<bgsound src="sher.wav" loop="infinite">
 
هه‌واڵ
پەیامی جه‌ژنه پیرۆزه‌.

پەیامی پرۆژە بانگەوازییەکانی شیخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود به‌بۆنه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ جه‌ژنی‌ قوربانی‌ پیرۆزه‌وه‌.

لبیك اللهم لبیك .. لبیك لا شریك لك لبیك .. إن الحمد والنعمة لك والملك .. لا شریك لك ..

به‌بۆنه‌ی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی‌ جه‌ژنی‌ پیرۆزی‌ قوربانه‌وه‌ پڕ به‌ دڵ پیرۆزبایی خۆمان ئاراسته‌ی‌ موسوڵمانانی‌ جیهان به‌ گشتیی و كوردستان به‌تایبه‌تی‌ ده‌كه‌ین..

به‌ چه‌پكه‌ گوڵی خۆشه‌ویستیی و داوای‌ میهرو به‌زه‌یی خوای‌ میهره‌بان له‌ ده‌رگای‌ دڵی ئێوه‌ی‌ ئیمانداران ده‌ده‌ین و داواكارین خوای‌ به‌به‌زه‌یی عیباده‌تی حاجیان و ئێوه‌ی‌ به‌رێزیشی وه‌رگرتبێ و قه‌ڵه‌می‌ عه‌فوی‌ به‌سه‌ر هه‌موو تاوانه‌كانماندا هێنا بێت.

به‌رێزان/ خوای‌ گه‌وره‌و میهره‌بان كه‌ به‌نده‌یه‌كی‌ خۆی قه‌بوڵ كرد به‌هاتنه‌ ناو بازنه‌ی‌ ئیمانداران و ئه‌هلی‌ ته‌وحید.، ئیتر دوای‌ ئه‌و قه‌بوڵكردنه‌ به‌ هه‌موو جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌نده‌كانی‌ تاقی ده‌كاته‌وه‌و له‌ سه‌نگی‌ مه‌حه‌كیان ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌ رۆژی ته‌نگانه‌و رۆژی ڕوو به‌ڕووبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ دارو ده‌سته‌ی‌ شه‌یتان و شه‌یتانییه‌كان ئه‌و به‌نده‌ بێت كه‌ خوا خۆی ده‌یه‌وێ و پێویستی‌ پێیه‌تی‌.! ئه‌م تاقیكردنه‌وه‌ش له‌ پێغه‌مبه‌رانه‌وه‌ ده‌ستی‌ پێكردووه‌و سه‌ره‌تا نێردراوانی‌ خوا تاقی كراو نه‌ته‌وه‌و له‌ سه‌نگی‌ مه‌حه‌ك دراون.. گه‌وره‌ ترین نموونه‌ پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیمه‌ (علیه السلام) كه‌ به‌ خۆشه‌ویسترین و شیرینترین كه‌سی تاقی‌ ده‌كرێته‌وه‌ كه‌ نه‌وه‌ جوان و قه‌شه‌نگه‌كه‌یه‌تی‌ كه‌ به‌ بریارو فه‌رمانی‌ خوا ده‌بێ سه‌ر ببڕدرێ له‌ پێناوی‌ ره‌زامه‌ندی‌ خوای‌ تاقانه‌دا ، پێغه‌مبه‌ر ئیبراهیم له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌یدا سه‌ركه‌وتوو بوو وه‌ ده‌رچوو..!! دوای‌ ئه‌و پێغه‌مبه‌ره‌ نازدارو خۆشه‌ویسته‌كه‌ی‌ خۆیشمان محمد (صلی‌ الله علیه وێ‌له وسلم) له‌ سه‌نگی‌ مه‌حه‌كی‌ تاقیكردنه‌وه‌ دراو به‌ چه‌ندین تاقیكردنه‌وه‌ی‌ قورس و ئازاری‌ سه‌خت تاقیكرایه‌وه‌ ئه‌ویش وه‌ك نممونه‌ی‌ مرۆڤایه‌تی‌ له‌ تاقیكردنه‌وه‌كه‌دا سه‌ركه‌وتوو بوو..!

ئه‌وه‌ی‌ گرنگه‌ ئێستا ئێمه‌ین .!! ئایا ده‌توانین له‌ تاقیكردنه‌وه‌كانی‌ خوای‌ په‌روه‌رێنمان سه‌ركه‌وتوو بین و له‌م سه‌رده‌مه‌ پڕ له‌ ته‌كنه‌لۆجیاو دونیای‌ عه‌وله‌مه‌دا بتوانین له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌وژمه‌ زۆر توندو ڕووداره‌دا بوه‌ستین و له‌م تاقیكردنه‌وه‌دا ئێمه‌ش مه‌ردانه‌و جوامێرانه‌ سه‌ر هه‌ڵبڕین و ڕوو سوورانه‌ بڵێین خوای‌ په‌روه‌رێنمان سوپاس بۆ تۆ ئێمه‌ش به‌نده‌ راستگۆكان و راست ڕه‌وه‌كانی‌ ئه‌م سه‌رده‌مه‌ ده‌رچووین و دونیاو دونیا گه‌رایی نه‌یتوانی‌ به‌سه‌رماندا زاڵ ببێ..!! ئه‌مه‌یه‌ فه‌لسه‌فه‌ی‌ جه‌ژنی‌ قوربان و قوربانی‌ دان له‌ پێناوی‌ خوای‌ تاقانه‌..!! دوعاو نزا ده‌كه‌ین كه‌ له‌ به‌نده‌ ده‌رچووه‌كان بین و سه‌ربه‌رزو سه‌ر بوڵند بین..

ده‌ستی‌ دوعاو نزا به‌رز ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئه‌م گه‌لی‌ كوردستانه‌ كه‌ گه‌لێكی‌ ئیماندارو شوێنكه‌وته‌ی‌ ئه‌هلی‌ سووننه‌ت و جه‌ماعه‌ته‌ خوا له‌ پیلان و دژایه‌تی‌ دوژمنانی‌ ئیسلام و ئه‌هلی‌ ئیسلام بیپارێزی و بۆ هه‌تا هه‌تایی جه‌نگ و كوشتارو نه‌هامه‌تیی و نه‌بوونی‌ له‌م گه‌له‌ به‌ دوور بگریی..

خوایه‌ داوات لێ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌هلی‌ ئیسلام له‌ هه‌ر شوێنێك بێت له‌ دوژمانی‌ بێویژدان و دوڕنده‌ بیان پارێزیی و تاغوتان و ملهوڕان ریسواو سه‌ر شۆڕ بكه‌یت..

دووباره‌ جه‌ژنتان پیرۆزو هه‌موو رۆژێكتان هه‌ر جه‌ژن و هه‌موو جه‌ژنێكتان پیرۆز..

عیرفان ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

سه‌رپه‌رشتیاری‌ پرۆژە بانگەوازییەکانی شێخ ئه‌حمه‌د كاكه‌ مه‌حموود

www.ahmadkaka.org

www.dangiislam.org

9 لەسەر 10 زیلحیجەی 1440ی ک

11 / 8 / 2019 ز


   ‌ 83 جار خوێندراوه‌ته‌وه‌
11/08/2019

هه‌موو مافه‌کان پارێزراوه بۆ ماڵپه‌ڕی مامۆستا مه‌لا ئه‌حمه‌د کاکه محمود - ساڵی دامه‌زراندن: 1428 - 1439 / 2008 - 2018
Create By: Telerik For IT Solutions
Facebook