<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
ئه‌و شتانه‌ رێ بۆ ژنان خۆش ده‌كه‌ن بۆ داوای ته‌ڵاق.!

ئه‌و شتانه‌ رێ بۆ ژنان خۆش ده‌كه‌ن بۆ داوای ته‌ڵاق

زاناكان ده‌ڵێن: (كل ما یلحق الأذی‌ أو الألم ببدن الزوجة أو نفسها أو یعرضها للهلاك) واته‌: هه‌ر شتێك عه‌زیه‌ت‌و ئازار به‌جه‌سته‌ وده‌روونی‌ ژنان بگه‌یه‌نێ، یان بیانخاته‌ هیلاكه‌ته‌وه‌، له‌هه‌موو ئه‌و حاڵه‌تانه‌دا ده‌توانن داوای جیابوونه‌وه‌ له‌ پیاوه‌كانیان بكه‌ن، بێ‌ گومان ئه‌مه‌ له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی‌ تر، یان له‌ ژنێكه‌وه‌ بۆ ژنێكی‌ تر ده‌گۆڕدرێ.

بۆ نموونه‌: قسه‌ی دزێووناشیرین، جنێو، به‌خۆی یان به‌باوك‌و دایكیی، یان رووی‌ لێوه‌رچه‌رخێنێ‌ وقسه‌ی له‌گه‌ڵ‌ نه‌كات، یان شه‌و – بێ هیچ هۆكارێكی شه‌رعیی – له‌گه‌ڵی نه‌خه‌وێت، یان ماوه‌یه‌ك سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ نه‌كات،یان ڕوو گرژو ڕوو تاڵ بێت له‌ گه‌ڵیا، یان ناوچاو بدات به‌یه‌كا، یان قسه‌ی به‌رزو نزمی له‌گه‌ڵ‌ بكات، یان گوێ بۆ قسه‌ی نه‌گرێت. تاد.

هه‌روه‌ها لێدانێكی – له‌سنوور ده‌رچوو- به‌ده‌ست، یان به‌هه‌ر ئامێرێكی تر، یان برینداركردنیان، یان شكاندنی جێگایه‌كیان، یان به‌ زستاندا له‌ رێ‌ و شوێنێكی ساردا دابنرێت، یان به‌ هاویندا جێگاكه‌ی گه‌رم بێت... به‌كورتیی: هه‌ر شتێك له‌ لایه‌ن پیاوه‌كه‌وه‌ په‌یدابوو به‌رامبه‌ر ژنه‌كه‌، وه‌شه‌ریعه‌تی ئیسلام ڕێی پێ نه‌دابوو، ژن ده‌توانێ بیكاته‌ بیانووی‌ ته‌ڵاق و جیابوونه‌وه‌. (مالیك)یه‌كان پتر له‌ زاناكانی تر ئه‌م ده‌رگایه‌یان واڵاكردووه‌ له‌ ژنان بۆ خۆ رزگاركردن له‌ ده‌ست پیاوانی‌ لارو لاسار، بۆ نموونه‌ ده‌ڵێن: (ولها – أی للزوجهة - التطلیق علی‌ الزوج للضرر، وهو مالا یجوز شرعاً كهجرها بلا موجب شرعی، وضربها كذلك وسبّها وسبَ أبیها،، نحو: یا بنت الكلب یا بنت الكافر، یابنت الملعون... ویؤدب علی‌ ذلك زیادة علی‌ التطلیق). (ومن الضرر قطع كلامه عنها، وتحویل وجهه فی الفراش عنها، وإیثار إمرأة علیها، وضربها ضرباًًًًًَ مؤلما) به‌كورتیی: هه‌ر وشه‌یه‌ك، یان هه‌ر كارێك له‌ مێرده‌وه‌ ڕه‌نگ بداته‌وه‌ بۆ سه‌ر كه‌سێتی ژن، ده‌توانێ ئه‌وشته‌ بكاته‌ به‌ڵگه‌ بۆ داوای ته‌ڵاق‌و جیابوونه‌وه‌.... هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر مێرد به‌هۆی خواپه‌رستیی‌و نوێژو ڕۆژوو وشه‌و نوێژه‌وه‌ سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ نه‌كرد، ئه‌و پیاوه‌ بانگ ده‌كرێ‌و پێ‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نرێت كه‌ نابێ‌ كاری وابكات، ئنجا ئه‌گه‌ر به‌وه‌ باش بوو، چاكه‌، ئه‌گینه‌ ده‌بێ ته‌ڵاقی بدات. (شیخ الإسلام – ابن تیمیه‌) ده‌ڵێ: (وحصول الضرر للزوجة بترك الوط ء مقتضی‌ للفسخ بكل حال، سوا‌ء كان بقصد الزوج أو بغیر قصد، ولو مع قدرته وعجزه كالنفقة) الإختبارات الفقهیة للشیخ ص247). واته‌: به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك مێرد دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ ژندا، وه‌ ژنه‌كه‌ به‌وه‌ ناڕه‌حه‌ت ببێت، ده‌توانێ داوای ته‌ڵاق بكات.

تێبینی:

ئه‌گه‌ر هه‌ر یه‌ك له‌و شتانه‌ كه‌ ده‌بنه‌ بییانووی‌ داوای ته‌ڵاق، یه‌ك كه‌ڕه‌تیش له‌ماوه‌ی ته‌مه‌ندا ڕوو بدات به‌سه‌، وه‌ ژن ده‌توانێ داوای جیابوونه‌وه‌ی‌ پێ بكات. له‌ كتێبه‌كه‌ی (ده‌ردیر)دا هاتووه‌: (ولها – أی للزوجة – التطلیق علی‌ الزوج بالضرر ولم تشهد البینة – الشهود – بتكرره) واته‌: ژن ده‌توانێ داوای ته‌ڵاق بكات به‌ هۆی ئه‌و زیانه‌وه‌ له‌لای مێرده‌وه‌ تووشی ده‌بێ، ئه‌گه‌رچی ته‌نها جارێكیش بێت! (دسوقی) ده‌ڵێت..(.. بل شهدت بأنه حصل لها مرة واحدة فلها التطلیق بها علی‌ المشهور).

بۆ ئه‌م جیابوونه‌وه‌ش ژنه‌كه‌ ده‌چێته‌ لای (قاضی)‌و سكاڵا ده‌كات، ئه‌ویش بانگی ده‌كاو فه‌رمانی پێده‌دات ته‌ڵاقی بدات، ئینجا ئه‌گه‌ر گوتی ته‌ڵاقی ناده‌م، قاچی‌ به‌زۆر پێی ته‌ڵاق ده‌دات.

به‌ڵێ... به‌ڕاستی بۆچوونی (مالیك)یه‌كان له‌ ڕۆحی ئیسلامه‌وه‌ زۆر نزیكه‌، چونكه‌ فه‌لسه‌فه‌ی ژن‌و مێردیی فه‌ره‌ح ‌و خۆشیی‌و، خۆشویستن ‌و ئه‌نجامدانی حیكمه‌تی نیكاحه‌ له‌لایه‌ن پیاوه‌كه‌، جا ئه‌گه‌ر حیكمه‌تێك له‌ حیكمه‌ته‌كانی ژن‌و مێردیی‌ ئیفلیج بوو، ده‌بێ لێكجودا بكرێنه‌وه‌.

نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود - سه‌رچاوه‌/ كتێبی ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا

   ‌ 7137 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
18/08/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook