<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
جیابوونه‌وه‌ی‌ ژن به‌هۆی بێ سه‌رو شوێنبوونی مێرده‌وه‌.!

جیابوونه‌وه‌ به‌هۆی بێ سه‌رو شوێنبوونی مێرده‌وه‌

پیاوی بێ سه‌روشوێن (مفقود) به‌ كه‌سێك ده‌گوترێ له‌شار‌و ناوچه‌ی خۆی دیار نه‌بێ‌و هیچ كه‌سیش نه‌زانێ زیندووه‌ یان مردووه‌؟ له‌ (فه‌تاوا)ی (الهندیه‌)دا هاتووه‌، یان دوژمن دیلی كرد بێ‌و ئێستا بێ سه‌رو شوێن بێ‌و نه‌زانرێ زیندووه‌ یان مردوو، وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا سه‌رده‌مێكی به‌سه‌رچوو بێت.

له‌ حاڵه‌تی ئاوادا.. ئایا ژن ده‌توانێ داوای جیابوونه‌وه‌‌و ته‌ڵاق بكات لای قاچی‌...؟ به‌ڵێ‌ ئه‌گه‌ر سه‌یری حیكمه‌ت‌و فه‌لسه‌فه‌ی (نیكاح) بكرێ، ده‌زانرێ كه‌ دیار نه‌بوونی مێرد ئاسه‌واری خراپی ده‌بێ له‌سه‌ر ژیانی ژن، بۆیه‌ لای مرۆڤی به‌ ویژدان بێ بیركردنه‌وه‌ بڕیاری داوای جیابوونه‌وه‌ ده‌درێ‌و هه‌قیه‌تی بچێته‌ لای قاضی‌‌و قسه‌و سكاڵای خۆی بكات، ئه‌گه‌رچی‌ زاناكانیش قسه‌یان یه‌ك نییه‌ له‌م داوایه‌دا، به‌ڵام (شیخ الاسلام) (إبن تیمیه‌) ده‌ڵێ: قسه‌ی ڕاست‌و په‌سه‌ند سه‌باره‌ت به‌ ژنان، قسه‌ی (عومه‌ری كوڕی خه‌تتاب)ـه‌ (د- خ)و هاوه‌ڵانی تر كه‌ ده‌ڵێن: ئه‌و ژنه‌ی مێردی بێ سه‌روشوێن ده‌بێ، ده‌بێ چوار ساڵ‌ چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ بكات، پاشان ئه‌گه‌ر ده‌نگی‌ نه‌بوو،ده‌بێ‌ عیدده‌ی ژنی مێرد مردوو ته‌واو بكات، جابۆ دوایی – ته‌نانه‌تی بێ مۆڵه‌تی حاكمیش – ده‌توانێ‌ مێرد بكاته‌وه‌.

خاوه‌نی (المفصل)یش ده‌ڵێت: له‌ بنه‌ما گرنگه‌كانی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌، دورخستنه‌وه‌ی زیان‌و نه‌هێشتنی بۆ ڕوودانی زیان، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یشه‌ ئه‌حكامی (ایلا‌ء)‌و (شیقاق)‌و نه‌توانایی سه‌رجێییكردنی پیاو له‌گه‌ڵ‌ ژندا هاتووه‌‌و كراوه‌ به‌ یاسا‌و كاری پێده‌كرێ... هه‌موو ئه‌مانه‌ بۆ دورخستنه‌وه‌ی زیانه‌ له‌ ژنان، ده‌خۆ ئاشكرایه‌ ژنێك مێرده‌كه‌ی بێسه‌ر‌وشوێن بكه‌وێت، قورستر نه‌بێ له‌وه‌ كه‌متر نییه‌، كه‌وابوو پاش تپێپه‌ربوونی ئه‌و چوار ساڵه‌ كه‌ خه‌لیفه‌ (عومه‌ر) كاری پێكردووه‌، بڕیاری (ته‌فریق) ده‌درێ بۆ ژنه‌كه‌‌و ده‌چێ شوو ده‌كات، ئه‌گه‌ر بیه‌وێت.

ئایا ئه‌م (ته‌فریق)ـه‌ بڕیاری دادوه‌ری‌ ده‌وێ..؟

دیاره‌ بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ له‌ناو زاناكاندا كێشه‌ هه‌یه‌...، به‌ڵام دكتۆر (زه‌یدان) ده‌ڵێ: پێویسته‌ ژنه‌كه‌ (قاضی‌) به‌ مه‌سه‌له‌كه‌ی ئاگادار بكا و پاشان عیدده‌ی ده‌ژمێردرێ‌و دواییش ئه‌گه‌ر ویستی مێرد ده‌كاته‌وه‌.

ئاشكرایشه‌ هه‌ر ئه‌م قسه‌ له‌ ڕۆحی شه‌ریعه‌تی ئیسلامه‌وه‌ – كه‌ حه‌ز ده‌كات هه‌موو شتێك له‌ ڕێگای خۆیه‌وه‌ بێ – نزیكتره‌، تا ئه‌و قسه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێ: ژنه‌كه‌ بۆی هه‌یه‌ پاش ته‌واوبوونی عیدده‌ی – بێ ئاگاداری قاضی‌ مێرد بكاته‌وه‌!.. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: ماده‌م حیكمه‌ت له‌و كاره‌دا دوور خستنه‌وه‌ی زیانه‌ له‌ ژنان.. هه‌ر هه‌ڵبژاردنی ئه‌و قسه‌یه‌ش په‌سه‌نده‌ كه‌ ده‌ڵێ: ژنی مێردی‌ بێ سه‌روشوێن، پاش چاوه‌نواڕی چوارساڵ‌ ده‌توانێ شووبكاته‌وه‌.. وه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ش له‌هه‌موو قسه‌و بۆچوونه‌كانی تر باشتره‌. چونكه‌ ئه‌و ئه‌ندازه‌ به‌سه‌ بۆ گه‌ڕان به‌دوایدا‌و سۆراخكردنی حاڵ‌و ئه‌حواڵی، چوار ساڵه‌كه‌ش له‌و ڕۆژه‌وه‌ هه‌واڵ به‌ قاضی‌ ده‌درێ – پاش هه‌وڵ‌و گه‌ڕان به‌دوایدا‌و مانه‌وه‌ی بێ سۆراخ – حیساب ده‌كرێ‌و ئه‌وسا پاش ته‌واوكردنی شووده‌كاته‌وه‌.

ئه‌گه‌ر پاش بڕیاری (ته‌فریق)، مێرده‌ بێ سه‌رو شوێنه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌.؟!

یه‌كه‌م – ئه‌گه‌ر له‌ ماوه‌ی چاوه‌نۆڕی ژنه‌كه‌دا بۆ ته‌واوكردنی ماوه‌ی چوار ساڵه‌كه‌، یان بۆ ته‌واوكردنی عیدده‌كه‌ی، پیاوه‌كه‌ گه‌ڕایه‌وه‌... ئه‌وه‌ له‌ حاڵه‌تی ئاوادا ئه‌و ژنه‌ هه‌ر به‌ ژنی ئه‌وپیاوه‌ داده‌نرێ‌و بێ هیچ عیدده‌و نیكاحێكی تازه‌ ژیان ده‌ست پێ ده‌كه‌نه‌وه‌، وه‌كو له‌ (المجموع فی شرح المهذب)و له (المغنی لا بن قدامة)دا هاتووه‌.

دووه‌م – چاوه‌نۆڕی ته‌واوكردووه‌‌و ماره‌ش كراوه‌ بۆ كابرایه‌كی تر، به‌ڵام سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ نه‌كراوه‌، ئینجا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ – له‌م حاڵه‌ته‌یشدا – وه‌كو حاڵه‌تی یه‌كه‌م – بێ هیچ بڕیار‌و تێبینیه‌ك ژن‌و مێردی ده‌ست پێده‌كه‌نه‌وه‌، دیسان له‌ (المجموع)دا ئه‌م بڕیاره‌ هاتووه‌.

سێیه‌م – كاتێ دێته‌وه‌،ده‌بینێ‌ ژنه‌كه‌ مێردی كردۆته‌وه‌‌و سه‌رجێیی له‌گه‌ڵ‌ كراوه‌! بۆ ئه‌مه‌یان– وه‌كو حه‌نبه‌لیه‌كان ده‌ڵێن – ژنه‌كه‌ سه‌رپشك ده‌خرێت له‌ نێوان هه‌ردوو پیاوه‌كه‌دا: جا ئه‌گه‌ر پیاوی یه‌كه‌می هه‌ڵبژارده‌وه‌، ئه‌وا ژنی یه‌كه‌مه‌، به‌ڵام ده‌بێ چاوه‌نۆڕ بێ هه‌تا عیدده‌ی له‌ پیاوی دووه‌م ته‌واو ده‌كات... خۆ ئه‌گه‌ر پیاوی دووه‌می به‌دڵ‌ بوو، ئه‌وا سه‌ر له‌ نوێ ماره‌ده‌كرێته‌وه‌ بۆی. ئه‌مه‌ كورته‌و پوخته‌ی ئه‌و باسه‌ بوو، ده‌توانی له‌ (المفصل)دا پتر ئاگادار بیت.

نووسینی‌: شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود - سه‌رچاوه‌/ كتێبی ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا


   ‌ 3153 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
18/08/2016

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook