڵکو تەنھا خودای میھرەبان خۆی ویستی ئەو ستەمء ناھەقیانە لەسەر ژنان نەمێنێء ژنان بگەڕێنەوە جێگای گونجاوو شیاوی خۆیان، ئەو جێگایە قورئان بۆی دیارییکردوون. خودا دەفەرموێ: ((یا أیھا النبی إذا طلقتم النساء فطلقوھن لعدّتھن..)) ئەی پێغەمبەر! کە دەتانەوێ ژنەکانتان تەڵاق بدەن، با کاتی بێت شیاوی خۆی بێت، واتە: کاتێ بێت ژنەکە خێرا دەست بکات بە ئەژماردنی عیددەی خۆی، تابەڵکو ئەوەند ماتڵ نەبێت، ئەگەر بیەوێ مێردبکاتەوە. بۆیە بۆ تەفسیری ئەم ئایەتە پێشەوا (بوخاری) لە کتێبەکەیدا ئەم فەرموودەیە دێنێ کە دەڵێ: ((عەبدوڵڵای کوڕی عومەر-خ) ژنەکەی لە (حەیز)دا تەڵاق دا! پاشان (عومەر) دەچێ بۆ پێغەرمبەری دەگێڕێتەوە، ئەویش – لەبەر ئەوە کە ژنەکە لەحەیزدا تەڵاق دراوە – تووڕە بوو و فەرمووی: ((لیرجعھا ثم یمسکھا حتی تطھر، ثم تحیض فتطھر، فإن بدا لەُ أن یطلقھا فلیطلقھا طاھرا قبل أن یمسھا، فتلک العدة کما أمرە اللە)).واتە: بابیھێنێتەوە لای خۆی رایگرێ، تا لە حەیز پاک دەبێتەوە، پاشان دیسان دەکەوێتەوە حەیزەوەء پاک دەبێتەوە، جا ئەگەر پاش ئەوە بۆی دەرکەوت تەڵاقی بدات، باکاتێک بێ پاک بێ (لە حەیز)ء سەرجێییشی لەگەلڕ نەکرد بێت، ئەمەیە مەبەستی خودا دەفەرمووێ: لە کاتی عیددەیاندا تەڵاقیان بدەن.

پێشەوا (موسلم)یش بەم جۆرە ئەو مەسەلە یە دەھێنێ و دەڵێت: ((فتلک العدة التی أمر اللە أن یطلق لھا النساء)). (ئیبن عەباس- خ) لە تەفسیری ئایەتی [فطلقوھن لعدتھن] دەڵێ: (أی لا یطلقھا وھی حائض ولا فی طھر قد جامعھا فیە، ولکن یترکھا حتی إذا حاضت وطھرت طلقھا تطلیقة) واتە: لەحەیزدا، یان لە پاکییەکدا چووبێتە لای، نابێ تەڵاقی بدات، بەڵکو دەبێ لێیگەڕێ تابۆ جارێکی تر بێ نوێژ دەبێتەوەء ھەمیسان پاک دەبێتەوە، ئەوسادەتوانێ یەک تەڵاقی بدات. کەوابوو تەڵاقدان لە ئیسلامدا کاتی بۆ دیارییکراوەو، نابێ مێرد ھەر کات ویستی وئارەزووی بوو تەڵاقی بدات.. بەڵکو دەبێ ژنەکە:

یەکەم- لە کاتی بێ نوێژیدا بێ

دووەم- لە ماوەی پاکیشیدا مێرد نەچووبێتە لای.

سێیەم- زاناکان دەڵێن: دەرکەوتبێ سکی پڕە. حیکمەت لە دیارییکردنی کاتء ماوە بۆ تەڵاقدان، تەمەح خستنە بەر مێردەکە تا بەڵکو لەو ماوەی چاوەڕوانیەدا ھەردوولا پەشیمان ببنەوەو سەر لەنوێ ژن و مێردیی دەست پێ بکەنەوە.

(ئیبن کەسیر) دەڵێ: فەقیھەکان تەڵاقیان کردووە بەسێ بەشەوە:

یەکەم: پێی دەڵێن تەڵاقی سوننی (الطلاق السنی). مەبەست لەم تەڵاقە، ئەو تەڵاقەیە کە قورئان دەفەرمووێ: [یا أیھا النبی إذا طلقتم النساء فطلقوھن لعدّتھن..] واتە: ژنەکە دەبێ پاک بێ و، بێ نوێژ نەبێت و سەرجێشی لەگەلڕ نەکرا بێ. ئەم تەفسیرەش رای (ئیبن عەباس)ء (ئیبن مەسعود)ـە. ھەر لەبەر ئەمەیە کە زاناکان بۆ کەوتنی تەڵاق سێ خاڵیان دیارییکردووە:

یەکەم- دەڵێن (أن یکون الطلاق طلقة واحدة). واتە: دەبێ یەک تەڵاقی بدات.

دووەم– أن یکون فی طھر لم یخالط الزوج فیە زوجتە) واتە: تەڵاقەکە دەبێ لەو پاکییەدابێ کە ژن و پیاوەکە پێکەوە سەرجێیان نەکردبێ.

سێیەم- أن تکون ھناک ضرورة تقتضی الطلاق، أو سبب یدعو إلیە) واتە: دەبێ کارێکی پێویستء زەروور ھەبێت لە تەڵاقدانەکەدا. جا ئەگەر ئەم مەرجانە ڕەچاو کران و تەڵاقدرا، دیارە ئەو تەڵاقە حەڵاڵەو دەبێتە (تەڵاقی سوننی)، خۆ ئەگەر یەکێ لەو خاڵانە جێبەجێ نەبوو وتەڵاقیشدرا، بێ شک ئەو تەڵاقدانە حەرام و قەدەغەیە.

نووسینی: شێخ ئەحمەد کاکە مەحموود - کتێبی/ ژنان و کاروباری ژنان لە ئیسلامدا

   ‌ 3284 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
26/07/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook