<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
کاروبارو فیقهی ژنان
ئایا ده‌كرێ‌ ته‌ڵاق بدرێته‌ ده‌ستی‌ ژنان.؟!

ده‌كرێ‌ ته‌ڵاق بدرێته‌ ده‌ستی‌ ژنان؟

 ته‌ڵاق له‌ بنه‌ڕه‌تدا دراوه‌ته‌ ده‌ست پیاو (خستن‌و نه‌خستنی به‌ده‌ست ئه‌وه‌) به‌ڵام هه‌ركات ژن تووشی ئازار‌و عه‌زیه‌ت بوو به‌ده‌ست پیاوه‌وه‌ (له‌و ئازارو ناره‌حه‌تیانه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ هه‌نێكیانمان باسكرد) هه‌قی پێدراوه‌ كێشه‌كه‌ی بباته‌ لای دادوه‌ر بۆ لێكۆڵینه‌وه‌و (ته‌فریق). سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یش زاناكان ده‌ڵێن: هه‌ركات پیاو ژنه‌كه‌ی ڕاسپارد‌و (واته‌: ته‌خویل)ی‌ كرد به‌ ته‌ڵاقدانی خۆی، ده‌توانێ هه‌ركات مه‌یلی بوو، بێ بردنه‌ لای قازی‌ ته‌ڵاقی خۆی بدات، بۆ زێده‌ روونكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌ هێندێ له‌ قسه‌ی زاناكان دێنین، بۆ نموونه‌:

 یه‌كه‌م – حه‌نه‌فیی ده‌ڵێن:

مێرد ده‌توانێ چ له‌ كاتی (عه‌قد)ه‌كه‌دا، چ له‌دوای عه‌قده‌كه‌ ته‌ڵاق بداته‌ ده‌ست ژنه‌كه‌ی، ژنیش ده‌توانێ له‌كاتی ماڕه‌بڕینه‌كه‌دا ئه‌و مه‌رجه‌ دابنێ.... وه‌ به‌لای‌ ئه‌وانه‌وه‌ (ته‌فویض) واته‌: ته‌ڵاقدانه‌ ده‌ستی ژن، (ته‌ملیك)ـه‌، كه‌وابوو:

 أ- مێرد پاش ئه‌وه‌ ته‌لاَقه‌كه‌ی‌ دایه‌ ده‌ستی‌ ژنه‌كه‌، بۆی‌ نییه‌ بڵێ‌ وا په‌شیمان بوومه‌وه‌، مه‌گه‌ر به‌ر له‌وه‌ كه‌ ژنه‌كه‌ خۆی ته‌ڵاق بدات، پیاوه‌كه‌ ته‌ڵاقی بدات.

 ب- ئه‌گه‌ر له‌و جێگه‌یه‌دا ژن و پیاوه‌كه‌ هه‌ستان‌ و، ژنه‌كه‌ ته‌ڵاقی خۆی نه‌دا، ئیتر هه‌قی ده‌سووتێ، مه‌گه‌ر (ته‌فویض)ێكی هه‌ڵپه‌سێراوو ماوه‌دار بێت.

دووه‌م – شافیعیی، ئه‌مانیش له‌ مه‌سه‌له‌ی (ته‌فویض)دا دوو قسه‌یان هه‌یه‌:

 أ- له‌ قسه‌ی كۆن و (قه‌دیم)یدا ده‌ڵێ: (ته‌فویض) (ته‌وكیل)ـه‌... كه‌وابوو ده‌توانێ پێی بڵێت: هه‌ر كات سه‌ری مانگ هات خۆت ته‌ڵاق بده‌، ئیتر ته‌ڵاقدانه‌كه‌ (فه‌وریه‌ت)‌و ده‌ست به‌جێی ناوێ، وه‌كو حه‌نه‌فییه‌كان ده‌ڵێن ده‌بێ (فه‌وری) بێت‌و ته‌فویز (ته‌علیق) هه‌ڵناگرێت.

 ب- له‌ قسه‌و بۆچوونی نوێ و (جه‌دید)یدا وه‌كو حه‌نه‌فیه‌كان بیرده‌كاته‌وه‌، واته‌: (ته‌فویض) به‌ (ته‌میلك) داده‌نێت، كه‌وابوو ده‌بێ ده‌ست به‌جێ خۆی ته‌ڵاق بدات، ئه‌گینه‌ پیاوه‌كه‌ ده‌توانێ په‌شیمان ببێته‌وه‌. جا ئه‌گه‌ر به‌ پێی مه‌رجه‌كان خۆی‌ ته‌لاَقدا، یه‌ك ته‌ڵاقی‌ به‌ ڕه‌جعیی ده‌كه‌وێت، به‌مه‌رجێ‌ به‌ر له‌وه‌ سه‌رجێیی‌ له‌ گه‌ڵكردبێ‌ و ئه‌و ته‌لاَقه‌ش یه‌كه‌م ته‌ڵاقی‌ بێت.

سێیه‌م – حه‌نبه‌لی:

حه‌نبه‌لیه‌كانیش دوو ڕایان هه‌یه‌ وه‌كو شافیعیه‌كان له‌گه‌ڵ‌ هێندێ شیكردنه‌وه‌دا.

چواره‌م – جه‌عفه‌ریی: جه‌عفه‌ری یه‌كانیش سێ ڕایان هه‌یه‌:

 أ- ته‌ڵاق هه‌ر به‌ده‌ستی پیاوه‌، به‌ به‌ڵگه‌ی ئه‌وه‌ كه‌ پێغه‌مبه‌ر (صلی‌ الله علیه وآله وسلم) ده‌فه‌رموێ: ((الطلاق بید من أخذ بالساق)).

 ب- پیاو ده‌توانێ ژنه‌كه‌ی بكاته‌ (وه‌كیل)ی خۆی بۆ ته‌ڵاقدانی خۆی.

 ج- ڕێ به‌ (ته‌فویض) ده‌ده‌ن.

پێنجه‌م: ظاهریی‌:

ته‌فویض به‌لایانه‌وه‌ نادروست‌ و ناڕه‌وایه‌.

یاسای باری كه‌سێتی عێراقیش ده‌ڵێت: (الطلاق رفع قید الزواج بإیقاع من الزوج أو من الزوجة إن وكلت به او فوضت او من القاضی. ولا یقع الطلاق إلا بالصیغة المخصوصة له شرعاًً). واته‌: ته‌ڵاق بریتییه‌ له‌ لابردنی په‌یوه‌ندی ژن‌و مێردیی، له‌لایه‌ن مێرده‌كه‌وه‌، یان له‌ لایه‌ن ژنه‌كه‌وه‌، به‌و جۆره‌ كه‌ ژنه‌كه‌ كرابێ به‌ (وه‌كیل) له‌لایه‌ن مێرده‌وه‌، یان ته‌ڵاق درابێته‌ ده‌ستی، یان قازی‌ بیدات.

سه‌رچاوه‌/ كتێبی: ژنان و كاروباری‌ ژنان له‌ ئیسلامدا - نووسینی‌/ شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود  ڕه‌حمه‌تی‌ خوای‌لێبێت

   ‌ 7939 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
06/07/2017

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook