<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
خولع له‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامدا..

 خولع له‌ شه‌ریعه‌تی‌ ئیسلامدا

 بریتیه‌ له‌ ڕێككه‌وتنی ژن‌و پیاو، یان بریكاریان، له‌سه‌ر كۆتایی هێنان به‌ په‌یوه‌ندی گرێبه‌ستی‌ ژن ومێردیی‌ له‌به‌رامبه‌ر (عیوه‌ز)ێكه‌وه‌، ژنه‌كه‌ بیدات به‌ پیاوه‌كه‌.

به‌ڵێ كه‌ ژن‌و پیاو ئیراده‌یان یه‌كیگرت‌و پێكهاتن بۆ كۆتایی هێنان به‌ په‌یوه‌ندی نێوانیان، ئینجا ژنه‌كه‌ چووه‌ ژێر (به‌دیل)ـه‌كه‌یه‌وه‌، بێ شك له‌حاڵه‌تی ئاوادا گومانێك نییه‌ كه‌ ئه‌و خولعه‌ ره‌وایه‌‌و داده‌مه‌زرێت، به‌لاَم ئه‌گه‌ر له‌به‌ر گوشاری پیاوه‌كه‌ بوو، ژنه‌كه‌ چووبووه‌ ژێر ئه‌و باره‌وه‌، دیاره‌ كه‌ ئه‌وه‌ دانامه‌زرێ وكاری‌ پێ ناكرێت. 

باڕۆشنتر بڵێین: ئه‌گه‌ر پێكهاتنه‌كه‌یان بۆ جودابوونه‌وه‌ له‌به‌ر ناڕێكی‌و لاساریی پیاوه‌كه‌ نه‌بوو، به‌ڵكو ژنه‌كه‌ بۆ خۆی‌ ویستی له‌و پیاوه‌ جیاببێته‌وه‌ كه‌ به‌ سر‌وشت حه‌زی لێ نه‌ده‌كرد، جا ئیتر له‌به‌ر جیاوازی ته‌مه‌نیان بێ، یان له‌ به‌ر جیاوازی پله‌ی خوێنده‌واریی‌و ڕۆشنبیریان بێ، یان هه‌ر شتێكی تر كه‌ ده‌سه‌ڵاتی پیاوه‌كه‌ی تێدا نه‌بێ‌ بۆ جودابوونه‌وه‌كه‌، بێ شك ته‌ڵاقی ئاوا ڕه‌وایه‌‌و لێكجوداده‌كرێنه‌وه‌. خۆ ئه‌گه‌ر له‌به‌ر گوشاری پیاوه‌كه‌ بووو ژنه‌كه‌ش به‌ ناچاری‌ قه‌بووڵی خولعه‌كه‌ی ده‌كرد،بێ گومان له‌حاڵه‌تی ئاوادا به‌لای (حه‌نبه‌لیی)‌و (ظاهریی‌) و ده‌سته‌یه‌ك له‌ (جه‌عفه‌ر)یه‌كان‌و سه‌رجه‌م (زه‌ید)یه‌كانه‌وه‌، ته‌لاَقی‌ وا دانامه‌زرێ ‌و نیكاحه‌كه‌ وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه‌.

ئینجا ژنه‌كه‌ش: ئه‌گه‌ر باڵغ‌و ژیر‌و ئاره‌زوومه‌ند‌و ته‌ندروست بوو ‌و ڕێی لێ نه‌گیرابوو له‌ ئاڵ‌و وێڵ‌دا له‌ به‌ر (سه‌فاهه‌ت)، ئه‌وه‌ بێگومانه‌ ئه‌و خولعه‌ داده‌مه‌زرێ، خۆ ئه‌گه‌ر نه‌خۆش‌وشێت‌و منداڵ‌‌و بێ ئاره‌زوو بوو، له‌مه‌یشدا گوومان نیه‌ كه‌ دانامه‌زرێ... جا ئه‌گه‌ر له‌و حاڵه‌ته‌دا كه‌ ژنه‌كه‌ (ئه‌هلیه‌ت)ی شه‌رعیی نه‌بوو بۆ قه‌بووڵكردنی خولع و، (وه‌لی)ـه‌كه‌ی چووه‌ ژێر خولع و عیوه‌زه‌كه‌یه‌وه‌، زاناكان رایان به‌م شێوه‌یه‌:

یه‌كه‌م – حه‌نه‌فیه‌كان خولعی ئاوا به‌ڕه‌واو دامه‌زراو داده‌نێن.

دووه‌م – شافیعیه‌كان ده‌ڵێن: هه‌موو كه‌سێك – وه‌لی ئه‌و ژنه‌ بێت، یا نا – ده‌توانێ قبووڵی خولع بكات له‌ باتی هه‌موو جۆره‌ ژنێك:منداڵ و ناباڵغ و(سفیهه‌)، به‌ مه‌رجێ ئه‌و كه‌سه‌ خۆی‌ بچێته‌ ژێر (عیوه‌ز)ه‌كه‌وه‌.

بۆچی ڕێ به‌ خولع دراوه‌؟

ڕێ به‌ (خولع) دان.. بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ر كات ژن‌و مێرد زانییان ناتوانن له‌مه‌سه‌له‌ی ژن‌ومێردیدا یاساو ڕێسای خودا بپارێزن‌و، ڕه‌فتاریان له‌گه‌ڵ‌ یه‌ك به‌ پێی قورئان‌و سوننه‌ت بێ، مافی یه‌كدی پێشێل ده‌كه‌ن. (ئیبن قدامه‌ الحنبلی‌) له‌ كتێبی (المغنی)دا ده‌ڵێ: (والخلع – أی شرع – لإزالة الضرر الذی یلحقها بسو‌ء العشرة والمقام مع من تكرهه وتبغضه..)واته‌: بۆ لادانی ئه‌و زیانه‌یه‌ تووشی ژنان ده‌بێ له‌لایه‌ن مێردی خراپه‌وه‌.

له‌ (كشاف القناع)یشدا هاتووه‌: (وفائدته – أی فائدة الخلع – تخلیصها من الزوج علی‌ وجه لا رجعة له علیها إلا برضاها) واته‌: كه‌ڵكی خولع به‌ پله‌ی یه‌كه‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆ ڕزگاركردنی ژنه‌كه‌ له‌ ده‌ست پیاوه‌كه‌ی. كه‌وابوو حیكمه‌تی خولع.. ئه‌گه‌ر قازانجی پیاوه‌كه‌شی تێدا بێت.. ده‌توانی بڵێیت ته‌نها له‌به‌ر خاتری ژنان داهێنراوه‌‌و ڕێی پێدراوه‌، چونكه‌ پیاو – ئه‌گه‌ر خولعیش نه‌بێ، به‌ ڕێگه‌یه‌كی تر ده‌توانێ، له‌ لاساری ژنه‌كه‌ خۆی رزگار بكات.

نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود  -- سه‌رچاوه‌/ كتێبی ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا


   ‌ 6351 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
31/07/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook